گەشت و گوزاری تاریک

له‌لایه‌ن: - کارێز ڕەسووڵ نەبی کارێز ڕەسووڵ نەبی - به‌روار: 2023-09-08-23:21:00 - کۆدی بابەت: 11245
گەشت و گوزاری تاریک

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

گەشت و گوزاری تاریکی یان گەشتیاریی تاریک (بە عەرەبی: سياحة الظلام، بە ئینگلیزی: Dark Tourism) گەشت و گوزاری تاریک بریتییە لە گەشتکردنی گەشتیاران بۆ ئەو ناوچە و شوێنانەی کە لە ڕابردوودا دووچاری کارەساتێکی سروشتی وەكوو بوومەلەزە، تەقینەوەی گڕکانەکان، تسۆنامی، با، لافا و تۆفان بوونەتەوە، یان کارەساتێکی مرۆیی وەكوو ئەو شوێن و ناوچانەی کە مافەکانی مرۆڤی تیادا پێشێلکراوە وەکو ئازار و ئەشکەنجەدان، لە سێدارەدان، زیندانیکردن، جینۆساید و کۆمەڵ کوژی و زیندە بەچاڵکردن.

گەشت و گوزاری تاریک لقێکی گرینگە لە لقەکانی گەشت و گوزار، ھەرچەندە دیاردەیەکی نوێ نیە، بەڵام بەکارھێنانی ئەم چەمك و زاراوەیە (ناونانی) نوێیە.

چەمك و زاراوەی گەشت و گوزاری تاریک

گەشت و گوزاری تاریک (Dark Tourism): لە چەمك و دەستەواژە نوێیەکان دادەنرێت کە لە توێژینەوە ئەکادیمیەکانی گەشت و گوزار بەکاردێت، ئەم چەمکە بۆ یەکەم جار لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو لە لایەن ھەریەك لە (جون لینون John Lennon) و (مالکولم فولی Malcolm Foley) بەکارھێنراوە.

(سیتۆن Seaton) لە توێژینەوەیەکیدا بەناوی (Guided by dark: From thanatopsis to than tourism) دەستەواژە و چەمکی (Than Tourism)ـی داڕشت، وشەی (Thanatourism) وەرگیراوە لە وشەیەکی یۆنانی کۆن (تاناتوس Tanatos) کە بە واتای بەرجەستەکردنی مردن دێت، (کریس ڕۆجێك Chris Rojek) یش دەستەواژە و چەمکی (خاڵی ڕەش Blak Spots)ـی بەکارھێناوە لە جیاتی چەمکی گەشت و گوزاری تاریک.

کەواتە، گەشت و گوزاری تاریک بریتیە لە گەشتکردن بۆ ئەو ناوچە و شوێنانەی کە لە ڕابردوودا دووچاری کارەساتێکی سروشتی یان مرۆیی بوونەتەوە یان بریتیە لە دیاردەی (پیشاندان و بەکارھێنان) لەلایەن سەردانیکەرانەوە بۆ ئەو شوێن و ناوچانەی کە لە ڕابردوودا دووچاری کارەساتێکی ڕاستەقینە و دوژمنکارانە بوونەتەوە.

پلە بەندی گەشت و گوزاری تاریک

گەشت و گوزاری تاریک جیاوازیەك لە خۆ دەگرێت کە ناسراوە بە (سێبەر یان ناڕوونی، توندیەتی تاریکایی Shades of intensity of darkness) یان (پلەکانی تووندی تاریکایی Degress of intensity of darkness) کە خۆی دەبینێتەوە لە نێوان (زۆر تاریك Darkest) و (کەم تاریك Lightest) بەم جۆرەش گەشت و گوزاری تاریک پلە بەندی ھەیە لە نێوان (ھەرە زۆر) و (ھەرە کەم)ـی دەربڕینەکانی مردن، جۆری یەکەم بەوە جیادەکرێتەوە کە (زۆر تاریکە) بەو واتایەی کە ئەو ناوچەیە زۆر بە تووندی ئازاری چەشتووە وەك، شوێنی جینۆسایدکردن و گۆڕە بە کۆمەڵەکان، گرینگترینیان کوشتنی بەکۆمەڵ  یان کارەسات. جۆری دووەمیان (سوکتر و کزترە) بە بەراورد لەگەڵ جۆری یەکەم، جۆری دووەم پەیوەستە بە شوێن و ناوچەکانی ڕابواردنی ڕۆشنبیری وەك (Dracula Museums) کە ئەو ماڵانە و دانیشتووانەکانیان و گۆڕەکانیان و گۆڕی کەسە بەناوبانگەکانی تیایە.

