نەخۆشی تۆرێت سیندرۆم

له‌لایه‌ن: - - به‌روار: 2024-03-26-23:17:00 - کۆدی بابەت: 12323
نەخۆشی تۆرێت سیندرۆم

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

نەخۆشی تۆرێت سیندرۆم (بە عەرەبی: متلازمة توریت سیندروم، بە ئینگلیزی: Tourette syndrome) هۆکاری ناونانی تۆرێت سیندرۆم دەگەڕێتەوە بۆ پزیشکی دەمار " جورج جیل دو لاتۆرێت".  تۆرێت سیندرۆم حاڵەتێکی دەمارییە لەتەمەنی منداڵیدا دەردەکەوێت و پێکهاتووە لە دروستکردنی دەنگ یاخود جووڵەی خۆنەویستی بەشەکانی جەستە کە کەسی تووشبوو بە نەخۆشییەکە توانای کۆنتڕۆڵکردنی نییە، پێیدەڵێن (تیک)، کێشەکە لە منداڵاندا دەردەکەویت بە شێوەی جووڵەی چاو و دەست و هەندێک جاریش لە خۆدان دووبارە دەبێتەوە، ڕەنگە ئەوانەی کە ئەم حاڵەتەیان هەبێت تووشبووی ئەی دی ئێچ دی بن، ئەم نەخۆشییە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕیت هەندێکیان جۆری تیکەکانیان سووکە و زۆر کاریگەری لەسەر ژیانیان دەرناکەوێت، بەڵام دەکرێت کاریگەری بخاتە سەر پەیوەندی منداڵەکە لەگەڵ هاوڕێ و خێزانەکەی.  

دابینکردنی ژینگەیەکی ئارام کە تێیدا منداڵەکە هەست بە ئارامی  وئاسایشی دەروونی بکات لەگەڵ پشتیوانی کردنی منداڵەکە لە ماڵەوە، هەروەها لە قوتابخانەش و دەوروبەری ئەو منداڵە دەتوانێت ئەگەری ئەوە زیاد بکات کە ئەو منداڵە خۆی لەگەڵ جووڵە خۆنەویستی بەشەکانی جەستەدا بگونجێنێت. تووشبووانی نەخۆشییەکە بە هەڵکشانی تەمەن بەرەو باشبوون دەچن یاخود بە تەواوەتی چاک دەبنەوە. نەخۆشییەکە لە سەرانسەری جیهاندا ڕوودەدات لە هەموو ڕەگەز و نەتەوەیەک و لە گەورەشدا دەردەکەوێت.

کاریگەرییەکانی تۆرێت سیندرۆم

کاریگەرییەکانی تۆرێت سیندرۆم لە جەستەدا بە شێوەیەکی ئاشکرا هەستی پێدەکرێت کاتێک کەسەکە ناتوانێت کۆنتڕۆڵی جووڵەکانی جەستەیی بکات، بۆ نموونە جووڵەکانی خۆنەویست و لا ئیرادیین و لە ژێر کۆنتڕۆڵی مرۆڤدا نییە وەکو جووڵەی چاو و دەست یان جوڵەی دووبارە بووەوە کە کەسەکە ناتوانێت کارەکانی ئەنجامبدات، هەندێکجار لە خۆدان دووبارە دەبێتەوە وە دەنگەکان هەندێکجار بە شێوەی پێکەنین یاخود فیکە دەردەچێت. لەوانەیە کەسەکە بتوانێت بۆ ماوەیەکی کاتی جووڵە نائاساییەکان کپ بکات، بەڵام ئەمەش دەبێتە هۆی فشارێکی دەروونی زۆر و فشاری دەروونی بۆ حاڵەتەکە دروست دەبێت.

