ناوهڕۆك
سەرەتا
پشکنینی ترشی یوریک (بە ئینگلیزی: uric acid test) ئەم پشکنینە ڕێژەی ترشی یوریک لە خوێن یان لە میزدا دیاری دەکات. ترشی یوریک پاشماوەیەکی ئاساییە لەش لە ئەنجامی تێکشکاندنی ماددەی کیمیای پیورین دروستی دەکات. پیورین لە ئەنجامی مردنی خانەکانەوە دروست دەبێت، هەروەها هەندێک خواردنیش پیورینیان تێدایە. بەشی زۆری ترشی یوریک لە خوێندا دەتوێتەوە. گورچیلەکان ترشی یوریک ئەسید بۆ دەرەوەی خوێن دەپاڵێون، دواتریش لە ڕێگەی میزەوە لە جەستە دەکرێنە دەرەوە. ئەگەر ترشی یوریک لە خوێندا کۆببێتەوە، کریستاڵێکی شێوە باریک لە ناو یان لە دەوری جومگەکان دروست دەکات. بەم حاڵەتەش دەوترێت دەردە پاشا (gout)، دەردە پاشا جۆرێکی هەوکردنی جومگەکانە کە دەبێتە هۆی ئازار و هەڵئاوسان لە جومگەکاندا. ڕێژەیەکی زۆری ترشی یوریک ڕەنگە ببێتە هۆی بەردی گورچیلە و خراپبوونی گورچیلە. بەڵام هەموو ئەو کەسانەی ڕێژەیەکی زۆری ترشی یوریکیان هەیە تووشی ئەم حاڵەتە نابن.
پشکنینی ترشی یوریک بۆ ئەم مەبەستانە بەکاردێت
- یارمەتی دەستنیشانکردنی نەخۆشیی دەردە پاشا دەدات.
- ئەم پشکنینە بۆ چاودێریکردنی چارەسەرەکان لەو کەسانەدا کە شێرپەنجەیان هەیە بەکاردێت. کاتێک چارەسەرەکان خانە شێرپەنجەییەکان دەکوژن، خانەکان بەخێرایی بڕێکی زۆر ماددەی پیورین دەکەنە خوێنەوە. لەڕێگەی ئەم پشکنینەوە کاریگەری چارەسەرەکان لەسەر خانە شێرپەنجەییەکان دیاری دەکەن.
پشکنینی ترشی یوریک لە میزدا بۆ ئەم مەبەستانە بەکاردێت
- دەستنیشانکردنی ئەوەی ئایا ڕێژەیەکی زۆری ترشی یوریک دەبێتە هۆی بەردی گورچیلە.
- چاودێریکردنی مەترسی دروستبوونی بەردی گورچیلە لەو کەسانەدا کە نەخۆشیی دەردە پاشایان هەیە.
چ کاتێک پێویست بە ئەنجامدانی پشکنینی ترشی یوریک دەکات؟
کاتێک کەسێک ئەم نیشانانەی هەیە پێویستە پشکنینی ترشی یوریک لە ڕێگەی خوێنەوە ئەنجام بدات.
- نیشانەکانی نەخۆشیی جومگە ئێشە، نیشانەکان بەزۆری لە جومگەیەکدا دروست دەبن و زیاتر کاریگەری لەسەر پەنجەگەورەی پێ دەبێت، بەڵام دەکرێت کاریگەری لەسەر پەنجەکانی تر، پاژنەی پێ و ئەژنۆکان هەبێت.
هەروەها ڕەنگە ببێتە هۆی دەرکەوتنی ئەم نیشانانە:
- ئازاری زۆر
- هەڵئاوسان
- سووربوونەوە
- هەستکردن بە گەرما
- لە کاتی وەرگرتنی چارەسەری شێرپەنجەدا
لە کاتی هەبوونی نیشانەکانی هەبوونی بەردی گورچیلە:
- ئازار لەبەشی خوارەوەی سک
- خوێن لە میزدا
- میزنەکردن یان بڕێکی کەم لە میز
- ئازار لە کاتی میزکردندا
- هەبوونی بۆنێکی ناخۆش لە میز
- دڵتێکەڵهاتن و ڕشانەوە
- تا و موچڕکە
لە کاتی ئەم پشکنینەدا چی ڕوودەدات
ئەم پشکنینە لە ڕێگەی خوێن و میزەوە ئەنجام دەدرێت. پزیشک بڕیار دەدات ئایا پێویستە پشکنینەکە بە کام جۆرەیان ئەنجام بدرێت.
پشکنینی ترشی یوریک لە ڕێگەی میزەوە
پێویستە بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر میز کۆبکرێتەوە، بەم جۆرە دەوترێت پشکنینی میزی ٢٤ کاتژمێری.
پێش ئەنجامدانی پشکنینەکە
بەشێوەیەکی ئاسایی پێش ئەنجامدانی پشکنینەکە پێویست بە خۆئامادەکردن ناکات، بەڵام هەندێک دەرمانی وەک ئەسپرین و ڤیتامین B3 دەتوانێت کاریگەری لەسەر بڕی ترشی یوریک هەبێت. پێش ئەنجامدانی پشکنینەکە پێویستە پزیشک لە جۆری ئەو دەرمانانەی بەکارهێنراون ئاگادار بکرێتەوە.
ڕێژەی ئاسایی ئەنجامی پشکنینەکە
بۆ ئافرەتان: ٢.٤-٦.٥ mg/dl
بۆ پیاوان: ٣.٤-٧.٢ mg/dl
ئەنجام
ڕێژەی بەرزی ترشی یوریک لەم حاڵەتانەدا ڕوودەدات
- جەستە بڕێکی زۆر ترشی یوریک دروست بکات
- گورچیلە نەتوانێت ترشی یوریک لە گورچیلە لاببات
- خواردنیئەو خواردنانەی بڕێکی زۆر پیورینیان تێدایە وەک گۆشتی سوور، جگەر و ئەلکحوڵ
- نەخۆشیی دەردە پاشا
- نەخۆشیی گورچیلە
- نەخۆشیی خڕۆکە سپییەکانی خوێن (leukemia)
- بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن لەماوەی دووگیانی
ڕێژەی نزمی ترشی یوریک
حاڵەتێکی باو نییە و بەزۆری نابێتە هۆی کێشەی تەندروستی، ئەو حاڵەتە تەندروستیانەی پەیوەندی بە کەمی ترشی یوریکەوە هەیە بەزۆری بەهۆی پشکنینی ترەوە دەستنیشان دەکرێت.
هەبوونی ڕێژەیەکی بەرزی ترشی یوریک لە خوێن یان لە میزدا هەموو کات نیشانەی کێشەی تەندروستی نییە، هەندێک کەس ڕێژەیەکی بەرزی ترشی یوریکیان هەیە بەبێ ئەوەی کێشەی تەندروستییان هەبێت.