هەرێمی کوردستان

هەرێمی کوردستان

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-09-03-18:31:00 - کۆدی بابەت: 6493
هەرێمی کوردستان

ناوه‌ڕۆك

باشووری کوردستان

هەرێمی کوردستانی عێراق یان باشووری کوردستان، یەکێکە لە پارچەکانی کوردستانی گەورە و لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا هەرێمێکی کوردییە و دەکەوێتە باکووری وڵاتی عێراق لە چوارچێوەری دەستووری فیدراڵی، لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ ئێران (ڕۆژهەڵاتی کوردستان) و لە باکوورەوە لەگەڵ تورکیا (باکووری کوردستان) و لە ڕۆژاوا لەگەڵ سووریا (ڕۆژاوای کوردستان) هاوسنوورە، هەولێر پایتەختی هەرێمەکەیە بەڵام بەپێی یاسا کەرکووکە، ناوچەکە دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و خاوەنی سەرۆک و سەروەزیران و هێزی ئاسایشی تایبەتە.

دروستکردنی هەرێمەکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٧٠ بەپێی ڕێککەوتننامەیەک لەگەڵ حکوومەتی عێراق لەلایەن سەرکردایەتی کوردی ئەوکات دوای چەندین ساڵ لە جەنگ، بەڵام دواتر بەهۆی نسکۆی شۆڕش لە ١٩٧٥ و پەیماننامەی جەزائیر و دواتریش جەنگی ئێران و عێراق و شاڵاوی ئەنفالەوە ناوچەکە وێران کرا، لە ساڵی ١٩٩١ بە ڕاپەڕین توانی دەسەڵاتی بەعس لە ناوچەکە وەدەربخات، بەڵام دواتر کۆڕەوی کورد ڕوویدا و ملیۆنان کورد ئاوارەی سنوورەکان بوون، بەهۆی ئەوەشەوە ناوچەی دژەفڕین دروستکرا بۆ هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی لە دەستی بەعس.

لەدوای ٢٠٠٣ و داگیرکردنی عێراق، لە ٢٠٠٥ دەستوور دانرا و هەرێمی کوردستان وەک هەرێمێک لە عێراق دیاریکرا، هەریەک لە زمانی کوردی و عەرەبی بوونە زمانی فەرمیی وڵاتی عێراق.

لە ڕووی سیاسییەوە

هەرێمی کوردستانی عیراق بریتییە لەو بەشە کوردستانەی کە دەکەوێتە نێو سنوری دەوڵەتی عیراقەوە کە دوابەدوای جەنگی یەکەمی جیهان دروست بوو، بەپلەی یەکەم هەرێمێکی مرۆییە سەرەڕای ئەوەی نیشتیمان یان خاکی کوردانە و زۆربەی هەرە زۆری دانیشتوانی کوردن، بەڵام لە ڕووی فرەنەتەوەیی و فرەئاینییەوە لە هەرێمەکانی دیکەی عیراق جیایە. ئەو پارچەیەی کوردستان کە لە ئەدەبیاتی کوردیدا بە باشووری کوردستان و لەڕووی دەستوری و یاساوە بە (هەرێمی کوردستان) ناوی دێت، وەکو هەرێمێکی فیدراڵی لە دەستوری نوێی عێراق دانی پێدانراوە.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانییە، و سەرۆکی حکوومەت مەسڕوور بارزانییە و سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانیش ڕێواز فایەقە.

لەڕووی یاسایی و ئیدارییەوە لە دوای هەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٩٩١ پەرلەمانی کوردستان هەڵبژێردراوە و هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکان تێیدا بەشدارن وەکو (کورد و تورکمان و ئاشوری کلدانی و ئێزیدی و کاکەیی و کریستیان و موسوڵمان)، یەکەمین سەرۆکی هەرێم ڕاستەوخۆ لەلایەن خەڵکەوە هەڵبژێردراوە کە مەسعوود بارزانی بوو.

هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی فرەحیزبییە و هەریەک لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەسەڵاتداری ناوچەکەن، جیا لەوان بزووتنەوەی گۆڕان و جوڵانەوەی نەوەی نوێ و کۆمەڵی دادگەریی کوردستان و یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان پارتە سەرەکییەکانی هەرێمن.

چەندین جار ململانێی سیاسی توند لە ناوچەکە دروستبووە لە پێش و پاش دروستبوونی حکوومەتەوە لە نێوان حیزبە چەکدارەکان، لەدوای ساڵی ١٩٩١ـشەوە شەڕی ناوخۆ لە ١٩٩٤ دروستبوو و هەتاوەکوو ساڵی ١٩٩٨ بەردەوام بوو، بەهۆیەوە هەرێمەکە دابەشکرا بەسەر دوو ناوچەی ئیداری جیاواز و پێیان دەوترا حکوومەتی سلێمانی و حکوومەتی هەولێر، لەدوای دروستبوونی حیزبەکانی دیکەشەوە چەندین جار تووشی شەڕ و ناخۆشی بوونەتەوە.

لە ڕووی مێژووییەوە

لە کۆنەوە هەرێمی کوردستان لەلایەن میرنشینەکانی سۆران و بابان و بادینان و ئەردەڵانەوە دەسەڵاتی سەربەخۆیی بۆ ماوەیەکی کاتی هەبووە، لەبەر کۆمەڵێک هۆکاری سیاسی و کۆمەڵایەتی و جوگرافی ئەم دەسەڵاتانەی کورد لەناوچوون.

لە کانوونی دووەمی ١٩١٨ شێخ مەحموودی حەفید داوای پاڵپشتی ئینگلیزی کردووە بۆ دامەزراندنی حکوومەتی کوردستانی باشوور، لە ماوەی ١٩١٩-١٩٢٢ ئەم حکوومەتە ڕاگەیەندراوە، بەڵام دوای ئەوە لەناوبراوە.

بارزانییەکان لە ساڵی ١٩٢٩ داوای سەربەخۆیی ناوچە کوردییەکانیان کرد و تا ئەوەی شۆڕش دژی دەسەڵاتی بەغدا دەستی پێکرد، دواتریش مستەفا بارزانی بۆ بەدیهێنانی ئاواتی گەورەی دەوڵەتی کوردی لە ساڵی ١٩٤٥ بۆ بەشداریکردن لە کۆماری کوردستان- لە مەهەباد دەچێتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هاوکاری پێشەوا قازی محەمەد دەکات بۆ سەرخستن و بەردەوام بوونی کۆماری کورستان.  ئەمەش تاکو ساڵی ١٩٤٦ درێژە دەکێشێت.

دوای خۆ دزینەوەی حکوومەتەکەی عەبدولکەریم قاسم لە بەڵێنەکانی بەرامبەر کورد و هەوڵدانی دەسەڵاتدارانی بەغدا بۆ چەوساندنەوەی هەلی کورد، لە مانگی ئەیلوول  ١٩٦١ شۆڕشی کورد هەڵگیرسایەوە، ئەو شۆڕشە میللییە کە تاکو ئازاری ١٩٧٠ درێژەی کێشا، بە گەورەترین شۆڕشی چەکداری کوردستان دادەنرێت و لە ئاکامیشدا شۆڕش توانی بە سەرۆکایەتی مستەفا بارزانی دەسەڵاتدارانی ئەوسای عێراق ناچار بکات بە ڕێککەوتنامەی ئاداری ١٩٧٠ و بۆ یەکەمجار دان بە مافی ئۆتۆنۆمی بۆ کورد دابنرێت و (ناوچەی ئۆتۆنۆمیی کوردستان) راگەیەندرا، ئەم بارودۆخەش تاکو ساڵی ١٩٧٤ بەردەوامبوو، کاتێک دەسەڵاتدارانی بەغدا رێککەوتنی یازدەی ئاداریان پێشێل کرد و بێ گوێدانە بەڵێنەکانیان بەشێوەیەکی یەکلایەنە سنووری ناوچەی ئۆتۆنۆمییان دەستنیشان کرد و کەرکووک بەشێکی زۆری ناوچە کوردنشینەکانی دیکەیان خستە دەرەوەی ناوچەی ئۆتۆنۆمی، جارێکی دیکە شۆڕش دەستی پێکردەوە و ئەمجارە لە پیلانێکی نێودەوڵەتیدا لە ڕێگەی رێککەوتنی جەزائیر خیانەت لە کوردستان و گەلی کورد کرا و شۆڕشی ئەیلوول تووشی نسکۆ هات.

