نیوزلەندا

له‌لایه‌ن: - ئێڤین عومەر - به‌روار: 2022-04-19-21:30:00 - کۆدی بابەت: 8320
نیوزلەندا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

نیوزلەندا (بە عەرەبی: نيوزيلندا، بە ئینگلیزی: New Zealandوڵاتێکی دوورگەییە و دەکەوێتە باشووری ڕۆژئاوای زەریای هێمن، لە دوو دوورگەی سەرەکی (ْدوورگەی باکوور و دوورگەی باشوور) پێکهاتووە، لەگەڵ کۆمەڵێک دوورگەی بچووکی تر کە ژمارەیان زیاترە لە ٧٠٠ دوورگە، نیوزلەندا بە زمانی ماوری پێی دەگوترێت ئۆتیاروا کە بە واتای "خاکی هەورە سپییە درێژەکان"دێت.
پایتەختی نیوزلەندا شاری (ویڵینگتۆن)ە، گەورەترین شاری وڵات (ئەوکلاند)ە. پانتایی و ڕووبەری وڵات ٢٦٨،٠٢١ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە.

شوێنی جوگرافیای نیوزلەندا

دوای جیابوونەوەی لە کیشوەری مەزنی گۆندوانا (ئەم کیشوەرە پێش دابەش بوونی کیشوەرەکان بەشی باشووری زەوی داگیرکردووە، دواتر دابەش بووە بۆ چەند کیشوەرێکی تر لەوانەش کیشوەری ئەمریکای باشوور و کیشوەری ئەفریقا)، ئێستا نیوزلەندا بەشێکە لە کیشوەریی زیلاندیای نوێ، کە کیشوەرێکی ژێرئاوکەوتوی بچووکە قەبارەکەی نزیکەی نیوەی قەبارەی ئوسترالیایە، کە زیاتر لە  ٪٩٣ خاکەکەی لە قوڵایی زەریای هێمندا نقوم بووە. نیوزلەندا لە ڕووی جوگرافیەوە بە دوورگەیەکی گۆشەگیر و  جیاکراوە دەردەکەوێت، نیوزلەندا بە درێژایی کەناراوەکانی دەریای تاسمان دەکەوێتە دووری ٢٠٠٠ کیلۆمەتر لە ڕۆژهەڵاتی ئوسترالیا، بە دووری ١٠٠٠ کیلۆمەتر دوورە لە باشووری هەریەک لە وڵاتانی کالیدۆنیای نوێ و فیجی و تۆنگا، لە نیوزلەندا باڵندەی تایبەت بوونی هەیە، هەرچەندە بەشێکی زۆریان دوای نیشتەجێ بوونی مرۆڤ لە دوورگەکەدا لەناوچوون.

مێژووی نیوزلەندا

 یەکەم کەسانێک کە لە دوورگەکەدا نیشتەجێ بوون پۆلینیزیە ڕۆژهەڵاتییەکان بوون، کە بە ماوری ناسراون، لە ساڵەکانی ١٢٥٠-١٣٠٠ز بە بەلەم گەشتبوونە دوورگەکە. پاشان ماوریەکان کە لە ناوچەکە نیشتەجێبون دابەش بوون بۆ چەند هۆزێک کە ئەم هۆزانە بۆ ماوەیەک کێشە و بەربەرەکانێ لەناویاندا هەبوو. یەکەم کەس لە ئەورووپیەکان کە گەیشتبێتە نیوزلەندا و زانیاری لەسەر تۆمارکردبێت گەڕیدەی هۆڵەندی ئەیبل تاسمان بووە لە ساڵی ١٦٤٢دا، دواتر هیچ ئەورووپیەک سەردانی دوورگەکەیان نەکردووە تا ساڵی ١٧٦٩ز کە گەڕیدەی بەریتانی جەیمس کووک گەیشتە دوورگەکە و نەخشەی کەنارەکەی بە تەواوی کێشا، دوای کووک کۆمەڵێک لە ئەورووپی و ئەمریکییەکان سەردانی دوورگەکەیان کرد بە مەبەستی ڕاوکردنی نەهەنگ، گۆلکی دەریا و بازرگانی، بازرگانیان ئەکرد بە خواردن و کەلوپەلی ئەورووپی بە تایبەت ماددە کانزاییەکان و چەک، کە لە بەرامبەردا، خواردن، ئاو و کەلوپەلی گرانبەهای ماوریان وەردەگرت. هەروەها دۆزینەوەی زێڕ لە ساڵی ١٨٦٠ز لە بانی ئۆتاگۆ و شوێنەکانی تر کاریگەرییەکی بەرچاوی هەبوو لەسەر بەردەوامی زیادبوونی کۆچبەرانی ئەورووپا بۆ ئەم وڵاتە نوێیە. لە سەرەتاکانی سەدەی ١٩دا مژدەدەرە مەسیەحییەکان دەستیانکرد بە جێگیربوون لە وڵاتی نیوزلەندا.

