ئایفۆن ئێکس ئێس

له‌لایه‌ن: - بەڵێن سامان بەڵێن سامان - به‌روار: 2023-02-27-23:39:00 - کۆدی بابەت: 11117
ئایفۆن ئێکس ئێس

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئایفۆن ئێکس ئێس و ئایفۆن ئێکس ئێس ماکس (بە عەرەبی: آيفون XS یان آيفون XS ماكس ، بە ئینگلیزی: iPhone XS Max یان iPhone XS) یەکێکە لە نەوەکانی مۆبایلە زیرەکەکان کە لەلایەن کۆمپانیای ئەپڵەوە دیزاین کراوە و پەرەیان پێدەدرێت و خراونەتە ناو بازاڕەوە. ناوەکەشی لە ژمارەی ڕۆمانییەوە وەرگیراوە کە پیتی "X" بەرانبەر ژمارە ١٠ـیە و لەسەر سیستمی ISO یان ئای ئۆئێس کاردەکات.

تیم کوکی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئەپڵ مۆبایلی زیرەکی ئایفۆن ئێکس Rـی لە ١٢ـی ئەیلوولی ساڵی ٢٠١٨ لە شانۆی ستیڤ جۆبس لە پارکی ئەپڵ ڕاگەیاند. داواکاری پێشوەختە بۆ مۆبایلە زیرەکەکە لە ١٤ـی ئەیلوولی ٢٠١٨ دەستیپێکردووە و مۆبایلەکان لە ٢١ـی ئەیلوولی خراونەتە بازاڕەوە.

تازەگەرییەکان جگە لە زیادکردنی خێرایی ئامێرەکە بریتیین لە پشتگیریکردنی ئامێرەکە بۆ دوو سیمی، هەروەها ڤیدیۆ تۆمارکردن بە دەنگی ستێریۆ و بەهێزکردنی ئامێرەکە بۆ دژە ئاو. XS Max یەکەم ئایفۆن بوو بە قەبارەی پڵەس کە شاشە و ڕووکاری بچووکی نوێتری هەبوو، چونکە ئایفۆن X جۆری گەورەتری نەبوو. هەروەها ئایفۆن ئێکس ئێس و ئێکس ئێس ماکس مۆدێلی کۆتایی ئایفۆنن کە تایبەتمەندی 3D Touch یان هەیە.

ئەپڵ لە ١٠ـی ئەیلوولی ٢٠١٩ـەوە مۆبایلەکانی ئایفۆن ئێکس ئێس و ئێکس ئێس ماکس و هەروەها ئایفۆن حەوت و جۆرە پڵەسەکەی ئامادەکردبوو بەڵآم نەیفرۆشت تا دوای ڕاگەیاندنی ئایفۆن ١١ و ١١ـی پرۆ.

دیزاین

ئایفۆن ئێکس ئێس دیزاینەکەی لە ڕووی بینینەوە نزیکە لە هاوشێوەی ئایفۆن ئێکس بەڵام ڕەقەکاڵای نوێکراوەی تێدایە، کە تایبەتمەندی چیپی A12 Bionicـی تێدایە کە بە پرۆسەی ٧ نانۆمەتر دروستکراوە. تایبەتمەندی شاشەیەکی OLEDـی 5.85 ئینج کە بەرانبەرە بە 149 ملم و بە ڕوونمای 2.7 مێگاپێکسڵ بە 458 ppi و دوو کامێرای دواوەی ١٢ مێگاپێکسڵی و یەک کامێرای پێشەوەی ٧ مێگاپێکسڵی لەخۆدەگرێت.

ئایفۆن ئێکس ئێس ماکس هەمان ڕەقەکاڵا و کامێراکانی هەیە، بەڵام خاوەنی شاشەیەکی گەورەترە بە قەبارەی OLED 6.45 ئینج، بە ڕوونمای 3.3 مێگاپێکسڵ بە 458 ppi و پاترییەکی گەورەتر 3,174 mAh. هەروەها لەلایەن میدیاکانەوە ئاماژە بەوە کراوە کە XS پاترییەکی بچووکتری وەرگرتووە لە پاتری X کە لە 2,716 میلی ئەمپێرەوە بۆ 2,658 میلی ئەمپێر دابەزیوە. پاتری XS پاترییەکی نوێی تاکە خانەیی لە شێوەی L دایە، لە کاتێکدا پاتری ئایفۆن XS Max بە دوو خانە دەمێنێتەوە وەک ئایفۆن X. سەرەڕای ئەوەش ئەپڵ دەڵێت ئایفۆن XS تا ٣٠ خولەک زیاتر لە ئایفۆن X دەمێنێتەوە، لەکاتێکدا ئایفۆن XS Max تا ١.٥ کاتژمێر زیاتر لە ئایفۆن X دەمێنێتەوە.

