مانیلا

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-12-25-19:15:00 - کۆدی بابەت: 10768
مانیلا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

مانیلا (بە ئینگلیزی: Manila، بە فلیپینی: Maynila، بە عەرەبی: مانیلا)، بە فەرمی شاری مانیلا، پایتەخت و دووەم قەرەباڵغترین شاری فلیپینە. مانیلا دەکەوێتە کەناری ڕۆژهەڵاتی کەنداوی مانیلا، لە دوورگەی لوزۆن (Luzon). ناوچەی شارستانی ئەم شارە لە ساڵی ٢٠١٩ـدا چڕترین شار لە جیهاندا بووە لەڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە. لەلایەن جیهانگەری و تۆڕی توێژینەوەی شارەکانی جیهانەوه (GaWC) مانیلا بە شارێکی جیهانی ئەلفا دادەنرێت. شارەکە لەنێو قەرەباڵغترین و خێرا گەشەسەندووترین شارەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیادایە.

دانیشتووان

بەپێی سەرژمێری ساڵی ٢٠٢٠، ژمارەی دانیشتووانی مانیلا ١٫٨٤٦٫٥١٣ کەسە، ئەمەش دەیکات بە دووەم قەرەباڵغترین شاری فلیپین. ئەم شارە چڕترین شاری جیهانە و چڕی دانیشتووانەکەی لە ساڵی ٢۰١٥ـدا ٤١٫٥١٥ کەس بوو لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا.

زمان

زمانی گشتی دانیشتووانی شارەکە فلیپینییە، بەڵام لە بوارەکانی پەروەردە و بازرگانیدا زمانی ئینگلیزی ئەو زمانەیە کە زۆرترین بەکارهێنانی هەیە. هەروەها بە شێوەیەکی سەرەکی جۆرە زمانێکی باشووری مین، هۆکین لەلایەن کۆمەڵگەی چینی-فیلیپینیی شارەکەوە قسەی پێ دەکرێت. بەپێی زانیارییەکانی نوسینگەی کۆچ، ٣٫١٢ ملیۆن هاوڵاتی چینی لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٦ تا مانگی ئایاری ٢٠١٨ گەیشتوونەتە فلیپین.

تاوان

ڕێژەی تاوان لەو ناوچانەدا بەرزە کە دانیشتووی هەژار، بەکارهێنەری ماددە هۆشبەرەکان و چەتەکانی لێ نیشتەجێیە. هەروەها کاری نایاسایی لەم شارەدا پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە گۆڕانی دیمۆگرافی و سیستەمی دادوەری تاوانکاریی شارەکەوە هەیە، جگە لەوەش بازرگانی نایاسایی ماددە هۆشبەرەکان کێشەیەکی سەرەکی شارەکەیە. لە ساڵی ٢۰١۰ تا ٢۰١٥، ڕێژەی بەرزی تاوانی شارەکە بە ٥٤٫٦٨٩ حاڵەت یان بە تێکڕایی نزیکەی ٩٫١۰۰ حاڵەت لە ساڵێکدا لە پلەی دووەمی وڵاتەکەیدا بوو. تا مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢۰١٧، پۆلیسی مانیلا ئاستی تاوانیان بە ڕێژەی ٣٨٫٧٪ کەمکردەوە، لە ٥٫٤٧٤ حاڵەت لە ساڵی ٢۰١٦ بۆ تەنها ٣٫٣٩٣ حاڵەت لە ساڵی ٢۰١٧.

ئایین

لە ئەنجامی کاریگەریی کولتووری ئیسپانیا، زۆرینەی دانیشتووانی مانیلا سەر بە ئایینی مەسیحین. لە ساڵی ٢٠١٠ـدا، پەیڕەوکەرانی کاسۆلیکی ڕۆمانی ٩٣٫٥٪ـی دانیشتووانی شارەکەیان پێکهێنابوو، بەدوای ئەمیشدا لایەنگرانی کڵێسای مەسیح هاتن کە ١٫٩٪ـی دانیشتووان پێکهێنا؛ کڵێسا جۆراوجۆرەکانی پرۆتستانت ١٫٨٪ و بوودییەکان ١٫١٪ـی دانیشتووانی شارەکەیان پێکهێنابوو. پەیڕەوکەرانی ئایینی ئیسلام و ئایینەکانی تر ١٫٤٪ـی دانیشتووانیان پێکهێنا.

لەڕووی ئابوورییەوە

مانیلا ناوەندێکی سەرەکییە بۆ کاروباری بازرگانی، بانکی و دارایی، بازرگانی وردە، گواستنەوە، گەشتیاری، خانووبەرە، میدیای نوێ هەروەها میدیای نەریتی، ریکلام، خزمەتگوزارییە یاساییەکان، ژمێریاری، بیمە، شانۆ، مۆدە و هونەر لە فلیپین. لەگەڵ ئەوەشدا، نزیکەی ٦٠ هەزار دامەزراوە لە شارەکەدا کار دەکەن. سەرەڕای ئەوەش، بەندەری مانیلا گەورەترین بەندەرە لە فلیپین، ئەمەش وایکردووە ببێتە گرنگترین دەروازەی نێودەوڵەتی کەشتیوانی وڵاتەکە. پیشەسازییە جۆراوجۆرەکانی ناو شارەکە ماددە کیمیاییەکان، قوماش، جلوبەرگ، کاڵای ئەلیکترۆنی، خواردن و خواردنەوە و بەرهەمەکانی تووتن بەرهەم دەهێنن. هەروەها پەت، وردە دار، کڵۆ شەکر، کاکڵە گوێزی هیندی و زەیتی گوێزی هیندی هەناردەی دەرەوە شار دەکرێن.

کەشوهەوا

بەپێی سیستمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن، شاری مانیلا کەشوهەوایەکی خولگەیی ساڤانایی هەیە. نزیکی ئەم شارە لە هێڵی یەکسانبوونی زەوییەوە وا دەکات کەشی شار بەدرێژایی ساڵ گەرم بێت بەتایبەتی بە ڕۆژدا، پلەکانی گەرما بەدەگمەن بۆ خوار ١٩ پلەی سەدی دادەبەزن و بۆ سەرووی ٣٩ پلەی سەدی بەرز دەبنەوە. نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو ١٤٫٥ پلەی سەدی بوو کە لە ١١ـی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩١٤ تۆمارکرا. هەروەها بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو ٣٨٫٦ پلەی سەدی بوو کە لە ٧ـی ئایاری ١٩١٥ـدا تۆمارکرا.

سەرەڕای ئەوەش، بەدرێژایی ساڵ ڕێژەی شێ بەرزە و ئەمەش وا دەکات هەست بە پلەیەکی گەرمی بەرزتر بکەیت وەک لە خودی پلە گەرمییەکەی کە هەیە. وەرزی وشک لە کۆتایی کانوونی یەکەمەوە دەست پێ دەکات و تا سەرەتای نیسان بەردەوام دەبێت، لە کاتێکدا وەرزی باراناوی کەمێک درێژترە و مانگەکانی تریش دەگرێتەوە، بەدرێژایی وەرزی باراناوی پلەکانی گەرما دادەبەزن و سەرەڕای ئەوەی هەموو ڕۆژێک باراناوی نییە بەڵام بارانێکی زۆر لە ماوەیەکی کەمدا دەبارێت. جگە لەوەش، تایفۆن یان گەردەلوولی کەمەرەیی زۆرجار لە مانگی حوزەیران تا ئەیلوول هەڵ دەکات.


سەرچاوەکان



173 بینین