نیمچە دوورگەی عەرەبی

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-12-23-20:23:00 - کۆدی بابەت: 10759
نیمچە دوورگەی عەرەبی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و شوێنی جوگرافی

نیمچەدوورگەی عەرەبی یان نیمچەدوورگەی عەرەب یاخود نیمچە کیشوەری عەرەبی (بە عەرەبی: شبه الجزيرة العربية، بە ئینگلیزی: The Arabian Peninsula) نیمچەدوورگەی عەرەبی دەکەوێتە ئەوپەڕی باشووری ڕۆژاوای کیشوەری ئاسیا لە نزیک خاڵی یەکگرتنی هەردوو کیشوەری ئاسیا و کیشوەری ئەفریقا و بە گەورەترین نیمچە دوورگەی جیهان دادەنرێت.

لە نیمچەدوورگەی سینا و کەنداوی عەقەبەوە دەستپێدەکات و بەدرێژایی دەریای سوور درێژدەبێتەوە کە لە بەشی باکووری ڕۆژاوای سنووری ئاوی دوورگەکە پێکدەهێنێت، لەگەڵ دەریای عەرەبی کە بەشێکە لە زەریای هیندی لە باشوورەوە لە گەرووی بابولموندب یەکدەگرن. هاوکات لە باشووری ڕۆژهەڵاتەوە کەنداوی عوممان و کەنداوی عەرەبی هاوسنوورین. نیمچەدوورگەی عەرەبی بەشێکی گرنگی کیشوەری ئاسیایە چونکە ڕۆڵێکی جیۆپۆلەتیکی کاریگەر لە جیهاندا دەبینێت، ئەمەش بەهۆی بوونی یەدەگی نەوت و سەرچاوەکانی گازی سروشتییەوەیە کە لە ناوچە جیاجیاکانی وڵاتانی کەنداو لە نیمچەدوورگەی عەرەبی بوونیان هەیە.

هەموو وڵاتانی کەنداو لەگەڵ وڵاتی یەمەن و باشووری عێراق و باشووری ئوردن سەر بە نیمچەدوورگەی عەرەبین، هەروەها پێنج هەرێمی سەرەکی لەسەر نیمچەدوورگەکە هەن کە بریتین لە هەرێمی تیهاما، هەرێمی حیجاز، هەرێمی بەحرەین، هەرێمی نەجد و هەرێمی یەمەن. هاوکات ڕووبەری نیمچە دوورگەکە نزیکەی ٣٫٢٣٧٫٥٠٠ کیلۆمەتر دووجایە. هەڵکەوتەی جوگرافی نیمچەدوورگەی عەرەبی ڕۆڵێکی گرنگ و دیاری ستراتیجی لە مێژووی مرۆڤایەتییدا گێڕاوە، چونکە پردی نێوان کیشوەری ئەفریقا لە ڕۆژاوا و کیشوەری ئاسیاوە لە ڕۆژهەڵاتەوە بووە. بەهۆی دۆزینەوەی نەوتیش ناوچەکە گرنگییەکی زیاتری پێدرا و بووە ناوەندی بازرگانی و ئاڵوگۆڕی ئابووری لەگەڵ ڕۆژاوا و ئەورووپا.

مێژووی نیمچەدوورگەی عەرەبی

بەپێی بەڵگە شوێنەوارییەکان مێژووی دەرکەوتنی نیمچەدوورگەی عەرەبی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەکانی پێش زایین، شوێنەواری پەرستگا و گۆڕستانی دێرین، کەلوپەلی لە گڵ و لە بەرد دروستکراو، وێنە و نەخش و هەڵکۆڵراوی سەر ئەشکەوت و کێوەکان، ئێسکە پەیکەری مرۆڤ و ئاژەڵ، هەموو ئەمانە لە شوێنە جیاجیاکانی نیمچە دوورگەکە دۆزراوەتەوە و دەرکەوتووە مێژووی شوێنەکە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەکانی هەزارەی سێیەمی پێش زایین.

