جەنگی دووەمی چیچان

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-06-21-17:47:00 - کۆدی بابەت: 9112
جەنگی دووەمی چیچان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

جەنگی دووەمی چیچان (بە ئینگلیزی: Second Chechen War، بە عەرەبی: الحرب الشيشانية الثانية) شەڕێکی چەکداری بوو لە مانگی ئابی ١٩٩٩ تاوەکوو نیسانی ٢٠٠٩ لە نێوان فیدراسیۆنی ڕووسیا و کۆماری چیچانی ئیچکەریا لەسەر خاکی چیچان و ناوچە سنوورییەکانی باکووری قەوقاز، کە تێیدا چەکدارانی گرووپە جیاوازە ئیسلامییەکان بەشدارییان تێدا کرد.

جەنگ

ئەم ململانێیە کاتێک دەستی پێکرد کە ڕووسیا لە ٢٦ی ئابی ١٩٩٩ شەڕی دژی "کۆماری چیچان"ـی سەربەخۆ ڕاگەیاند وەک وەڵامێک بۆ لەشکرکێشی داغستان لە ٩ی ئابی ١٩٩٩ و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆ لەلایەن لیوای ئیسلامی نێودەوڵەتی کە بنکەکەی لە چیچانە. لە یەکی تشرینی یەکەمدا هێزەکانی ڕووسیا چوونە ناو چیچان و شەڕەکە کۆتایی بە سەربەخۆیی دیفاکتۆی کۆماری چیچانی ئیچکەریا هێنا کە دوای جەنگی یەکەمی چیچان بەدەستیان هێنابوو و بەهۆیەوە ڕووسیا دووبارە چیچانی داگیر کردەوە و بوویەوە بە یەکێک لە کۆمارەکانی ڕووسیای فیدراڵ. لە یەکەم هەڵمەتدا، جیاخوازانی چیچان و هێزەکانی چیچانی لایەنگری ڕووسیا ڕووبەڕووی شەڕێکی ئاشکرا بوونەوە کە بە گرتنی گرۆزنی پایتەختی چیچان لەلایەن ڕووسیاوە کۆتایی هات دوای گەمارۆیەکی زستانە کە لە کۆتایی ساڵی ١٩٩٩ تا شوباتی ٢٠٠٠ بەردەوام بوو. دوای هێرشی سەرتاسەری بۆ سەر چیچان، لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٠٠دا حکوومەتی ڕووسیا هەندێک بەرپرسیارێتی سەربازی گواستەوە بۆ هێزەکانی چیچانی لایەنگری ڕووسیا. قۆناغی سەربازیی ئۆپەراسیۆنەکان لە نیسانی ٢٠٠٢ کۆتایی پێهات و هەماهەنگی ئۆپەراسیۆنە مەیدانییەکان سەرەتا درا بە دەزگای ئاسایشی فیدراڵی و دواتر لە هاوینی ٢٠٠٣دا درا بە وەزارەتی ناوخۆ. تا ساڵی ٢٠٠٩ ڕووسیا بزووتنەوەی جیاخوازی چیچانی بە توندی لەکارخستبوو و شەڕی بەرفراوان وەستا. سوپا و سەربازانی وەزارەتی ناوخۆی ڕووسیا بە فەرمی هەڵمەتەکانیان ڕاگرت. گرۆزنی هەوڵی ئاوەدانکردنەوەی درا و بەشێکی زۆری شارەکە و ناوچەکانی دەوروبەری بە خێرایی ئاوەدانکرانەوە.

بەڵام هێشتا بەرخۆدانی چەکداری چیچان لە سەرانسەری ناوچەی باکووری قەوقاز بەردەوام بوو. هه‌روه‌ها به‌شێك له‌ جیاخوازه‌كانی چیچان هێرشیان دەکردە سەر خەڵکی مەدەنی ڕووسیا. ئەم هێرشانە و پێشێلکارییە بەربڵاوەکانی مافی مرۆڤ لەلایەن هێزەکانی ڕووسیا و جیاخوازەوە، ئیدانەکردنی نێودەوڵەتییان بەدوای خۆیدا هێنا.

لە نیسانی ٢٠٠٩دا ئۆپەراسیۆنی حکوومەت لە چیچان بە فەرمی کۆتایی هات. لەگەڵ کشانەوەی بەشێکی زۆری سوپاکە، بەرپرسیارێتی مامەڵەکردن لەگەڵ یاخیبوونە ئاست نزمەکان کەوتە ئەستۆی هێزی پۆلیسی ناوچەکە.

