بالی

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2024-03-22-07:33:00 - کۆدی بابەت: 12213
بالی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بالی (بە ئینگلیزی: Bali، بە عەرەبی: بالي)، پارێزگایەکی ئەندەنوسیا و ڕۆژئاوایترین دوورگەی دوورگەکانی لێسەر سوندایە. دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی جاڤا و ڕۆژئاوای لۆمبۆک، پارێزگاکە دوورگەی بالی و چەند دوورگەیەکی بچووکی نزیکی لەخۆ دەگرێت. پایتەختی پارێزگاکە، دێنپاسارە کە قەرەباڵغترین شاری دوورگەکانی لێسەر سوندا و لە دوای شاری ماکاسار دووەم گەورەترین شاری ڕۆژهەڵاتی ئەندەنوسیایە. ئەم پارێزگایە لە ١٤ـی ئابی ١٩٥٨ـدا دامەزراوە، شوێنی سەرەکی گەشتیاری ئەندەنوسیایە و لە ساڵانی هەشتاکانەوە ڕێژەی گەشتیاران بۆ ناوچەکە بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیووە. گەشتیاری ٨٠%ـی ئابووری پارێزگاکە پێک دەهێنێت. هەروەها ڕووبەری گشتی دوورگەکە ٥.٧٨٠ کیلۆمەتر دووجایە، ژمارەی دانیشتووانەکەی لە ناوەڕاستی ٢.٢٢ـدا بە ٤.٤١٥.١٠٠ کەس خەمڵێندرا و چڕی دانیشتووانەکەی ٧٦٠ کەس بوو لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا.

بالی تاکە پارێزگای ئەندەنوسیایە کە زۆرینەی (٨٦.٩%) دانیشتووانەکەی پەیڕەوکەرانی ئایینی هیندۆسین. پارێزگاکە بە هونەرە زۆر پێشکەوتووەکانی بەناوبانگە، لەوانە سەمای نەریتی و مۆدێرن، پەیکەرسازی، نیگارکێشان، چەرم، کانزاکاری و مۆسیقا. فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ئەندەنوسیا ساڵانە لە شاری بالی بەڕێوە دەچێت. بۆنە نێودەوڵەتییەکانی دیکە کە لە شارەکە بەڕێوەبراون بریتین لە هەڵبژاردنی شاجوانی جیهانی ٢.١٣، کۆبوونەوەی ساڵانەی سندو‌وقی دراوی نێودەوڵەتیی ٢.١٨ و گرووپی بانکی جیهان و لووتکەی جی ٢.٠ـی ساڵی ٢.٢٢.

ئەم پارێزگا بەشێکە لە سێگۆشەی شیلانی و ژمارەیەکی زۆر زیندەوەری دەریایی تێدایە، بەتایبەتی ماسی و کیسەڵەکان. تەنها لەم ناوچەیەدا، دەتوانرێت زیاتر لە ٥٠٠ جۆر مەرجانی گردی دەریایی دروستکەر بدۆزرێنەوە. ئەمەش نزیکەی حەوت هێندەی تەواوی دوورگەکانی کاریبییە. بالی نیشتیمانی سیستەمی ئاودێری سوباکە، کە شوێنەوارێکی میراتی جیهانی یونسکۆیە. هەروەها شوێنی کۆنفیدڕاڵییەکی یەکگرتووی شانشینەکانە کە لە ١٠ خانووی نەریتی شاهانەی بالی پێکهاتووە و هەر خانوویەک فەرمانڕەوایی ناوچەیەکی جوگرافی تایبەت دەکات. کۆنفێدراسیۆنەکە جێگری شانشینی بالییە. سەرەڕای ئەوەی مێژووی خانووە شاهانەییەکان دەگەڕێتەوە بۆ پێش کۆلۆنیالیزمی هۆڵەندی بەڵام حکوومەتی ئەندەنوسیا بە فەرمی دانی پێدا نەناوە.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دانیشتووان

ژمارەی دانیشتووانی بالی لە سەرژمێری ساڵی ٢.١.ـدا ٣.٨٩٠٧٥٧ کەس، لە سەرژمێری ساڵی ٢.٢.ـدا ٤.٣١٧.٤٠٤ کەس بوو و خەمڵاندنێکی فەرمی ژمارەی دانیشتووانی پارێزگاکەی لە ناوەڕاستی ساڵی ٢.٢١ـدا بە ٤.٣٦٢.٧٠٠ کەس خەمڵاند. بە مەزەندە ٣٠.٠٠٠ کەسی ئاوارە لە بالی دەژین.

