مووسا عەنتەر

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-11-01-15:27:00 - کۆدی بابەت: 10383
مووسا عەنتەر

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

مووسا عەنتەر (بە ئینگلیزی: Musa Anter، بە عەرەبی: موسى عنتر) نووسەر و ڕۆژنامەنووس و ڕووناکبیرێکی کوردە و کەسایەتییەکی چالاک بووە، لە ئەیلوولی ١٩٩٢ لەلایەن هێزی جەندرمەی تورکەوە تیرۆر کراوە.

لەدایک بوون
شێخمووس ١٩٢٠ 
نوسێبین، باکووری کوردستان
کۆچی دوایی ٢٠ی ئەیلوولی ١٩٩٢ (تەمەن ٧١-٧٢ ساڵ)
دیاربەکر
هۆکاری مردن تیرۆر کراوە
ڕەگەز کورد
ناوی تر مامە مووسا
هاووڵاتی تورکیا
پیشە نووسەر، چالاکی سیاسی
باوترین بەرهەم Ferhenga Kurdî
حیزبی سیاسی پارتی کرێکاری گەل
هاوسەر
ئایشە حەنیم

تەمەنی سەرەتایی و پەروەردە

مووسا لە ساڵی ١٩٢٠ لە گوندی نسێبین لەدایکبووە. لە بنەڕەتدا بە ناوی شێخ شەیحموسەوە ناوی شێحموس ئەڵماس بووە و ئەلماسیش ئەو پاشناوە بووە کە دەسەڵاتدارانی تورکیا پێیان داوە، دواتر ویستوویەتی ناوی بنرێت مووسا عەنتەر. ڕێکەوتی لەدایکبوونی بەتەواوی نازانرێت، سەرەتا وەک لەدایکبووی ساڵی ١٩٢٤ تۆمارکراوە، دواتر لە ساڵی ١٩٢٠. خوێندنی سەرەتایی لە ماردین تەواو کردووە، پاشان لە قۆناغی ناوەندی و ئامادەیی لە شاری ئەدەنە خوێندوویەتی. لە کاتی خوێندنی ئامادەییدا، یاخیبوونی دەرسیم بە سەرۆکایەتی سەید ڕەزا دەستی پێکرد، کە وایکرد مووسا تووشی ناکۆکی لەگەڵ هاوپۆلەکانی تریدا ببێت کە تورک بوون و بەهۆی ئەمەشەوە بۆ ماوەیەکی کەم دەستبەسەر کرا. تا ساڵی ١٩٤١ بۆ خوێندنی یاسا بەرەو ئیستەنبووڵ بەڕێکەوت. لە ماوەی خوێندنی لە زانکۆ زۆرجار لە پشووی هاویندا دەچووە سووریا و لەگەڵ ڕووناکبیرانی ناسیۆنالیستی کوردی وەک جەلادەت و کامەران بەدرخان، قەدری و ئەکرەم جەمیلپاشا، نووری زازا، نووری دەرسیمی و قەدریجان، ئۆسمان سەبری، هاکۆ ئاغا و حەسەنی کوڕی، مەلا ئێلی ئونوس، تەوفۆ جزیری و جگەرخوێن کۆدەبوویەوە و گفتوگۆی دەکرد.

ساڵی ١٩٤٤ لەگەڵ ئایشە حانیم کچی عەبدولڕەحیم ڕەحمی زاپسو هاوسەرگیری دەکات. ئایشە ئەندامی بنەماڵەیەکی بەرزی کورد بوو و لە قوتابخانەیەکی ئەڵمانی لە ئیستەنبووڵ خوێندبووی. مووسا دوای خزمەتی سەربازی لە سوپای تورکیا، لە دیاربەکر نیشتەجێ دەبێت و لەوێ بووە بە بەڕێوەبەری هۆتێلێک لە نزیک بنکەی سەربازیی ناتۆ.

