زیانەکانی زۆر دانیشتن

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-08-11-10:35:00 - کۆدی بابەت: 9790
زیانەکانی زۆر دانیشتن

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

زیانەکانی زۆر دانیشتن (بە ئینگلیزی: The disadvantages of sitting too much، بە عەرەبی: اضرار كثرة الجلوسجەستەی مرۆڤ بەنرخترین سەرمایەی مرۆڤە، لەبەرئەوە پێویستە هەموو هەوڵێک بدەین بۆ پاراستن و هێشتنەوی بەتەندروستی، زۆر دانیشتن یەکێکە لە خراپترین خیانەتەکان کە دەتوانین بەرانبەر جەستەمان بیکەین، چەندین زیانی بۆ جەستە هەیە.

زیانەکان

  1. زیانی بۆ دڵ هەیە: زۆر دانیشتن و نەبوونی جووڵەی تەواو لە ڕۆژێکدا، ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ زیاد دەکات. لە توێژینەوەیەکدا کە لەسەر دوو گرووپ ئەنجامدراوە کە هەمان خۆراک دەخۆن بەڵام کارەکانیان جیاوازە، دەرکەوتووە کە ئەوانەی شۆفێری تەکسی بوون و لە کارەکەیاندا جووڵەیان کەمبووە، بە بەراورد بە ئەوانەی کاریان پاسەوانی بووە و جووڵەیان هەبووە، زیاتر تووشی کێشە و نەخۆشییەکانی دڵ بوون.
  2. تەمەن کورت دەبێت: ئەگەر بەدرێژایی ڕۆژ بۆ ماوەیەکی زۆر دابنیشیت، ئەوا تەنانەت وەرزشکردنیش ناتوانێت ڕێگا لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی زۆر دانیشتن لەسەر تەمەن بگرێت، هەڵبەت ئەمەش بەواتای ئەوە نایەت واز لە هۆڵی وەرزشی و وەزشیش بهێنن، بەڵام دەتوانن جووڵەی زیاتر و زیاتر بۆ ژیانتان زیاد بکەن و تەمەنتان لە کورتی بپارێزن.
  3. ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی لەبیرچوونەوە زیاد دەکات.
  4. کاریگەرییە ئەرێنییەکانی وەرزشکردن لەناو دەبات.
  5. ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی شەکرە زیاد دەکات: پزیشکەکان پێیان وایە زۆر دانیشتن کاریگەری لەسەر شێوازی وەڵامدانەوەی جەستە هەیە بۆ ئەنسۆلین و ئەو هۆڕمۆنانەی کە یارمەتی سووتاندنی شەکر و کاربۆهیدراتەکان دەدەن بۆ بەرهەمهێنانی وزە.
  6. قەڵەوی: ئەگەر لەڕۆژێکدا بەردەوام دابنیشیت و خەریکی سەیرکردنی تەلەڤزیۆن و گەڕان بەناو ئینتەرنێتدا بیت، بێگومان قەڵەوی یەخەت دەگرێت.
  7. دڵەڕاوکێ لەناخدا زیاد دەکات: دانیشتنی بەدیار لاپتۆپ و کۆمپیوتەرەوە بۆماوەیەکی زۆر، دەبێتە هۆی دروستبوونی دڵەڕاوکێ، تەنیابوون و دوورکەوتنەوە لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، دوورکەوتنەوە لە کەسە ئازیزەکانت، هەموو ئەمانە دەتوانن کێشەی فشاری کۆمەڵایەتی دروست بکەن.
  8. ئازاری پشت دروست دەکات: زۆر دانیشتن کاریگەری خراپی لەسەر ماسولکەکانی مل و بڕبڕەی پشت هەیە، ئەگەر بەشێوەیەکی دروست دانەنیشیت بارودۆخەکە خراپتریش دەبێت، بۆ ئەوەی تووشی ئازاری پشت نەبیت، پێویستە کورسییەکی گونجاو پەیدا بکەیت. بۆئەوەی بڕبڕەی پشتت ڕێک بێت و نەچەمێتەوە، هەر نیو کاتژمێر جارێک هەڵسە و بۆ ماوەی یەک بۆ دوو خولەک بگەڕێ.
  9. دروستبوونی دەوالی لەسەر قاچەکان: بەهۆی زۆر دانیشتنەوە، خوێن لە قاچەکاندا گیر دەخوات لەئەنجامی فشار لەسەر خوێنبەرەکان، دەئاوسێن و دەبێتە هۆی دەوالی.
  10. زیان بە پووکانەوەی ئێسک دەگەیەنێت: ئەو کەسە بەساڵاچووانەی کە لە ڕۆژدا جووڵەیەکی کەمیان هەیە، زیاتر تووشی پووکانەوەی ئێسک و لاوازی دەبن بە بەراورد  بە کەسانی تر.
  11. ئەگەری دووچاربوون بە شێرپەنجە زیاد دەکات: بەهۆی زۆر دانیشتنەوە ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی ڕیخۆلە ئەستوورە، سییەکان زیاد دەبێت.

چۆن خۆمان بەدوور بگرین لە زۆر دانیشتن؟

هەوڵبدە لەماوەی ڕۆژەکەدا زیاتر چالاک بیت، هەر نیو کاتژمێر جارێک هەستە و هەندێک جووڵە ئەنجام بدە، لە ژینگەی کارەکەت یان لە ماڵەوە و ژوورەکەتدا بگەڕێ هەندێک لە کارەکانی سەر کۆمپیوتەرەکەت بەپێوە ئەنجام بدە.


سەرچاوەکان



445 بینین