ئاوێنە

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2021-12-16-10:58:00 - کۆدی بابەت: 7268
ئاوێنە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئاوێنە (بە ئینگلیزی: mirror) بریتییە لەو کەرەستەیەی کە وێنە دەداتەوە، ئەو ڕووناکییەی کە ئاوێنە دەیداتەوە وێنەی ئەو شتە نیشان دەدات کە لە بەردەمیدایە ئەگەر هەر شتێک بێت، ئەم وێنەدانەوەیە لە ڕێگەی سەرنجی هاوێنەی چاو یان کامێراوە دەردەکەوێت، ئاوێنە ئاڕاستەی ئەو وێنەیەی بە گۆشەی بەرامبەر ڕووناکی لەسەرە پێچەوانە دەکاتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی بینەر بتوانێت وێنەی خۆی و شتەکانی دەوروپشتی ببینێت، هەتا وێنەی ئەو شتانەشی کە لەبەردەمیدایە و خۆی ناتوانێت بیببنێت، ئاوێنەی سروشتی لە سەردەمی پێش مێژووەوە بوونی هەبووە، وەک ڕووکاری ئاو، بەڵام بۆ ماوەی هەزاران ساڵ خەڵکی ئاوێنەیان لە کەرەستەی جیاوازی وەک بەرد و کانزا و شووشە دروست کردووە، لە دروستکردنی ئاوێنە پێشکەوتووەکاندا کانزای وەک زیو و ئەلەمنیۆم بەهۆی توانای زۆریان بۆ دانەوەی ڕووناکی بەکاردێت وەک چینێکی تەنکی داپۆشەر بۆ سەر شووشە، شووشە لەبەرئەوەی بە شێوەیەکی سروشتی سافە و ڕووکارێکی بەهێزی هەیە بەکاردێت.

مێژوو

یەکەمین ئاوێنە کە لەلایەن مرۆڤایەتییەوە بەکارهاتووە زۆربەی بریتی بووە لە حەوزێکی تاریک، ئاوی وەستاو یان ئاوێک لە دەفرێکی تایبەتدا کۆکرابێتەوە، پێداویستییەکانی دروستکردنی ئاوێنەیەکی باش بریتییە لە ڕووکارێکی زۆر تەخت و ناڕێکی ڕووکارەکە بچوکتربێت لە درێژی شەپۆلی ڕووناکی.
کۆنترین ئاوێنەی دەستکرد بریتی بووە لە پارچەیەکی ڕەنگکراوی بەردی ئۆبسیدیان (کە بەردێکی سروشتی شووشەیی گڕکانیی ڕەنگ ڕەشە، لە ئەنجامی ساردبوونەوەی لەناکاوی ئەو شلە گەرمەی لە گڕکان دەردەچێت لەگەڵ کەمترین گەشەی کریستاڵی دروست دەبێت)، نموونەی ئاوێنەی ئۆبسیدیان لە ئاناتۆلیا (تورکیای ئێستا) دۆزراوەتەوە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٦٠٠٠ ساڵی پێش زایین.
لە چاخی بڕۆنزیدا کە دەکاتە ٣٠٠٠ بۆ ١٢٠٠ ساڵی پێش زایین هەندێک لە کەلتورە جیاوازەکان ئاوێنەیان لە دیسکێکی ڕەنگکراوی بڕۆنز یان مس یان زیو یان کانزای دیکە دروست کردووە، کانزای سپێکیولەم کە داڕشتەیەکە لە تەنەکە و مس پێکدێت بەکاردەهات بۆ دروستکردنی ئاوێنە تاکوو چەند سەدەیەک پێش ئێستا، ئەم جۆرە ئاوێنانە بۆ یەکەم جار لە وڵاتانی چین و هیندستان دروستکراون، هەروەها چونکە بەرهەم هێنانیان قورس بوو تەنها لەلایەن کەسانی سەرمایەدارەوە بەکاردەهات، ئەم جۆرە ئاوێنانە توانای دانەوەی وێنەیان کەمە و ڕەنگەکان بە جوانی پوختە ناکات.
دروستکردنی ئاوێنە لە شووشە لە سەدەی یەکەمی زایینیدا لەگەڵ پێشکەوتنی بەرهەمهێنانی چەند جۆرێکی شووشەدا سەری هەڵدا.

جۆرەکانی ئاوێنە

ئاوێنەی تەخت - Plane Mirrors

سادەترین جۆری ئاوێنەیە و لە ماڵ و زۆربەی فرۆشگەکانی جل و بەرگدا بوونی هەیە، پێکدێت لە پارچەیەک شووشەی تەخت کە بە داڕشتەی کانزا ڕووپۆشکراوە، کە ئەم داڕشتەیە وا لە شووشەکە دەکات وێنەیەکی ڕوون بداتەوە، ئاوێنەی ڕووتەخت وێنەیەک دەداتەوە کە هاوتایە لە شێوە و قەبارەدا لەگەڵ ئەو شتەی کە لە بەردەمیدایە، بەڵام دانەوەکە بە شێوەیەکە کە ئەگەر کەسێک بێت و دەستی ڕاستی بەرز بکاتەوە لە ئاوێنەکەدا وا دەردەکەوێت کە دەستی چەپی بەرز بکاتەوە.