پیشە و چالاکی سیاسیی کوردی

مووسا بە کاری ڕۆژنامەوانیی خۆی چالاکانە پەرەی بە بەکارهێنانی زمانی کوردی دەدا، ئەمەش بووە هۆی گێژاوییەکی زۆر لە ماوەی ژیانیدا. لە ماوەی ساڵانی پەنجاکانی سەدەی بیستەم سێ دەزگای ڕاگەیاندنی دامەزراندووە بە ناوەکانی (Şark Mecmuasi) شارک مەجمواسی لە ساڵی ١٩٥١، (Şark Postasi) شارک پۆستاسی لە ساڵی ١٩٥٤و (Ilery Yurt) ئیلێری یورت لە ساڵی ١٩٥٨. دوای ئەوەی ساڵی ١٩٥٩ شیعری (Qimil) بە زمانی کوردی لە ڕۆژنامەی ئیلەری یورت بڵاودەکاتەوە، عەنتەر دەستگیر دەکرێت. دەستگیركردنی ئەو شەپۆلێكی ناڕەزایی كوردی لێكەوتەوە، كە دوای ئەوە دادگاییكردن لە دژی ٥٠ ڕووناکبیری تری کوردیش دەستیپێكرد، كە بە كەیسی ٤٩ ناسرابوو. دوای مانەوەی لە زیندان بۆ ماوەیەک، زۆری نەخایاند بەهۆی لێبوردنێکەوە ئازادکرا. لە ساڵی ١٩٦٣ مووسا عەنتەر و ٢٣ ڕووناکبیری تر دەستبەسەر کران و سزای سێ ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێندرا کە گوایە هەوڵی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردییان داوە. لە ساڵی ١٩٦٤ ئازاد کرا، لە هەڵبژاردنی گشتیی ساڵی ١٩٦٥ وەک کاندیدێکی سەربەخۆ لە دیاربەکر خۆی هەڵبژارد بەڵام هەڵنەبژێردرا. ساڵی ١٩٦٧ فەرهەنگێکی کوردی بەناوی (Ferhenga Kurdî) بڵاو دەکاتەوە. لە ساڵی ١٩٧٠ یەکێک بووە لە تۆمەتبارەکانی دادگاییکردنی ئەندامانی کۆشکی ڕۆژهەڵاتی فەرهەنگی شۆڕشگێڕ (DDKO) و دوای ئازادکردنی دەچێتە گوندێکی سەر بە قەزای نوسێبین. دوای کودەتاکەی ساڵی ١٩٨٠، ماوەیەکی کەم بە تۆمەتی "پڕوپاگەندەی کوردی" لە نوسێبین زیندانی کرا. لە حوزەیرانی ١٩٩٠ یەکێک بووە لە ٨١ ئەندامی دامەزرێنەری پارتی کرێکارانی گەل (HEP). دواتر پاڵپشتی لە دامەزراندنی ناوەندی ڕۆشنبیریی میزۆپۆتامیا لە ساڵی ١٩٩١ و دامەزراوەی کوردی لە ئیستەنبووڵ لە ساڵی ١٩٩٢ کردووە.

تیرۆرکردن

عەنتەر لە ٢٠ی ئەیلوولی ١٩٩٢ کاتێک وەک میوانی فێستیڤاڵی کولتوور و هونەر بانگهێشتی ئامەد کرابوو لە ڕووداوێکدا خرایە بۆسە و تەقەی لێکرا و کوژرا. لە هەمان ڕووداودا ئۆرهان میرۆئۆغڵوش بە سەختی بریندار بوو. زۆرێک پێیان وایە لەبەر ئەوەی پەکەکە نەیتوانیوە مووسا عەنتەر بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە کە ماوەیەک بەو هۆیەوەش ناسناوی ناپاکیان لێ نابوو، بە شێوەیەک لە شێوەکان دەستی لە کوشتنیدا هەبووە، بەڵام بکوژی سەرەکی مووسا ژیتەم بووە.

ساڵی ٢٠١٢ حەمید یەڵدرم کە خەڵکی شرناخ بوو وەک بکوژی ڕاستەوخۆی مووسا دەستگیر کرا.