پێش دەرکەوتنی ئایینی ئیسلام چەندین شارستانییەت لە باشووری ناوچەکە بڵاوبوونەوە و دەرکەوتوون، چونکە خاکی ناوچەکە تایبەتمەندیی کشتوکاڵی هەبووە و بۆ کشتوکاڵی و بەرهەمهێنانی قاوە، بەهارات، بۆن، بنێشت زۆر لەبار بووە، بۆیە ڕێگای بازرگانی تایبەتی بۆ ئەو بەرهەمانە کراوەتەوە و بەشی باشووری دوورگەکە لەڕووی ئابوورییەوە پێشکەوتوو بووە وپەرەی سەندووە.

نموونەی گرنگترین شارستانییەتەکانی ناوچەکە بریتی بووە لە شارستانییەتی سەبەء، کە لە ماوەی نێوان سەدەی نۆیەم بۆ سەدەی دەیەمی پێش زایین لە وڵاتی یەمەن دەرکەوتووە، شارستانییەتەکە بەوە ناسراو بوون پردی ئاوی و بەنداویان دروست دەکرد، ناودارترین کاریان بنیاتنانی بەنداوی مەئرەب بوو. هەریەک لە ئیمپراتۆرییەتی ئەسیوبیا و حەبەشە ناوچەی یەمەنیان کردبوو بە شوێنێکی بازرگانی و لەڕووی ئابوورییەوە سوودێکی زۆریان لێی دەبینی. لە ناوچەی بەحرەین شارستانییەتی دەلموون دەرکەوتن کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ پێنج هەزار ساڵ پێش ئێستا و گەورەترین گۆڕستان لە مێژوودا ئەو شارستانییەتە بنیاتیناوە.

لە ناوەندی نیمچەدوورگەی عەرەبی شانشینی کیندە لە باشووری ریازی پایتەختی سعوودییە دەرکەوتووە، کە مێژووەکەیان بۆ ٥٤٧ ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە، تاکوو سەدەی حەوتەمی زایینی شارستانییەتەکەیان بوونی هەبووە. دوای گەیشتنی ئایینی مەسیحی بۆ ئەسیوبیا و یەمەن چەند جەنگێکی ئایینی ڕوویداوە و پێش دەرکەوتنی ئایینی ئیسلام وڵاتی یەمەن ناوەندی هێز بووە لە ناوچەکە. دوای دەرکەوتنی ئایینی ئیسلام ناوەندی هێز گوێزرایەوە بۆ شاری مەککە و شاری مەدینە، دوای بڵاوبوونەوەی فتوحاتی ئیسلامی هێز گوازرایەوە بۆ ناوچەکانی دەرەوەی نیمچە دوورگەی عەرەبی لە عێراق و شام و گرنگی دوورگەکە کەمتر بووەوە.

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی زیاتری ئایینی ئیسلام و دەرکەوتنی ئیمپراتۆرییەتەکان و فەتح کردنی وڵاتانی باکووری ئەفریقا و ئیسپانیا و تورکیا و وڵاتانی قەوقاز، هاوکات لەگەڵ هەڵگیرسانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و دەرکەوتنی مەمالیکەکان لەگەڵ دەرکەوتنی دەسەڵاتی ئەندەلوس، گرنگی ناوچەکانی نیمچە دوورگەی عەرەبی زۆر کەمتر بووەوە. لە سەرەتای سەدەی بیستەم و دوای هەڵگیرسانی جەنگی جیهانیی یەکەم، نەوت لە چەند ناوچەیەکی دوورگەکه دۆزرانەوە و ناوچەکانی دوورگەکە دابەشکران.

دۆزینەوەی نەوت ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە پەرەسەندنی ئابووری و سیاسی لە ناوچەکەدا، هەموو وڵاتانی کەنداو جگە لە وڵاتی یەمەن کە سەر بە نیمچەدوورگەی عەرەبی بوون نەوتیان تێدا دۆزرایەوە، لەوماوەیەدا وڵاتانی کەنداو لە ناوچەکە لە ڕووی ئابوورییەوە گەشەیان کردووە و پێشەنگن.

