پارتی کۆماریی ئەمریکی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-07-23-16:19:00 - کۆدی بابەت: 9506
پارتی کۆماریی ئەمریکی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پارتی کۆماری یان حیزبی کۆماری (بە ئینگلیزی: Republican Party، بە عەرەبی: الحزب الجمهوري) کە پێشتر بە پارتی کۆنی مەزن (بە ئینگلیزی: Grand Old Party، بە عەرەبی: الحزب القديم العظيم) ناودەبرا. یەکێکە لە دوو پارتە سیاسییە گەورەکەی ئەمریکا هاوشانی ڕکابەرە سەرەکییەکەی کە حیزبی دیموکراتە. 

پارتی کۆماری لە ساڵی ١٨٥٤ لەلایەن نەیارانی یاسای کانزاس-نێبراسکا دامەزراوە، کە ڕێگەی بە بڵاوبوونەوەی کۆیلایەتی لە هەندێک لە خاکەکانی ئەمریکادا دا. ئەو حیزبە پاڵپشتی لیبرالیزمی کلاسیک و چاکسازیی ئابووری دەکرد و دژی بڵاوبوونەوەی کۆیلایەتی بوو لە وڵاتدا. ئەبراهام لینکۆڵن یەکەم سەرۆکی کۆمارییەکان بوو لە ئەمریکا. لە ساڵی ١٨٦٥ بە سەرکردایەتی لینکۆڵن و کۆنگرەی کۆمارییەکان کۆیلایەتی لە ئەمریکا قەدەغە کرا. حیزب بەگشتی لە سەردەمی سیستمی حیزبی سێیەم و سیستەمی حیزبی چوارەمدا باڵادەست بوو.

لەدوای ساڵی ١٩١٢، ئایدیۆلۆژیای حیزب بۆ حیزبێکی ڕاستڕۆ گۆڕا. دوای دەرچوونی یاسای مافی مەدەنی ساڵی ١٩٦٤ و یاسای مافی دەنگدان لە ساڵی ١٩٦٥، ناوەکی بنەڕەتیی حیزبەکە گۆڕا و ویلایەتەکانی باشوور لە سیاسەتی سەرۆکایەتیدا زیاتر متمانەیان بەخۆیان بۆ دروستبوو. لە سەدەی ٢١ ئەو کەسانەی زۆرترین پشتیوانی حیزبەکەن، بریتیین لە کەسانی ناوچە گوندنشینەکان، پیاوان، نەوەی بێدەنگ، ئەمریکییە سپی پێستەکان و مەسیحییە ئینجیلیەکان.

ئایدیۆلۆژیای پارتی کۆماری لە سەدەی ٢١دا رێبازی کۆنەپەرستی ئەمریکی گرتە بەر، کە سیاسەتی ئابووری کۆنەپەرستانە لەگەڵ بەها کۆمەڵایەتییە کۆنەپەرستەکان تێکەڵ دەکات. پارتی کۆماری پشتیوانی لە کەمکردنەوەی باج، سەرمایەداریی بازاڕی ئازاد، سنووردارکردنی کۆچبەران، زیادکردنی خەرجیی سەربازی بۆ هێزە چەکدارەکان، مافی چەک بۆ ئەمریکییەکان، سنووردارکردنی لەباربردنی منداڵ و کەمکردنەوەی سەندیکای کرێکاران، هەروەها هەڵوەشاندنەوەی فەرمانە سنووردارەکانی حکومەت دەکات. دوای بڕیاری دادگای باڵا لە ساڵی ١٩٧٣ لە دۆسیەی ڕۆ دژی وەید، پارتی کۆماری لە پلاتفۆرمی سیاسیی ڕاگەیەندراوەکەیدا دژی لەباربردنی منداڵ وەستایەوە و لەنێو ئینجیلیەکاندا ناوبانگەکەی زیاتر کرد. پارتی کۆماری لە سەردەمی سەرەتای دامەزراندنیدا بە پارێزگاری و باجەوە پابەند بوو، بەڵام لە سەدەی بیستەمدا زیاتر پاڵپشتی بازرگانی ئازاد بوو.

ئەمریکا تا ئێستا لە مێژووی خۆیدا ١٩ سەرۆکی کۆماری هەبووە (دواینیان دۆناڵد ترەمپ بوو)، بەمەش پارتی کۆمارییەکان زۆرترین هەڵبژێردراون بۆ پۆستی سەرۆکایەتی. لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢١ـەوە، پارتی کۆماری خاوەنی کەمینەیەکی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکایە، لەگەڵ کەمینەیەک لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، و زۆرینەی پارێزگارانی ویلایەتەکان، هەروەها زۆرینە بە ٣٠ ئەندام لە ئەنجوومەنی یاسادانانی ویلایەتەکان، هەروەها ٢٣ ئەندام لە ویلایەتی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی تریفێکتا. لە کۆی نۆ دادوەری ئەمریکا، شەشیان لەلایەن سەرۆکە کۆمارییەکانەوە کاندید کراون.