نیشانەکانی تۆرێت سیندرۆم

نیشانەکان لە نێوان نەخۆشەکاندا هاوشێوەن ڕەنگە جاروبار جیاواز بن لە یەکتری، بە زۆری نیشانەکانی تۆرێت سیندرۆم لە منداڵانی ٧-١٠ ساڵیدا ڕوودەدات، بەڵام دەکرێت لە دوو ساڵییەوە بە تەواوەتی دەستپێبکات، نزیکەی ١/٣ـی منداڵانی تووشبوو بە تۆرێت سیندرۆم تا دەگەنە سەرەتای تەمەنی گەورەیی هیچ جووڵەی خۆنەویستی جەستەیان نییە، ١/٣ تا گەورەبوونیان جووڵەی خۆنەویستی جەستەیی کەمتر و سووکتریان هەیە، ١/٣ هەندێکی تریان بەردەوام دەبن لە تووشبوون بە جووڵەی جەستەیی خۆنەویست. لە نیشانەکانی:

  • چاوتروکاندن
  • چرچبوونی لووت
  • سەلەرزین
  • خووران 
  • قیژە قیژ                                      
  • دووبارەکردنەوەی قسە
  • تێکەڵکردنی جووڵە و دەنگەکان
  • جووڵەی شانەکان 
  • دەستدان لە شتەکان
  • فیکەلێدان
  • کۆکەی بەردەوام 
  • بازدان 
  • خێرایی جووڵەی چاو 

دەکرێت ئەم نیشانانە بەهۆی دروستبوونی فشار لەسەر کەسی تووشبووی نەخۆشی تۆرێت سیندرۆم خراپتر بێت، لە کاتێکدا هەندێک لە تووشبوانی تۆرێت لەوانەیە وشە و دەستەواژەی ناشرین بەکاربهێنن یاخود بەکارهێنانی ئاماژەی ناشرین کە ئەم ڕەفتارانە ڕەفتاری ناشرینن، جگە لە تیکەکانی جووڵەی و دەنگی لەوانەیە ئەو کەسانەی کە توشبووی تۆرێت سیندرۆم حاڵەتی تر بە دوای خۆیدا بهێنێت لەوانە:
• کێشەکانی زەحمەتی فێربوون
• ڕەفتاری شەڕانگێزی و دوژمنانە
• ئەی دی ئێچ دی
• نەخۆشی وەسوەسە و ناچاری
• زیان بەخۆگەیاندن و دڵەڕاوکێ
• کێشەکانی خەو وەک نائارامی لە خەوتن، قسەکردن لە کاتی خەوتن، کێشەی خەوتن نیشانەکان کەم دەبنەوە وە لەگەڵ تەمەنیشا بەرەو باشتر دەچن.

هۆکارەکانی تووشبوون بە  تۆرێت سیندرۆم

هۆکارەکانی مەترسی تووشبوون بە تۆرێت:

ڕەگەز: ئەگەری تووشبوون بە تۆرێت لە نێرەکان سێ بۆ چوار هێندە زیاترە بەراورد لە مییەکان.
مێژووی خێزان: لەوانەیە دایک و باوک لە ڕێگەی بۆهێڵەکانەوە (بۆماوە) تۆرێت سیندرۆم بگوازنەوە بۆ منداڵەکانیان.
هۆکاری پێش لەدایکبوون: بەکارهێنانی جگەرە لەلایەن دایکی دووگیانەوە مەترسی تووشبوون بە تۆرێت سیندرۆم لە منداڵاندا زیاد دەکات، هەروەها تووشبوونی دایک بە نەخۆشی و گرفتی تەندروستی لە کاتی دووگیانیدا لەوانەیە مەترسی زیاتریان هەبێت لەسەر تووشبوون بە تۆرێت سیندرۆم، هەروەها کیشی کەمی لە دایکبوون. یاخود فشاری دەروونی لەسەر دایکی دووگیان.
بەرکەوتنی مێشک یاخود هەوکردنی مێشکی منداڵەکە.
کەمی ئۆکسجین لە کاتی لە دایکبووندا.
نەخۆشی پارکنسۆن و هینگتۆن کە دەبێتە هۆی نەخۆشی تۆرێت سیندرۆم.

پەیوەندی بۆماوە و تۆرێت سیندرۆم

بەپێی زۆرێک لە توێژینەوەکان یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی تووشبوون بە تۆرێت سیندرۆم بۆماوەییە، دەرکەوتنی حاڵەتەکەش لە دایکانە زیاترە لە کاتی دووگیانیدا زۆر ئەڕشێتەوە یان هێڵنج دەدات بە تایبەت لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانی، کەسێکی تووشبووی تۆرێت سیندرۆم لە ٪٥٠ دەکرێت یەکیک لە منداڵەکانی تووشبووی تۆرێت سیندرۆم بن و هەندێکیشیانن نیشانەکانیان تێدا دەردەکەوێت. ئەم جینانە لەوانەیە پەیوەندییان بە جیاوازییە بایۆلۆژییەکانی کوڕان و کچانەوە هەبێت، ڕەنگە چەندین بۆهێڵ بەشدار بن، هەرچەندە ئەوانەی لە ڕیگەی جیناتەکانەوە تووش دەبن نیشانەکان پێشان نادەن.