واتا و بنەچەی ناوەکەی

نیمچەدوورگەی عەرەبی، نیمچەدوورگەی عەرەب، دوورگەی عەرەب، نیمچە کیشوەری عەرەبی، خاکی عەرەب، زەوی عەرەب لە ڕابردوو و ئێستادا ئەم زاراوانە بۆ ناوچەکە بەکارهاتووە. بەهۆی ئەوەی دانیشتووانی ناوچەکە زۆرینەیان لە نەتەوەی عەرەبن بۆیە زاراوەکان وشەی عەربیان لەگەڵە. لە زمانی ڕۆمانی و لە سەردەمی یۆنانی کۆندا ناوچەکە بە زاراوەی Arabia ناسراوە و ئەوان ناوچەکەیان دابەشکردووەتە سەر سێ بەش کە بریتیبوون لە: ناوچەی بەترا Arabia Petraea، وڵاتی عەرەبی بەختەوەر Arabia Felix، بیابانی عەرەبی Arabia Deserta. لە سەردەمی دەسەڵاتی عوسمانییەکان ناوی ئەم نیمچەدوورگەیە کراوە بە عەرەبستان و ئەو زاراوەیە بۆ ناوچەکە بەکارهاتووە.

کەشوهەوا

بهگشتی کەشوهەوای ناوچەکانی نیمچەدوورگەی عەرەبی بە کەشێکی بیابانی وشک تایبەتمەندە، لە وەرزی هاویندا بە گشتی پلەی گەرمی زۆر بەرزە و تەنانەت لە هەندێک شوێن دەگاتە سەروو ٥٠ پلەی سەدی، هەروەها ناوچەکانی باشوور بە بەرزی ڕادەی شێ تایبەتمەندن. لە وەرزی زستاندا ناوچەکان بە گشتی کەشێکی سارد و وشکیان هەیە، بارینی بەفر دەگمەنە و ڕێژەی باران بارین سنووردارە ساڵانە تێکڕای ڕێژەی باران بارین نزیکەی ٧٧ بۆ ١٠٢ ملیمەترە، بۆیە چەندان ناوچەی نیمچەدوورگەکە تووشی وشکەساڵی و بێ بارانی بوون و کشتوکاڵییان تێدا سنووردارە. هاوکات بەهۆی بوونی بیابان ساڵانە گەردەلوولی لمی و خۆڵبارینی زۆر لە ناوچەکاندا ڕوودەدەن، بەهۆی نزمی زۆرێک لە ناوچەکانیش لە ئاستی دەریاوە سەرەڕای کەمی باران بەڵام ناوچەکان تووشی لافاو زۆر دەبنەوه.

ژمارەی دانیشتووان 

بەپێی نوێترین سەرژمێرییەکان ژمارەی دانیشتووانی وڵاتانی نیمچەدوورگەی عەرەبی نزیکەی ٧٩ ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە، نزیکەی ٢٧ ملیۆن کەس لەم ڕێژەیە دانیشتووانی بیانین کە بە زۆری لە وڵاتانی کەنداو نیشتەجێن و بە ڕەچەڵەک دانیشتووی نیمچەدوورگەکە نین، هەریەک لە وڵاتانی ئیماڕات و قەتەڕ و کوەیت لەپێشەنگی ئەو وڵاتانەی نیمچەدوورگەکەن کە ڕێژەی دانیشتووانی بیانی لە وڵاتەکانیان زور بەرزە.

زۆرینەی دانیشتووانی نیمچەدوورگەی عەرەبی لە نەتەوەی عەرەبن، عەرەبەکانی باشوور ڕەچەڵەکیان دەگەڕێتەوە بۆ سەر ئال قەحتانییەکان کە ڕەچەڵەکیان لە بنەڕەتەوە عەرەبە، عەرەبەکانی باکووریش ڕەچەڵەک و باوباپیرانیان دەگەڕێتەوە بۆ سەر ئال عەدنانییەکان و ڕەچەڵکیان بە عەرەب کراوە و بنەچەیان عەرەبی نییە.

وڵاتانی نیمچەدوورگەی عەرەبی

  1. شانشینی سعوودییە
  2. سەڵتەنەی عوممان
  3. قەتەڕ
  4. شانشینی ئیماڕاتی یەکگرتوو
  5. یەمەن
  6. شانشینی بەحڕەین
  7. کوەیت
  8. باشووری عێراق
  9. باشووری ئوردن


سەرچاوەکان



2055 بینین