نەخۆشیی پشیلە 

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2022-06-21-19:25:00 - کۆدی بابەت: 9116
نەخۆشیی پشیلە 

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا 

نەخۆشی پشیلە (بە ئینگلیزی: Toxoplasmosis), نەخۆشییەکە تووشی ئەندامەکانی وەک ڕیخۆڵە، میزەڵدان و گورچیلەی مرۆڤ دەبێت. لەڕێگەی پشیلەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە. هۆکاری ئەم نەخۆشییە یەکێکە لە مشەخۆرە باوەکانی جیهان به ناوی تۆکسۆپلازما گۆندی (toxoplasma gondiiئەم مشەخۆرە توانای گواستنەوەی بۆ مرۆڤ هەیە، کۆئەندامی هەرسی پشیلە و چەند ئاژەڵێکی وەک ئاسک، بەرخ و بەراز تووشی نەخۆشی دەکات. ئەم مشەخۆرە بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٠٨ زایینی دۆزرایەوە و ساڵێک دواتر ناونرا، گرنگی ئەم مشەخۆرە لە ڕووی پزیشکییەوە تا ساڵی ١٩٣٩ بە نادیاری مایەوە. 

چۆنیەتی بڵاوبوونەوەی ئەم مشەخۆرە 

سەرەتا ئەم مشەخۆرە هێلکەکەی دەخاتە ناو ژینگەوە و دواتر لەڕێگەی ئاو یان خاکەوە بۆ پشیلە دەگوازرێتەوە، لەڕێگەی پیسایی پشیلەیشەوە یان بۆ ئاژەڵەکانی تری وەک مەڕ و مانگا یان ڕاستەوخۆ بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە. هەروەها خواردنی گۆشتی نەکوڵاوی ئەو ئاژەڵانەی هەڵگری مشەخۆرەکەن دەبێتە هۆی گواستنەوەی نەخۆشییەکە بۆ مرۆڤ، بەڵام خواردنی کوڵاو دەبێتە هۆی لەناوبردنی ئەم مشەخۆرە لەبەر ئەوە پێویستە خواردنەکان بەتایبەتی گۆشت بەباشی بکوڵێنرێت. 
پێویستە زۆر ئاگاداری خواردنی سەوزەواتەکان بن، لەبەرئەوەی دەکرێت سەوزەکان بە پیسایی ئەو پشیلانەی هەڵگری مشەخۆرەکەن پیس بووبن بەم جۆرەش لەکاتی خواردنی سەوزەکان مشەخۆرەکه بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە و دەبێتە هۆی نەخۆشی. لەڕێگەی وێڵاشەوە لە دایکی دووگیان بۆ منداڵ دەگوازرێتەوە، لەوانەیە لەڕێگەی گواستنەوەی خوێن یاخود چاندنی ئەندامەکان بگوازرێتەوە.  

نیشانەکان

ئەم نەخۆشییە لە زۆر کەسدا نیشانەکانی مامناوەندن، یاخود هیچ نیشانەیەکی دەرناکەوێت و کەسەکە نازانێت تووشبووی نەخۆشییەکەیە. بەڵام لە ئافرەتانی دووگیان و ئەو کەسانەی کە سیستمی بەرگرییان لاوازە ئەم نیشانانە دەردەکەون: 

  • ئازاری جەستە 
  • ئاوسانی لیمفە گرێیەکان 
  • سەرئێشە 
  • تا 
  • هەستکردن بە ماندوویەتی 

ئافرەتانی دووگیان پێویستە خۆیان لە بەرکەوتنیان بە پیسایی پشیلە بپارێزن. لە کاتی گواستنەوەی ئەم نەخۆشییە لە دایکەوە بۆ منداڵ دەکرێت ببێتە هۆی لەبارچوونی کۆرپەلەکە ئەگەریش ئەمە ڕوونەدات ئەوا لەدوای لەدایکبوون کێشەی وەک بینین، بیستن و گەشەکردن بۆ منداڵەکە دروست دەکات هەندێک کات دەتوانێت کێشە بۆ جگەر و مۆخی ئێسکی منداڵەکە دروست بکات.  
لەو کەسانەی کە سیستمی بەرگرییان لاوازە ئەم کێشانەش دروست دەکات:

  • هەوکردنی مێشک
  • سەرئێشە
  • گەشکە
  • سەرلێشێوان
  • بورانەوە
  • لەهۆشخۆچوون.
  • دەبێتە هۆی هەوکردنی سییەکان کە کۆکە و تا و هەناسەکورتی دروست دەکات.
  • هەوکردنی چاو کە هۆکاری تەڵخ بینین و ئازاری چاوە. 

دەستنیشانکردن

لەڕێگەی پشکنینی خوێن و گەڕان بەدوای دژەتەنی مشەخۆرەکە لە خوێنی نەخۆشەکە دەتوانرێت ئەم نەخۆشییە دیاری بکرێت. هەروەها لە پشکنینی میزیشدا لەڕێگەی گەڕان  بەدوای دژەپەیداکەر توانراوە نەخۆشییەکە لە چەند نەخۆشێکدا دیاری بکرێت. لە ژنانی دووگیاندا لەڕێگەی پشکنینی شلەیەک کە لە دەوری منداڵدا هەیە (amniotic fluid) دیاری دەکرێت کە ئایا نەخۆشییەکە بۆ کۆرپەلەکەی گواستراوەتەوە یاخود نەگواستراوەتەوە.  

خۆپاراستن

  • لە خواردنەوەی ئاوی پیس خۆت بە دوور بگرە. 
  • لەکاتی کارکردن لە باخچە و بەرکەوتن بە لم و خۆڵ دەستکێش بەکاربهێنە. 
  • دوای کارکردن لە باخچە  و بەرکەوتن بە خاک یان لم دەستەکانت بە ئاو و سابوون بشۆ.
  • پێویستە منداڵەکان ئاگاداربکرێنەوە کە بۆ ڕێگریکرتن لەم نەخۆشییە شۆردنی دەستەکانیان دوای بەرکەوتنیان لەگەڵ پشیلە زۆر گرنگە. 

ئەو پشیلانەی لە ماڵەوە بەخێودەکرێن باشترە شوێنی مانەوەیان لە دەرەوەی ماڵدا بێت و ڕۆژانەش شوێنەکەیان پاک بکرێتەوە، چونکە مشەخۆری تۆکسۆپلازما گۆندی تا ٥ ڕۆژ لە بڵاوبوونەوەی لەڕێگەی پیسایی پشیلەوە نابێتە هۆی نەخۆشی. 

چارەسەر 

پزیشکەکان بەپێی حاڵەتەکە و کەم و زۆری نیشانەکان چارەسەری نەخۆشیی پشیلە دەکەن، هەروەها دەرمانی دژە مەلاریا وەک چارەسەر بەکار دەهێنن.   
ئەو کەسانەی کە سیستمی  بەرگرییان لاوازە و ئافرەتانی دووگیان پێویستە تاکوو چارەسەر دەکرێن لە نەخۆشخانە بمێننەوە. 


سەرچاوەکان



3027 بینین