مەترسییە تەندروستییەکانی پەیوەست بە قەڵەوی

له‌لایه‌ن: - بەنان ئەحمەد بەنان ئەحمەد - به‌روار: 2022-12-15-04:01:00 - کۆدی بابەت: 10664
مەترسییە تەندروستییەکانی پەیوەست بە قەڵەوی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

مەترسییە تەندروستییەکانی پەیوەست بە قەڵەوی (بە ئینگلیزی: Health Risks Linked to Obesity، بە عەرەبی: المخاطر الصحية المرتبطة بالسمنة) قەڵەوی ئاماژەیە بۆ حاڵەتێک کە نیشاندەری بارستایی جەستەی کەسێک (BMI) ٣٠ یان زیاتر بێت.

قەڵەوی دەبێتە هۆی چ نەخۆشییەک؟

قەڵەوی ئەگەری تووشبوون بەم نەخۆشیانە زیاد دەکات:

هەموو ئەو کەسانەی بەدەست قەڵەوییەوە دەناڵێنن تووشی ئەم نەخۆشیانە نابن، بەڵام مێژووی خێزانی تووشبوون بە هەریەکێک لەم نەخۆشییانە مەترسییەکان زیاد دەکات. دابەشبوونی کێشی کەسەکەش گرنگە. ئەگەر کێشەکە زیاتر لە سکدا بوو، مەترسیدارترە لەوەی کە کێشەکە لە دەوری سمت و ڕانەکان چڕ بووبێتەوە.

نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتە

زیادبوونی کێش ئەگەری بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و کۆلیسترۆڵ زیاد دەکات. ئەم نەخۆشییانە مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتە زیاد دەکەن. هەواڵە خۆشەکە ئەوەیە کە دابەزاندنی کێش دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ یان جەڵتە. هەروەها سەلمێنراوە کە دابەزاندنی کێشی زیاتر دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی زیاتری ئەگەری تووشبوون بەم نەخۆشییانە.

شەکرەی جۆری دووەم

زۆربەی ئەو نەخۆشانەی نەخۆشی شەکرەی جۆری دوویان هەیە کێشیان زیادە یان قەڵەون. دەتوانیت مەترسی تووشبوونت بە نەخۆشی شەکرەی جۆری دووەم کەم بکەیتەوە بە دابەزاندنی کێش, پەیڕەوکردنی خۆراکی هاوسەنگ, خەوتنی پێویست و وەرزشکردنی زیاتر. ئەگەر نەخۆشی شەکرەی جۆری دووەمت هەیە، دابەزاندنی کێش و چالاکیی جەستەیی زیاتر دەتوانێت کاریگەر بێت بۆ کۆنترۆڵکردنی شەکری خوێن. هەروەها چالاکیی زیاتر دەتوانێت پێویستیت بە خواردنی دەرمانی شەکرە کەم بکاتەوە.

شێرپەنجە

شێرپەنجەکانی پەیوەست بە قەڵەوی بریتین لە شێرپەنجەی کۆڵۆن، شێرپەنجەی مەمک (دوای وەستانی سوڕی مانگانە)، شێرپەنجەی ناوپۆشی منداڵدان، شێرپەنجەی گورچیلە و شێرپەنجەی سورێنچک. جگە لەوەش هەندێک توێژینەوە ئاماژەیان بە پەیوەندی نێوان قەڵەوی و شێرپەنجەی زراو، هێلکەدان و پەنکریاس کردووە.

نەخۆشیەکانی زراو

نەخۆشییەکانی زراو و بەردی زراو زیاترە لە نێو ئەو کەسانەی كە کێشیان زیادە. خاڵە سەرنجڕاکێشەکە ئەوەیە کە دابەزاندنی کێش بە تایبەت دابەزاندنی کێش بەشێوەیەکی خێرا یان زۆر دەتوانێت ئەگەری دروستبوونی بەردی زراو زیاد بکات. دابەزاندنی کێشی لەش بە ڕێژەی ١ پاوەند لە هەفتەیەکدا ئەگەری تووشبوون بە بەردی زراو کەمدەکاتەوە.

هەوکردنی جومگەکان

هەوکردنی جومگەکان جۆرێکە لە نەخۆشی جومگەکان کە زۆرجار لە ئەژنۆ، حەوز و پشت ڕوودەدات. هەڵگرتنی کێشی قورس فشارێکی زۆر دەخاتە سەر ئەم جومگانە و دەبێتە هۆی تێکچوونی كڕكڕاگە کە دەیانپارێزێت. دابەزاندنی کێش دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی فشار لەسەر ئەژنۆ، حەوز و پشت و نیشانەکانی هەوکردنی جومگەکان باشتر دەکات.

نەخۆشی پاشا

نەخۆشی پاشا نەخۆشییەکە تووشی جومگەکان دەبێت و کاتێک ڕوودەدات کە ڕێژەی ترشی یوریک لە خوێندا دەگاتە ئاستێکی زۆر بەرز. ئەم ترشە یوریکە زیادەیە دەبێتە هۆی دروستبوونی کریستاڵ کە لە جومگەکاندا دەنیشێتەوە. ئەم نەخۆشییە زیاتر لە كەسانەدا كە کێشیان زیادە ڕوودەدات. تا کێشی جەستە زیاتر بێت، مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی پاشا زیاترە. گۆڕانی لەناکاوی کێش لە ماوەیەکی کورتدا دەبێتە هۆی هێرشی نیشانەکانی نەخۆشی پاشا. ئەگەر پێشینەی نەخۆشی پاشات هەیە، دڵنیابە ڕاوێژ بە پزیشکەکەت بکە بۆ دۆزینەوەی باشترین ڕێگە بۆ دابەزاندنی کێش.

وەستانی هەناسە لە كاتی خەودا

وەستانی هەناسە لە کاتی خەودا كێشەیەكی هەناسەدانە و پەیوەندی بە قەڵەوییەوە هەیە. وەستانی هەناسەدان لە کاتی خەودا دەبێتە هۆی پرخەپرخێكی قورس و وەستانی هەناسەدان بۆ ماوەیەکی کاتی لە کاتی خەوتندا. هەروەها دەبێتە هۆی ئەوەی مرۆڤ لە ڕۆژدا هەست بە خەواڵوویی بکات و ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتە زیاد دەکات. زۆرجار دابەزاندنی کێش دەبێتە هۆی باشترکردنی وەستانی هەناسەدان لە کاتی خەودا.


سەرچاوەکان



240 بینین