چاندنی داری کیوی  

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-08-24-23:45:00 - کۆدی بابەت: 10000
چاندنی داری کیوی  

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چاندنی داری کیوی (بە عەرەبی: زراعة شجرة الكيوي، بە ئینگلیزی: Planting kiwi tree)، داری کیوی لە باخچەکاندا دەچێنرێت لەکاتێکدا زۆرینەی خەڵکی وادەزانن کە کارێکی قورسە و بەرهەمی نابێت، دوو جۆری سەرەکی هەیە یەکێکیان لە بنەڕەتدا تایبەت بووە بە ناوچەی ئاووهەوا مامناوەندەکانی باشووری ڕۆژاوای چین، کە ئەورووپییەکان سەرەتا پێیان وتووە ترێی ڕێوی چینی دواتر لە سەرەتاکانی سەدەی بیستدا گوازراوەتەوە بۆ کیشوەرەکانی تر و ئەم جۆرە کیوییەی ئێستا پەرەی سەندووە، جۆرەکەی تریش تایبەت بووە بە ناوچەکانی چین و کۆریا لەگەڵ ژاپۆن.

دار کیوی ئێستا بەرهەمێکی قاوەیی کوڵکن دەگرێت و قەبارەکەی لە هێلکەیەکی مریشک گەورەترە، هەر دارێکی تەنها یەک ڕەگەزە واتە یان نێرینەیە یاخود مێینە، نێرینەکان تەنها گوڵدەگرن بەڵام مێینەکان گوڵدەگرن و بەرهەمیشیان دەبێت، وەرزی چاندنی لە بەهاردایە و کاتێک کە بەتەواوەتی مەترسی و هەڕەشەی سەرما نەمێنێت ئەوا دەچێنرێت، پاش تێپەڕبوونی ٣-٥ ساڵ لە چاندنی بەر دەگرێت بۆیە خەڵکی بە دارێکی هێواش ناویدەبەن، پاش گەشەسەندن درێژییەکەی دەگاتە زیاتر لە شەش مەتر و پانییەکەشی دەگاتە ٤.٥ مەتر.  

هەنگاوەکانی چاندن بە نەمام

  • سەرەتا پێویستە خاکێکی گونجاو کە ئاو کەڵەکەنەبێت تێیدا هەڵبژێردرێ، دواتر چاڵێک کە ٣-٤ مەتر لە درەختی ترەوە دووربێت هەڵبکۆڵرێت.
  • نەمامە کیوییەکە لە چاڵەکەدا بچێنرێت.
  • لە سەرەتای چاندنیدا پێویستە ئاوی باشی پێبدرێت، دواتر لە ئاووهەوای وشک و گەرمدا پێویستی بە ئاودانە.

هەنگاوەکانی چاندن بە تۆو

  • لێکردنەوەی تۆوەکەی لە میوەیەکی کیوی دواتر بۆ ماوەی دوو ڕۆژ چاوەڕێکردنی وشکبوونەوەی تۆوەکە.
  • چاندنی تۆوەکە لە ئینجانەیەکدا و هێشتنەوەی بە شێداری بۆ ماوەی دوو مانگ.
  • داپۆشینی ئینجانەکە و جێگیرکردنی لە جێگەیەکی خۆرەتاودا.
  • کاتێک تۆوەکە چەکەرە دەکات بەرگی سەر ئینجانەکە لاببرێت.
  • دوای ئەوەی چەند سانتیمەترێک گەشەدەکات، دەکرێت بگوازرێتەوە و لە خاکدا بچێنرێت.

شێوازی گرنگیپێدان

ئەم جۆرە دارە پێویستی بە خۆری تەواوە لەگەڵ خاکێکی کەمێک ترش یان هاوکێش، لە وەرزەکانی بەهار و هاویندا خونچە دەگرێت و ڕەنگی گوڵەکەشی سپییە، جێگەی چاندنیشی دەبێت لە ناوچەیەکدابێت کە لە مەترسی با و ڕەشەبا بیپارێزێت، هەروەها خاکەکەشی دەبێت بەتەواوەتی وشکببێتەوە پاش ئاودانی چونکە کەڵەکەبوونی ئاو دەبێتە هۆی سیسبوونی ڕەگەکەی، لە ساڵی یەکەمیدا پێویستی بە پەین و ماددەی خۆراکی نییە بەڵام لە ساڵەکانی دواتردا و لە وەرزی بەهاردا پێویستی بە زیادکردنی ماددەی خۆراکییە بۆ بەپیتکردنی خاکەکەی.

بەرهەمەکەی لە نێوان مانگەکانی ٩-١٠ گەشەدەکات و ئامادە دەبێت بۆ لێکردنەوە، پاشان دەکرێت بۆ ماوەی شەش هەفتە لە بەفرگردا هەڵبگیرێت، جگە لە ئەمانەش داری کیوی پێویستی بە هەڵپاچین هەیە، بەڵام کاتەکەی بەگوێرەی ڕەگەزەکانی دەگۆڕێت، دارە نێرینەکان لە هاویندا و پاش تەواوبوونی گوڵگرتن دەبڕێن، بەڵام مێینەکان دەبێت لە زستاندا هەڵبپاچرێن.  


سەرچاوەکان



249 بینین