ئەپڵ بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئامێرەکان تەکنەلۆژیای Face IDـیان خێراترە لە ئایفۆن X، هەروەها لە حوزەیرانی ٢٠١٩ لە WWDC ڕاگەیەندرا کە Face ID لەسەر ئایفۆن (XS، XS Max، XR، X) بە iOS تا ٣٠% خێراتر دروست دەکرێت لە ئایفۆن ١٣، کە لە ١٩ـی ئەیلوولی ٢٠١٩ بڵاوکرایەوە.

XS و XS Max بە پلەی IP68 دێت بۆ بەرگری تۆز و ئاو بەپێی ستانداردی IEC 60529، هەروەها ئەپڵ زۆرترین قووڵی ٢ مەتر و تا ٣٠ خولەک نوقمبوونی لە ئاودا دیاریکردووە بۆ ئامێرەکەی. ئەمەش پێشکەوتنێکە بە بەراورد بە بەرگری ئاوی IP67ـی ئایفۆن ٨ و ئێکس، هەروەها ئەپڵ تاقیکردنەوەی لە شلەی جۆراوجۆردا ئەنجامداوە لەوانە ئاوی کلۆر کراو، ئاوی خوێ، چا، بیرە و شەربەت.

XS و XS Max پشتگیری دوو سیمکارتی دەکەن لە ڕێگەی نانۆ سیم و ئی سیمەوە. بەڵام لە چین و هۆنگ کۆنگ و ماکاودا، XS Max مۆدێلە چینییەکەی دوو نانۆ سیمی لەگەڵدایە و ئی سیمی نییە. XSـی چینی دوو نانۆ-سیمی نییە، بۆیە eSIMـی چالاک کراوە بۆ بەکارهێنان لە هۆنگ کۆنگ و ماکاو، بەڵام لە مۆدیڵە چینییەکەدا سەرەکیی نییە. ماددەی ناو کۆیلی بارگاویکردنەوەکەی گۆڕدرا بۆ مس بۆ کەمکردنەوەی کاتی بارگاویکردنەوە و لەدەستدانی کارەبا.

نوێگەری لە کامێرای دواوە

کامێرای ئایفۆن کە لە ئایفۆن ٦ـی ئێسەوە دەستی پێکردووە، قەبارەی هەستەوەری ١٢ مێگاپێکسڵ (١/٢.٩٤") بووە و قەبارەی پێکسڵەکەی ١.٢٢ مایکرۆمەتر بووە. ئایفۆن XS و XS Max و XR یەکەمین مۆبایل بوون کە دەنگی ستیریۆ بۆ ڤیدیۆ تۆمار بکەن.

سەرەتا لە پێکهاتەی ئایفۆنەکانی ٢٠١٨ (ئایفۆن ئێکس ئێس، ئایفۆن ئێکس ئێس ماکس و ئایفۆن ئێکس ئاڕ)، ئەم کامێرایانە نوێکرانەوە بۆ قەبارەی هەستەوەری ١٢ مێگاپێکسڵ (١/٢.٥٥") و بە قەبارەی پێکسڵ ١.٤ مایکرۆمەتر، هەمان هەستەوەر و قەبارەی پێکسڵ وەکوو کامێرای سەرەتایی لە سامسۆنگ گالاکسی ئێس ١٠، سامسۆنگ گالاکسی ئێس ٩، سامسۆنگ گالاکسی ئێس ٨، سامسۆنگ گالاکسی ئێس ٧، پیکسڵ ٢، پیکسڵ 3a و پیکسڵ 3a XL، پیکسڵ ٣ و پیکسڵ ٣ ئێکس ئێڵ.