ڕەچەڵەکە نەتەوەییەکان

بەپێی توێژینەوەیەکی دی ئێن ئەی کە لە ساڵی ٢٠٠٥ و لەلایەن (Karafet et al)ـەوە ئەنجامدرا دەرکەوتووە کە پێدەچێت ١٢%ـی کرۆمۆسۆمی وایی دانیشتووانی ڕەسەنی بالی بە ڕەچەڵەک هیندی بن، لە کاتێکدا لەوانەیە ٨٤%ـیان بە ڕەچەڵەک ئەوسترۆنیزیایی و ٢%ـیش بەڕەچەڵەک مێلانێسایی بن.

ئایین

لە ساڵی ٢.١٨ـدا نزیکەی ٨٦.٩١%ـی دانیشتووانی بالی پەیڕەوکەرانی ئایینی هیندۆسی بوون، ئایینە کەمینەکان بریتی بوون لە ئایین ئیسلام کە لەلایەن ١٠.٠٥%ـی دانیشتووانەوە پەیڕەو دەکرا، هەروەها ئایینەکانی مەسیحی و بوودی کە لەلایەن ٢.٣٥% و ٠.٦٨%ـی دانیشتووانەوە پەیڕەو دەکران.

زمان

زمانەکانی بالی و ئەندەنوسی لە بالیدا زۆرترین قسەپێکەریان هەیە و زۆرینەی زۆری دانیشتووانی پارێزگاکە دوو یان سێ زمان دەزانن. باوترین زمانی قسەکردن لە دەوروبەری ناوچە گەشتیارییەکان، ئەندەنوسییە، چونکە زۆرێک لەوانەی لە کەرتی گەشتیاریدا کار دەکەن خەڵکی بالی نین، بەڵکوو کۆچبەرانی جاڤا، لۆمبۆک، سوماترا و ناوچەکانی تری ئەندەنوسیان. زمانی بالی بەهۆی سیستەمی چینایەتی بالییەوە بە شێوەیەکی زۆر چینچینکراوە. هەروەها زمانی جاڤایی کۆن و سەنسكريتی بە شێوەیەکی باو لەلایەن هەندێک لە قەشە هیندۆسییەکانی بالییەوە بەکار دەهێنرێن، چونکە ئەدەبیاتی هیندۆسی زیاتر بە زمانی سەنسكريتی نووسراوە. بە دوای ئەمانیشدا زمانی ئینگلیزی و چینی باوترین زمانن و زمانە بیانییە سەرەکییەکانی زۆرێک لە بالییەکانن، هۆی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ پێداویستییەکانی پیشەسازی گەشتیاری و جێگیربوونی کۆمەڵگە ئینگلیز و چینییەکان لە دوورگەکەدا. هەروەها زمانە بیانییەکانی دیکەی وەک ژاپۆنی، کۆری، فەڕەنسی، ڕووسی یان ئەڵمانی زۆرجار لەسەر پانێڵ و لە ئاماژە فرە زمانییەکاندا بۆ گەشتیارە بیانییەکان بەکار دەهێنرێن.

ئابووری

لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا، ئابووری بالی تا ڕادەیەکی زۆر پشتی بە کاری کشتوکاڵی بەستبوو. بەڵام ئێستا گەشتیاری تاکە گەورەترین پیشەسازی پارێزگاکەیە و پارێزگاکەش یەکێکە لە دەوڵەمەندترین ناوچەکانی ئەندەنوسیا. لە ساڵی ٢٠٠٣ـدا نزیکەی ٨٠%ـی ئابووری بالی پشتی بە کەرتی گەشتیاری بەستبوو. لە کۆتایی مانگی حوزەیرانی ٢٠١١ـدا، ڕێژەی قەرزە ناجێگیرەکانی هەموو بانکەکانی بالی ٢.٢٣% بوو، کەمتر بوو لە تێکڕای ڕێژەی قەرزە ناجێگیرەکانی پیشەسازی بانکی ئەندەنوسیا کە نزیکەی ٥% بوو. بەڵام ئابووری دوورگەکە لە ئەنجامی زنجیرە تەقینەوە تیرۆریستییەکانی ساڵانی ٢٠٠٢ و ٢٠٠٥ـدا بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزی، پاشان وردەوردە گەشەی سەندەوە و لە قۆناغی پێش تەقینەوەکە زیاتر بوژایەوە.

کشتوکاڵ

هەرچەندە گەشتیاری گەورەترین بەشی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی (GDP) بەرهەم دەهێنێت، بەڵام هێشتاش کەرتی کشتوکاڵ گەورەترین خاوەنکارە لە دوورگەکەدا و ماسیگرتنیش ژمارەیەکی بەرچاو هەلی کار بۆ دانیشتووانی ناوچەکە دابین دەکات. هەروەها بالی به پیشەسازەکانی بەناوبانگە کە کۆمەڵێک کاری دەستی بەرهەم دەهێنن، لەوانە دروستکردنی نەخش و نیگار لەسەر جل و بەرگ، هەڵکۆڵین لەسەر دار بەرد.