ژمارەی کوژراوانی ئەو شەڕە بە وردی نازانرێت، بەڵام کۆی گشتی زیانەکانی گیانی مرۆڤەکان بە هەردوو چەکدار و سڤیلەوە بە زیاتر لە ٦٠ هەزار کەس مەزەندە دەکرێت.

پاشخان

چیچان هەرێمێکە لە باکووری قەوقاز کە بەردەوام لە دژی دەسەڵاتی دەرەکی شەڕی دەکرد، لەنێویاندا تورکەکانی عوسمانی لە سەدەی پازدەهەمدا. قۆزاکەکان کە لە ڕووباری ڤۆلگاوە بۆ ڕووباری تێریک نیشتەجێ بوون، لە ساڵی ١٥٧٧دا میوانداریی ڕووسی تێریکیان کرد لە نزماییەکانی چیچان، لە ساڵی ١٧٨٣ ڕووسیا و شانشینی جۆرجیا کارتلی-کاخێتی پەیمانی جۆرجیێڤسکییان واژۆ کرد، کە بەپێی ئەو پەیمانە کارتلی-کاخێتی بوو بە پەیمانی جۆرجیێڤسکی پارێزراوی ڕووسیا. ئیمپراتۆریەتی ڕووسیا دەستی کرد بە بڵاوکردنەوەی دەسەڵاتی خۆی لە ناوچەی قەوقاز بۆ دەستەبەرکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ جۆرجیا و ناوچەکانی تری قەوقاز، شەڕی قەوقاز لە ساڵی ١٨١٧ دەستی پێکرد، سەرەتا هێزەکانی ڕووسیا لە ساڵی ١٨٣٠ دزەیان کردە ناو بەرزاییەکانی چیچان و ململانێ لە ناوچەکەدا تا ساڵی ١٨٥٩ بەردەوام بوو، تا ئەوەی بە سەرۆکایەتی ژەنەڕاڵ باریاتینسکی ٢٥٠ هەزار سەرباز لەناو بران، هەروەها ڕاپەڕینی بەردەوام لە قەوقاز لە کاتی جەنگی ڕووسیا و تورکیا لە ماوەی ١٨٧٧-١٨٧٨ ڕوویدا.

دوای شۆڕشی ڕووسیای ساڵی ١٩١٧ چیچان ئیمامەتی قەوقازی تەمەن کورتی دامەزراند كە بەشێك لە چیچان و داغستان و ئینگوشێتی لەخۆگرتبوو؛ هەروەها کۆمارێکی تر بەناوی کۆماری باکووری قەوقازی عەلمانی شاخاوی هەبوو. هەردوو لایەنی شەڕی ناوخۆی ڕووسیا دژی دەوڵەتانی چیچان بوون و هێزەکانی بەلشەڤی تا ساڵی ١٩٢٢ زۆربەی بەرخۆدانەکانیان لەناوبرد. دواتر چەند مانگێک پێش دروستکردنی یەکێتیی سۆڤیەت، ئۆبلاستی خۆبەڕێوبەری چیچانی سەر بە کۆماری ڕووسیای یەکگرتووی سۆسیالیستی سۆڤیەتی دامەزرا. چیچان و ئینگوشێتیای دراوسێی لە ساڵی ١٩٣٦دا کۆماری سۆسیالیستی سۆڤیەتی خۆبەڕێوبەری چیچان-ئینگوشیان پێکهێنا. ساڵی ١٩٤١ له‌ كاتی جه‌نگی دووه‌می جیهانیدا، یاخیبوونێكی چیچان به‌ سه‌رۆكایه‌تی خه‌سان ئیسرائیلۆڤ سه‌ری هه‌ڵدا. جۆزێف ستالین چیچانی بە هاوکاریکردنی هێزەکانی نازی تۆمەتبار کرد.

لە شوباتی ١٩٤٤دا ستالین هەموو چیچان و ئینگوشی بەرەو کۆماری سۆسیالیستی سۆڤیەتی کازاخستان و قرقیزستان ڕەوانە کرد و گواستەوە. نزیکەی چارەکێک لەو کەسانەی بەزۆر کۆچیان پێ کرا لەکاتی گواستنەوەکەدا مردن. لە ساڵی ١٩٥٧ و دوای مردنی ستالین، نیکیتا خرۆشۆڤ ڕێگەی بە گەڕانەوەی چیچانییەکان دا و لە ساڵی ١٩٥٨ کۆماری چیچان نۆژەنکرایەوە، دوای ئەوە دەسەڵاتی حکوومەتی سۆڤیەت وردە وردە دابەزی.

