جۆسیپ تیتۆ

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-08-06-19:19:00 - کۆدی بابەت: 9722
جۆسیپ تیتۆ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

جۆسیپ برۆز تیتۆ کە بە تیتۆ ناسراوە (بە ئینگلیزی: Josip Broz Tito، بە عەرەبی: جوزيف تيتو) شۆڕشگێڕ و دەوڵەتمەدارێکی کۆمۆنیستی یووگۆسلاڤیا بووە، لە ساڵی ١٩٤٣ تا مردنی لە ساڵی ١٩٨٠ لە پۆستە جیاوازەکاندا کاری کردووە. لە سەردەمی جەنگی جیهانیی دووەمدا، سەرکردەی پارتیزانەکانی یووگۆسلاڤیا بووە، کە زۆرجار وەک کاریگەرترین بزووتنەوەی بەرخۆدان لە ئەورووپای داگیرکراوی ئەڵمانیا سەیر دەکرا. هەروەها لە ١٤ی کانوونی دووەمی ١٩٥٣ تا کۆچی دوایی لە ٤ی ئایاری ١٩٨٠ وەک سەرۆکی کۆماری فیدراڵی سۆسیالیستی یووگۆسلاڤیا دەستبەکار بووە.

ساڵی ١٩٣٩ دەبێتە سەرۆکی کۆمەڵەی کۆمۆنیستەکانی یووگۆسلاڤیا. لە جەنگی جیهانیی دووەمدا، دوای لەشکرکێشی نازییەکان بۆ سەر ناوچەکە، سەرکردایەتی بزووتنەوەی چەکداری یووگۆسلاڤیای دژی نازییەکان کرد. تا کۆتایی جەنگەکە، پارتیزانەکان - بە پشتیوانی یەکێتی سۆڤیەتی داگیرکەر - دەسەڵاتیان بەسەر یووگۆسلاڤیادا گرت.

ژیان

جۆسیپ برۆز لە ٧ی ئایاری ١٨٩٢ لە شاری کومرۆڤێچ لەدایکبووە، کە گوندێکە لە ناوچەی هرڤاتسکۆ زاگۆری باکووری کرواتیا. باوکی کرواتی و دایکی سلۆڤینی بووە. وڵاتەکەی لەو کاتەدا بەشێک بوو لە شانشینی کرواتیا-سلاڤۆنیا لەناو ئیمپراتۆریەتی نەمسا-مەجارستاندا. حەوتەمین منداڵی خێزانەکەی بووە. لە تەممووزی ساڵی ١٩٠٠ و لە تەمەنی هەشت ساڵیدا، برۆز چووە قوتابخانەی سەرەتایی لە کومرۆڤێچ. تەنیا چوار ساڵ خوێندوویەتی و بەهۆی ئەوەی لە پۆلی دووەم کەوتووە لە ساڵی ١٩٠٥ خوێندنی بە کۆتا گەیاندووە. دوای جێهێشتنی قوتابخانە، سەرەتا بۆ مامی دایکی کاری کردووە، پاشان لە کێڵگەی خێزانی دایک و باوکی. دواتر کاری لە چێشتخانە و قوفڵسازی دەست پێکرد و وازی هێنا.

لە ساڵی ١٩١٠ پەیوەندی بە پارتی کرێکارانی سۆسیال دیموکراتی کرواتیا کرد و لە ماوەی ساڵانی ١٩١١-١٩١٣ تیتۆ وەک کرێکاری کارگە لە تایتان کاری کردووە، پاشان وەک شۆفێر لە کۆمپانیای دایملەر کاری کردووە، لە پاییزی ساڵی ١٩١٣ تیتۆ لە گەلەی کرواتیا لە سوپای نەمسا-هەنگاریا بە پلەی پۆلەوان دیاری کرا و مەدالیای زیوی بەدەستهێنا، لە سەرەتای جەنگی جیهانیی یەکەمدا ڕەوانەی بوداپێستی پایتەختی ڕۆمانیا کرا، بەڵام دەستگیرکرا و لە قەڵای پترۆڤارادین زیندانی کرا. 

دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەر تیتۆ دەچێتە ڕیزەکانی حیزبی شیوعیی سۆڤیەت و لە ڕیزەکانی سوپای سووردا کاردەکات، دوای ئەوە دەگەڕێتەوە ئۆمسک و هاوسەرگیری لەگەڵ بێلوسۆڤا دەکات، لە کانوونی دووەمی ١٩٢٠ دەگەڕێتەوە یووگۆسلاڤیا و پەیوەندی بە حیزبی شیوعیی یووگۆسلاڤیاوە دەکات. دوای تیرۆرکردنی سیاسەتمەدار میلۆراد دراشکۆڤیچ، کۆمۆنیستەکان بەوە تۆمەتبار کران کە تیرۆریان کردووە، بۆیە وەزیری ناوخۆ چالاکییە کۆمۆنیستەکانی قەدەغەکرد و کۆنترۆڵی سەرجەم ناوچە ناوخۆییەکانی کرد کە لەلایەن کۆمۆنیستەکانەوە کۆنترۆڵکرابوون.

لە ساڵی ١٩٣٥ تیتۆ گەشتی کرد بۆ یەکێتیی سۆڤیەت و بۆ ماوەی ساڵێک لە کۆمینتەرن کاری کرد و بوو بە بەرپرسێکی دیار لە کۆمیساریای گەل بۆ کاروباری ناوخۆ (nkvd)، دواتر تیتۆ بە کەرتێکی تایبەتەوە نێردرا بۆ بەشداریکردن لە شەڕی ناوخۆی ئیسپانیا و پشتگیریکردنی کۆمارییەکان و چەپەکان و لە ساڵی ١٩٣٧ ستالین تیتۆی نارد بۆ یووگۆسلاڤیا بۆ ڕێکخستنی ڕیزەکانی حیزبی شیوعی یووگۆسلاڤیا.

جەنگی جیهانیی دووەم

لە ٦ی نیسانی ١٩٤١ هێزەکانی تەوەر هێرشیان کردە سەر یووگۆسلاڤیا. لە ١٠ی نیسانی ١٩٤١دا سلاڤکۆ کوڤاتەرنیک دەوڵەتی سەربەخۆی کرواتیای ڕاگەیاند و تیتۆ بە پێکهێنانی کۆمیتەی سەربازی لەناو کۆمیتەی ناوەندی حیزبی شیوعیی یووگۆسلاڤیا وەڵامی دایەوە. لە ٢٧ی حوزەیرانی ١٩٤١ کۆمیتەی ناوەندی حیزبی شیوعیی یووگۆسلاڤیا (CPY) تیتۆی وەک فەرماندەی گشتیی هەموو هێزە سەربازییەکانی ڕزگاری نیشتمانی دەستنیشان کرد و دەستیان کرد بە دژایەتی حیزبی نازی. لە ١٢ی ئابی ١٩٤٤دا چەرچڵ سەروەزیرانی ئینگلتەرا لە شاری ناپۆلی چاوی بە برۆز تیتۆ کەوت بۆ ئەوەی گرێبەستێک ئەنجام بدەن.

لە ٢٨ی ئەیلوولی ١٩٤٤دا، ئاژانسی تەلەگرافی یەکێتیی سۆڤیەت (TASS) بڵاویکردەوە کە تیتۆ ڕێککەوتنێکی لەگەڵ یەکێتیی سۆڤیەت واژۆ کردووە و ڕێگەی بە "چوونە ژوورەوەی کاتی" سەربازانی سۆڤیەت دەدات بۆ ناو خاکی یووگۆسلاڤیا، کە ڕێگەی بە سوپای سوور داوە لە ئۆپەراسیۆنەکانی ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتدا هاوکاری لە ئازادکردنی یووگۆسلاڤیا بکەن. بە دەستەبەرکردنی لایەنی ڕاستی ستراتیژی خۆیان لەلایەن پێشڕەوی هاوپەیمانانەوە، پارتیزانەکان هێرشێکی گشتی بەرفراوانیان ئامادە کرد کە سەرکەوتوو بوو لە شکاندنی هێڵەکانی ئەڵمانیا و ناچارکردنی پاشەکشە بۆ دەرەوەی سنوورەکانی یووگۆسلاڤیا. دوای سەرکەوتنی پارتییەکان و کۆتایی هاتنی شەڕ و پێکدادانەکان لە ئەورووپا، هەموو هێزە دەرەکییەکان فەرمانیان پێدرا کە لە خاکی یووگۆسلاڤیا دەربچن.