جارێکی دیکە لە ماوەیەکی کورتدا، پێچەوانەی پیلانەکانی داگیرکەرانی کوردستان شۆڕشی گولانی پێشکەوتنخواز لە ٢٦مانگی ئایاری ١٩٧٦دا دەستی پێکردەوە و پارتی دیموکراتی کوردستان و حیزبە کوردستانییەکان لە خەبات بەردەوام بوون، ساڵی ١٩٨٨ بەرەی کوردستانی پێکدێت و لە ڕاپەڕینی ئاداری ١٩٩١ کۆتایی بە دەسەڵاتی داگیرکاری بەعسییەکان لە بەشێکی ئەم پارچەیەی کوردستان هێنرا.

جینۆساید

لە ماوەی جەنگی ئێران-عێراق، حکوومەتی عێراق دەستی کرد بە چەندین کاری دڕندانە بەرامبەر گەلی کوردی باشوور و بە شاڵاوی ئەنفال و ئەنفالی بارزانییەکان و ڕاگواستن و بەعەرەبکردن و کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە زیانێکی زۆری بە گەلی کورد گەیاند.

لە ٢٩/٣/١٩٨٧ هەتاوەکوو ٢٣/٤/١٩٨٩ هەڵمەتی شاڵاوی ئەنفال بەردەوام بوو کە بووە هۆی شەهیدکردنی ١٨٢ هەزار کەس، هەروەها ڕاگواستن و ئەنفالی ٨ هەزار بارزانی، و لە ١٦/٣/١٩٨٨ـش شاری هەڵەبجە دوای داگیرکردنی لەلایەن ئێرانەوە بە چەکی کیمیایی لەلایەن عێراقەوە هێرشی کرایە سەر و هەزاران شەهیدی لێکەوتەوە.

هەروەها لەو ماوەیەدا نزیک لە ٤٥٠٠ گوند و چەندین شارۆچکە و شار خاپوور کران.

جوگرافیا

هەرێمی کوردستان سەرجەم ناوچە و دەڤەرەکانی پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجە و دهۆک دەگرێتەوە، توێژینەوە مێژوویی و جوگرافییەکان لەسەر ئەوە رێککەوتوون کە بەرزاییەکانی حەمرین سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق پێکدەهێنێت، هەرچەند تاکوو ئێستا سنوری جوگرافی ئەم بەشەی کوردستان کێشەی لەسەرە بەڵام بەپێی سەرچاوەکان ئەم سنورە لە ناوەڕاستی عێراقەوە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی شارۆچکەی بەدرە لە پارێزگای واست دەست پێدەکات بەرەو باکوور تا پردی نەوت لە ڕۆژاوای شارۆچکەی مەندەلی هەڵدەکشێ، لە تەنیشت بەرزاییەکانی حەمرین تا فەتحە دەڕوات شان بەشانی ڕووباری دیجلە سەردەکەوێت و لە باکووری شاری مووسڵ بەرەو باشووری ڕۆژاوا بادەداتەوە بە ئاراستەی شارۆچکەی حەزەر پاشان بەرەو ڕۆژاوا بە ئاراستەی سنووری عێراق-سووریا لە باکووری شارۆچکەی بەعاج، ڕووبەری جوگرافی هەرێمی کوردستان ٧٨٧٣٦ کم٢ کە دەکاتە زیاتر لە ١٨% سەرجەمی ڕووپێوی عێراق و ئەم دەڤەر و پارێزگایانە‌ دەگرێتەوە:

  1. پارێزگاکانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک و کەرکووک).
  2. هەموو ناحیە و قەزاکانی پارێزگای نەینەوا جگە لە قەزاکانی مووسڵ و بەعاج و حەزەر.
  3. قەزاکانی خانەقین و مەندەلی و کفری جگە لە ناحیەی بەلەدروز لە پارێزگای دیالە.
  4. ناوەندی قەزای بەدرە لە پارێزگای واست، کوت.