تۆرێت سیندرۆم و ئۆتیزم

بەپیی سەرچاوەکان پەیوەندییان بە یەکەوە هەیە چونکە هەردوو حاڵەتەکە بەهۆی گرژی و ئاڵۆزی لە کۆئەندامی دەماردا ڕوودەدات و لە هەر پێنج منداڵی هەڵگری تۆرێت سیندرۆم نیشانەکانی ئۆتیزمیشیان هەیە.

کەسانی تووشبووی تۆرێت سیندرۆم ژیانێکی ئاساییی دەژین؟

بەڵێ ئەم کەسانەی کە تووشبووی حاڵەتەکەن دەتوانن ژیانێکی ئاسایی بژین وەکو کەسانی ئاسایی ڕێژەی زیرەکییان وەکو یەکە، دەتوانن کاری گەورەش ئەنجام بدەن هەندێک کات لەوانە لە بواری بازرگانی یان ئەکادیمی یان وەرزش کاربکەن. ئەو منداڵانەی تووشبووی تۆرێت سیندرۆمن پێویستیان بە پەروەردەی تایبەت هەیە. منداڵانی تووشبووی تۆرێت سیندرۆم هەمان ئاستی زیرەکی منداڵانی ئاساییان هەیە، بەڵام هەندێکیان دەکرێت پێویستیان بە پەروەردەی تایبەت هەبێت بە نمونە چۆنیەتی مامەڵەکردنی لەگەڵ دەرووبەردا. 

دەستنیشانکردنی حاڵەتی تۆرێت سیندرۆم

دەستنیشانکردنی ئەم حاڵەتە دەکەوێتە سەر مێژووی نیشانەکان و ئەو نیشانانەی کە لە ئێستادا کەسی تووشبووی نەخۆشی تۆرێت هەیەتی، لەهەمان کاتدا چەند پێوەرێک هەن بۆ دەستنیشانکردنی لەوانە:

  • هەردووی تیکی دەنگ و جووڵە ڕوودەدەن بەڵام مەرج نییە بە یەکەوە ڕووبدەن پێکەوە  ولە یەک کاتدا هەبن.
  • تیک چەندجارێک لە ڕۆژێکدا ڕوودەدەن نزیکەی هەموو ڕۆژ یان بە پچڕی کە ئەمەش ماوەی زیاتر لە ساڵێک دەخایەنێت.
  • تیک پێش تەمەنی ١٨ ساڵی دەست پێدەکات و بەهۆی دەرمان و بەرکەوتن بە ماددەکان و حاڵەتێکی تری پزیشکییەوە دروست نابێت، دەگونجێت تیکەکان بە درێژایی کات بگۆڕدرێن بە پێی شوێن و کات و جۆر و ئاڵۆزی وتوندی حاڵەتەکە.

 بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشی تۆرێت سیندرۆم پزیشک پرسیار دەکات سەبارەت:

  • بوونی هەردوو جۆری تیکی جووڵەیی و دەنگی کە چەندجار لە ڕۆژدا ڕوودەدات.
  • سەرهەڵدانی تیک پێش تەمەنی ١٨ ساڵی.
  • تیک بەهۆی دەرمانەوە دروست نابێت.

زۆر جار ئەو تیکانەی کە باون لەلایەن پزیشکی منداڵان یان پسپۆڕی چاودێری تەندروستی دەروونییەوە دەستنیشان دەکرێن ئەو نیشانانەی کە لە تەمەنی گەورەییدا دەردەکەون پێویستی بە شارەزایی زیاتر هەیە بۆ دەستنیشانکردن.

هیچ پشکنینێکی خوێن یان تاقیگە پێویست نییە بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە، لە حاڵەتی دەگمەندا وێنەگرتنی دەماری دەگیرێت، یان ڕەنگە هەندێک پشکنینی خوێن بەکاربهێنرێت بۆ ڕەتکردنەوەی حاڵەتەکانی تر کە ڕەنگە لەگەڵ تۆرێت سیندرۆمدا تێکەڵ بکرێت. 

