هێرشی تێزاب 

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-05-17-21:36:00 - کۆدی بابەت: 8683
هێرشی تێزاب 

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

هێرشی ئەسید یاخود تێزاب پژاندن (بە ئینگلیزی: Acid attack) و (بە فارسی: اسیدپاشی) هێرشێکی بە ئەنقەستە تێدا ترشێکی کیمیایی بەکاردێت و دەکرێت بە جەستەی کەسێکدا، یاخود بە زۆر دەرخواردی دەدرێت، و دەبێتە هۆی سووتان و تێکچوونی جەستە، ئامانج لەم کارە تێکدان و شێواندنی شێوەی جەستە و ڕووخساری کەسەکەیە، لە هەندێک وڵاتدا زۆر بەربڵاوە، بەگشتی لە وڵاتەدا دواکەوتووەکاندا ئەم تاوانە زیاتر ئەنجام دەدرێت، بەشێوەیەک بەپێی توێژینەوەیەک حاڵەتی سووتاویی بەهۆی تێزاب پژاندنەوە لە بەریتانیا ٪٨ بووە و لە لە کامبۆج ٪٨٣، لە بەنگلادیش ٪٩٢ بووە.
پیاوان و خانمان پەنا دەبەن بۆ ئەنجامدانی ئەم تاوانە قێزەونە بەڵام زیاتر پیاوان ئەنجامی دەدەن، واتە قوربانی سەرەکی ئەم تاوانە خانمانن.

ئەو ترشانەی بەکاردێن

سێ جۆری ترش یاخود تێزاب بەکاردێت لە ئەم تاوانەدا کە سێ جۆری ترشی کیمیایی زۆر مەترسیدارن، هۆکاری بەکارهێنانی ئەم ترشانەش ئەوەیە کە هەرزانن و بە ئاسانی دەست دەکەون، ئەوانیش:

  • ترشی هایدرۆکلۆریک - HCl
  • ترشی گۆگردیک - H2SO4
  • ترشی نایتریک - HNO3

ڕێژەی سووتانەکە

ڕێژەی سووتانەکە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت و بەندە لەسەر سێ خاڵ:

1- خەستی ماددەکە

تاکوو خەستی ماددەکە زیاتر بێت زیانەکانی زیاتر دەبن.

2- بڕی ماددەکە

تاکوو بڕ و ڕێژەی ماددەکە زیاتر بێت زیانەکانی زیاتر دەبن.

3- کاتی مانەوەی ماددەکە

ئەم ماددە کیمیاییانە تاکوو زیاتر بە جەستەوە بمێننەوە زیانی زیاتر لەدوای خۆیان بەجێ دەهێڵن.
هەروەها بەگشتی زۆرینە تێزابەکە دەکەن بە ڕووخساردا بەمەش تەواوی ڕووخسار و دەست و مل و سنگ زیانیان بەردەکەوێت، بەنزیکەیی ڕێژەی سووتاویی بە تێزاب ٪٢٠ دەبێت، بەڵام سووتان بە تێزاب زۆر جیاوازە لە سووتان بە هەر هۆکارێکی تر، چونکە لێرەدا ماددەکە کیمیاییە و سووتانێکی زۆر قووڵ ڕوودەدات و زیانەکانی زیاترن و کاریگەرییە دەروونیەکانی تووندترن، بۆ نموونە کچێک ڕێژەی سووتانەکەی ٪٧ بوو، هەرچەندە ڕێژەی سووتانەکەی کەم بوو بەڵام بەهۆی تێکچوونی بارودخۆی دەروونییەوە خۆی کوشت.