جەنگی یەکەمی چیچان

شەڕێک بوو لە نێوان ڕووسیا و چیچان لە ساڵی ١٩٩٤ بۆ ١٩٩٦، دەرئەنجامەکەی سەربەخۆبوونی چیچان بوو لە ڕووسیا وەک کۆماری چیچان. لە دوای هێرشە سەرەتاییەکانی ١٩٩٤-١٩٩٥، وێرانکارییەکانی جەنگی گرۆزنی گەشتە لوتکە، هێزە فیدڕاڵیە ڕووسییەکان هەوڵیاندا ناوچە شاخاوییەکانی چیچان کۆنتڕۆڵ بکەن، بەڵام لەلایەن گەریلا چیچانییەکان وەستێنران، بۆیە هێرشیان لە ناوچە تەختاییەکان دەستپێکرد دژی توانای بەرهەڵستی مرۆیی، چەک، و پشتیوانییە ئاسمانییەکانی ڕووسیا. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی جەنگەکە پشتگوێخستنی ژیانی مرۆڤە مەدەنییەكان بوو، بەشێوەیەک لە ئەنجامدا هەزارەها مەدەنی بوونە قوربانی. داتا جیاوازەکان ئەوە پیشاندەدەن کە ژمارەی ئەو مەدەنییانەی گیانیان لەدەستداوە لە نێوان ٥٠ بۆ ١٠٠ هەزار کەس دەبێت و زیاتر لە ٢٠٠ هەزار برینداربوون. زیاتر لە ٥٠٠ هەزار کەس ڕاگوێزران بەهۆی بەریەککەوتنەکان وەک چۆن هەزارەها شار و گوند چۆڵکران بە درێژایی سنوری داگیرکارییەکان.

دوای جەنگی یەکەم

دوای جەنگی یەکەم کۆنترۆڵی حکومەت لەسەر کۆمارە نوێیە شپرزەکە لاواز بوو، بە تایبەت لە دەرەوەی پایتەختی وێرانکراوی گرۆزنی. ئەو ناوچانەی لە ژێر کۆنترۆڵی گروپە جیاخوازەکاندا بوون گەورەتر بوون و وڵاتەکە تا دەهات بێ یاساتر دەبوو. ترسناکییەکانی جەنگ و نەبوونی دەرفەتی ئابووری، ژمارەیەکی زۆر لە شەڕڤانانی پێشووی جیاخوازی دڕندانە و پڕچەکداری بێکار کرد، لەگەڵیشیدا توندوتیژی زیاتر کرد. سەرۆک جەنگە ڕادیکاڵەکانی وەک عەرەبی بارایێڤ و سەلمان ڕادویڤ دژی دەسەڵاتی حکوومەت لە گرۆزنی وەستانەوە. ڕفاندن و هەڵکوتانە سەر جەنگاوەرانی جۆراوجۆری چیچان لە ناوچەکانی تری باکووری قەوقاز بە شێوەیەکی بەردەوام لە زیادبووندا بوو. لە ماوەی سێ ساڵی سەربەخۆیی ئەو نەتەوە تازەپێگەیشتووە پڕ لە پشێوییەدا زیاتر لە ٢٠٠ ملیۆن دۆلار و ١,٣٠٠ کەس ڕفێندران.

لە ساڵی ١٩٩٨ کۆمەڵێک لە چوار بارمتەی ڕۆژاوایی کوژران. دەسەڵاتدارانی شاری گرۆزنی لە ساڵی ١٩٩٨ باری نائاساییان ڕاگەیاند، گرژییەکان بوونە هۆی پێکدادانی ئاشکرا وەک ڕووبەڕووبوونەوەی تەممووزی ١٩٩٨ لە گودێرمێس کە تێیدا ٥٠ کەس لە ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان هێزەکانی پاسەوانی نیشتمانی چیچان و میلیشیا ئیسلامییەکان کوژران.