سەرۆکایەتی

لە ٧ی ئازاری ١٩٤٥ حکوومەتی کاتیی کۆماری فیدراڵی دیموکراتی یووگۆسلاڤیا پێکهێنرا و تیتۆ وەک سەرۆکی حکوومەتی کاتی هەڵبژێردرا. دوای ئەوە تیتۆ ڕێگری لە گەڕانەوەی پیتەری دووەم و پیاوەکانی بۆ یووگۆسلاڤیا کرد و لە تشرینی دووەمی ١٩٤٥ هەڵبژاردن ئەنجامدرا، پارتی شیوعی بە سەرۆکایەتی تیتۆ زۆرینەی زۆری دەنگەکانی بەدەستهێنا، لەم ماوەیەدا تیتۆ خاوەنی ناوبانگێکی زۆر بوو بەو پێیەی وەک ڕزگارکەری یووگۆسلاڤیا سەیر دەکرا. لەم قۆناغەدا تیتۆ هەوڵەکانی بەرەو یەکگرتنەوەی وڵات چڕکردەوە و لەوەدا سەرکەوتوو بوو و هەر چالاکیەکی نەتەوەیی سەرکوت دەکرد کە یەکێتیی یووگۆسلاڤیا ناسەقامگیر بکات، تیتۆ بوو بە سەروەزیران و وەزیری ناوخۆ و ناوی یووگۆسلاڤیای گۆڕی بۆ کۆماری فیدراڵی سۆسیالیستی یووگۆسلاڤیا.

لە ٢٩ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٤٥ دەستووری یووگۆسلاڤیای دووبارە داڕشتەوە، دوای ئەوە تیتۆ سەرنجی خستە سەر پەرەپێدان و ڕێکخستنی سوپای یووگۆسلاڤیا، کە دەبێتە بەهێزترین سوپای یووگۆسلاڤیا لە ئەورووپا. پاشان تیتۆ پەرەی بە دەزگای ئاسایشی دەوڵەت دا، کە ئەرکی یەکەمی بریتیبوو لە بەدواداچوونی تاوانبارانی جەنگ، کە دواتر لە تەممووزی ١٩٤٦ هەموویان کوژران. دواتریش تیتۆ لەگەڵ سەرۆکی کڵێسای کاسۆلیکی لە یووگۆسلاڤیا کۆبووەوە و پێکەوە لەسەر دەستەبەرکردنی مافی کاسۆلیکەکان لە یووگۆسلاڤیا ڕێککەوتن.

تایبەتمەندییەکانی تیتۆ لە دەسەڵاتدا

تیتۆ بوو بە سەرکردەی دروستکردن و دامەزراندنی کۆماری فیدراڵی سۆسیالیستی یووگۆسلاڤیا (SFRY)، هەم وەک سەروەزیران (١٩٤٤-١٩٦٣)، دواتریش وەک سەرۆک (١٩٥٣-١٩٨٠) و مارشاڵی یووگۆسلاڤیا کە بەرزترین پلەی سوپای گەلی یووگۆسلاڤیا (JNA) بوو. سەرەڕای ئەوەی یەکێکە لە دامەزرێنەرانی کۆمینفۆرم، بەڵام لە ساڵی ١٩٤٨دا بووە یەکەم ئەندامی کۆمینفۆرم کە سەرپێچی لە هەژموونی سۆڤیەت بکات، لە سەردەمی جۆزێف ستالیندا تاکە سەرکردە بوو کە کۆمینفۆرمی بەجێهێشت و بە بەرنامەی سۆسیالیستی وڵاتەکەی خۆی دەستی پێکرد، کە توخمەکانی سۆسیالیزمی بازاڕی لەخۆگرتبوو. لەژێر دەسەڵاتی ئەودا ئابووریناسانی چالاک لە یووگۆسلاڤیای پێشوو، لەوانە یارۆسلاڤ ڤانێک کە لەدایکبووی چیک و برانکۆ هۆرڤات لەدایکبووی یووگۆسلاڤیایە، مۆدێلێکی سۆسیالیزمی بازاڕیان پێشخست کە ناوی مۆدێلی ئیلیری (Illyrian model) لێ نرا.