کێشەکان و ڕەخنەی بازاڕ

وەرگرتن و پەیوەندیکردن

ئایفۆن XS دوای بڵاوکردنەوەی بە گشتی لەلایەن ڕەخنەگرانەوە پێداچوونەوەی ئەرێنی وەرگرت. بەکارهێنەرانی ئایفۆن ئێکس ئێس و ئێکس ئێس ماکس سەرەتا کێشەیان لەگەڵ LTE و وەرگرتنی وای فای و پەیوەندییەکانی بلوتوز هەبووە. هەندێک لە گەشەپێدەران وایان نیشاندا کە ئارێڵەکان تاوانبارن سەبارەت بە کێشەکانی پەیوەندی لە ئایفۆن XS/XS Max، ئەپڵ پەیوەندی بە بەکارهێنەرانەوە کرد بۆ چارەسەکردنی کێشەکە. هەربۆیە بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان لەگەڵ بەکارهێنەرانی XS/XS Max، ئەپڵ بە نوێکردنەوەی ڤێرژنەکەی بۆ iOS 12.0.1 لە ٨ـی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨ توانی کێشەکە چارەسەر بکات.

بارگاویکردنەوە

بەکارهێنەران باسیان لە کێشەی بارگاویکردنەوەی ئایفۆن ئێکس ئێس و ئێکس ئێس ماکس کردووە بە کێبڵی لایتنینگ (ئایفۆن)، کە ئامێرەکە ئەگەر بۆ ماوەیەک بکوژابایەوە بارگاوی نەدەبوویەوە، تاکوو شاشەکەی دانەگیرسابایەوە بارگاوی نەدەبوویەوە. ئەمەش بەهۆی هەڵەیەکی نەرمەکاڵا لەگەڵ ڕێکخستنی "Disable USB accessories when locked"ـی ئەپڵ ڕوودەدات، کە تایبەتمەندییەکە مەبەست لێی ڕێگری کردنە لە دەست گەیشتن بە ئامێرە نەناسراوەکان بۆ دەستگەیشتن بە ناوەڕۆکی بەکارهێنەرێک لەناو ئایفۆنێکدا. ڕۆژنامەکان ناوی ئەو کێشەیەیان ناوە "Chargegate". ئەم کێشەیە لەگەڵ کێشەکانی پەیوەندی بلوتوز بە بڵاوکردنەوەی iOS 12.0.1 لە ٨ـی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨ چارەسەر کرا.

کامێرا (جوانکاری)

کڕیارەکان باسیان لەوە کردووە کە لەکاتی گرتنی سێڵفی بە فلتەرێکی ئۆتۆماتیکی نەرمییەکی ناڕاست لەسەر پێستیان دەرکەوتووە. چاودێرانی ئامێرە زیرەکەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەم کاریگەرییەی نەرمکردنی دەموچاو بە ئەگەرێکی زۆرەوە بەهۆی تایبەتمەندی نوێی کامێرای Smart HDRـە لەسەر XS و XS Max. ئەم تەکنەلۆژیایە چەندین وێنەی بەرکەوتنی جیاواز تێکەڵ دەکات بۆ زیادکردنی مەودای داینەمیکی لەسەر وێنەی ئایفۆنەکان، بەڵام دەتوانێت ببێتە هۆی کەمتر بەرچاوی ناتەواوی دەموچاو و کەمبوونەوەی ڕووناکی لەکاتی سێڵفیدا.

هەندێک پێشبینیان دەکرد ئەمە لە ئەنجامی "دۆخی جوانکاری" شاراوە بێت و ئەو بابەتەیان ناوناو "بیوتیگەیت". کێشەکە بە بڵاوکردنەوەی ئای ئۆئێس 12.1 لە ٣٠ـی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨ چارەسەر کرا. کامێرای ئایفۆن ئێکس ئێس ڕەخنەی زۆری لێگیرا بەهۆی ئەوەی دۆخی شەوانەی تێدا نییە. ئای ئۆئێس ١٣ دۆخی شەوانەی تێدا نەبوو کە تایبەت بوو بە ئایفۆن ١١ـی نوێ. بەڵام نەرمەکاڵاکانی ئایفۆن دۆخی شەوی هاوشێوەیان هێنایە ئایفۆنە کۆنەکانەوە.


سەرچاوەکان



386 بینین