شانشینی مەڕەوی

له‌لایه‌ن: - پەرژین عومەر پەرژین عومەر - به‌روار: 2022-09-20-23:18:00 - کۆدی بابەت: 10324
شانشینی مەڕەوی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

شانشینی مەڕەوی (بە عەرەبی: المملكة مروي، بە ئینگلیزی: kingdom of Meroiشانشینی مەڕەوی دەکەوێتە سەر كەناری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری نیل لە دووری ٢٠٠ کیلۆمەتر لە باکووری خاکی سوودانەوە، بەهۆی ئەوەی لە نێوان ڕووباری نیل و عەتبەرادا بوو زەوییەکی کشتوکاڵی گەورەی هەبوو، لە ناوچەیەکی دەشتەکیی و بە پيت پێی دەوترێت بەتانە، بەپیتی و باشی ناوچەکە بووە هۆکاری ئەوەی کە پاشاکانی کۆشین گرنگی پێبدەن، هەروەها جوگرافیای بەندەری ناوچەکە وا هەڵکەوتبوو کە گونجاو بێت بۆ هاتوچۆی بەلەمەکان و جموجوڵی بازرگانی بەهۆی ئەوەی بەشی باکووری ئەم شانشینە لە نێوان میسڕ و دەریای سپی ناوەڕاستدا بوو، باشووریشی لەنێوان ئەفریقادا بوو.

مێژووی شانشینی مەڕەوی

پاش ڕووخانی سەردەمی برۆنز لە سەدەی هەشتەمی پێش زایین، پاشایەتی کوشین میسڕی داگیرکرد و خۆی وەکوو ٢٥ـەمین فیرعەونی نێو خێزانی فیرعەونەکان ڕاگەیاند، مەڕەوی دامەزراند بۆ ئەوەی ببێتە پایتەختی کارگێڕیی دەسەڵاتەکەی و مەزاری شاهانەی هەڕەمی لە ناوەندی ناوچەکەدا دامەزراند، بەهۆی دووری مەڕەوی لە شارستانیەتی ناوچەکانی دەوروبەری مەڕەوی شارستانیەتی ڕۆشنبیری و هونەری و فێرکردنی خۆی پێکهێنا، پاش مردنی کیلۆپاترا و ڕووخانی بنەماڵەی دەسەڵاتداری میسڕ لەسەر دەستی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی، میسڕ بوو بە هەرێمێک لە ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی، شانشینی مەڕەوی له دەرئەنجامی تێکشکانی ئابووری و سیاسیەوە دەستی بە داڕمان کرد بەهۆی تێکچوونی بازرگانیەکەی لەگەڵ ویلایەتەکانی نیل و هەروەها ئەو جەنگانەی لە سەدەی سێیەمی پاش زایین تووشیان بووە. 

ئابووری شانشینی مەڕەوی

ئەو پەیکەرانەی کە لە شوێنەوارەکانی شانشینی مەڕەوی دۆزراونەتەوە، ئاماژە بە هەبوونی هەوڵی کشتوکاڵی لە خاکی مەڕەوی دەکات، لەوێ گەنمەشامی و ترێ و پەم و خورمایان دەچاند، سامانی ئاژەڵداریش پێکهاتەیەکی تری ئابووری ئەو شانشینە بووە، ئەسپیان هەناردە دەکرد و سوودیان لێدەبینی بۆ پڕ چەک کردنی سەربازەکانیان، مانگا و بزنیان ڕادەگرت سوودیان لە شیرەکەی وەردەگرت ڕاوە ماسییان دەکرد، هەروەها لەو پاشماوانەدا وێنەی خوانەکانیان کێشرابوو کە پڕ بوون لە گۆشت بەهۆی زۆری سامانی مەڕوماڵاتەوە، هەروەها گرنگیدان بە بازرگانی سەرچاوەی بووژانەوەی ئابووری ئەم شانشینە بوو بە هۆی بەپیتی و باشی ناوچەکەوە بازرگانی بە هەردوو جۆری ناوەکی و دەرەکی زیادی کردووە، خەڵکی مەڕەوی زێڕ و کەڵبەی فیل و ئەسپ و دانەوێڵە و چەرم و داریان هاوردە دەکرد.