گەشتیاری

لە ساڵی ١٩٦٣ـدا ئوتێلی بالی بیچ لە سانور دروستکرا و بەمەش گەشتیاری لە بالی گەشەی سەند. پێش دروستکردنی ئەم ئوتێله، تەنها سێ ئوتێلی گەشتیاری لە دوورگەکەدا هەبوون. پاشان دەستکرا بە دروستکردنی ئوتێل و چێشتخانەی زیاتر لە سەرانسەری دورگەکەدا، دوای ئەوەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی (Ngurah Rai) لە ساڵی ١٩٧٠ کرایەوە، کەرتی گەشتیاری زیاتر پێشکەوت. زنجیرە تەقینەوە تیرۆریستییەکانی ساڵانی ٢٠٠٢ و ٢٠٠٥ بووە هۆی کەمبوونەوەی ژمارەی گەشتیاران و پاشان وردەوردە ژمارەی گەشتیاران بۆ ناوچەکە بەرزبوویەوە. لە نیوەی کۆتایی ساڵی ٢٠٠٨ـدا، بەهای دراوی ئەندەنوسیا نزیکەی ٣٠% بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی دابەزی، ئەمەش وایکرد زۆرێک لە سەردانکەرانی وڵاتەکە کەمتریان لەسەر بکەوێت. لە ساڵی ٢.١٠ـدا ٢.٥٧ ملیۆن گەشتیاری بیانی ڕوویان لە بالی کرد و بەهۆی ناوچە شاخاویی و کەنارییە سەرنجڕاکێشەکان، شوێنە گەشتیارییە جۆراوجۆرەکان، چێشتخانە نێودەوڵەتی و ناوخۆییە نایابەکانی، دڵسۆزی خەڵکی ناوچەکە و هەروەها کلتووری بالی و ئایینەکەیەوە خەڵاتی باشترین دوورگەی وەرگرت. بەپێی بی بی سی تڕاڤڵ لە ساڵی ٢٠١١، بالی یەکێکە لە باشترین دوورگەکانی جیهان، لە دوای سانتۆرینی وڵاتی یۆنان لە پلەی دووەمدایە. لە ساڵی ٢٠١٢ـدا ٢.٨٨ ملیۆن گەشتیاری بیانی و پێنج ملیۆن گەشتیاری ناوخۆیی هاتنە دوورگەکەوە.

لە ساڵی ٢٠١١ـەوە چین پێش ژاپۆن کەوتوە و دووەم وڵاتە کە زۆرترین هاوڵاتیانی گەشت بۆ بالی دەکەن، لە کاتێکدا ئوسترالیا لە پێشەنگی لیستەکەدایە و هیندستانییەکانیش بەشێکی زۆری گەشتیاران پێک دەهێنن. لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠١٢ و بە بەراورد بە ساڵی ٢٠١١ گەشتیارانی چینی بە ڕێژەی ٢٢٢.١٨% زیادیکرد لە کاتێکدا گەشتیارانی ژاپۆن بە بەراورد بە ساڵی ٢٠١١ بە ڕێژەی ٢٣.٥٤% دابەزی.

لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٠، دە هەزار گەشتیاری چینی بەهۆی پەتاى کۆڤید-19ـەوە گەشتەکانیان بۆ بالی هەڵوەشاندەوە. بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڤید نۆزدە و سنووردارکردنی گەشتەکانەوە بالی لە ساڵی ٢٠٢ـدا پێشوازی تەنها لە ١.٠٧ ملیۆن گەشتیاری نێودەوڵەتی کرد، کە زۆربەیان لە مانگەکانی کانوونی دووەم و ئازاردا بوون و ئەم ڕێژەیەش بە بەراورد بە ساڵی پێشوو %٨٧- بوو.  لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١ـدا تەنها ٤٣ گەشتیاری نێودەوڵەتی ڕووی لە دوورگەکە کرد و لە ٣ـی شوباتی ٢٠٢٢، بالی جارێکی دیکە پێشوازی لە گەشتیارە بیانییەکان کردەوە.