کۆمپانیاکان لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە لەلایەن کارمەندەکانیانەوە خاوەندارێتی دەکران و بازاڕێکی کراوە و ئازاد بەڕووی هاووڵاتیاندا کرابوویەوە. تیتۆ توانی گرژییە نەتەوەییەکان لە ژێر کۆنتڕۆڵدا بهێڵێتەوە و زۆرترین دەسەڵاتی بە هەموو کۆمارێک بەخشی.  هەروەها هەر کۆمارێک مافی چارەی خۆنووسین و جیابوونەوەیان پێدرابوو ئەگەر لە ڕێگەی کەناڵی یاساییەوە ئەنجام بدرێت. لە کۆتاییدا تیتۆ خۆبەڕێوەبەرییەکی بەرچاوی بە کۆسۆڤۆ و ڤۆیڤۆدینا بەخشی کە دوو پارێزگای پێکهێنەری سڕبیا بوون، لەنێویاندا دەسەڵاتی ڤیتۆی دیفاکتۆ لە پەرلەمانی سڕبیا. تیتۆ شێوازێکی پەرستنی کەسیی لە دەوری خۆی دروست کرد، کە دوای مردنی لەلایەن کۆمەڵەی کۆمۆنیستەکانی یووگۆسلاڤیاوە پارێزگاری لێکرا. دوانزە ساڵ دوای مردنی، لەگەڵ ڕووخانی کۆمۆنیزم لە ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا، یووگۆسلاڤیا هەڵوەشایەوە و دابەزی بۆ زنجیرەیەک شەڕی نێوان نەتەوەکان.

هەندێک لە مێژوونووسان ڕەخنە لە سەرۆکایەتی تیتۆ دەگرن بە تاکڕەو و هەندێکی تریش وەک دیکتاتۆرێکی خێرخوازی دەبینن. ئەو کەسایەتییەکی گشتی بەناوبانگ بوو چ لە یووگۆسلاڤیا و چ لە دەرەوەی وڵات. سیاسەتە ناوخۆییەکانی وەک هێمایەکی یەکگرتوو سەیر دەکرا و توانی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی گەلانی فیدراسیۆنی یووگۆسلاڤیا بپارێزێت.

سیاسەتی نێودەوڵەتی

یووگۆسلاڤیا لە ساڵی ١٩٦١ بوو بە یەکێک لە ئەندامانی دامەزرێنەری بزووتنەوەی بێ لایەنەکان کە لەلایەن تیتۆ و جەمال عەبدولناسر و نەهرۆ و سوکارنۆی سەرۆکی ئەندەنووسیا دامەزرا. تیتۆ بوو بە سکرتێری گشتیی بزووتنەوەی بێ لایەنەکان و پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ وڵاتانی جیهانی سێهەم بە تایبەت لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی دامەزراند. تیتۆ لە وتارەکانیدا داوای بێلایەنی دەکرد و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا بێلایەن بوون و لەگەڵ ئەورووپا بەگشتی دۆستانە بوون. یووگۆسلاڤیا ڕێگەی بە بیانییەکان دا کە بە ئازادی سەردانی یووگۆسلاڤیا بکەن، لە کاتێکدا ئەم سیاسەتە لە زۆربەی وڵاتە کۆمۆنیستەکاندا سنووردار بوو، ئەم سیاسەتە بووە هۆی ئەوەی یووگۆسلاڤیا بەڕووی جیهانی دەرەوەدا بکرێتەوە.

