نۆتینگهام

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-07-24-17:31:00 - کۆدی بابەت: 9525
نۆتینگهام

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

نۆتینگهام (بە ئینگلیزی: Nottingham)، شارێکە لە نۆتینگهام شایەر، ئێست میدلەند، لە ناوەندی ئینگلتەرا. دەکەوێتە دووری 180 کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژئاوای لەندەن و 48 کیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری شێفیڵد و 72 کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی بیرمینگهامەوە دوورە. نۆتینگهام شاری ئەفسانەی ڕۆبن هوودە و بە پیشەسازی دروستکردنی دەزوو و پاسکیل و تووتنەوە بەناوبانگە. هەروەها نۆتینگهام شوێنێکی گەشتیارییە؛ لە ساڵی 2018ـدا، ژمارەیەکی زۆر سەردانیکەری هەبووە.

هەروەها شارەکە نیشتیمانی دوو تیپی تۆپی پێی پیشەگەرە، نۆتس کاونتی کە پێشتر کۆنترین یانەی خولی پیشەگەری جیهان بوو، و نۆتینگهام فۆڕێست، کە دوو جار براوەی جامی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا بوو لە ساڵانی 1979 و 1980. هەروەها شارەکە خاوەنی تیپی یاری ڕەگبی پیشەگەر و هۆکی سەر سەهۆڵ و کریکێتە.

ئەم شارە لە کانوونی یەکەمی ساڵی 2015 لەلایەن یونسکۆوە وەک (شاری ئەدەب) دەستنیشانکرا. هەروەها سێ زانکۆ لە شارەکەدا خزمەت دەکەن ئەوانیش، زانکۆی نۆتینگهام، زانکۆی نۆتینگهام ترێنت و زانکۆی یاسا لە کەمپی نۆتینگهام.

لەڕووی ئابوورییەوە

ئابووری گەورەشاری نۆتینگهام حەوتەم گەورەترین ئابووریی شانشینی یەکگرتووە بە بەرهەمی ناوخۆیی 50.9 ملیار دۆلار (لە ساڵی 2014)ـدا. هەروەها نۆتینگهام ناوەندێکی وەرزشی سەرەکییە و لە تشرینی یەکەم 2015ـدا بە (نیشتیمانی وەرزشی ئینگلیزی) ناوزەند کرا.

نۆتینگهام گەورەترین ئابووری ئێست میدلەندە، لە ساڵی 2010ـدا ئەنجوومەنی شاری نۆتینگهام ڕایگەیاند کە کەرتە ئامانجدارەکانی ستراتیجی گەشەپێدانی ئابوورییان بریتین لە تەکنەلۆجیای کاربۆن نزم، میدیای دیجیتاڵی، زانستەکانی ژیان، خزمەتگوزاری دارایی و بازرگانی، و بازرگانی وردە و گەشتیاری. هەروەها نۆتینگهام بارەگای چەند کۆمپانیایەکی تێدایە و تا ئەم دواییانە پیشەسازی دروستکردنی پاسکیل پیشەسازییەکی گرنگی شارەکە بوو و نۆتینگهام شوێنی لەدایکبوونی کۆمپانیای پاسکیلی ڕاڵیە کە لە ساڵی 1886ـدا دامەزرا. نۆتینگهام لە ساڵی 2005ـدا لەلایەن گۆردۆن براون، کە راوێژکاری سەرۆکایەتی ئەوکاتەی خەزێنەی بەریتانیا بوو، وەکوو یەکێک لە شەش شارە زانستییەکانی بەریتانیا دەستنیشانکرا.

هەروەها لەڕووی گەشەی کارەوە، لە ساڵی 2015ـدا، نۆتینگهام لە ڕیزبەندی 10 شاری سەرەکی بەریتانیادا بوو لە هەریەک کەرتی گشتی و تایبەتدا (لە ساڵی 2004 تا 2013). لەگەڵ ئەوەشدا لە هەمان ساڵدا ژمارەیەکی زۆر کۆمپانیا نوێ لە شارەکەدا دامەزران بە بەراورد بە هەر شارێکی دیکەی بەریتانیا، بە زیادبوونی 68% لەچاو ساڵی ڕابردوو.