لەوانەیە هەندێک کات بخایەنێت بۆ وەرگرتنی دەستنیشانکردنی فەرمی تۆرێت سیندرۆم، ئەو خێزان و پزیشکانەی کە بەم نەخۆشییە ئاشنا نین لەوانەیە پێیان وابێت نیشانە سووک و تەنانەت مام ناوەندەکانی تیک ڕەنگە کەم بن، یاخود بەشێک بن لە قۆناغی گەشکردن، یان لە دەرئەنجامی حاڵەتێكی تر، بۆ نمونە؛ ڕەنگە هەندێک دایک و باوک وا بیربکەنە کە چاوتروکاندنی منداڵەکانیان پەیوەندی بە کێشەی بینینەوە هەیە یان بۆنکردن پەیوەندی بە هەستیاری وەرزییەوە هەیە.

مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کەسانەی کە نەخۆشی تۆرێت سیندرۆمیان هەیە

زۆر کەس تێناگەن نەخۆشی تۆرێت سیندرۆم چییە و هۆکاری چییە، بۆیە ڕەنگە نەزانن کە دەبێت چۆن مامەڵە لەگەڵ کەسێکدا بکەن کە تۆرێت سیندرۆمیان هەیە، کاتێکیش خەڵک دەیانبینێت هەست بە شەرمەزاری و بێزاری دەکەن، کەسی تووشبوو ڕەنگە زۆر بارودۆخەکەی ڕوون بکاتەوە یان مامەڵە لەگەڵ کەسانێکدا بکەن کە پێیان وایە نامۆن، هەرچەندە ئاسان نییە کە تووشی نەخۆشی تۆرێت بیت بەڵام بە زۆری لەگەڵ زیادبوونی تەمەن تیکەکان سووکتر دەبن یان نامێنن. ئەو شتانەی کە کەسێک نەخۆشی تۆرێتی هەیە دەتوانێت ئەنجامی بدات:

  • بەشداریکردن، هەندێک پێیان وایە کاتێک سەرنجیان لەسەر چالاکییەک دەبێت، تیکەکانیان سووکترە و کەمتر ڕوودەدات چالاکییەکانی وەرزش و ڕێکردن ڕێگەیەکی زۆر باشن بۆ لایەنی دەروونی و جەستەییش.
  • دەستی یارمەتیدانیان بۆ درێژ بکە، زۆرجار مامەڵەکردن لەگەڵ نەخۆشی تۆرێت وادەکات خەڵک زیاتر لە هەستی کەسانی تر تێبگەن، بە تایبەت هەرزەکاران کە کێشەی تریان هەیە، ئەم هەستە بەکاربهێنن بۆ کاری خۆبەخشی.
  • ئەنجامدانی وێنەکێشان و نووسین و نیگارکێشان یارمەتیدەری دەروونە بۆ چڕکردنەوە لەسەر ئەم بابەتانە و ئارامی دەروونی کەسی تووشبوو.

هەر کەس کە نەخۆشی تۆرێتی هەیە بە شێوازێکی جیاواز ڕووبەڕووی ئاستەنگە جەستەیی و سۆزداری و کۆمەڵایەتییەکان دەبێتەوە، ئەو کەسانەی کە ئەم نەخۆشیەیان هەیە دەتوانن چێژ لە ژیان وەربگرن و بە دوای خەون و ئامانجەکاندا بگەڕێن هەر وەک چۆن هاوڕێکانیان دەیکەن.

