مەکسیکۆ سیتی

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2022-03-20-14:30:00 - کۆدی بابەت: 8004
مەکسیکۆ سیتی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

مەکسیکۆ سیتی (بە ئینگلیزی: Mexico City، بە ئیسپانی: Ciudad de México)، پایتەخت و گەورەترین شاری مەکسیکۆیە، هەروەها ئاوەدانترین شاری ئەمریکای باکوورە و یەکێکە لە 32 قەوارەی فیدڕاڵی ئەو وڵاتە، مەکسیکۆ سیتی یەکێکە لە گرنگترین ناوەندە کولتووری و داراییەکانی جیهان و دەکەوێتە دۆڵی مەکسیکۆوە، لە ساڵی 2020دا ژمارەی دانیشتوانی شارەکە 9,209,944 کەس بوو لە ڕووبەرێکی 1,485کیلۆمەتر دووجاییدا.

دانیشتوانی مەکسیکۆ سیتی

بەپێی ئامارەکانی حکوومەتی مەکسیکۆ سیتی ژمارەی دانیشتوانی شارەکە لە ساڵی 2016دا بە 8,918,653 کەس خەمڵێنرا، بە بەراود بە ساڵی 2010 ژمارەی دانیشتوان هەڵکشاوە چونکە لە 2010دا ژمارەی دانیشتوانی شارەکە 8.851 ملیۆن کەس بوو، لەگەڵ ئەوەشدا دانیشتوانی ناوچەکانی سەر بە مەکسیکۆ سیتی زۆر زیاترە و نزیکەی 21.2 ملیۆن کەسە، هەروەها چڕی دانیشتوانی شارەکە 6,000 کەسە لە هەر کیلۆمەترێکی دووجادا، مەکسیکۆ سیتی مێژوویەکی درێژ و دەوڵەمەندی هەیە و بە یەکێک لە گەورەترین ناوەندە داراییەکانی کیشوەرەکە دەناسرێت، هەروەها گەورەترین شاری جیهانە کە دانیشتوانەکەی بە زمانی ئیسپانی قسە دەکەن.

شارەکە لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دۆڵی ئەناواک لە مێژوودا یەکێک بووە لە ناوچە ئاوەدانەکانی ئەو وڵاتە، لە سەرژمێرییەکەی ساڵی 1921دا زیاتر لە 54٪ی دانیشتوانی شارەکە مێستیزۆ، 23٪ی ئەورووپی و نزیکەی 19٪ دانیشتووی ڕەسەنی ناوچەکە بوون، هەرچەندە لەو کاتەدا ژمارەی دانیشتوانی مەکسیکۆ سیتی کەمتر لە یەک ملیۆن کەس بوو، مەکسیکۆ سیتی نیشتیمانی ژمارەیەکی زۆر لە کۆچبەران و ئاوارەکانە لە کەنەدا، ئەمریکا و ئەمریکای باشوور (بەتایبەتی کۆلۆمبیا و ئەرجەنتین)، ئەمریکای ناوەندی (بەتایبەتی گواتیمالا و ئێل سالڤادۆر)، ئەو ناوچانەی بەسەر دەریای کاریبی و دوورگاکانییەوەن (بەگشتی کوبا و هایتی)، ئەورووپا (بەتایبەتی ئیسپانیا و ئەڵمانیاڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (بەتایبەتی میسر، سووریا و لوبنان). بەم دواییانەش، بە لێشاو کۆچبەران لە وڵاتانی ئاسیا و زەریای هێمن وەکوو کۆریای باشوور و چینەوە هاتوونەتە شارەکە، مەزەندە دەکرێت 700,000 هاوڵاتی ئەمریکی لە شارەکەدا هەبێت و یەک ملیۆن پەنابەری ئەمریکی لە تەواوی وڵاتەکەدا بوونیان هەیە.