چیرۆکی ڕووداوەکە

ئۆرهان دەڵێت: ئێمە لە میوانخانەیەک بووین و ئەو کەسەی کە ناوی حەمیدە هات، کارمەندی پرسگەکەش پێی وت ئەو کەسەی چاوەڕێی بوویت هات. سواری تاکسییەک بووین و من لە پێشەوە دانیشتم، مووسا و حەمیدیش لە دواوە دانیشتن، بەڵام حەمید پێش ئەوەی سەر بکەوێت سەیری ڕاست و چەپی کرد، بەڵام هۆکاری نائارامییەکەی ئەوەبوو نەیزانیبوو مووسا کەسێکی تریشی لەگەڵدایە و وایدەزانی مووسا زانیویەتی کە دەڕفێنرێت. سەرەتا شۆفێرەکە بە ڕێگایەکی هەڵەدا ڕۆشت، دواتر کە پێموت ئێرە کوێیە و دڵنیامان کردەوە، گەڕایەوە سەر ڕێگای سیلوان. ڕۆشتینە ئەو ناوچەی بۆ ئاوارەکانی هەڵەبجە دروست کرابوون و لەوێ ڕۆشتە کۆڵانێک، بەدوای ماڵێکدا دەگەڕا لە کۆڵانەکاندا، بەڵام هیچ جۆرە ماڵێکی لەو شێوەیە نەبوو و لە هەرکەسیشی دەپرسی دەیانوت نایزانین، بەڵام لە ڕاستیدا ئەو بەدوای شوێنێکی گونجاودا دەگەڕا بۆ کوشتنمان. دواتر گەیشتە سەرسوچی کۆڵانێک، کۆڵانی ژمارە ٣٦ و لەوێ مووسا وتی با بگەڕێینەوە و بە زمانی کوردی بە منی وت: "ئەم کابرایە خۆشی نازانێت بۆکوێ دەچێت". بەڵام لەوکاتەدا حەمید وتی دۆزیمەوە و ئێمەش بەرەو کۆتایی کۆڵانەکە ڕۆشتین. لەوێ مووسا وتی ئەمانە کۆمەڵێک دانپێدانەری ڕاستگۆن و هاتوون لەگەڵ پەکەکە ئاشت ببنەوە، من ڕاستەوخۆ لەو کاتەدا زانیم خراوینەتە تەڵەوە بەڵام هیچ دەرچەیەکی ڕزگاربوونمان نەبوو. من لە حەمیدم پرسی کە ئایا ئەو ماڵەی بۆی دەڕۆین ئێرەیە؟ وتی بەڵێ و ڕاستەوخۆ چەکەکەی دەرهێنا و ١٣ فیشەکی پێوە ناین. مووسا کەوت و منیش ویستم ڕابکەم بەڵام کەوتم چونکە بریندار بووم، دواتر فیشەکێکی تری لە پشتم دا.  

ئومێت جزیری دەڵێت عەبدولقادر ئایگان، ئەندامی پێشووی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کە هەواڵدەری جەندرمەی تورکیا بوو لەنێو ئەو پارتەدا، لەگەڵ کەسێکی تر بەناوی حەمید کە خەڵکی شرناخ بووە هەستاون بە تیرۆرکردنی مووسا عەنتەر. جەم ئەرسەڤەر فەرماندەی باڵای پێشووی سوپای تورکیا، دەڵێت کە کوشتنەکە لەلایەن عەلائەدین کەنات، ئەندامی پێشووی پەکەکە ئاسانکاری بۆ کراوە، کە ماوەیەکی کەم پێش تیرۆرکردنەکە ئازادکرا. ئایگان لە ڤیدیۆیەکدا ڕایدەگەیەنێت کە ئەوان (یەشیل، موستەفا دێنیز) چوونەتە سەر پردەکەی سیلوان، منیش لەگەڵ هۆگر بووم و فەرمانی کوشتنەکە درابوو بە هۆگر، حەمید دوای ئەوەی ئەوانی کوشت بە بێتەل لە کوشتنەکە ئاگاداری کردینەوە. هۆگر وتی چیتکرد؟ ئەویش وتی ناچاربووم تەقەیان لێ بکەم گومانیان کردبوو.

ئۆزگور پۆلیتیکا و ڕۆژنامەی بزوتنەوەی گولەن کە دواتر قەدەغە کرا، بانگەشەی ئەوەی کرد کە تاوانبارەکە کەسێکە بەناوی موراد ئیپەک کە هەڵهاتووی پەکەکە بووە و فەرمانی کوشتنەکەی ڕاستەوخۆ لە مەحموود یەڵدرم وەرگرتووە. دوای لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی زۆر، هه‌واڵگری و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆری جه‌ندرمه‌ی توركیا به‌ تاوانی تیرۆركردنی عه‌نته‌ر له‌ ساڵی ٢٠٠٦ له‌لایه‌ن دادگای مافی مرۆڤی ئه‌ورووپاوه‌ سزادرا، كه‌ سزای غه‌رامه‌كردنی ٢٨ هه‌زار و ٥٠٠ یۆرۆ بوو. دەوترێت دادگایەکی دیاربەکر لە ساڵی ٢٠١٣دا چوار کەسی بە تاوانی کوشتنی عەنتەر تۆمەتبار کردووە، لەوانە مەحموود یەڵدرم و عەبدولقادر ئایگان.

ژیانی تایبەت

مووسا عەنتەر لەگەڵ ئایشە حەنیم لە ساڵی ١٩٤٤ هاوسەرگیریان کردووە، هاوسەرەکەی لە نەوەی بەدرخانەکان بووە و خزمایەتی لەگەڵ سیاسەتمەداری ئاکەپە "کونەید زاپسو" بووە. باوکی سێ منداڵە.


سەرچاوەکان



487 بینین