شوێنە مێژووییەکانی ئیستەنبووڵ

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2023-09-19-21:18:00 - کۆدی بابەت: 11335
شوێنە مێژووییەکانی ئیستەنبووڵ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

شوێنە مێژووییەکانی ئەستەنبووڵ (بە عەرەبی: الوجهات التاريخية في اسطنبول، بە ئینگلیزی: Istanbul´s historical destinations) شوێنە مێژووییەکانی شاری ئەستەنبول یان ئیستەنبول بەشێکن لە کەرتی گەشتیاری و هۆکاری هاتنی گەشتیار بۆ شارەکە. شارەکە لە ڕووی شوێنەواری مێژوویی ناوبانگێکی زۆری هەیە چونکە پێشتر پایتەختی دەوڵەتی ڕۆمی بێزەنتی ڕۆژهەڵات و لە دواتریشدا پایتەختی دەوڵەتی عوسمانی بووە. شارەکە بە چەندین شوێنی مێژوویی دەناسرێتەوە. 

ناوەڕۆک

زۆربەی شوێنەوارە مێژووییەکانی شارەکە دەکەونە ناوچەی (نیمچە دوورگەی مێژوویی) کە لەم سەردەمەدا پێی دەڵێن "سەرای بۆرنۆ" یاخود ناوچەی سوڵتان ئەحمەد. لەم ناوچەیەدا چەندین کۆشک و باڵەخانەی سەردەمە کۆنەکان وەکو خۆی ماونەتەوە و پارێزگاریان لێ کراوە. مێژووی باڵەخانەکان هی سەردەمی بێزەنتییەکان و عوسمانییەکانە. 

دیارترین کۆشک و باڵەخانەکانی ئەم ناوچەیە

کۆشکی تۆپ قاپی 

ئەم کۆشکە سەرای حووکمڕانی عوسمانییەکان بووە بۆ ٤٠٠ ساڵ. کە دابەش بووە بۆ چەند کۆشکێک، یەکەمیان سەرای کە شوێنی حووکم کردن بووە، دووەم ماڵی قورئان خوێنان کە حوجرەی شازادەکان بووە، لەگەڵ ناوچەی ئەیا سۆفیا کە شوێنی مزگەوتی ئەیا سۆفیایە کە بەر لەوەی بکرێتە مزگەوت کڵێسا بووە. هەروەها لەم سەردەمەدا لەناو کۆشکی تۆپ قاپی مۆزەخانەیەک بنیاد نراوە کە پێی دەگوترێت مۆزەخانەی سەربازی کە شوێنی نمایشی کەلوپەل و چەکەکانی عوسمانییەکانە. 

گۆڕەپانی هیبۆدرۆم 

ئەم ناوچەیەش گرنگی خۆی هەیە بۆ گەشتیاران، یەکەم چونکە گۆڕەپانی سەرەکی شارەکە بووە و شوێنێکی گرنگ بووە لە نێوان هەردوو دەوڵەتی بێزەنتی و عوسمانی، دووەمیان لەبەر ئەوەی چەندین نهێنی لە خۆ دەگرێت، گۆڕەپانەکە بە شێوازێک دروست کراوه کە لە یەکەم ڕۆژی هاوین و یەکەم ڕۆژی زستاندا ڕووناک دەبووەوە بەر لە داهێنانی گڵۆپی کارەبایی. 
هیبۆدرۆم بە ڕاڤەی سوڵتان ئەحمەد واتای دڵی شار دەگەیەنێت، ساڵی ٢٠٣ زایینی لەلایەن سەبتیمۆس سیوریوس دروستکراوە بەڵام تا ساڵی ٣٣٠ تەواو نەکراوە. گۆڕەپانەکە لەلایەن ئیمپڕاتۆر قوستەنتین بە بۆنەی بوونی شارەکە بە دووەم پایتەختی دەوڵەتەکە ئاهەنگی تێدا ساز کرد. 
لە گۆڕەپانەکەدا ٣٠ هەزار کەس جێگەیان دەبێتەوە کە ساڵانە ئاهەنگ و ڤیستیڤالی جۆر بە جۆری تێدا دەکران. لە سەردەمی عوسمانییەکانیشدا خۆپیشاندانی جەماوەری و کەرنەڤاڵی تێدا سازدەکرا. 

تاوەری گەڵتە 

تاوەری گەڵتە ئەو تاوەرەی شارەکەیە کە بە جۆرێک دروستکراوە لە هەموو لایەکی شارەکەوە دیار بێت بە تایبەتی لە نێوان هەردوو بەشی شارەکە کە گەرووی بوسفۆر لە یەکتر جیای دەکاتەوە. بەرزی تاوەرەکە ٦١ مەترە. لەسەر بەرزترین بەشی ناوچەکە بنیادنراوە. بە یەکێک لە گرنگترین شوێنەوارە مێژووییەکانی شارەکە دادەنرێت. مێژووی دروستکردنی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی ١٣٤٨-١٣٤٩ زایینی. لە سەردەمی عوسمانییەکاندا تاوەری گەڵتە بۆ سێ مەبەست بەکارهاتووە، ئەوانیش "کۆگا، زیندان، منارەی دەریا" زیاتر وەکو منارەی دەریا بۆ ڕووناک کردنەوەی ڕێڕەوی ئاوی شارەکە سوودی لێ بینراوە لە شەودا تا دەریاوانەکان ڕێگاکە ببینن. ساڵی ١٩٦٤-١٩٦٧ تاوەری گەڵتە بە پڕۆژەیەکی ئەحمەد چەلەبی بڕیاردرا دابخرێت و لە ناوچەی ئوسکودار تاوەرێکی هاوشێوە بنیادنرایەوە کە کراوە بە چێشتخانە و کافتریا و مۆزەخانە و گەلەرییەک بۆ نمایشی تابلۆی هونەرمەندان. 

کۆشکی بێلەربێی 

مێژووی شوێنەکە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئیمپڕاتۆر قوستەنتین. پێک دێت لە کۆشکێک و باخچەیەکی فراوان، لە ساڵانی ١٨٦١-١٨٦٥ عوسمانییەکان کۆشکێکیان تێدا بنیاد ناوە کە لە ژێر سەرپەرشتی ئەندازیار سارکیس بیلیان دروستکراوە. نزیکەی ٥٠٠٠ کرێکار کاریان تێدا کردووە. ئەم کۆشکە بۆ میوانداری کردنی پاشا و کەسە خانەدانەکان سوودی لێ بینراوە چونکە ناوچەیەکی دڵڕفێنە و دەکەوێتە سەر بوسفۆر. ئەو پاشا و شازادانەی هاتوونە کۆشکەکە بریتین لە " پاشا ئێدواردی هەشتەم، شازادە خاتوون سیمسۆن، ئیمپڕاتۆری نەمسا فرانس، ناپلیۆنی سێیەم فەرمانڕەوای فەڕەنسا، شازادە و شای ئێران نەسڕەدین". زۆرێک لەم دەسەڵاتدارانە لەبەر کاریگەر بوون بە کۆشکەکە لە وڵاتەکانی خۆیان بە هەمان دیزاین و نەخشە دروستیان کردووەتەوە. 


سەرچاوەکان



788 بینین