کەمکردنەوەی ئازاری سوڕی مانگانە بەڕێگای سروشتی

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-05-07-22:16:00 - کۆدی بابەت: 8552
کەمکردنەوەی ئازاری سوڕی مانگانە بەڕێگای سروشتی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئازاری سوڕی مانگانە (بە ئینگلیزی: Period pain) یەکێکە لە کێشە باوەکانی خانمان و زۆرینەیان گیرۆدەی ئەم ئازارەن، کە بریتییە له ئازاری سک و پشت، دڵتێکچوون، کەشەنگبوونی ماسولکەکان و کۆمەڵێک ئازاری تر.
 ئازارەکە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕدرێت، هەندێک جار بەرگەگرتنی ئازارەکە قوورسە و ناچاریت چەند ڕێگایەک بگریتە بەر تاکوو ئازارەکەتی پێ کەم بکەیتەوە.

چەند ڕێگایەک 

وەرزشکردن

وەرزشی ئاسان و سادە وەک یۆگا، پیادەڕەوی، مەلەکردن، تێڕامانی قووڵ، هەموو ئەمانە یارمەتیدەرن تاکوو سوڕی خوێن چالاکتر بکەن و ئازار کەم بکەنەوە، دانیشتن و پاڵکەوتنی زۆر تەنها ئازارەکەت زیاتر دەکات دەتوانیت هەر لە جێگەی خۆتدا وەرزشی وەک یۆگا و تێڕامانی قووڵ ئەنجام بدەیت.

دانانی شەڵتەی گەرم

دانانی شەڵتەی گەرم لەسەر سک و پشت بەڕێژەیەکی زۆر باش ئازار کەم دەکاتەوە، ئازاری سک بەهۆی گرژبوونی ماسولکەکانی منداڵدانەوە دروست دەبێت بە دانانی ئەم شەڵتەیە ماسولکەکان خاو دەبنەوە و گرژبوونیان نامێنێت.
لە توێژینەوەیەکی ساڵی ٢٠١٢ کە لەسەر خانمانی تەمەن ١٨ بۆ ٣٠ ساڵ کرا، سەرجەمییان ئازاری توند و سوڕی مانگانەی ناڕێکیان هەبوو، تێیدا ئەم خانمانە شەڵتەی گەرمیان بەکارهێنا بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکەیان گەرمییەکەی ٦٠ پلە بوو کە بەرامبەر بوو بە حەپێکی ئیبۆپڕۆفینی ئازارشکێن.
ئەگەریش شەڵتەی گەرمت نییە لەسەر سک و پشتت دایبنێیت دەتوانیت خاولی گەرم بەکاربهێنیت یاخود بە ئاوی گەرم خۆت بشۆیت.

خواردنەوەی ئاو

لەماوەی سوڕی مانگانەدا جەستە پێویستی بە ئاو خواردنەوەی زیاترە، هەرچەند ئاوی زیاتر بخۆیتەوە خوێنی سوڕی مانگانە ئاسانتر دێتە دەرەوە و ئازارت کەمتر دەکات، خواردنەوەی ٨ بۆ ١٠ پەرداخ ئاو و شلەمەنی و ئاومیوەکان زۆر بەسودە.

خواردنی تەندروست 

تاکوو دەتوانیت لەماوەی سوڕی مانگانەدا سەوزە و میوەکان بخۆ، ڕۆژانە دەبێت پێنج ژەمی بچووک سەوزە و میوە بخۆیت تاکوو ئازارت کەمتر بکاتەوە، دوورکەوەرەوە لە خواردنی سورەوەکراو و چەور و شیرینی.

کەمکردنەوەی کافایین

کافایین دەبێتە هۆی دروستبوونی ئازار و بای سک، بۆیە تاکوو دەتوانیت دوورکەوەرەوە لەو خواردن و خواردنەوانەی کە کافاینییان تێدایە، نەک تەنها خواردنەوە گازییەکان، دوورکەوتنەوە لە زۆر خواردنەوەی چا و قاوە و چۆکلێت، لەبری ئەوانە چای سەوز بخۆرەوە و قاوەی تاڵ بەکاربهێنە نەک قاوەی شیرین.

خەوی پێویست

لەماوەی سوڕی مانگانەدا دەبێت هەشت بۆ نۆ کاتژمێر بخەویت، هەروەها شەوانیش زوو بخەویت.

ئامادەکاری بۆ ئازار

لەماوەی چەند مانگێکدا پێوەرێکی دروست دێتە دەستت بۆ دیاریکردنی جۆر و شێوازی ئازارەکەت، بۆیە مانگانە خۆت ئامادە بکە و کاتێک دەزانیت ئازارەکەت چۆن دەبێت باشتر دەتوانیت بەرگەی بگریت وەک لەوەی لەناکاو و چاوەڕواننەکراو بێت.

سانتی گونجاو

جۆرە سانتییەک بەکاربهێنە کە گونجاو بێت و تووشی هەستیاریت نەکات، چونکە هەستیاری بە سانتی دەبێتە هۆی سووربوونەوە و خورانی ناوچەی زێ و هەندێک جاریش ئاوسانی ئەو ناوچەیە، ئەمە لە خۆیدا ئازارەکە زۆر زیاتر دەکات، هەروەها ڕاگرتنی پاکوخاوێنی هۆکارێکی ترە بۆ کەمکردنەوەی ئازار، دەبێت هەر چوار بۆ هەشت کاتژمێر جارێک سانتییەکەت بگۆڕیت و خۆت پاک بکەیتەوه.

شێلان بە زەیت

شێلانی سک و پشت بە زەیت بۆ ماوەی ٢٠ خولەک یارمەتی کەمکردنەوەی ئازارەکە دەدات و ناهێڵێت دووبارە ئازارەکە بەو ڕێژەیەی سەرەتاوە دەست پێ بکاتەوە و بەردەوام بێت.


سەرچاوەکان



2654 بینین