مێژووەکەی

لە کۆندا تێزاب بۆ دروستکردنی نەخش و نیگار لەسەر کاشی، تەختە، سیرامیک و جۆرەها شتی تر بەکارهاتووە، هێرشی تێزاب لە سەدەی نۆزدەیەم و نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا لە وڵاتی بەریتانیا سەری هەڵدا، هەروەها لە ساڵانی نێوان ٢٠١١ بۆ ٢٠١٢، (١٠٥) حاڵەتی هێرشی تێزاب لە بەریتانیا تۆمارکراوە کە ٪٨٠ قوربانییەکان ئافرەت بوون، لەنێوان ساڵانی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٣، (١٣٠) حاڵەتی تر تۆمارکرا کە زیاتر لە نیوەی قوربانییەکان پیاو بوون.
یەکەمین هێرشی تێزاب لە باشووری ئاسیا لە وڵاتی بەگلادیش لە ساڵی ١٩٦٧ ڕوویداوە، هەروەها وڵاتی هیندستان لە ساڵی ١٩٨٢ و کامبۆج لە ساڵی ١٩٩٣ ڕوویداوە.
بەگشتی ئەو وڵاتانەی کە ژنان و منداڵان تێیدا دەچەوسێنرێنەوە و گەشەسەندن کەمە تێیاندا زیاتر دەبینرێت.
یەکەمین هێرشی تێزاب لە وڵاتی ئێراندا بەناوی (ئامینە بەهرامی)ـیەووە نووسراوە بەڵام پێش ئەوە لە ساڵی ١٩٥٥ دادگا حوکمی گەنجێکی دابوو و گەنجەکە تێزابی کرد بە دەمووچاوی حاکمدا و بەمشێوەیە ویستی تۆڵەی خۆی بکاتەوە.
هەروەها وڵاتانی وەک، بەنگلادیش، هیندستان، پاکستان، ڤێتنام، ئێران، بەریتانیا، چین، ئەفریقای باشوور، ئەنجامدانی ئەم تاوانە زۆرە تێیاندا، هەروەها لە وڵاتانی عێراق، سعودییەش لە ئەم جۆرە حاڵەتە بوونی هەیە.

هێرشی تێزاب لە عێراق

لە عێراقدا هێرشی تێزاب زۆر کەمە و دیار نییە مێژووی ئەم تاوانە دەگەڕێتەوە بۆ کەی، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢١ـدا حاڵەتێک لە شاری بەغداد تۆمارکرا، کاتێک کوڕێک خوازبێنی دەکات لە کچێک بەناوی مەریەم کە قووتابی کۆلێجی هونەرە جوانەکان بوو، کچەکەش وەڵامەکەی نەرێنی دەبێت و نایەوێت هاوسەرگیری لەگەڵدا بکات، کوڕەکە بۆ تۆڵەکردنەوە دەچێتە ماڵی کچەکە و تێزاب دەکات بە ڕووخساریدا و بەخێراییش هەڵدێت، ئەم ڕووداوە کاریگەری و دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو.

هۆکارەکان

بەگشتی چەند هۆکارێک وادەکەن خەڵکی پەنا ببەنە بەر بەکارهێنانی تێزاب بۆ تۆڵەکردنەوەی خۆیان.

نەمانی پەیوەندی سۆزداری 

ئەم جۆرەیان زیاتر لە ناو گەنجاندا دەبینرێت، کوڕ یاخود کچێک کاتێک خۆشەویستەکەیان لێیان جیادەبێتەوە، یاخود کچێک نەیەوێت ببێتە هاوسەر یان خۆشەویستی کوڕێک، لەم حاڵەتەدا ئەم ڕێگایە وەک تۆڵەسەندنەوەیەک بەکاردەهێنرێت، تێیدا تاوانبارەکە پەنا دەبات بۆ هێرشی تێزاب و ڕووخسار و جەستەی کەسەکە دەشێوێنێت بەو هیوایەی لە داهاتووشدا نەتوانێت بۆ هیچ کەسێکی تر ببێت.

دەستدرێژیکردن

کاتێک پیاوێک دەستدرێژی سێکسی دەکاتە سەر خانمێک، لە بەرانبەردا کەسی قوربانی بۆ تۆڵەسەندنەوە تێزاب دەکات بە کەسی دەستدرێژیکاردا. 

دزیکردن

کەسانێک کاتێک دەیانەوێت دزی بکەن، هەڕەشە دەکەن لە خاوەن ماڵ یاخود خاوەن پارەکە بەوەی کە ئەگەر ڕێگرییان لێ بکات یان ئەوەی دەیانەوێت پێیان نەدات ئەوا تێزابی بەسەردا دەکەن و جەستەی دەشێوێنن.

کێشەی خێزانی

کاتێک لە خێزانێکدا کۆمەڵێک کێشە و لێکتێنەگەشتن ڕوودەدات دەکرێت ئەم تاوانەی بەدوادا بێت، بەتایبەت لە نێوان ژن و مێردەکاندا کە چەندین جار هەبووە پیاوەکە وەک سزادانێک بە تێزاب جەستە و ڕووخساری ژنەکەی شێواندووە.

کینەی کۆن

یەکێکی تر لە هۆکارەکان هەبوونی کینەی کۆنە، کە پاش ماوەیەک دەبێتە هۆی تۆڵەکردنەوە، یەکێک لە تاوانەکان کوڕێکی گەنج ساڵانێک لەمەوبەر لە قوتابخانەدا لەلایەن هاوڕێیەکییەوە سووکایەتی پێکراوە، ئەمەش وەک کینەیەک لە دڵیدا ماوەتەوە و وایکردووە کە تێزاب بکات بە ڕووخساریدا.