مێژووی شارەکە

پایتەختی مەکسیکۆ کۆنترین شاری پایتەختی ئەمریکایە و یەکێک لەو دوو شارانەی کە لەلایەن دانیشتووی ڕەسەنی ناوچەکەوە دامەزراوە، شارەکە لە بنەڕەتدا لە سەر کۆمەڵێک دوورگە لە دەریاچەی تێکسکەوکەو لە ساڵی 1325 وەکوو تێنۆشتیتلان دروست کراوە، لە گەمارۆی 1521ی تێنۆشتیتلان بەتەواوی وێرانکراو و دواتر بە پێی ستانداردە شارستانییەکانی وڵاتی ئیسپانیا دووبارە دیزاین کراو و دروست کرایەوە، لە ساڵی 1524دا شارەوانی مەکسیکۆ سیتی ناسراو بە میکسیکۆ تێنۆشتیتلان دامەزرا، و لە ساڵی 1585 بەفەرمی بە مەکسیکۆ سیتی ناسرا، مەکسیکۆ سیتی ناوەندی سیاسی، کارگێڕی و دارایی بەشێکی سەرەکی ئیمپراتۆرییەتی داگیرکەری ئیسپانیا بوو. دوای ئەوەی سەربەخۆیی لە ئیسپانیا بەدەست هێنا، ناوچەی فیدراڵی لە ساڵی 1824دا بنیادنرا.

کەشوهەوای مەکسیکۆ سیتی

کەشوهەوای ئەم شارە بە ڕۆژدا نیمچە خولگەیی و مامناوەند یان گەرمێکی خۆشە، لە کاتێکدا شەوانی هاوین خۆشە و شەوانی زستان ساردە، زستانی ئەم شارە لە مانگی تشرینی دووەمەوە تا شوبات دەخایەنێت، کەشوهەوا بە شەودا ساردە و بە ڕۆژدا خۆشە، لە ناوچە شارستانییەکانی ئەم شارەدا و بەهۆی چالاکییە مرۆییەکانەوە کەشە ساردەکەی شەوانی زستان کەمێک خۆش دەبێت، لە کاتێکدا لە ناوچە دەشتاییەکان، گوندەکان و ناوچە کەم شارستانییەکاندا پلەکانی گەرما نزم دەبنەوە بۆ سفر پلەی سەدی، لە مانگی شوباتدا پلەکانی گەرما بەرز دەبنەوە و زۆرجار لە کاتەکانی ڕۆژدا دەگاتە 25 ‌پلەی سەدی، وەرزی بەهار گەرمترین وەرزی ساڵە، لە مانگەکانی نیسان و ئایاردا زۆرجار پلەی گەرمی دەگاتە 30 پلەی سەدی، بەڵام دەکرێت کاتەکانی شەوان کەمێک سارد بێت. هەروەها یەکەم باران لە مانگی ئایاردا دەبارێت، وەرزی هاوینیش لە مانگی حوزەیرانەوە تا ئەیلوول دەخایەنێت، هاوین تەڕترین وەرزی ساڵە و بەنزیکەیی ڕۆژانە لێزمە باران دەبارێت، بەڵام بەدەگمەن ڕێژەیەکی زۆر باران دەبارێت. ئاووهەوا مامناوەندە و تێکڕای پلەی گەرمی بە بەراورد لەگەڵ مانگەکانی پێشوو نزم دەبێتەوە. پلەی گەرما لە کاتەکانی ڕۆژدا وەکوو وەرزی زستانە، لە کاتێکدا کاتەکانی شەو فێنکە بەڵام سارد نییە. ڕێژەی باران بارین لە مانگی حوزەیرانەوە تا ئەیلوول 100 ملیمەتر دەبارێت و تێکڕای دابارینی ساڵانە نزیکەی 550 بۆ 650 ملیمەترە، پاییزی ئەم شارە کورتە، لە مانگی تشرینی یەکەمدا کەش هێشتا زۆر مامناوەندە و دوایین باران دەبارێت، لە کاتێکدا لە مانگی تشرینی دووەمدا زستانە و کەشوهەوای بە شەودا دووبارە سارد دەبێتەوە.

هەندێک لە شوێنە گەشتیارییە بەناوبانگەکانی شارەکە

  1. زوکالۆ
  2. مۆزەخانەی نەتەوەیی ئەنپروپولوجی یان مرۆڤناسی
  3. کۆشکی هونەرە جوانەکان
  4. کڵێسای مەکسیکۆ سیتی
  5. کۆشکی نەتەوەیی
  6. پارکی چاپوڵتپێک
  7. مۆزەخانەی مێژووی نەتەوەیی
  8. مۆزەخانەی سومەیە


سەرچاوەکان



438 بینین