کەشوهەوا

بالی کەشوهەوایەکی خولگەیی هەیە و کەشی شارەکە بەدرێژایی ساڵ گەرمە، لەگەڵ ئەوەشدا وەرزێکی باراناوی هەیە  کە لە مانگی تشرینی دووەمەوە دەست پێ دەکات و تا مانگی ئازار دەخایەنێت. بەهۆی مانسوون (بای وه‌رزیی ئه‌قیانووسی هیند)ـی باکووری ڕۆژئاوا و وەرزێکی تاڕادەیەک وشک لە مانگی نیسانەوە تا مانگی تشرینی یەکەم، هێشتا دەشێت بارانی بەخوڕ ببارێت. لە وەرزی باران باریندا، بەزۆری یەک دوو کاتژمێر لە بەیانیاندا و یەک دوو کاتژمێر لە پاشنیوەڕۆدا باران دەبارێت، جگە لەو دوو تا چوار کاتژمێرە لە تەواوی ڕۆژەکەدا خۆر بە ئاسمانی شارەوە دەدرەوشێتەوە. ئەم دوورگەیە نزیکەی نۆ پلە لە باشووری هێڵی ئیستواوە دوورە. لە مانگی تشرینی دووەم تا ناوەڕاستی مانگی ئایار، بەڵام زیاتر لە مانگی کانوونی دووەمەوە تا ناوەڕاستی مانگی نیسان، دەشێت گێژه‌لووکەی خولگەیی هەڵ بکات بەڵام بەزۆری ڕاستەوخۆ لێی نادات.

پلەی گەرمی

پلەکانی گەرما بە درێژایی ساڵ بەرز و نەگۆڕن، بەڵام لە مانگی تشرینی یەکەم تا مانگی نیسان کەمێک بەرزترن، کاتێک تێکڕای پلەی گەرمیی ڕۆژانە لە دەوروبەری ٢٨ پلەی سیلیزیدایە و لە مانگی حوزەیران تا ئەیلوول، کاتێک وەرزەبای باشووری ڕۆژهەڵات بەسەر شارەکەدا هەڵ دەکات کەمێک هەوای ساردتر دەهێنێت و پلەی گەرمی بۆ نزیکەی ٢٦.٥/٢٧ پلەی سەدی دادەبەزێت. لە وەرزی بارانباریندا، بەهۆی بەرزی ڕێژەی شێوە کەشی شارەکە گەرم و شێدارە.

بارانبارین

بەدرێژایی ساڵ ١٧٠٠ مللیمەتر باران لە بالیدا دەبارێت و زۆرترین بڕی باران لە مانگی کانوونی یەکەم تا مانگی شوباتدا دەبارێت کە مانگی ٢٨٠ بۆ ٣٥٠ مللیمەتر باران دەبارێت. لە وەرزی وشکیشدا، لە مانگی نیسانەوە تا مانگی تشرینی یەکەم، کەمتر لە ١٠٠ مللیمەتر باران لە مانگێکدا دەبارێت و کەمترین بڕی بارانبارین لە مانگی ئابدا تۆمار دەکرێت کە تەنها ١٥ مللیمەترە. سەرەڕای ئەوانەش، لەوانەیە بڕی بارانبارین لە ساڵێکەوە بۆ ساڵێکی تر بگۆڕێت، بۆیە ئەگەر لێکۆڵینەوە لە تۆمارەکانی بارانبارین بکەین، دەتوانین ببینین کە هەندێک جار دەشێت وەرزی بارانبارین تا مانگی نیسان بخایەنێت، یان لە مانگی تشرینی یەکەمەوە دەست پێ بکات.

دەریا

ئاوی دەریا لە بالی ئەوەندە گەرمە کە بەدرێژایی ساڵ دەتوانرێت مەلەی تێدا بکرێت، پلەی گەرمی ئاو لە نێوان ٢٧ پلەی سیلیزی لە نێوان مانگەکانی تەممووز و ئەیلوول، تا ٢٩ پلەی سیلیزی لە نێوان مانگەکانی تشرینی دووەم و ئایاردایە. بەشی ڕۆژئاوای نیمچە دورگەی بوکیت کە شەپۆلەکان تێیدا بەرزترن، بۆ شەپۆلەخلیسکێ یان شەپۆل‌ڕەوی باشترە.

باشترین کات

باشترین کات بۆ گەشتکردن بۆ دوورگەی بالی و چێژوەرگرتن لە کەناراوەکانی مانگی حوزەیران تا ئەیلوولە، کەشوهەوا بەزۆری خۆرەتاوە و گەرمییەکەی توند نییە و شنەبا کەشی ناوچەکە مامناوەند دەکات. تەنها جاروبار بارانی بەخوڕی کورتخایەن دەبارێت یان ڕەشەبای بروسکاوی هەڵ دەکات بەڵام ئەگەری لە شەو و بەیانی زوودا زیاترە. مانگی ئاب باشترین مانگە چونکە وشکترین مانگی ساڵە.


سەرچاوەکان



67 بینین