لەگەڵ زۆرینەی وڵاتان و سەرۆکەکان پەیوەندییەکی باشی هەبوو، وەک جۆزێف ستالین، خرۆشۆف، لیۆنید برێژنێڤ، جەمال عەبدولناسر، جەواهر لال نەهرۆ، ئەندێرا گاندی، وینستن چەرچڵ و جەیمس کاڵاها، هەروەها دوایت ئایزنهاوەر، جۆن ئێف کێنێدی، ڕیچارد نیکسۆن، جیمی کارتەر، چێ گیڤارا، کاسترۆ، نیکۆلاس چاوچیسکۆ، کیم ئیل سونگ، قەزافی، عەیدی ئەمین و یاسر عەرەفات.

چاکسازی

تیتۆ هانی پرۆژەی وەبەرهێنانی دەدا لە یووگۆسلاڤیا و هەڵمەتێکی دەستپێکرد بۆ داماڵینی ڕێگرییەکان لە ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی بیروباوەڕی ئایینی، لە پاییزی ساڵی ١٩٦٠ تیتۆ سەردانی ئەمریکای کرد و لەگەڵ ئایزنهاوەر کۆبووەوە و سەبارەت بە هەندێک پڕۆژەی سەربازی و گەشەپێدان لەگەڵیدا ڕێککەوت. لە ساڵی ١٩٦٦ تیتۆ لە بری ڕێکەوتنە کۆنەکەی ساڵی ١٩٤٥ ڕێککەوتنێکی نوێی لەگەڵ ڤاتیکان واژۆ کرد، لە ڕێککەوتنە نوێیەکەدا ئازادی پەروەردەی ئایینی و ئازادی ڕێوڕەسمی ئایینی لە یووگۆسلاڤیا بۆ کاسۆلیکەکان و کەمینە بڕوادارەکان دابینکرا بە مەبەستی بەهێزکردنی یەکێتیی یووگۆسلاڤیا. 

لە ١ی کانوونی دووەمی ١٩٦٧دا، یووگۆسلاڤیا سنوورەکانی بەڕووی هەموو سەردانکەرانی بیانیدا کردەوە و ڤیزەی چوونە ژوورەوەی هەڵوەشاندەوە، هەر لەو ساڵەدا تیتۆ لە جەنگی شەش ڕۆژەدا هەموو پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئیسرائیلدا پچڕاند. لە ساڵی ١٩٦٧ تیتۆ فەرمانی بە ئەلێکساندەر دوبچێک سەرۆکی چیکۆسلۆڤاکیا کرد کە لە ماوەی سێ کاتژمێردا بچێتە پراگ بۆ ئەوەی یارمەتی بدات لە ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ سۆڤیەتدا. لە نیسانی ١٩٦٩ تیتۆ جەنەڕاڵ ئیڤان گۆنسجاکی لە کار لابرد دوای لەشکرکێشی سۆڤیەت بۆ سەر چیکۆسلۆڤاکیا بەهۆی ئەوەی نەیتوانی هاوکاری چیکۆسلۆڤاکیا بکات. 

دواتر لە ساڵی ١٩٧٤ دەسەڵاتی سەربەخۆی لە دەسەڵاتی حیزبی شیوعی بەخشی بە کۆمارەکانی یووگۆسلاڤیا، بەڵام کاروباری دەرەوە، کاروباری دراو، بازرگانیی ئازاد، قەرزی گەشەپێدان، پەروەردە و چاودێری تەندروستی لەلایەن دەسەڵاتی باڵای حیزبی شیوعیەوە بەڕێوە دەبرا، سەبارەت بە کاروباری ناوخۆ، لە ژێر بەرپرسیارێتی خۆبەڕێوەبەری کۆمارەکانی یووگۆسلاڤیادا بوو.