پیشەسازی لە شانشینی مەڕەوی

ئەم شانشینە لە ڕووی پيشەسازییەوە خەڵکەکەی بە پیشەسازی گڵکاری و نەخش و نیگار ناوبانگیان هەبوو کە بە وێنەی ئاژەڵ و مرۆڤ ڕازێنرابوونەوە، شێوەی ئەندازەیی لە دوو شێوازدا بوون، کاری دەستی کە ژنان ئەنجامیان داوە لە شێوەکانیاندا گۆزەیان تێدایە هەروەها پیشەسازییەکانی ئەو چەرخەی کەپیاوان کاری گڵکارییەکانیان لەسەر دروستدەکەن، ئەو فڕنانەیان دروست دەکرد کە یارمەتیدەر بوون بۆ دروستکردنی گۆزە و کاری دەرهێنانی ئاسنيان لە تاشە بەردەکان دەکرد، سەرەڕای ئەوەش خەڵکی مەڕەوی بە کانزاسازی بەناوبانگبوون گرنگیان بە تەکنیکی کانزا داوە باشترینی جیهان بوون لەو سەردەمەدا، بوونی ئەو فڕنە گەورانە لە پاشماوەکانیان ئاماژەن بۆ کاری کانزاسازی کە تێیدا ئاسنیان دەتواندەوە بۆ دروستکردنی ئەو ئامرازانەی کە پێوستیان بوو، چەک و چەقۆ و ئامرازی کشتوکاڵیان دروست دەکرد، ئامرازی ڕازاندنەوە وەک پاوانە و گوارە و بازن و هەروەها کەوچک و مقەست و ئامێرەکانی نەشتەرگەریشیان دروست دەکرد.

نەریتی ئایینی شانشینی مەڕەوی

خەڵکی مەڕەوی خوداوەندی هەمەجۆریان دەپەرست، خوداوەندی سەرەکیان هەبوو بەناوی (ئامۆن) کە لە ڕێگەی چەندین پەیکەرەوە وێنەیان کێشابوو کە لە پەرستگاکانیاندا دۆزراونەتەوە لەگەڵ پەیکەری خوداوەندەکانی تر کە تێیدا گوزارشتیان لە کرداری هەریەکێک لە پەیکەرەکان دەکرد، پەرستگا و دامەزراوە ئایینیەکانیان دروست کرد کە دواتر لە ئایینی بوونەوە بەرەو دەستتێوەردانی سیاسی لە کاروباری هاوڵاتیان و لە پاشایەتییدا گەشەیان پێدرا، ژمارەی پەرستگاکانی مەڕەوی کە لە جوانترین شێوە شارستانییەکاندا دروست کرابوون زۆر بوون کە گرنگترینیان پەرستگای (بەرکل) و پەرستگای (تەهارقا) کە پڕن لە پەیکەر و بتی ئەو پاشایانەی کە فەرمانڕەوایی ئەو شانشینەیان دەکرد و ئەو خوداوەندانەی کە دەیان پەرست، هەموو ئەمانە بەتەواوەتی دەرکەوتوون لە نەخش و وێنە کێشراوەکانیان کە تێیدا گوزارشتیان لە ڕێوڕەسمە ئایینییەکان و میوزیکژەنان و ئامێرە مۆسیقییەکان دەکرد.

بیری سیاسی لە شانشینی مەڕەوی

حکوومەت کە کاروباری شانشینی ڕێکخستبوو پاسەوانی لە دەوروبەری ناوچە شاخاوییەکان دانابوو کە خەڵکی شانشینەکە لەوێ بە دەرهێنانی کانزا و بەرهەمهێنانی پیشەسازییەوە خەریکبوون، بۆ ئەوەی بەرپەرچی ئەو هێرشانەی بدەنەوە کە لەلایەن (سافانا)ـەوە تووشی دەبوون کە لەو سەردەمەدا مەترسی سیاسی بۆ سەر چالاکی بازرگانی لە مەڕەوی دروست کردبوو، سەرەڕای ئەو جەنگ و ناکۆکییە سیاسیانەی کە لە شانشینی مەڕەوی سەری هەڵدابوو سەرکردایەتی سوپا سەرکەوتوو بوو بە زیندوو هێشتنەوەی ئەم شانشینە بۆ ماوەی هەزار ساڵ بەبێ ڕووخانیان، خەڵکی مەڕەوی چەک و کەرەستەی جەنگیان دروستکرد بوو و خوداوەندی شەڕی خۆیان کە ناوی (ئابادماک) بوو بەکارهێنا و تەنانەت پەرستگایەکی پاشایەتییان بۆ دانا کە بە تیروکەوان و شمشێر و ڕم وێنە کێشرابوو، هەروەها فەرمانڕەواکانی مەڕەوی خواستیان لە وەرگرتنی ئەزموونی هونەر و پیشەگەرانی هەموو جۆرە وڵات و شانشینێک بوو بۆ بەرهەمهێنانی چەک و ئامرازی جەنگی قورس و بەرهەمی جۆراوجۆر، چونکە پەیوەندی نێوان دەوڵەتەکان لەسەر بنەمای کێبڕکێی سیاسی و بازرگانی بووە، ئەم پەیوەندییانە هەندێک جار گۆڕانکاری بەسەردا دەهات و هەندێک جار هاوپەیمانبوون هەندێک جاری تر لەشەڕدابوون.


سەرچاوەکان



363 بینین