بنەما سروشتی و مرۆییەکانی گەشەپێدانی گەشت و گوزاری تاریک

  • بنەما سروشتیەکان: بریتین لەو بنەمایانەی کە لە ڕابردوودا ناوچەیەك یان شوێنێك دووچاری کارەساتێکی سروشتی بوونەتەوە وەك بوومەلەرزو، تسۆنامی، تەقینەوەی گرکانەکان، با، باران و تۆفان) نموونە وەکوو (پۆمپی Pompeii) شارێکی ڕۆمانی کۆنە دەکەوێتە نزیك شاری ناپۆڵی لە ئیتاڵیا لە ساڵی ١٩٧٩ تەقینەوەیەکی گڕکانی لە چیای فیزۆف ڕوویدا و بە تەواوی شاری پۆمپی وێرانکرد، تەقینەوەی ئەم گڕکانە بووە ھۆکاری لەناوچوون و مردنی ھەموو دانیشتووانی شارەکە یان دیاردەی ڕوودانی تسۆنامی لە وڵاتی ژاپۆن.
  • بنەما مرۆییەکان: بریتین لەو بنەمایانەی کە لە ڕابردوودا ناوچەیەك یان شوێنێك دووچاری کارەساتێکی مرۆیی بۆتەوە، وەکو ئەو ناوچانەی مافەکانی مرۆڤی تیادا پێشێلکراوە کە خۆی دەبینێتەوە لە (گرتووخانە نھێنیەکان و ئازاردان و ئەشکەنجەدانی گیراوانی گرتووخانەکان، ئەو شوێن و ناوچانەی کە شەڕ و جەنگی تیادا ڕوویداوە و بووەتە مایەی لەناوچوونی سەدان ھەزار سەرباز، گۆڕی بەکۆمەڵ (زیندە بە چاڵ، جینۆساید) گرینگترینیشیان کێڵگەکانی کوشتن لە کەمبۆدیا، سەربازگەکانی دەستگیردن و لەناوبردن (جینۆساید) لە ئۆشفیتز لە پۆڵەندا، مۆزەخانەی قوربانیانی جینۆسایدی بە کۆمەڵ لە (ڤیلینیۆس Vilnius) لە لیتوانیا.

گەشەپێدانی گەشت و گوزاری تاریک لە ھەرێمی کوردستان

ھەرێمی کوردستان بێ بەش نەبووە لەو شوێن و ناوچانەی کە لە ڕابردوودا دووچاری کارەساتێکی مرۆیی بوونەتەوە و  بووەتە مایەی زیندانی کردن و ئەشکەنجەدان و جینۆسایدکردن و کۆمەڵ کوژی و ئەنفالکردنی خەڵکی ھەرێمی کوردستان لە گرینگترینیان بریتین لە:

  • مۆنۆمێنتی ھەڵەبجە کە دەکەوێتە بەشی ڕۆژاوای پارێزگاکە، لە سەردەمی ڕژێمی پێشووی عێراق ئەم پارێزگایە لە ١٦ی ئازاری ١٩٨٨ کیمیاباران کرا، دەرەئەنجام بووە ھۆی مردنی دەیان ھەزار کەس و  جگە لەوەی بەشی زۆری خەڵکی ئەم شارە دووچاری نەخۆشی وەک: تەنگەنەفەسی (ھەناسە تووندی)، کوێر بوون بوونەتەوە، بۆیە ساڵانە لە کاتی یادکردنەوەی ئەم کارەساتە ژمقرەیەکی زۆر گەشتیار سەردانی مۆنۆمێنتی ھەڵەبجە دەکەن کە زۆربەیان گەشتیاری بیانین.
  • گرتووخانەی زیندانیان و سزادانی شۆڕشگێڕانی کورد لە سەردەمی ڕژێمی بەعس کە بە سەدان کەسی تیدا لە سێدارە دراوە و کوژراوە و ئازار و ئەشکەنجەدراوە، ئەو گرتووخانەیە ناسراوە بە (ئەمنە سوورەکە) لە پارێزگای سلێمانی.
  • ئەنفال کردن و زیندە بەچاڵکردنی بارزانیەکان.
  • گۆڕی بە کۆمەڵی قوربانیانی (داعش) کوردانی ئێزدی لە شەنگال.
  • ئەو ناوچە و شوێنانەی کە ھێزی چەکدارانی بزوتنەوەی ئیسلامی داعش کردەوەی تیرۆرستیان تیادا ئەنجام داوە، بە تایبەتی سنووری پارێزگای کەرکووك و موسڵ و حەویجە و گوندە دوورە دەستەکان.


سەرچاوەکان



584 بینین