پەیوەندییەکانی ڕووسیا و چیچان ١٩٩٦-١٩٩٩

گرژییە سیاسییەکان بەشێکیان بەهۆی چالاکییە تیرۆریستی و تاوانکارییە گوماناوییەکانی چیچان یان لایەنگری چیچان لە ڕووسیا و هەروەها پێکدادانی سنوورەکانەوە زیاتر دەبوون. لە ١٦ـی تشرینی دووەمی ١٩٩٦ لە شاری کاسپیسک لە داغستان بۆمبێک باڵەخانەیەکی خاپوور کرد کە پاسەوانانی سنووری ڕووسیای لەخۆی گرتبوو و بەهۆیەوە ٦٨ کەس کوژران. هیچ کاتێک هۆکاری تەقینەوەکە دیاری نەکرا، بەڵام زۆرێک لە ڕووسیا جیابوونەوەخوازانی چیچانیان تاوانبار کرد. لە ٢٣ـی نیسانی ١٩٩٧، بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێک لە وێستگەی شەمەندەفەری ڕووسیا لە ئارماڤیر (کراسنۆدار کرای) سێ کەس گیانیان لەدەستدا، هەروەها لە ٢٨ی ئایاری ١٩٩٧ بۆمبێکی تر لە وێستگەی شەمەندەفەری ڕووسیا لە شاری پیاتیگۆرسکی (ستاڤرۆپۆل کرای) تەقییەوە، دوو کەس گیانیان لەدەستدا. لە ٢٢ی كانوونی دووەمی ١٩٩٧ هێزەكانی داغستان و سەیفولئیسلام خەتابی سەركردەی جەنگ كە بنكەكەیان لە چیچان بوو، هەڵیانكوتایە سەر بنكەی لیوای ١٣٦ـی تفەنگی خۆکاری سوپای ڕووسیا لە شاری بویناكسكی پایتەختی داغستان و زیانێكی زۆریان لە پیاو و كەرەستەكان گەیاند.

هەڵبژاردنی ساڵی ١٩٩٧ ئەسلان مەسخادۆڤی سەرۆکی جیاخوازی گەیاندە دەسەڵات. له‌ ساڵانی ١٩٩٨ و ١٩٩٩ سه‌رۆك ئه‌سلان مه‌سخادۆڤ له‌ چه‌ندین هه‌وڵی تیرۆر ڕزگاری بوو، كه‌ هەوڵەکان درانە ئەستۆی ده‌زگای ئاسایشی فیدراڵی ڕووسیا. لە مانگی ئازاری ساڵی ١٩٩٩ جەنەڕاڵ جینادی شپیگون نوێنەری کرێملین بۆ چیچان لە فڕۆکەخانەی گرۆزنی ڕفێندرا و دواجار لە ساڵی ٢٠٠٠ لە کاتی جەنگدا بە کوژراوی دۆزرایەوە.

لە کۆتایی مانگی ئایاری ساڵی ١٩٩٩دا ڕووسیا ڕایگەیاند لە هەوڵێکدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێرش و چالاکییە تاوانکارییەکان، سنووری ڕووسیا و چیچان دادەخات؛ فەرمانیش بە پاسەوانانی سنوور دراوە دەستبەجێ تەقە لە کەسانی گومانلێکراو بکەن. لە ١٨ـی حوزەیرانی ١٩٩٩ لە ئەنجامی هێرشی بنکەکانی پاسەوانی سنووری ڕووسیا لە داغستان ٧ سەربازی ڕووسی کوژران. لە ٢٩ی تەممووزی ١٩٩٩ هێزەکانی وەزارەتی ناوخۆی ڕووسیا بنکەیەکی سنووری چیچانیان تێکشکاند و بەشێکی ٨٠٠ مەتری ئەو ڕێگا ستراتیجییەیان گرت. لە ٢٢ی ئابی ١٩٩٩دا ١٠ پۆلیسی ڕووسی بەهۆی تەقینەوەی مینێکی دژە تانک لە باکووری ئۆسێتیا کوژران و لە ٩ی ئابی ١٩٩٩دا لە ڤلادیکاڤکازی پایتەختی ئۆسێتیای ٦ سەرباز ڕفێنران.

جەنگی داغستان و هەموو ئەمانەش بوونە هۆی دروستبوونی جەنگی دووەمی چیچان و لەناوبردنی بزووتنەوە جیاخوازەکانی ناوچەکە.


سەرچاوەکان



485 بینین