ناو و مێژووی نۆتینگهام

شاری نۆتینگهام لە سەدەی شەشەمدا شارۆچکەیەکی بچووک بوو بە ناوی (Snotta inga ham)، وشەی ئەنگلۆ-ساکسۆن (ham) بە واتای (گوند)، وشەی (inga) بە واتای (سەر بە یان هی) و (Snotta) بە واتای (پیاوێک) هات، بەسەر یەکەوە واتە (گوندی پیاوێک). وردە وردە ناوەکەی گۆڕا بۆ (Snottingham) پاشان پیتی ئێس لە ناوەکە کرایەوە و بوو بە (nottingham) نۆتینگهام.

دواتر شارۆچکەکە گەشەی بەخۆیەوە بینی و بوو بە شار، لە کۆتایی سەدەی نۆیەمدا دانیمارکییەکان باکووری ڕۆژهەڵات و ڕۆژهەڵاتی ئینگلتەرایان داگیرکرد. نۆتینگهامیان کرد بە جێگیرگەیەک یان شارۆچکەیەکی قەڵادار. لە ساڵی 920ـدا پادشای ئینگلیزی شارۆچکەکەی کۆنترۆڵکردەوە و ژمارەی دانیشتووانی شارۆچکەکە لە سەدەی دەیەمدا تەنها چەند سەد کەسێک بوو.

لە ساڵی 1067ـدا قەڵای نۆتینگهام بە مەبەستی پارێزگاریکردن لە نۆتینگهام لە دار و تەختە دروستکرا، پاشان لە سەدەی دوازدەیەمدا بە بەرد دیسان دروستکرایەوە. شارۆچکەکە دوای داگیرکردنی نۆرمانەکان لەناکاو گەشەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و ناوچەیەکی تازە لە نێوان شارۆچکە کۆنەکە و قەڵاکەدا دروستکرا و ناونرا گەڕەکی فەڕەنسی، چونکە زۆربەی دانیشتووانی ناوچەکە نۆرمانی فەڕەنسی بوون. لە سەدەی چواردەدا ژمارەی دانیشتووان گەشەی کرد بۆ 3000 کەس و لە ساڵانی 1700 کاندا ژمارەی دانیشتووان گەشتە 5,000 کەس و پیشەسازی گەشەی کرد، پاشان لە ساڵی 1833دا نەخۆشی کۆلێرا لە شارەکەدا بڵاوبوویەوە و بەهۆیەوە 330 کەس گیانیان لەدەستدا، لە ساڵی 1839ـدا هێڵی ئاسنین گەشتە ناوچەکە و دواتر چەندین کتێبخانە مۆزەخانە لە شارەکەدا کرانەوە، لە ئێستادا یەکێکە لە شارە گرنگەکانی وڵاتەکەی.

لەڕووی دمۆگرافییەوە

شاری نۆتینگهام لەڕووی نەژادی و کولتوورییەوە شارێکی هەمەجۆرە، هەروەها شازدەهەم شاری قەرەباڵغی شانشینی یەکگرتووە.

دانیشتووان

بەپێی سەرژمێری ساڵی 2011ـی شانشینی یەکگرتوو کۆی ژمارەی دانیشتووانی شارەکە 305,680 کەس بوو، هەروەها چڕی دانیشتووانەکەی 4,073 کەس بوو لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا. هەروەها لە ساڵی 2020دا ژمارەی دانیشتوانی نۆتینگهام بە 330 هەزار کەس مەزەندە کرا، و ژمارەی تەواوی ئەو ناوچانەی کە سەر بە شارەکەن بە 1,610,000 کەس خەمڵێندرا.

نەژاد

هەر بە پێی سەرژمێرییەکەی ساڵی 2011 ڕێژەی هاوڵاتییە سپی پێستەکانی ناو شارەکە 71.54%، ئاسیاییەکان 13.10%، ڕەش پێستەکان 7.26%، ڕەگەزی تێکەڵ 6.63% و نەتەوەکانی تر 1.47%ـی دانیشتووان پێک دەهێنن.