بۆچی زۆرینەی قوربانییەکان ئافرەتن؟

هێرشی تێزاب لەو وڵاتانەدا زیاترە کە دواکەوتوون و پەرەسەندنیان زۆر هێواشە، بەگشتی لەم وڵاتانەدا ئافرەت بە کەسی پلە دوو سەیر دەکرێت و ڕێزی لێ ناگیرێت، ئەگەریش هەموو وڵاتەکە بەوشێوەیە نەبن کۆمەڵێک خێزان و کەس هەن کە پێیان وایە ئافرەت ماف و توانای بڕیاردانی نییە و لەدوای پیاوەوە دێت، هەر بۆیە ئەو مافە بەخۆیان دەدەن کاتێک ئافرەتێک کارێکی کرد کە پێچەوانەی خواستەکانی ئەوان بوو دەتوانن سزای بدەن و بەم ڕێگایه کۆنتڕۆڵی بکەن.
هەروەها بەگشتی خانمان جوانییەکی تایبەتیان هەیە و داواکاری زیاتریان لەسەرە بۆ دروستکردنی پەیوەندی، کاتێک ئافرەتێک ئەم داوایە ڕەتدەکاتەوە بەم شێوەیە سزای دەدەن بۆ ئەم مەبەستەش چەند ئامانجێکیان هەیە کە ئەمانەن:

وەستانی ژیان بەبێ مردن

ئامانجی سەرەکی هێرشی تێزاب کووشتنی کەسەکە نییە، بەڵکوو شێواندنی ڕووخسار و جوانی ئافرەتەکەیە کە ئەمەش لە مردن قوورسترە بۆی، بەزۆری ئەمەش لەلایەن کەسی نزیکی خۆیەوە بەرانبەری دەکرێت، وەک هاوسەر یاخود کەسانی خێزانەکەی، کەسی تاوانبار چونکە توانای ئەوەی نییە کۆنتڕۆڵی خانمەکە بکات بۆیە ئەم ڕێگایە بەکاردەهێنێت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی و وەستاندنی.
شێواندنی جوانی و جەستەی ژنەکە سزایەکە چونکە بەگشتی خانمان جوانی و جەستەی خۆیانیان زۆر بەلاوە گرنگترە و مەرگیان پێ باشترە.

ترساندن

ئامانجێکی تر لەم کارە ترساندن و تۆقاندنی ئەو خانمەیە تاکوو بوێریی ئەوەی نەبێت دژی خواستی کەسانی تر قسە بکات و ڕای خۆی هەبێت، بە پێداکردنی تێزاب ئەوەی بۆ دەسەلمێنن کە جارێکی تر هیچ کچێکی ئەو خێزانە یان نزیک ئەو کەسانە بوێریی ئەوەی نییە ئەم هەڵانە دووبارە بکاتەوە.

هێشتنەوەی کەسەکە

لە هەندێک حاڵەتدا کاتێک کەسی نزیکی ئافرەتەکە ناتوانن زاڵ ببن بەسەر داوای ئافرەتەکەدا ئەم کارە ئەنجام دەدەن، کاتێک ئافرەتێک دەیەوێت لەگەڵ کەسێکدا ڕابکات بەهۆی ئەوەی خێزانەکەی نایانەوێت هاوسەرگیری لەگەڵدا بکات، ئەم کارەی بەرانبەر ئەنجام دەدەن و بەمشێوەیە دەیوەستێنن.

نیشانە و زیانە جەستەییەکان

پێست

ئەو شانانەی زۆرترین زیانی بەردەکەوێت، شانەکانی پێستن، چونکە پێست بەشی دەرەوەی جەستەی داپۆشیووە و کاتێک تێزاب دەکرێت بە جەستەدا پێش هەر جێگایەک بەر پێست دەکەوێت، لە زۆرینەی سووتانەکاندا بەتایبەت سووتانی پلە یەک، پێست پارێزگاری دەکات لە چینەکانی ژێرەوەی پێست و ئێسک، لوولەکانی خوێن و هەموو ئەندامەکانی ناوەوە.
بەڵام سووتان بە تێزاب ئەوەندە توندە، کە زۆرینەی حاڵەتەکان سووتانەکە سەرجەم چینەکانی پێست دەبڕێت و تەنانەت تاکوو سەر ئێسکیش دەڕوات، ئەم جۆرە سووتانە ئەوەندە مەترسیدارە هەندێک جار کەسەکە بۆ هەمیشە مووی قژی و برۆ و برژانگی لە دەست دەدات، کۆمەڵێکی تر لە زیانی هەیە کە ئەمانەن:

  • سووتان و شێواندنی جەستە
  • کوێربوونی چاو
  • گۆڕانی شێوەی لووت
  • گرژبوون و چرچبوونی ماسولکەکانی ڕووخسار
  • سووتانی قژ و برۆ و برژانگ
  • شێواندنی گوێ و هۆکارێک بۆ نابیستی.
  • لەدەستدانی لێو و هەبوونی کێشە لە کاتی نانخواردن و قسەکردندا.
  • بەهۆی ئەوەی سووتانەکە زۆر قووڵە دەگاتە سەر ئێسک و دەبێتە هۆی داخورانی ئێسک.