کەش و هەواى هەرێمى کوردستان

تێکرای گەرمی مانگی کانوونی دووەم کەساردترین مانگی ساڵە لە هەرێمدا لە نێوان (٣.١) پلەی سەدیدایە لە وێستگەی سەڵاحەدین، (٩.٩) سەدیە لە خانەقین، بەگشتی چەند بەرەو باکوورو باکووری ڕۆژهەڵاتی هەرێم بڕۆین پلەی گەرمی دادەبەزێت لەبەرئەوەی چەند بەرەوە باکوورو باکووری ڕۆژهەڵات بچین زەوییەکە بەرزو بڵند دەبێت،‌ لایەکانی باکووری هەرێم دەکەونە ئەو ناوچانەی کە لە کەمەرەی زەوییەوە دورترن کە دەبێتە هۆی کورتی رۆژ لە نیوەی زستانی ساڵدا و کەمبوونەوەی گۆشەی تیشکی هەتاو کەوتن.

کەمی لاربوونەوەی گۆشەی کەوتنی تیشکی هەتاو هەروەها رۆژ درێژی و ساماڵ و تۆپەڵی هەوایی کیشوەری وشک که ‌لە هاویناندا هەرێم دەگرێتەوە، یاریدەی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما دەدەن لەو وەرزەدا. تێکڕاکانی گەرمای مانگی تەمووز کەگەرمترین مانگی ساڵە لە هەرێمدا لە ٣٠ پلەی سەدی پترە.

جیاوازییەکی زۆر لە بڕی باران بارین لە هەرێمدا هەیە ناوەندی بارانی ساڵانە لە هەرێمدا لە نێوان ٣٢٨ ملم دایە لە خانەقین و زیاتر لە ٧٠٢ملم لە زاخۆ و لە ڕەواندوز ٩٦٩ملم و لە ئاکرێ ١٠٠٨ ملم و لە پێنجوێن ١٢٦٣ ملم، بەگشتی لەبارەی بڕی بارانی داباریو لە هەرێمدا دەتوانین بڵێین کەبارانی هەرێم تابەرەو باکوور و باکووری ڕۆژهەڵات بڕۆین پتر دەبێت، ئەمەش لەبەر هۆکاری بەرزی و نزمی لەلایەک گوزەرکردنی ژمارەیەکی زۆرتر لە نەوراییەکانی کەش وهەوا بە هەرێمدا جگە لەوەی کە جۆری نەوراییەکانیش تا بەرەو باکوور بڕۆین قوڵتر دەبن، لە ڕووی بارنەوە دەتوانین هەرێم بۆ دوو هەرێمی لاوەکی دابەش بکەین کەبریتیە لە:

  • هەرێمی بارانی مسۆگەر

ئەم هەرێمە بەشەکانی باکوورو باکووری ڕۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستانی عیراق دەگرێتەوەو سنوورەکانی باشووری لەگەڵ سنوری باشووری ناوچەی شاخاوی لە هەرێمدا دەڕۆن ئەم هەرێمە بەزۆری رێژەی بارانەکەی جیادەکرێتەوە کەناوەندی ساڵانەی باران ٥٠٠ملم کەمتر نییە، بۆیە کشتوکاڵی زستانە لەم هەرێمەدا ساڵانە ئەم هەرێمە دەتوانێت بەتەواوی پشت بەباران ببەستێت.

