ماسیی جەلی

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-07-15-21:16:00 - کۆدی بابەت: 9415
ماسیی جەلی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ماسی جەلی (بە ئینگلیزی: Jellyfish)، گیانەوەرێکی کۆمەڵەی بێ بڕبڕەکانە و نشینگەکەی دەکەوێتە زەریاکانەوە، جێگەی ژیانکردنیشی هەردوو ئاوی گەرم و سارد دەگرێتەوە لە قووڵایی زەریاکاندا بێت یاخود لە نزیک ڕووی ئاوەکە، شێوازی ژیانکردنی تاکەکان پێکەوەیە و کۆمەڵەی تایبەت بە خۆیان دروستدەکەن، زاناکان باوەڕیان وایە کە ئەم بوونەوەرە لە سەردەمەکانی پێش مێژووەوە بوونیان هەیە و ملیۆنان ساڵ بەر لە ئێستا ژیاون، واتە تەنانەت لە پێش داینەسۆرەکانیشەوە بوونیان هەبووە، ماسی جەلی لە کاتژمێرێکدا دەتوانێت زیاتر لە هەشت کیلۆمەتر ببڕێت، ژمارەی تاکەکانی زۆر کەم نییە بەڵام پیسبوونی ئاو هۆکاری سەرەکی مردنیانە، بۆ نموونە ڕژاندنی نەوت بە هەر ڕووداوێک بێت یاخود ڕژاندنی ماددەی کیمیایی بۆ نشینگە ئاوییەکەیان کە دواتر لەلایەن جەستەی ماسی جەلییەکەوە هەڵدەمژرێت، هەڵمژینی ئەو ماددانە نابێتە هۆی مردنی ڕاستەوخۆ بەڵکوو ڕێگری دەکات لە زۆربوونیان و دوای چەند مانگێکیش دەبێتە هۆی مردنیان، ئەم بوونەوەرانە زیاد لە ١٢ جۆریان شیاوی خواردنن و خەڵکی بە خواردنێکی بەتام ناوی دەبەن کە سەرچاوەیەکی باشی پرۆتین و ترشە چەورییەکانە.  

شێوەی دەرەوەی

جیاکەرەوەترین تایبەتمەندی ماسییە جەلییەکان ئەو قۆچە هەستیارانەیە کە لە جەستەیانەوە درێژ دەبنەوە، دەبنە هۆی هاوکاریکردنی ماسی جەلی لە پێوەدان و گەستن، هەندێکیشیان دەتوانن ڕووناکییەکەی جەستەیان دروستبکەن، تەواوی جەستەی ئەم بوونەوەرە شێوازێکی نەرم و سافی هەیە کە بە چەندین ڕەنگ ڕازاوەتەوە وەک زەرد، سوور، شین، سپی، سەوز، پرتەقاڵی، مۆر و پەمەیی، هەندێکیشیان هیچ ڕەنگێکیان نییە و وەک شووشەیەکی ڕوون دەردەکەون، قەبارەیەکی گەورەی نییە و بەگوێرەی جۆرەکانی دەگۆڕێت، کێشی جەستەی لە نێوان ٢٠-٤٠٠ گرام دەبێت و درێژییەکەشی لە نێوان ١-٤٠ سانتیمەتر دەبێت لەکاتێکدا درێژی هەندێکیان دەگاتە زیاتر لە دوو مەتر، ماسیی جەلی هیچ ئێسک یاخود دڵ و زۆرینەی ئەندامە ناوەکییەکانی نییە و بەشێکی زۆری جەستەی لە ئاو پێکهاتووە، هەروەها ئەم بوونەوەرە مێشکی نییە لەبری ئەوە تەواوی جەستەی پێکهاتووە لە کۆئەندامێکی دەمار کە هەستکردن و کاردانەوەکان ئەنجام دەدات، بۆ نموونە خانە دەمارییەکان فرمان دەدەن بە ماسولکەکان کە پێویستە لە چ کاتێکدا کرژببن و خاوببنەوە، جووڵەی کرژبوونەکەش دەبێتە هۆی مەلەکردنی بوونەوەرەکە.