مێژوو

پارتی کۆماریخواز لە ساڵی ١٨٥٤ لە ویلایەتەکانی باکوور لەلایەن هێزەکانی دژبەری فراوانبوونی کۆیلایەتی و پارتی راستڕەوی پێشوو و پارتی زەوی ئازادەوە دامەزرا. زۆری نەخایاند پارتی کۆماری بوو بە ئۆپۆزسیۆنی سەرەکیی پارتی دیموکراتی باڵادەست و پارتی ئەگنۆستیک کە بۆ ماوەیەکی کورت جەماوەری هەبوو. بەهۆی دژایەتیکردنی یاسای کانزاس-نێبراسکا، کە بڕیاری سازانی میزۆری هەڵوەشاندەوە و کانزاس و نێبراسکای بەڕووی بازرگانی بە کۆیلەوە و وەرگرتنی دەوڵەتانی کۆیلە لە داهاتوودا کردەوە، پارتەکە بووە خاوەنی بڕێکی زۆر شوێنکەوتوو.

کۆمارییەکان داوای مۆدێرنیزاسیۆنی ئابووری و کۆمەڵایەتییان کرد. بڵاوبوونەوەی کۆیلایەتییان بە خراپەیەکی گەورە ناوبرد، بەڵام بانگەشەیان بۆ کۆتاییهێنان بەو کۆیلایەتی نەدەکرد لە ویلایەتەکانی باشوور. یەکەم کۆبوونەوەی گشتیی بزووتنەوەی دژە نێبراسکا لە ٢٠ی ئازاری ١٨٥٤ لە شاری ریپۆن لە ویلایەتی ویسکۆنسێن بەڕێوەچوو، کە تێیدا ناوی پارتەکە پێشنیارکرا. ناوەکە لە بەشێکدا بۆ ڕێزلێنان لە پارتی کۆماری سەرۆک تۆماس جێفرسۆن هەڵبژێردرا. یەکەم کۆنفرانسی فەرمی حیزبەکەش لە ٦ی تەممووزی ١٨٥٤ لە شاری جاکسۆن لە ویلایەتی میشیگان بەڕێوەچوو.

لە کۆنفرانسی نیشتمانیی کۆمارییەکان لە ساڵی ١٨٥٦دا، پارتەکە پلاتفۆرمێکی نیشتمانی پەسەند کرد کە جەختی لەسەر دژایەتیکردنی فراوانکردنی کۆیلایەتی لە ئەمریکا دەکردەوە. لە کاتێکدا جۆن چارڵز فرێمۆنت کاندیدی کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە ساڵی ١٨٥٦ بە جەیمس بوکانان ڕکابەری دیموکراتەکان دۆڕا، بەڵام لە کۆی ١٦ ویلایەتی باکوور ١١ ویلایەتی بردەوە.

سیاسەتی ئابووری

کۆمارییەکان پێیان وایە بازاڕی ئازاد و دەستکەوتی تاک هۆکاری سەرەکیی پشت ئاوەدانیی ئابوورین. کۆمارییەکان لە سەردەمی ئیدارەکانی دیموکراتەکاندا هەمیشە بانگەشەیان بۆ کۆنەپەرستیی دارایی کردووە؛ ئەوان ئامادەن قەرزی فیدراڵی زیاد بکەن کاتێک بەرپرسیارێتی حکوومەت وەردەگرن، (وەک جێبەجێکردنی کەمکردنەوەی باجی بووش، بەشی دی لە مێدیکەر و یاسای کەمکردنەوەی باج و هەلی کار لە ساڵی ٢٠١٧).