  • هەرێمی بارانی نامسۆگەر

ئەم هەرێمە ناوچە نیمچە شاخاوییەکان دەگرێتەوە کەبەرێژە بارانی کەمه ‌(ساڵانە لە ٥٠٠ملم) کەمترە، ئەم هەرێمە لاوەکییە دیسان بەوە ناسراوە کەبڕی بارانی مانگانە و ساڵانە و وەرزانە هەڵبەزو دابەزێکی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت بەبەراورد کردن لەگەڵ هەرێمی پێشوودا، بۆیە کشتوکاڵی زستانەی بەتایبەتی لەبەشەکانی باشوورو باشووری ڕۆژاوادا رەنگە روبەڕوی هەڕەشەی وشکی ببێتەوە.

لە روی ئاووهەواوە هەرێمی کوردستان بۆ دوو هەرێم پۆلێن دەکرێت کە ئەمانەن:

  1. هەرێمی ئاوو هەوای دەریای ناوەراست:

    ئەم جۆرە ئاووهەواییە بەشەکانی باکوورو باکووری ڕۆژهەڵاتی هەرێم دەگرێتەوە و سنووری باشووری لەگەڵ سنوری باشووری ناوچەی شاخاوی لە هەرێمدا دەڕوات، ئەم هەرێمە پتر لە ٥٠ هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەی داگرتووە لە ڕووی گەرمییەوە بەزستانی زۆر سارد و بە هاوینی فێنک ناسراوە، لەڕووی دابارینەوە لە نیوەی زستانە پەرە دەستێنێ هاوینی وشکە، هەروەها ئەو هەرێمە لە هەموو ناوچەکانی تری عیراق بەبارانترە، تێکڕای بارانی ساڵانەی لە ٥٠٠ملم دانابەزێت تا بەرەو ڕۆژهەڵات و باکوورو باکووری ڕۆژهەڵات برۆین باران زیاتر دەبێت بۆ ماوەی چەند رۆژێک دەبێتە هۆی پچرانی رێگای گواستنەوە لە نێوان شارە جیاجیاکاندا.
     
  2. هەرێمی ئاوو هەوای نیمچە وشک گەرمەسێری:

ئەو هەرێمە بەشەکەی دیکەی ڕووبەری هەرێم دەگرێتەوە لەڕووی سیستمی باران بارینەوە لە هەرێمی پێشوو دەچێ (هاوینی ووشک و برینگ، زستانی بە باران) بەڵام لێی جیاوازە لەڕووی کەم بارانییەوە (ساڵانە کەمتر لە ٥٠٠ملم و بەرزی پلەکانی گەرمی لە هاویندا زستانی کەمتر ساردە کەم جاری وا هەیە بەفری لێ بکەوێ).

ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان

بەپێی سەرژمێرییەکانی ساڵانی ١٩٢٧-١٩٨٧  بەمجۆرە بووە:

  • لە ساڵی ١٩٢٧  ژمارەی ئەم بەشەی کوردستان  ٦١٣.٣٤٧ کەس بووە
  • ساڵی ١٩٣٥ رێژەکەی گەیشتۆتە ١.٠١٠.٩٠٥کەس.
  • لە ساڵی ١٩٤٧ گەیشتۆتە ١.٣٨٣.٣٧٨ کەس.
  • لە ساڵی ١٩٥٧ ژمارەی دانیشتوانەکەی گەیشتۆتە  ١.٨٢٢.٣٩٠کەس.
  • لە ١٩٦٥ گەیشتۆتە  ٢.٢١٧.١٠٩کەس.
  • بەپێی سەرژمێرییەکەی ساڵی١٩٧٧ی گەیشتە ٣.٣٠٣.٣٠٠ کەس.
  • لە ساڵی ١٩٨٧یش گەیشتە ٤.٣٨٦.٦٩٧ کەس.
  • لە ساڵی ٢٠١٤ ژمارەیان گەیشتۆتە ٥,١٢٣,٠٠٠ ملیۆن کەس.