کاریگەرییە لاوەکییەکان

زۆرجار سووتانەکە کاریگەری لاوەکی زۆر بەدوای خۆیدا دەهێنێت، زۆرینەی نەخۆشەکان دەبێت تاکوو کۆتایی ژیانیان بەردەوام برینەکەیان پاک بکەنەوە و تیماری بکەن، یاخود ئەنجامدانی چەندین نەشتەرگەری جوانکاری و وەرگرتنی چارەسەر بە تیشک، تێکچوونی خانەکانی جەستە.
هەروەها زیانگەیشتن بە گورچیلە و سییەکان و دروستکردنی کێشە لە هەناسەداندا، و دروستبوونی هەوکردنی درێژخایەن و ئەگەری مردنیش زیاد دەکات.

زیانە دەروونییەکان

فریاگوزاری سەرەتایی

کاتێک لە جێگەیەکدا کەسێک بە تێزاب هێرشی دەکرێتە سەر دەبێت بەم چەند هەنگاوە یارمەتی بدرێت:

  • پێش هەر کارێک خۆت یان ئەگەر کەسێکت لەگەڵدایە پەیوەندی بە فریاکەوتنەوە بکەن.
  • ئەو شوێنەی کە تێزابەکەی پێدا کراوە بەخێرایی ئاوی پێدا بکە، نابێت ئاوەکە گەرم یاخود زۆر سارد بێت.
  • ئەگەر تێزابەکە بە ڕووخساردا کراوە واباشترە پێش هەر کارێک، ئاو بە چاوی کەسەکەدا بکەیت بەبەردەوامی بۆ ماوەی ٢٠ خولەک.
  • نابێت بەشێوەیەک ئاو بکەیت بە کەسەکەدا کە تێزابەکە بڵاوببێتەوە بۆ بەشە سەلامەتەکانی جەستەشی، هەروەها ئەگەر ڕووخسارییەتی نابێت بەشێوەیەک ئاوی پێدا بکەیت کە ئەگەری خنکانی هەبێت.
  • لەکاتێکدا کە بەردەوام خەریکی شۆردنی ئەو شوێنەی، جل، پێڵاو، ئێکسسوارات، کاتژمێر، هەر شتێکی تر کە بە کەسەکەوەیە دەریبهێنە، بەڵام ئەگەر بەهۆی سووتاویەکەوە جلەکان لکاون بە جەستەیدا نابێت ڕایبکێشیت و زۆری لێ بکەیت ئەمە سووتانەکەی خراپتر دەکات.
  • پەتوو، بەتانی، پارچە پەڕۆ بەکارمەهێنە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سووتانەکە.
  • تاکوو ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن دێت وازمەهێنە لە شۆردنی جەستەی کەسەکە، بەردەوام با ئاوی لەسەربێت.
  • هەرگیز سەهۆڵ، شیر، زەیت، کلێنس، هیچکام لەمانە بەکارمەهێنە وەک چارەسەرێک بۆ سووتانەکەی.
  • دەست مەدە لە برین و شوێنی سووتاوییەکەی.

ڕێگریکردن 

بەم چەند ڕێگایە دەکرێت ڕێگری بکرێت لەم تاوانە:

  • نابێت ئەو ماددانەی کە بەکاردەهێنرێن بۆ ئەم تاوانە ئەوەندە بە ئاسانی بەردەست بێت و خەڵکی بتوانن دەستیان بکەوێت.
  • بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری کۆمەڵگا تاکوو ئەم حاڵەتانە کەمتر ببێتەوە.
  • لە هەر جێیەکدا کە ئەم ڕووداوانەی زۆر تێدا ڕوودەدات، واباشە خانمان کاتێک دەچنە دەرەوە چاویلکەی ڕەش لە چاو بکەن تاکوو ئەگەریش ئەوە ڕوویدا چاویان پارێزراو بێت.
  • نزیک نەبوونەوە لە کەسانی نەناسراو.


سەرچاوەکان



642 بینین