گۆندوانا

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2023-01-08-23:14:00 - کۆدی بابەت: 10856
گۆندوانا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

گۆندوانا، گۆندوانە یان گۆندوانالاند (بە ئینگلیزی: Gondwanaland یان Gondwana، بە عەرەبی: غندوانا) زەوییەکی گەورە بوو، زۆرجار بە گەورە کیشوەرێک ناودەبرێت، کە لە کۆتاییەکانی پرۆتێرۆزۆئیکی نوێ (نزیکەی ٥٥٠ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر) دروستبووە، ئەمریکای باشووری ئێستا، ئەفریقا، عەرەبستان، ماداگاسکار، هیندستان، ئوستڕالیا و ئەنتارکتیکای لەخۆگرتبوو. لە سەردەمی ژوراسیکدا (نزیکەی ١٨٠ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر) دەستی بە دابەشبوون کردووە.

قۆناغەکانی کۆتایی جیابوونەوەکە بریتی بوون لە جیابوونەوەی ئەنتارکتیکا لە ئەمریکای باشوور (کە دەروازەی درەیک پێکدەهێنێت) و ئوستڕالیا، لە سەردەمی پالیۆژیندا (٢٣,٠٣ بۆ ٦٦ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر) ڕوویدا.

گۆندوانا بەپێی سەرەتاییترین پێناسە بە گەورە کیشوەر هەژمار نەدەکرا، بەو پێیەی بارستەی زەوییەکانی بەڵتیکا و لۆرێنسیا و سیبیریا لێی جیاکرابوونەوە. بۆ جیاکردنەوەی لە ناوچەی هیندی کە هەمان ناوی هەیە، بە شێوەیەکی باو پێی دەوترێت گۆندوانالاند.

گۆندوانا بەهۆی زیادبوونی چەند کراتۆنێکەوە دروست بووە. لە کۆتاییدا گۆندوانا بووە گەورەترین پارچەی توێکڵی کیشوەری سەردەمی پالیۆزۆیک کە ڕووبەرەکەی نزیکەی ١٠٠,٠٠٠,٠٠٠ کیلۆمەتری دووجا بووە، کە دەکاتە نزیکەی یەک بەش لە پێنج بەشی ڕووبەری زەوی.

لە سەردەمی خەڵووزیندا ( ٢٩٠ بۆ ٣٩٣ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر) لەگەڵ لۆراسیا تێکەڵ بوو و کیشوەرێکی گەورەتری بە ناوی پانجیا دروست کرد. گۆندوانا و پانجیا وردە وردە لە سەردەمی مێزۆزۆیکدا (٦٦ بۆ ٢٥٢ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر) جیابوونەوە. پاشماوەی گۆندوانا نزیکەی دوو لەسەر سێی ڕووبەری کیشوەری ئەمڕۆ پێکدەهێنن، لەوانە ئەمریکای باشوور، ئەفریقا، ئەنتارکتیکا، ئوستڕالیا، زیلاندیا (زەوییەکی ژێرئاو کەوتووی کیشوەرییە)، عەرەبستان و کیشوەری خوارەوەی هیندستان.

ئەو ناوچانەی کە بەشێک بوون لە گۆندوانا توخمی گوڵ و ئاژەڵەکانیان هاوبەش بوو کە تا ئێستاش بەردەوامن.

ناوی گۆندوانا

گەورە کیشوەری گۆندوانا لەلایەن زانای نەمساوی ئێدوارد سویسەوە ناونراوە، بە ناوی ئەو ناوچەیەی لە ناوەڕاستی هیندستان هەمان ناوی هەیە، کە لە زمانی سانسکریتەوە وەرگیراوە بە واتای "دارستانی گۆندەکان".

هەندێک لە زانایان زاراوەی "گۆندوانالاند"ـیان پێ باشترە بۆ ئەوەی جیاوازییەکی ڕوون لە نێوان ناوچەکە و کیشوەری سەروودا بکەن.

دروستبوونی گۆندوانا

دروستبوونی کۆتایی گۆندوانا نزیکەی ٦٠٠ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر، لە کۆتاییەکانی سەردەمی ئێدیاکاران (٥٤١ بۆ ٦٣٥ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر) ڕوویدا. 

گۆندوانا دابەشبوونی هێواشی خۆی بۆ دۆخی گەورە کیشوەر ئەنجامدا. پارچەی کیشوەرەکانی سەرووی داهاتوو بەدرێژایی هەزاران ساڵ بەریەککەوتن و ئەو وڵات و کیشوەرانەی ئێستا ئەفریقا، هیندستان، ماداگاسکار، ئوستڕالیا و ئەنتارکتیکایان کۆکردەوە.