زمان

بەگوێرەی هەمان سەرژمێری ساڵی 2011 باوترین زمانەکانی دانیشتووانی شارەکە بریتین لە، ئینگلیزی 87.40%، پۆڵەندی 2.23%، ئوردو 1.39%، پەنجابی 0.84%، عەرەبی 0.78%، فارسی 0.31%، کوردی 0.31%، فەڕەنسی 0.29%، پورتووگالی 0.28%، پاکستانی 0.24%، یۆنانی 0.23%، چینی 0.21%، ئیسپانی 0.19%، ئیتاڵی 0.19%، توورکی 0.18%، مەلایی 0.17%، بەنگاڵی 0.17%، گوجەراتی 0.16%، لیتوانی 0.16%، هیندی 0.16%، و زمانەکانی تر 4.12%.

ئایین

هەر لە سەرژمێرییەکەی ساڵی 2011ـدا هاتووە کە ئایینە پەیڕەوکراوەکانی دانیشتووانی شارەکە بریتین لە، مەسیحی 44.23%، بودیزم 0.67%، هیندو 1.47%، جوولەکە 0.35%، مسوڵمان 8.81%، سیخی 1.41%، ئایینەکانی تر 0.49%، بێ ئایینەکان 34.99%، و ئەوانەی ئایینی خۆیان دیاری نەکردووە 7.58%ـی دانیشتووان پێک دەهێنن.

کەشوهەوای شارەکە

وەکوو زۆربەی ناوچەکانی شانشینی یەکگرتوو، نۆتینگهام کەشوهەوایەکی ئۆقیانووسی مامناوەندی هەیە و مانگەکانی وەرزی هاوین مامناوەند و گەرمن، مانگەکانی وەرزی زستانیش مامناوەند تا ساردن، لەگەڵ ئەوەشدا بەدرێژایی ساڵ بارانێکی زۆری لێ دەبارێت.

بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لە شارەکەدا 36.1 پلەی سەدی بوو لە 25ـی تەممووزی ساڵی 2019، هەروەها نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو 13.3- بوو لە کانوونی دووەمی ساڵی 1963.

زستانی ئەم شارە زۆر سارد نییە، بەڵام بەزۆری ئاسمانی شار هەوراوییە و ڕێژەی شێ بەرزە. بە شێوەیەکی گشتی لە ساردترین شەوەکانی ساڵدا پلەی گەرمی 6-/-7 پلەی سەدییە، بەڵام هەندێک جار بۆ نزمتر لەو پلەیەش دادەبەزێت.

هەروەها لە وەرزی هاویندا، بەگشتی پلەکانی گەرمی مامناوەند یان ساردن، سەرەڕای ئەوەش دەشێت باران ببارێت، بەڵام ڕێژەی دابارین لەم وەرزەدا کەمترە وەک لە زستان.

باشترین وەرز بۆ سەردانکردنی شارەکە وەرزی هاوینە، یان بە شێوەیەکی گشتی ناوەڕاستی مانگی ئایار بۆ ناوەڕاستی ئەیلوولە

لەگەڵ ئەوەشدا ڕێژەی دابارینی ساڵانەی شارەکە 700 مللیمەترە، ئەمەش ئاستێکی ناوەندە. ئەم ڕێژەیەش بە گوێرەی وشکترین و باراناوییترین مانگەکانی ساڵ دەگۆڕێت، لە وشکترین مانگەکانی ساڵدا کە مانگی شوبات و ئازارە 45 مللیمەتر دەبارێت و لە باراناوییترین  مانگەکانی ساڵیشدا کە مانگی تشرینی یەکەم، تشرینی دووەم و کانوونی یەکەمە 70 مللیمەترە.

هەندێک لە شوێنە سەرنجڕاکێشە گەشتیارییەکانی شارەکە

  1. گۆڕەپانی بازاڕی کۆن
  2. بازاڕی دەزوو و بەن
  3. قەڵای نۆتینگهام
  4. شاری ئەشکەوتەکان
  5. مۆزەخانەی دادی نیشتمانی
  6. شانۆی ڕۆیاڵ و هۆڵی کۆنسێرتی ڕۆیاڵ
  7. هایفیڵد پاک
  8. مۆزەخانەی شوێنی لەدایکبوونی D. H لاورێنس


سەرچاوەکان



458 بینین