هەرچەندە ئەم ژمارەیە رێک و ورد نییە، گومان لە نادروستی ژمارە لەبەر کۆمەڵێک هۆکاری سیاسی و کۆمەڵایەتی دەکرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نیشانی دەدات لە سەرجەم ئەو سەرژمێریانەی لە عێراق کراون، بەرەسمی ئەو ژمارانەی تۆمار کردووە و دەردەکەوێت دانیشتوانی هەرێمی کوردستان وەک ژمارەکانی سەرەوە ئاماژەی پێکردووە لە نیو سەدەی دوایدا ٣ ملیۆن و ٧٧٣ هەزار کەس زیادی کردووە، بە واتایەکی دیکە ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان لە نێوان ساڵانی ١٩٢٧-١٩٨٧  گەیشتۆتە ٤ ملیۆن و ٣٨٧ هەزار کەس. رێژەی زیادبوونی ساڵانە %٣.٨بووە.

لە ئەنجامی سیاسەتی درێژخایەنی رژێمە داگیرکەرەکانی کوردستان دیموگرافیا و پێکهاتەی کوردستان و رۆشنیریشی بەر جینۆساید کەوتووە. ئێستا تەنیا ٣٥٨٩١ کیلۆمەتری لە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێمدایە و ٥١٢٢٦ هەزار کیلۆمەتری کەوتۆتە ناوچە دابڕێندراوەکان واتە بەرێژەی %٥٩ هەرێمی کوردستان لە دەرەوەی دەسەڵاتی (هەرێمی کوردستان)دایە. چوار پارێزگا و بیست ناحیە و ٧٤ قەزای هەرێمی کوردستان تاکو ئێستا لە کەوتۆتە ناوچە دابڕێندراوەکان. کە ئەمەشیان دەکاتە رێژەی%٥٣.

ئابووری

ئابووری هەرێمی کوردستان پشت بە داهاتی نەوت و کشتوکاڵ ‌و گەشتیاری دەبەستێت. بەهۆی‌ سەقامگیریی هەرێمی کوردستان، لە ڕووی ئابوورییەوە لە ناوچەکانی تری‌ عێراق پێشکەوتووترە. پێش روخاندنی رژێمی سەدام حسێن، حکوومەتی هەرێمی کوردستان نزیکەی %١٣ی داهاتی پڕۆگرامی نەوت بەرامبەر خۆراکی عێراقی وەردەگرت. ئاسایشی‌ خۆراکی هەرێمی کوردستان وای کرد کە زۆرینەی داهاتەکان لە پڕۆژەی‌ گەشەسەندندا سەرف بکرێن. بە کۆتاییهاتنی پڕۆگرامەکە لە کۆتایی ٢٠٠٣ دا، ٤ملیار دۆلار لە داهاتی نەوت بە خۆراکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە خەرج نەکراوی مابووەوە.

دوا بەدوای ڕووخاندنی رژێمی سەدام حسێن ‌و ئەو زنجیرە توند‌وتیژییەی کە بەدوایداهات، سێ‌ پارێزگاکەی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەنها سێ پارێزگای عێراقیی بوون کە سوپای ئەمریکی بە "ئارام" پۆلێنیان کردبوو. لە ٢٠٠٦ دا، یەکەم بیرە نەوت لە دوای ئازادکردنی عێراقەوە لە هەرێمی کوردستان لەلایەن کۆمپانیایەکی وزەی نەرویجییەوە بەناوی "دی. ئێن. ئۆ" لێدرا، لە سەرەتادا وا دەرکەوت کە کێڵگە نەوتییەکە لانی کەم ١٠٠ ملیۆن بەرمیل نەوتی تێدا بێت‌و لە سەرەتای ٢٠٠٧ دا رۆژانە ٥٠٠٠ بەرمیل نەوتی لێ‌ دەربهێنرێت. سەقامگیرییەکەی هەرێمی کوردستان بووەتە هۆی‌ ئەوەی لە بەشەکانی تری عێراق پێشکەوتنی زیاتر بەخۆوە ببینێت. لە ٢٠٠٤داهاتی تاکەکەس لە هەرێم بە رێژەی‌ %٢٥ لە ناوچەکانی تری عێراق زیاتر بوو. دوو فڕۆکەخانەی نێودەڵەتی لە هەولێر‌ و سلێمانی هەیە کە بە گەشتی ئاسمانیی بەستراونەتەوە بە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ‌و ئەورووپاوە.