ئەم وەشانە سەرەتاییەی گۆندوانا لەگەڵ بارستە زەوییەکانی تری سەر زەوی یەکیگرت و تاکە کیشوەری پانجیای لە نزیکەی ٣٠٠ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر پێکهێنا.

نزیکەی ٢٨٠ بۆ ٢٣٠ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر، پانجیا دەستی بە دابەشبوون کرد. ماگما لە ژێر توێکڵی زەویەوە دەستی کرد بە پاڵنانی بەرەو سەرەوە و درزێکی لە نێوان ئەو وڵاتانەدا دروست کرد، کە دەبێتە ئەفریقا و ئەمریکای باشوور و ئەمریکای باکوور.

لە چوارچێوەی ئەم پرۆسەیەدا، پانجیا بووە دوو کەرت بۆ گەورە کیشوەری باکوور و باشوور دابەش بوو. زەوی باکوور کە لۆراسیایە بەرەو باکوور دەڕۆیشت و وردە وردە بۆ ئەورووپا و ئاسیا و ئەمریکای باکوور دابەش دەبوو.

زەوی باشوور کە هێشتا هەموو پارچەکانی نیوەگۆی باشووری داهاتووی هەڵگرتووە، دوای دابەشبوونەکە بەرەو باشوور ڕۆیشت. 

جیابوونەوەی گۆندوانا

لە ماوەی بوونی گۆندوانا وەک کیشوەری باشوور، هەسارەکە زۆر گەرمتر بوو لە ئەمڕۆ، هیچ سەهۆڵێکی جەمسەری باشوور نەبوو، دایناسۆڕەکان هێشتا زیندوو بوون. تا ئەو کاتە سەردەمی جوراسیک (١٤٥ بۆ ٢٠١ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر) بوو و بەشێکی زۆری گۆندوانا بە دارستانی باراناوی چڕوپڕ داپۆشرابوو.

بەڵام کیشوەرە گەورەکە هێشتا لە ژێر فشاردا بوو. لە نێوان نزیکەی ١٧٠ ملیۆن بۆ ١٨٠ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر، گۆندوانا دەستی بە دابەشبوونی خۆی کرد و ئەفریقا و ئەمریکای باشوور لە نیوەکەی تری گۆندوانا جیابوونەوە.

نزیکەی ١٤٠ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر ئەمریکای باشوور و ئەفریقا جیابوونەوە و زەریای ئەتڵەسی باشوور لە نێوانیاندا کرایەوە.

لەلایەکی ترەوە لە نیوەی ڕۆژهەڵاتی ئەو کیشوەرەی کە جارێک گەورە کیشوەر بووە، ماداگاسکار لە هیندستان دوورکەوتەوە و پاشان هەردووکیان لە ئوستڕالیا و ئەنتارکتیکا دوورکەوتنەوە.

ئوستڕالیا و ئەنتارکتیکا ماوەیەکی زیاتر بەیەکەوە لکاون، ئەنتارکتیکا و ئوستڕالیا تا نزیکەی ٤٥ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر هێشتا لەیەک نزیکبوون.

لەو کاتەدا ئەنتارکتیکا دەستی کرد بە بەستن و کەشوهەوای زەوی دەستی بە ساردبوون کرد، ئوستڕالیا بەرەو باکوور ڕۆیشت. لە ئێستاشدا کیشوەری ئوستڕالیا بە ڕێژەی نزیکەی سێ سانتیمەترلە ساڵێکدا بەرەو باکوور دەجووڵێت.

بیردۆزی گۆندوانا

تا ئێستا میکانیزمی وردی پشت جیابوونەوەی گۆندوانا نادیارە. هەندێک لە بیردۆزان پێیان وایە هۆکارەکەی "خاڵی گەرم"ـە، کە ماگما زۆر لە ڕووی زەویەوە نزیکە، بڵقیان لێداوە و کیشوەرەکەی لەیەکتر جیاکردەوە. 

بوونی گۆندوانا بۆ یەکەمجار لە ناوەڕاستی ساڵانی ١٨٠٠ لەلایەن ئێدوارد سویس، کە ناوی کیشوەری "گۆندوانالاند"ـی ناوە، گریمانە کرا.

سوێس بەهۆی بەبەردبووە هاوشێوەکان کە لە ئەمریکای باشوور و هیندستان و ئەفریقا دۆزرایەوە، دواتر هەمان بەردبووەکان لە جەمسەری باشوور دۆزرانەوە هەندێک زانیاری وەرگرت.

لەو کاتەدا لە تەکتۆنیکی پلێتەکان تێنەگەیشتبوو، بۆیە سویس درکی بەوە نەدەکرد کە هەموو ئەم کیشوەرانە ڕۆژێک لە شوێنی جیاوازدا بوون، پاشان وردە وردە پەرەی بە تیۆرەکەی دا.


سەرچاوەکان



421 بینین