خۆراک

ماسی جەلی لە کاتی پۆلێنکردندا گیانەوەرێکی گۆشتخۆرە بەڵام دەتوانێت ڕووەکە دەریاییەکانیش بخوات، ژەمە خۆراکی سەرەکی بریتییە لە ماسی بچووک و هێلکەی ماسی لەگەڵ کرمۆکە و بوونەوەرە ئاوییە بچووکەکان، بەڵام خۆشیان دەبن بە نێچیر و ژەمە خۆراکی گیانەوەرە ئاوی و وشکانیەکانی تر، گەورەترین مەترسییەکانیش بریتین لە قرشە گەورەکان لەگەڵ ماسی توونە و هەڵاڵەی دەریاکان یاخود کیسەڵی ئاوی و پەنگوینەکانیش دەتوانن ڕاویان بکەن، کاتێکیش ماسی جەلی لە سەر ڕووی ئاو یاخود لە کەنارەکان نزیک دەبێتەوە دەکرێت لەلایەن باڵندە و ڕێوییەکانەوە ڕاوبکرێت، سەرەڕای ئەوەی ماسی جەلی خۆی بە سروشتی هێمنە و شەڕانگێز نییە، بەڵام کاتێک بێزار دەکرێت یاخود هەست بە مەترسی دەکات ئەوا توانای پێوەدانی هەیە بۆ خۆپاراستن، مەبەست لە پێوەدانەکە تەنها وەستاندنی جووڵەی نێچیر یاخود ڕاوچییەکەیەتی و بکوژ نییە، بەڵام پێوەدانی ماسی جەلی خێزانێکی دیاریکراو ژەهراوییە و دەبێتە هۆی دروستکردنی ئازار هەندێک لە جۆرەکانیش بە ڕادەیەک ژەهراوین کە دەتوانن ببنە هۆی کوشتن.  

زۆربوون

شێوازی زۆربوونی ماسی جەلی بە هەردوو جۆری توخمانە و ناتوخمانە ڕوودەدات، کە بەگوێرەی جۆرەکانی بوونەوەرەکە دەگۆڕێت بەڵام لە هەردوو دۆخەکەدا دوای ئەوەی هێلکە دەپیتێنرێت و دەبێتە تۆپەڵە خانەیەک لە قوڵایی زەریاکاندا دەنیشێت، لە هەر جارێکدا مێینەکان نزیکەی ١٠٠ هێلکە دادەنێن و بێچووەکانیش لە ماوەی یەک ڕۆژدا هەڵدێن، ماوەی ژیانکردنی هەر ماسییەکی جەلی کاتێکی کەم دەخایەنێت و لە نێوان ٣-٦ مانگ دەبێت، هەندێکی تریشیان دەتوانن بۆ ماوەی ٢-٣ ساڵ بژین، بەڵام ماسی جەلی نەمر کە یەکێکە لە جۆرەکانی هیچ کاتێک نامرێت، بەڵکوو لە قوڵایی زەریاکاندا دەنیشێت و لە بۆماوە ماددەی جەستەیەوە ماسییەکی جەلی هاوشێوەی خۆی دروستدەکاتەوە، ئەم ماسییە جەلییە نوێیەی کە دروستبووە لە ڕووی تەکنیکییەوە ماسییە جەلییە بنەڕەتییەکەیە و نەمردووە تەنها لەبەرگیراوەکەی دروستکردووە.

جۆرە سەرەکییەکان

هەزارەها جۆری جیاواز لە ماسی جەلی بوونی هەیە و نزیکەی ٧٠ جۆریان پێوەدانەکەیان بەڕادەیەک ژەهراوییە کەدەبێتە هۆی کوشتن، لە کاتێکدا جۆری تریان هەیە کە توانای پێوەدانیان نییە و مرۆڤەکان وەک ئاژەڵی ماڵی ڕاگیریان دەکەن، بەهۆی زۆری جۆرەکانەوە زاناکان لە خێزانی جیاوازدا پۆلێنیان دەکەن و جیایان دەکەنەوە، نموونەی هەندێک لە جۆرە بەناوبانگەکانیش ئەمانەن:

  • ماسی جەلی مانگ
  • خێزانی ماسی جەلی سندوقی ( وەک: ماسی جەلی سندوقی ئوستوڕالی)
  • ماسی جەلی نەمر


سەرچاوەکان



862 بینین