کۆچی دوایی

ساڵی ١٩٨٠ تیتۆ تووشی نەخۆشیی ئامبۆلیزم (Embolism) بوو، دوای نەشتەرکاری قاچی چەپی بڕدرایەوە. باری تەندروستی تیتۆ دوای بڕینی قاچی چەپی خراپتر بوو، لە ٤ی ئایاری ١٩٨٠ کاتژمێر ٣:٠٥ خولەکی پاشنیوەڕۆ، کە سێ ڕۆژ مابوو بۆ تەمەنی ٨٨ ساڵەی لەدایکبوونی، کۆچی دوایی کرد، دوای مردنی تیتۆ، دانیشتنێکی بەپەلەی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی شیوعی بۆ ئەنجامدرا لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا مردنی تیتۆ ڕاگەیەندرا.

لە هەر شەش کۆمارەکەی یووگۆسلاڤیا بۆ ماوەی ٧ ڕۆژ ماتەمینی ڕاگەیەندرا و پاشنیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە هەواڵی مردنی تیتۆ لە ڕادیۆی تەلەڤزیۆنی بێلگراد بڵاوکرایەوە.

تیتۆ لە گۆڕستانێکدا لە بێلگراد بە خاک سپێردرا و پەیکەرێکی زەبەلاحی ئەو بە بەرزی ١٠ مەتر لە باخچەی مۆزەخانەی مێژووی یووگۆسلاڤیا دروستکرا. گۆڕستانی تیتۆ بەهۆی زۆری ئەو گوڵانەی کە دەیڕازێننەوە ناوی لێنرا "مەزارگەی گوڵەکان". بەگشتی لە کۆی ١٥٤ ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان لەو کاتەدا ١٢٨ وڵات نوێنەری تایبەتیان نارد کە زۆرێکیان سەرۆکی وڵاتەکان بوون وەک ئێدوارد شرایەر، سەدام حسێن، شا حسێن، کیم ئیل سونگ، لیۆنید برێژنێڤ، حافز ئەسەد، کارلی شانزەهەم گوستاف. هەروەها نوێنەرانی حەوت ڕێکخراوی فرەلایەنە و شەش بزووتنەوە و ٤٠ لایەنی سیاسی ئامادەبوون.

ژیانی کەسی و خێزان

تیتۆ ٣ جار هاوسەرگیری کردووە و پێنج منداڵی هەبووە، لە ساڵی ١٩١٨ کاتێک تیتۆ دەچێتە ئۆمیسک لە ڕووسیا، چاوی بە بێلوسۆڤا پێلاگیا کەوت، دواتر هاوسەرگیری لەگەڵ دەکات و لە ڕووسیاوە کۆچ دەکات بۆ یووگۆسلاڤیا، بەڵام کاتێک تیتۆ لە ساڵی ١٩٢٨ زیندانی دەکرێت، بێلۆسۆڤا هاوسەرگیری لەگەڵ کەسێکی تر دەکات و تیتۆ لە ساڵی ١٩٣٦ لەو جیابووەوە.

پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ هێرتا هاس هەبووە، کە لە ساڵی ١٩٤٠ هاوسەرگیری لەگەڵدا کردووە، کچێکی لێی بووە بە ناوی ئەلێکساندەر برۆس و وەک سکرتێری تایبەتی خۆی کاری کردووە، بەڵام لە ساڵی ١٩٤٣ بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کردووە.

هاوسەری سێیەمی یۆڤانکا برۆز بوو، ئەو ژنەی کە زۆری خۆش دەویست و بە خۆشی لەگەڵیدا دەژیا. ئەو تەمەنی ٥٩ ساڵ بوو کاتێک لەگەڵ یۆڤانکا هاوسەرگیری کرد کە تەمەنی ٢٧ ساڵ بوو، لە نیسانی ١٩٥٢ هاوسەرگیریان کرد، یۆڤانکا لە جەنگی جیهانیی دووەمدا لە سوپای ڕزگاریخوازی گەلی یووگۆسلاڤیا شەڕکەر بوو، یۆڤانکا لە ساڵێ ٢٠١٣ کۆچی دوایی کرد.

سەبارەت بە خولیاکانی تیتۆ، هۆنراوە یەکێک بوو لە خولیا خۆشەویستەکانی، هەروەها بە زمانی ڕووسی و ئینگلیزی و ئەڵمانی و کەمێک لە زمانی عەرەبی قسەی دەکرد.


سەرچاوەکان



2004 بینین