بەهۆی نەبوونی یاسا لە ناو ئەورووپیە نیشتەجێبووەکانی دوورگەکەدا و زیادبونی بەرژەوەندی فەڕەنسا لە ناوچەکەدا، بەوهۆیەوە حکومەتی بەریتانیا لە ساڵی ١٨٣٢ جەیمس باسبی وەک نوێنەری بەریتانیا لە نیوزلەندا دەستنیشان کرد،
پاشان لە ساڵی ١٨٤٠ پەیماننامەی (وایتانگی) واژۆکرا لە نێوان نوێنەری بەریتانیا و سەرۆکی ماوری، کە بەپێی ئەم پەیماننامەیە بەریتانیا دەسەڵاتی ئەوەی پێدرا بەسەر ئەم دوورگەیەدا حوکمڕانی بکات. 

پاشان لەدوای چەندین پەیماننامە لەنێوان نیوزلەندیەکان و حکومەتی بەریتانیا دواجار لە ساڵی ١٩٤٧ نیوزلەندا بەشێوەیەکی یاسایی سەربەخۆیی بەدەستهێنا.

ژمارەی دانیشتوانی نیوزلەندا

بەپێی سەرژمێرییەکانی مانگی نیسانی ٢٠٢٢ ژمارەی دانیشتوانی نیوزلەندا  بە ٥.١ ملیۆن کەس خەمڵێندراوە، چڕی دانیشتوانی ناوەندی نزیکەی ١٩ کەسە لە کیلۆمەترێکی دووجادا، لە ٪٧٥ی دانیشتوان لە دوورگەی باکوور نیشتەجێن.
ڕێژەی ٪٧٤ی دانیشتوانی نیوزلەندا بە ڕەچەڵەک ئەورووپین، لەو ئەورووپیانەی کە لە سەدەی نۆزدەهەم گەشتونەتە ئەو وڵاتە، کە زۆربەیان لە بەریتانیاوە هاتبوون، لەکاتێکدا ماوریە ڕەسەنەکان گەورەترین کەمینەن و ڕێژەی ٪١٥ی دانیشتوان پێکدەهێنن، هەروەها ئاسیاییەکان و دانیشتوانی دوورگەکانی زەریای پاسیفیک کەمینەی گەورە پێکدەهێنن. 