ئاوێنەی گۆیی - Spherical Mirrors

ژووری ئاوێنە کە لە زۆربەی شاری یارییەکاندا بوونی هەیە بریتییە لە ژوورێک کە چەندین جۆری جیاواز ئاوێنەی تێدایە، ئاوێنەی گۆیی یەکێکە لەو جۆرانە، دوو جۆری ئاوێنەی گۆیی بوونی هەیە کە بریتیین لە:

ئاوێنەی قۆقز - Convex Mirrors

ئاوێنەی قۆقز هەڵئاوساوە بەرەو ڕووی دەرەوە، وێنەدانەوەکەی بریتییە لە وێنەیەکی تێکچوو کە قەبارەکەی بچووکترە لە قەبارەی ئاسایی خۆی، ئەم وێنەدانەوەیە بە دانەوە بە گۆشەیەکی فراوانتر لە لایەکانی بە بەراورد بە ناوەندی ئاوێنەکە دروست دەبێت.
ئاوێنەی قۆقز زۆر بە سوودە بۆ مەبەستی سەلامەتی چونکە دەتوانرێت مەودایەکی فراوانتری پێ ببینرێت بە بەراورد بە ئاوێنەی تەخت، ئاوێنەی ئۆتۆمبێل نموونەیە بۆ ئەم جۆرە ئاوێنەیە.

ئاوێنەی قوپاو - Concave Mirrors

پێشی دەوترێت ئاوێنەی کۆکەرەوە،  ئاوێنەی قوپاو بەرەو ناوەوە چەماوەتەوە بە شێوەی کەوچک، ڕووناکی بەرەو ناوەوە بۆ تاکە تیشکۆیەک دەدەنەوە، هەر لەبەر ئەم تایبەتمەندییەیە کە بۆ چڕکردنەوەی ڕووناکی بەکاردێن، لە دوورەوە وێنەکان لە ئاوێنەی قوپاودا بە سەرەوخواری دەدرێنەوە، بەڵام کە نزیک دەبیتەوە وێنەکە بە خێرایی گەورە دەبێت، ئەم ئاوێنەیە زیاتر ددانسازەکان بەکاری دەهێنن بۆ گەورەکردنی قەبارەی ددان، هەروەها وەک ئاوێنەی ڕیش تاشین و میکیاج بەکاردێت.

ئاوێنەی ناپێچەوانە - Non-Reversing Mirrors

پێشی دەوترێت ئاوێنەی ڕاستی، ئەم جۆرە ئاوێنەیە وێنە دانەوەکەی پێچەوانە نییە و بەو شێوەی کە هەیە نیشانی دەدات، ئەگەر لەبەردەم ئەم ئاوێنەیەدا بوەستیت و دەستی ڕاستت بەرز بکەیتەوە، ئەوا لە ئاوێنەکەشدا هەمان دەستت بەرز دەبێتەوە نەک پێچەوانەکەی.

بەکارهێنانەکانی ئاوێنە

جگە لە بەکارهێنانی ئاوێنە لە کاری ڕۆژانە و بۆ بینینی خودی مرۆڤ، یان ئەو بەکارهێنانانەی کە باسکرا، ئاوێنە چەندین بەکارهێنانی دیکەی هەیە کە بریتیین لە: 

  • زیادکردنی ڕووناکی سروشتی: دەکرێت ئاوێنەیەکی گەورە بەرانبەر پەنجەرە دابنرێت بۆ زیادکردنی ڕووناکی ژوور، ئاوێنەکە ئەو ڕووناکییە دەداتەوە کە دێتە ژوورەوە و بەمەش ژوورەکە ڕووناکتر دەردەکەوێت.
  • گەورەتر دەرکەوتنی قەبارەی ژوور: دانانی ئاوێنەیەکی گەورە لە زەوییەوە تاکوو بنمیچی ژوورەکە یان ئاوێنەیەکی گەورەی دیوار دەبێتە هۆی ئەوەی هەست بکرێت ژوورەکە گەورەترە.
  • زیادکردنی سەرنج بۆ سەر کەلوپەلی ناوماڵ: دانانی ئاوێنە لەسەر یان لە تەنیشت ئەو کەلوپەلی ناوماڵەی کە دەتەوێت زیاتر ببینرێت و دەربکەوێت، دەبێتە هۆی ئەوەی بە شێوەیەکی سروشتی چاوی کەسەکان بۆ خۆی ڕابکێشێت.
  • پێدانی درەوشانەوە: دانانی لەزگەی ئاوێنەی پارچە پارچەکراو لە چێشتخانە یان گەرماودا دەبێتە هۆی پێدانی درەوشانەوە و زیاتر دانەوەی ڕەنگەکانی ژوورەکە.
  • تەکنەلۆجیا: ئاوێنە لە دروستکردنی تەلەفزیۆن و پڕۆجێکتەر و سیستمی بەکارهێنانی وزەی خۆر و چەندین ئامێری دیکەدا بەکاردێت.
  • بیناسازی: ئاوێنە وەک کەرەستەیەکی ڕازاندنەوەی پێشکەوتوو بەکارهاتووە لە دروستکردنی چەندین باڵەخانەی بەناوبانگدا.


سەرچاوەکان



1936 بینین