کۆنتڕۆڵکردنی تۆرێت سیندرۆم

زۆرێک لە نەخۆشانی تۆرێت سیندرۆم دەتوانن کۆنتڕۆڵی تیکەکان بکەن یان ڕێگری بکەن لە تەشەنەکردنی، هەندێک پێیان وایە دەتوانرێت بۆ چەند کاتژمێرێک تیکەکان کۆنتڕۆڵبکرێن هەندێکی تر پێیان وایە کە بۆ چەند چرکەیەک دەتوانرێت کۆنتڕۆڵ بکرێت، تیکەکان بە نیمچە خۆویستی یان خۆنەویستانە وەسف دەکرێن نەک بە شێوەیەکی دیاریکراوی ناسەربەخۆ. لەوانەیە وەکو وەڵامدانەوەیەکی خۆویستانە و سەرکوتکراو بۆ داواکارییەکی نەخوازراو ئەنجام بدرێن، توانای کۆنتڕۆڵکردنی تیک لە نێوان تاکەکاندا جیاوازە، لە پێگەیشتوودا و لە منداڵاندا ڕەنگە پەرەی پێبدرێت ئەو کەسانەی تیکیان هەیە ڕەنگە بتوانن بۆ ماوەیەکی دیاریکراو کۆنتڕۆڵی بکەن، بەڵام ئەم کارە دەبێتە هۆی گرژی یان هیلاکبوونی دەروونی. هەندێک کات کۆنتڕۆڵنەکردنیشی نابێتە گرفت یان ڕێگری لە ژیانی ڕۆژانەدا.

چارەسەری تۆرێت سیندرۆم

بەشێکیان لە ڕێگەی بەکارهێنانی دەرمانە بۆ ئەو ڕەفتارە لائیرادییانەی کە کەسی تووشبوو دەیکات یان شێوازی دەربڕینی قسەکردن کە هەندێکیان پەیوەندی بەو هۆرمۆناتەوەیە کە لە مێشکدا دەردەدرێت وەکو دۆپامین، ناهاوسەنگی دۆپامین لە ئەو کەسانەی کە نەخۆشی تۆرێتیان هەیە دەبێتە هۆی تێکشکانی پەیوەندی سەنتەرە جیاوازەکان لە مێشکدا، کۆنتڕۆڵکردنی جووڵەی کەسێک پێویستی بە پەیوەندی نێوان تۆڕە ئاڵۆزەکانی مێشک هەیە، ئەم پەیوەندییە لە کەسانێکدا کارناکات کە نەخۆشی تۆرێت سیندرۆمیان هەیە.

بەشیکی تر لە ڕێگەی چارەسەری هزری و رەفتاری کە لەم ڕێگەیەوە چارەسەری ئەو گرفتە رەفتارییەی پێ دەکرێت کە تووشی بووە بۆ ئەوەی کاریگەری نە لەسەر خۆی دروست بکات نە دەوروبەر، هەندێکجار حاڵەتەکان سوکن تەنها لە ڕێگەی چارەسەری هزری و ڕەفتارییەوە چارەسەر دەبن، هەرچەندە چارەسەری ڕەفتاری چارەسەرێکی سەرەکی نییە، بەڵام دەتوانێت یارمەتی کەمکردنەوەی تیکەکان بدات گرنگە تێبگەین لەوەی کە هەرچەندە چارەسەرە ڕەفتارییەکان یارمەتی کەمکردنەوەی تیک دەدەن، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە تیکەکان دەروونی بن یان هەرکەسێک بە دەست تیکەوە بناڵێنێت بتوانێت کۆنتڕۆڵی بکات.

لە کاتی قورسبوونی حاڵەتەکە ئەو کات پێویست بە بەکارهێنانی دەرمان دەکات و دەکرێت دکتۆر ئەم دەرمانانە بەکاربهێنێت:
کە گرووپێکی دەرمانن بۆ چارەسەرکردنی نائارامییە دەروونییەکانی تر 

  • Fluphenazine
  • Haloperidol
  • Risperidone
  • Pimozide
  • Tetrabenazine

بەڵام بەکارهێنانی ئەم دەرمانانە هەندێک زیانی لاوەکی هەیە وەکو زیادبوونی کێش و خەمۆکی توند. لە هەمان کاتدا  زۆربەی ئەو کەسانەی نەخۆشی تۆرێتیان هەیە پێویستیان بە چارەسەر نییە کاتێک نیشانەکانی تووشبوون بە تۆرێت سیندرۆم بێزارکەر نابن، زۆر جار تیکەکان کەم دەبنەوە دەکەونە ژێر کۆنتڕۆڵ لە دوای تەمەنی هەرزەکاری، لە هەندێک کاتدا دەکریت ڕاوێژکردن سوودبەخش و کاریگەر بێت. هەروەها چارەسەری دەروونیش بەکاردێت تا یارمەتی تاکەکان بدات لە ڕووبەڕووبوونەوەی حاڵەتەکەدا.


سەرچاوەکان



62 بینین