دوای پڕۆسەی ئازادی عێراق و دەستبەکاربوونی نێچیرڤان بارزانی وەکو سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆسەیەکی کراوە و فراوانی ئابووری و بازرگانی و بیناکردن و ئاوەدانکردنەوە و دروستکردنی متمانە بۆ سەرمایەدارانی کوردستان دەستی پێکرد، کە ئێستا کوردستان نەک هەر بەتەنیا بە ناوچەیەکی ئارام و گەشەسەندوو دادەنرێت، بەڵکو پێگەیەکی سیاسیی بەرچاویشی هەیە و ئەمریکا و چەندین وڵاتی عەرەبی و ئەورووپی کونسولخانەی خۆیان کردۆتەوە و بەسەدان کۆمپانیای بینای لە کوردستاندا خەریکی وەبەرهێنانن.

ئاڵا و سڕوودی نیشتیمانی

ئاڵای کوردستان

ئاڵاى کوردستان ئاڵاى کوردستانى فیدراڵە و لە تەواوى ئەو ناوچانەى لە ژێر دەسەڵاتى حکوومەتى هەرێمى کوردستان دان، لە داموو دەزگا حکوومییەکان و ئۆرگانە ڕسمییەکان بوونی هەیە.

شێوەکانی بەکارهێنانی ئاڵا

  1. هەڵواسینی به دارا، پێویسته خۆرەکەی له هەردوو ڕووەوه دیار بێت.
  2.  بەرز کردنەوەی له باری پانی، ڕەنگی سور له سەرەوه و ڕەنگی سەوز له خوارەوە.
  3. بەرز کردنەوەی له باری درێژی، ڕەنگی سور له لای چەپ و ڕەنگی سەوز له لای ڕاست.
  4. لە یەخەدانی وەک ڕۆزێت له سەر سینگ، له لای چەپ له سەر دڵ هەڵ ئەگیرێت.
  5. له سەر مێز دانانی، پێویسته به لای چەپدا بشکێتەوه.

سڕوودی نیشتیمانی

سڕوودی ئەی رەقیب کە لەلایەن شاعیری گەورەی کورد، پارێزەر یونس رەئووف ناسراو بە دڵدار لە ساڵی ١٩٤٠ دانراوە، بووەتە بەشێک لە کولتوور و فەرهەنگی میللەتی کورد و جێگەیەکی پیرۆزی لە بزاڤی رزگاریخوازی کوردستان و دڵی جەماوەرەکەیدا هەیە و سیمبۆلی خەبات و بەرخۆدانی گەلەکەمانە و ئاوێتەی بیر و ویژدانی هەموو چین و توێژێکی گەلی کوردستان بووه.‌

پەروەردە

لە ڕووی پەروەردە و فێرکردنەوە خاوەنی چەندین زانکۆیە لە شارە گەورەکان.

زانکۆ ساڵی دامەزراندن
زانکۆی سلێمانی ١٩٦٨
زانکۆی سەڵاحەدین ١٩٨١
زانکۆی دهۆک ١٩٩٢
زانکۆی زاخۆ ٢٠١٠
زانکۆی ڕاپەڕین ٢٠١٠
زانکۆی کۆیە ٢٠٠٣
زانکۆی گەرمیان ٢٠١٠
زانکۆی کوردستانی هەولێر ٢٠٠٦
زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی ٢٠٠٧
زانکۆی ئەمریکی دهۆک ٢٠١٤
زانکۆی پزیشکی هەولێر ٢٠٠٦
زانکۆی لوبنانی - فەڕەنسی ٢٠٠٧
زانکۆی جیهان ٢٠٠٩
زانکۆی کۆمار ٢٠١٢
زانکۆی ئیشک ٢٠٠٨
زانکۆی سۆران ٢٠٠٩
زانکۆی نەورۆز ٢٠٠٤
زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی ٢٠٠٨
زانکۆی پۆلەتەکنیکی سلێمانی ١٩٩٦
زانکۆی هەڵەبجە ٢٠١٠

 


سەرچاوەکان

3820 بینین