ئیدارە کۆمارییەکان لە کۆتایی شەستەکانی سەدەی ڕابردووەوە بەردەوام بوون لە پاراستن و زیادکردنی ئاستی خەرجییەکانی حکوومەت، سەرەڕای ئەوەی بەڵێنیان دەدا خەرجییەکان کەم بکەنەوە. کۆمارییەکانی هاوچەرخ بەرگری لە تیۆری ئابووریی لایەنی خستنەڕوو (Supply side economics) دەکەن کە دەڵێت کەمبوونەوەی ڕێژەی باج گەشەی ئابووری زیاد دەکات. زۆرێک لە کۆمارییەکان دژی بەرزکردنەوەی ڕێژەی باجن بۆ ئەوانەی زۆرترین داهاتیان هەیە، کە پێیان وایە بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە ئەو کەسانە دەکاتە ئامانج کە هەلی کار و سامان دروست دەکەن. هەروەها پێیان وایە خەرجی تایبەت کارامەترە لە خەرجییەکانی حکوومەت. پەرلەمانتارانی کۆمارییەکان هەوڵیانداوە پارەی باج و وەرگرتنی باج سنووردار بکەن و لەسەر ئاستی نیشتمانی و ویلایەتەکان مەیلیان هەیە سیاسەتی کەمکردنەوەی باج و رێکخستنەوە پەیڕەو بکەن.

کۆمارییەکان پێیان وایە کە پێویستە تاکەکان بەرپرسیارێتی بارودۆخی خۆیان لە ئەستۆ بگرن. هەروەها پێیان وایە کەرتی تایبەت کاریگەرترە لە یارمەتیدانی هەژاران لە ڕێگەی کاری خێرخوازیەوە لەوەی کە حکوومەت لە ڕێگەی بەرنامەکانی چاودێری کۆمەڵایەتییەوە دابینی دەکات؛ کە بەرنامەکانی هاوکاری کۆمەڵایەتی زۆرجار دەبێتە هۆی پشتبەستن بە حکوومەت.

کۆمارییەکان پێیان وایە کە کۆمپانیاکان دەبێت بتوانن شێوازی دامەزراندنی خۆیان دابنێن، لەوانەش یارمەتی و کرێ، لەگەڵ بازاڕێکی ئازاد کە نرخی کار دیاری بکات. کۆمارییەکان لە بیستەکانی سەدەی ڕابردووەوە بەگشتی دژی ڕێکخراو و ئەندامانی سەندیکاکان بوون. لە ئاستی نیشتمانیدا پشتگیریان لە یاسای تافت-هارتلی ساڵی ١٩٤٧ کرد کە مافی بەشداریکردن لە سەندیکاکان بە کرێکاران دەدات. کۆمارییە مۆدێرنەکانی ئاستی ویلایەت بەگشتی پشتگیری لە یاسا جۆراوجۆرەکانی مافی کارکردن دەکەن کە ڕێکەوتننامەکانی ئاسایشی سەندیکاکان قەدەغە دەکەن کە داوا لە هەموو کرێکاران لە شوێنی کاری سەندیکاکان دەکەن باج یان کرێی پشکی دادپەروەرانە بدەن، بەبێ گوێدانە ئەوەی کە ئایا ئەندامی سەندیکاکانن یان نا.

هەروەها دژایەتی سیستمی چاودێری تەندروستییەک دەکات کە یەک بەرە پارەکەی بدات و بە پزیشکی کۆمەڵایەتی ناوی دەبات. لەگەڵیشیدا پارتی کۆمارییەکان پێشینەیەکی تێکەڵاوی هەیە لە پشتگیریکردنی بەرنامە بەناوبانگەکانی مێژوویی ئاسایشی کۆمەڵایەتی.

سیاسەتەکانی ژینگە

سەرکردە پێشکەوتنخوازەکانی پارتی کۆماری بە درێژایی مێژوو پشتگیریان لە پاراستنی ژینگە کردووە. سەرۆکی کۆمارییەکان تیۆدۆر ڕۆزڤێڵت پارێزەر بوو، سیاسەتەکانی لە کۆتاییدا بووە هۆی دروستکردنی خزمەتگوزاری پارکە نیشتمانییەکان. سەرۆکی کۆمارییەکان ڕیچارد نیکسۆن لە ساڵی ١٩٧٠دا یاسایەکی واژۆ کرد بۆ دروستکردنی دەزگای پاراستنی ژینگەی ئەمریکا، هەرچەندە کەسێکی ژینگەپارێز نەبوو بەڵام بەرنامەیەکی گشتگیری ژینگەیی هەبوو.

ئەم هەڵوێستە لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە و ئیدارەی سەرۆک ڕۆناڵد ڕیگان گۆڕا، کە سیستمە ژینگەییەکانی بە بارگرانی بۆ سەر ئابووری ناو برد. لەو کاتەوە کۆمارییەکان هەڵوێستی زیاتریان لە دژی ڕێکخستنی ژینگە گرتۆتەبەر و زۆرێک لە کۆمارییەکان کۆدەنگی زانستییان لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا ڕەتکردووەتەوە.