ئابووری وڵاتی نیوزلەندا

نیوزلەندا وڵاتێکی پێشکەوتووە و پلەیەکی بەرزی هەیە لە ڕیزبەندی نێودەوڵەتیدا، ئاستی ئابووری دانیشتوانەکەی یەکێکە لە بەرزترینەکانی جیهان، ڕێژەی بێکاری لە نیوزلەندا ٪٣.٥. ئابووری نیوزلەندا زیاتر پشت بە بوارەکانی کشتوکاڵ، پیشەسازی، خزمەتگوزارییە پیشەسازیەکان دەبەستێت، هەروەها ئەم وڵاتە مامەڵەی بازرگانیشی لەگەڵ ئوسترالیا، بەریتانیا، ژاپۆن و ئەمریکادا هەیە. 
لەگەڵ بوونی سەرچاوەی سروشتی لە دارستانەکانی نیوزلەندادا کە ڕێژەی ٪٢٨ی ڕووبەری ئەو وڵاتە داگیر دەکات، هەروەها نزیکەی لە ٪٣ی داهاتی نیشتیمانی و سامانی کانزای هەیە لە خەڵوزی بەردین، ئاڵتون، ئاسن، گاز و نەوت.
لەگەڵ بونی وزەی کارۆئاوی کە ڕێژەی ٪٧٥ پێداویستیەکانی وڵات دابین دەکات، هەروەها ئاژەڵداری و گەشتیاری پێکهاتەیەکن لە ئابووری نیوزلەندا.

خوێندن لە نیوزلەندا

لە نیوزلەندا دەوڵەت خوێندنی خۆڕایی تا قۆناغی دواناوەندی دابین دەکات، بە شێوەیەکی یاسایی تەمەنی چوونە قوتابخانە لە نێوان ٦ بۆ ١٥ ساڵیدایە.

هەروەها حکوومەت پشتگیری زۆربەی زانکۆکان دەکات، زانکۆکانیش ئەو خوێندکارانە وەردەگرن کە لە تاقیکردنەوەی وەرگرتندا سەرکەوتودەبن، هەروەها چەندین کۆلێژ و پەیمانگای جیاوازی لێیە.
لە نیوزلەندا چەندین زانکۆی ناودار هەیە وەک: زانکۆی ماسی لە شاری پاڵمەرستۆن، زانکۆی ڤیکتۆریا لە ولینگتۆن و زانکۆی لینکۆڵن لە نزیک کریستچەرچ.

ئایین

دانیشتوانی نیوزلەندا سەر بە ئایینە جیاوازەکانن لەوانەش مەسیحی و ڕێبازە جیاوەزەکانی مەسیحی وەک کاسۆلیک، پڕۆتستانت، میتۆدیست و ڕاتانا.
کە ڕێژەی ٪٢٥ی دانیشتوان مەسیحین، نزیکەی ٪١٨ پڕۆتستانتن، هەروەها ٪١٥ی کاسۆلیک و ٪٥ میتۆدیستن.

زمان

لە نیوزلەندا دوو زمانی سەرەکی هەیە ئینگلیزی و ماوری کە لە ساڵی ١٩٨٧ بە فەرمی ناسراون، ڕێژەی ٪٩٦ی دانیشتوانەکە بە زمانی ئینگلیزی قەسە دەکەن، لە کاتێکدا زمانی ماوری کەمتر قسەی پێدەکرێت و سنووردارە و تایبەتە بە ماوریەکان. 

سیاسەت

سیستمی دەسەڵاتی وڵات پادشایی دەستوورییە، یەکێکە لە وڵاتەکانی کۆمۆنویلسی بەریتانی، شاژنە ئیلیزابێسی دووەم شاژنی نیوزلەندایە، شاژن پارێزگارێک دیاری دەکات کە نوێنەرایەتی ئەو بکات، ئەم وڵاتە بە دوو دەستە بەڕێوە دەبرێت، دەستەی ئەنجومەنی یاسادانان کە پەڕلەمانە لە ٩٧ ئەندام پەڕلەمانی هەڵبژێردراو پێکهاتووە، دەستەی جێبەجێکار کە لەلایەن سەرۆک وەزیران و وەزیرەکانەوە نوێنەرایەتی دەکرێت.
لە نیوزلەندا دوو حیزبی سەرەکی هەیە حیزبی کرێکاران و حیزبی نەتەوەی، ئەو حیزبەی کورسی زیاتری لە پەڕلەماندا هەبێت وەزارەت پێکدەهێنێت و دەبێتە حیزبی جێبەجێکار.


سەرچاوەکان



1998 بینین