لە ساڵی ٢٠٠٦دا ئارنۆڵد شوارزنەگەر، دادوەری ئەوکاتی کالیفۆرنیا، لە ئۆرتۆدۆکسی کۆمارییەکان جیابووەوە و چەند پڕۆژە یاسایەکی واژۆ کرد کە کالیفۆرنیا سنوورێکی بۆ دەردانی کاربۆن دانا. سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا، جۆرج بووش، دژی سنووردارکردنی زۆرەملێ بوو لەسەر ئاستی نیشتمانی. دواتریش دووەم ئۆکسیدی کاربۆنی وەک پیسکەرێکی ژینگە دانەنا و بەهۆیەوە لە دادگای باڵا لەلایەن ١٢ ویلایەتەوە ڕەخنەی لێ گیرا و دادگاکە لە ساڵی ٢٠٠٧دا ​​بڕیاری دژی ئیدارەی بووش دەرکرد. بووش بە ئاشکرا دژی پەسەندکردنی پرۆتۆکۆڵەکانی کیۆتۆ بوو کە هەوڵی کەمکردنەوەی دەردانی گازی گەرمخانەیی دەدا و بەم شێوەیە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا کەم بکاتەوە. کە هەڵوێستەکەی لەلایەن زانایانی بواری کەشوهەوا بە توندی ڕەخنەی لێ گیرا.

هەروەها پارتی کۆمارییەکان سیاسەتی بازرگانیکردن بە دەردانی گازی ژەهراوی بۆ کەمکردنەوەی دەردانی کاربۆن ڕەت دەکاتەوە.

لە سەردەمی سەرۆکایەتی باراک ئۆبامادا زۆرێک لە کۆمارییەکان دژی ڕێسا نوێیەکانی ژینگەی حکوومەتەکەی بوون، وەک ئەوانەی پەیوەندییان بە دەردانی کاربۆن لە خەڵووزەوە هەیە. زۆرێک لە کۆمارییەکان بە شێوەیەکی تایبەت پشتگیریان لە دروستکردنی هێڵی بۆری کیستۆن کرد. کۆمپانیاکان پشتگیری ئەم هەڵوێستەیان دەکرد، بەڵام گرووپە ڕەسەنەکان و چالاکوانانی ژینگە دژایەتیان دەکرد.

کۆچکردن

پارتی کۆماریخوازان لە نێوان ساڵانی ١٨٥٠ بۆ ١٨٧٠ زیاتر لە دیموکراتەکان دژایەتی کۆچیان دەکرد؛ ئەمەش بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ پشتبەستنی پارتی کۆماری بە پشتیوانی پارتە دژە کاسۆلیک و دژە کۆچبەرەکان، وەک پارتی ئەگنۆستیک لەو کاتەدا. پارتی کۆماری لە دەیەکانی دوای شەڕی ناوخۆدا زیاتر پشتیوانی لە کۆچ کرد، چونکە نوێنەرایەتی بەرهەمهێنەرانی باکووری ڕۆژهەڵات دەکرد (کە کرێکاری زیادەیان دەویست) لە کاتێکدا پارتی دیموکرات وەک پارتی کرێکاران سەیرکرا (کە دەیانویست کەمتر کرێکار ڕکابەرییان لەگەڵ بکەن). پارتەکان جارێکی تر لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە هەڵوێستیان گۆڕا، چونکە دیموکراتەکان زیاتر پشتگیریان لە کۆچبەری دەکرد لە چاو کۆمارییەکان.

کۆشکی سپی لە ساڵی ٢٠٠٦دا پشتگیری لە ئەنجوومەنی پیران بە سەرۆکایەتی کۆمارییەکان کرد، کە چاکسازییەکی بەرفراوانی لە بواری کۆچبەریدا پەسەند کرد و دواجار ڕێگەی بە ملیۆنان کۆچبەری نایاسایی دەدا ببنە هاووڵاتی، بەڵام ئەنجوومەنی نوێنەران (کە کۆمارییەکانیش سەرکردایەتی دەکرد) پڕۆژە یاساکەی پێشکەش نەکرد. دوای شکستەکە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی ٢٠١٢، زۆرێک لە کۆمارییەکان داوای ڕێبازێکی دۆستانەتریان کرد بەرامبەر بە کۆچبەران، بەتایبەتی لەنێو لاتینییەکاندا. مەودای کاندیدەکان لە ساڵی ٢٠١٦دا هەڵوێستێکی توندیان لە دژی کۆچی نایاسایی گرتەبەر، بەو ئەندازەی دۆناڵد ترەمپ کاندیدی سەرەکی پێشنیاری دروستکردنی دیوارێکی بەدرێژایی سنووری باشووری وڵاتەکە کرد.

سەرۆکەکانی ئەمریکا کە سەر بە پارتی کۆماری بوون

ڕیزبەندی ناو ویلایەت سەرەتای سەرۆکایەتی کۆتایی سەرۆکایەتی
١٦ ئەبراهام لینکۆڵن (١٨٠٩-١٨٦٥) ئیلینۆیس ٤ ئازاری ١٨٦١ ١٥ نیسانی ١٨٦٥

(لەکاتی سەرۆکایەتی مردووە)

١٨ یولیس گرانت (١٨٢٢-١٨٨٥) ئیلینۆیس ٤ ئازاری ١٨٦٩ ٤ ئازاری ١٨٧٧
١٩ ڕوزەرفۆرد هایس (١٨٢٢-١٨٩٣) ئۆهایۆ ٤ ئازاری ١٨٧٧ ٤ ئازاری ١٨٨١
٢٠ جەیمس گارفیڵد (١٨٣١-١٨٨١) ئۆهایۆ ٤ ئازاری ١٨٨١ ١٩ ئەیلوولی ١٨٨١

(لەکاتی سەرۆکایەتی مردووە)

٢١ چێستەر ئارسەر (١٨٢٩-١٨٨٦) نیو یۆرک ١٩ ئەیلوولی ١٨٨١ ٤ ئازاری ١٨٨٥
٢٣ بنیامین هاریسۆن (١٨٣٣-١٩٠١) ئیندیانا ٤ ئازاری ١٨٨٩ ٤ ئازاری ١٨٩٣
٢٥ ویلیام مەکینلی (١٨٤٣-١٩٠١) ئۆهایۆ ٤ ئازاری ١٨٩٧ ١٤ ئەیلوولی ١٩٠١

(لەکاتی سەرۆکایەتی مردووە)

٢٦ تیۆدۆر ڕۆزڤێڵت (١٨٥٨-١٩١٩) نیو یۆرک ١٤ ئەیلوولی ١٩٠١ ٤ ئازاری ١٩٠٩
٢٧ ویلیام هاوارد تافت (١٨٥٧-١٩٣٠) ئۆهایۆ ٤ ئازاری ١٩٠٩ ٤ ئازاری ١٩١٣
٢٩ وارن ج. هاردینگ (١٨٦٥-١٩٢٣) ئۆهایۆ ٤ ئازاری ١٩٢١ ٢ ئابی ١٩٢٣

(لەکاتی سەرۆکایەتی مردووە)

٣٠ کالڤین کولیج (١٨٧٢-١٩٣٣) ماساشوستس ٢ ئابی ١٩٢٣ ٤ ئازاری ١٩٢٩
٣١ هێربێرت هوڤەر (١٨٧٤-١٩٦٤) کالیفۆرنیا ٤ ئازاری ١٩٢٩ ٤ ئازاری ١٩٣٣
٣٤ دوایت ئایزنهاوەر (١٨٩٠-١٩٦٩) کانساس ٢٠ کانوونی دووەمی ١٩٥٣ ٢٠ کانوونی دووەمی ١٩٦١
٣٧ ڕیچارد نیکسۆن (١٩١٣-١٩٩٤) کالیفۆرنیا ٢٠ کانوونی دووەمی ١٩٦٩ ٩ ئابی ١٩٧٤

(کشایەوە)

٣٨ جیراڵد فۆرد (١٩١٣-٢٠٠٦) میشیگان ٩ ئابی ١٩٧٤ ٢٠ کانوونی دووەمی ١٩٧٧
٤٠ ڕۆناڵد ڕیگان (١٩١١-٢٠٠٤) کالیفۆرنیا ٢٠ کانوونی دووەمی ١٩٨١ ٢٠ کانوونی دووەمی ١٩٨٩
٤١ جۆرج بووشی باوک (١٩٢٤-٢٠١٨) تێکساس ٢٠ کانوونی دووەمی ١٩٨٩ ٢٠ کانوونی دووەمی ١٩٩٣
٤٣ جۆرج بووش تێکساس ٢٠ کانوونی دووەمی ٢٠٠١ ٢٠ کانوونی دووەمی ٢٠٠٩
٤٥ دۆناڵد تره‌مپ نیو یۆرک ٢٠ کانوونی دووەمی ٢٠١٧ ٢٠ کانوونی دووەمی ٢٠٢١

 


سەرچاوەکان



647 بینین