کارکردنی لەڕادەبەدەر

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-04-17-14:17:00 - کۆدی بابەت: 12550
کارکردنی لەڕادەبەدەر

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کارکردنی لەڕادەبەدەر یان کارکردنی زۆر، زۆر کارکردن یان سووتانی پیشەیی یان ئالوودەبوون بە کارکردن (بە عەرەبی: الاحتراق الوظيفي یان الإنهاك الوظيفي، بە ئینگلیزی: Job burnout یان Occupational Burnout) بریتییە لە کارکردن بە شێوەیەکی لەڕادەبەدەر و ماندووکەر بە جۆرێک کە هیچ چێژ و خۆشییەک لە ئیشەکەت نابینیت و بەوهۆیەوە هەست بە شەکەتی و ماندوێتی زۆر دەکەیت، هەمیشە هزر و سەرنجت لەلای کارەکەتە و کاتی کارکردنت دیاریکراو نییە،

چونکە هەموو کات دەتەوێت کار بکەیت و خۆت نغرۆ بکەیت لەکارکردن، هەمیشە هەستی ئەوەت لەلادروست دەبێت کە ئەوەی کردووتە کەمە یان خراپە یان لە ئاستی پێوست نییە بۆیە هەمیشە دەتەوێت زیاتر کار بکەیت. دۆخەکە ناسروشتییە و ناتوانی خودی خۆت جڵەوگیری بکەیت.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی پێناسەی سووتانی پیشەیی کردووە بەوەی کە کۆمەڵێک نیشانە و هەستی نەرێنییە لە ئەنجامی ماندووبوون و شەکەتی بەردەوامی کارکردنەوە لە کەسی پیشەوەر و کارمەند و ئیشکەر دەردەکەون، دۆخەکە سێ تایبەتمەندی سەرەکی هەیە کە بریتین لە زیادبوونی هەستی نەمانی وزە و هێز بۆ کارکردن، زیادبوونی هەستی نەرێنی سەبارەت بە کارەکەت، دابەزینی ئاستی لێهاتوویی پیشەییت. هاوکات سووتانی پیشەیی دۆخێکی پزیشکی نییە بەڵکو حاڵەتێکی دەروونییە و دیاردەیەکی پەیوەستی کارکردنە.

دەرەنجام سەرەڕای هەوڵدانی زۆرت بەڵام ئەنجام و بەرهەمی کارکردنت کەمە چونکە بە ماندوێتی کار دەکەیت، لەمەشەوە تووشی فشار و ڕاڕایی و ماندوێتی و خەمۆکی دەبیت. (Job burnout) ئەم دەستەواژەیە لە ساڵانی دوای ٢٠٠٠ دەرکەوتووە و لەم ساڵانەی دوایی گرنگی زۆری پێدراوە، لە ساڵی ٢٠٢٠ ڕاپرسییەک لە سەر هەزار کەس لە گۆڤاری مایکرۆبێزی ئینگلیزی کرا، دەرکەوت کە نزیکەی ٢٢٪ـی ئیشکەران و کارمەندان و فەرمانبەرانی بەریتانیا کە زیاتر لە حەوت ملیۆن فەرمانبەرن بەهۆی ئەم دیاردەیەوە دەناڵێنن.

ئەم دۆخە جۆرێکە لە فشارەکانی پەیوەندیدار بە کارەوە کە هەستکردن بە ماندووبوونی جەستەیی یان ئاڵۆزی هەستی سۆزداریش لەخۆدەگرێت، دەتوانێت پەرەبسێنێت ببێتە هۆی هەستکردن بە بێسوودبوون و بێدەسەڵاتی و چیتر کارەکەتت خۆش نەوێت.

ئەم حاڵەتە بە پشکنینی پزیشکی دەستنیشان ناکرێت بەڵام بە دۆخێکی دەروونی دادەنرێت، هەندێک لە شارەزایان پێیان وایە حاڵەتەکانی تری دەروونی وەک خەمۆکی و ڕاڕایی و فشاری لەڕادەبەدەر هۆکارێکن و پەرەدەسێنن و سووتانی پیشەیی دروست دەکەن. دەکرێت تووشبوونت بە سووتانی پیشەیی تووشبوونت بە خەمۆکی زیاتر بکات، بەڵام خەمۆکی و سووتانی پیشەیی جیاوازن و هەریەکەیان پێویستی بە شێوازێکی جیاواز هەیە بۆ چارەسەرکردن.

ئەو کەسانە کێن تووشی ئەم دیاردەیە دەبن؟

لە توێژینەوەیەکدا کە لە ساڵی ٢٠١٨ بڵاوکراوەتەوە دەرکەوتووە ئەو ژنانەی تەمەنیان لە نێوان ٢٠ بۆ ٣٥ ساڵیدایە، هەروەها ئەوانەی تەمەنیان لە سەرووی ٥٥ ساڵەوەیە، ئەگەری تووشبوونیان بە سووتانی پیشەیی زیاترە. 

لە کاتێکدا ئەگەری تووشبوون بەم حاڵەتە تا ڕادەیەکی زۆر کەم دەبێتەوە لە نێوان پیاوانی سەروو تەمەنی ٥٥ ساڵدا. توێژەرانی ئیسپانی بۆیان دەرکەوتووە ئەو کەسانەی هەفتانە زیاتر لە ٤٠ کاتژمێر کار دەکەن ئەگەری تووشبوونیان بە سووتانی پیشەیی شەش هێندە زیاترە بەرانبەر ئەو کەسانەی کاتی کارکردنیان کەمتر و دیاریکراوە.

هۆکاری تووشبوون

لاوازی و بێ دەسەڵاتی

واتا لاوازی و بێتوانایی تۆ لە کاریگەری دروست کردن لەسەر بڕیارەکانی سەبارەت بە ئەدای کارەکەت، وەک خشتەی کارەکەت، ئەرکەکانت یان فشاری کارەکەت دەتوانێت ببێتە هۆی دروستبوونی سووتانی پیشەیی، هەروەها نەبوونی ئەو شتانەی کە پێویستن بۆ ئەوەی کارەکانت بە باشی ئەنجام بدەیت ئەگەری تووشبوونت بەم دۆخە زیاتر دەکات.

ناڕوونی شتەکان

ئەگەر ئەرکەکانت ڕوون و ئاسان نەبن یان بۆت ڕوون نەکرێتەوە کە ئەرکەکانت چییە و چۆنە یان لە داواکاری سەرۆک و بەڕێوبەرەکەت دڵنیا نەبیت و هاوکارت نەبن، ئەوە بێگومان هەست ناکەیت کە کارێکی باش دەکەیت و لە ئیشەکەت ناڕازی دەبیت، بۆیە بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی زیاتر و باشتر هەوڵی ناپێویست و زیاتر و لەڕادەبەدەر دەدەیت و لە ئەنجامدا هیلاک ماندوو دەبیت. 

ناکۆکی لەگەڵ کەسانی تر لە شوێنی کارەکەت

دەکرێت لە شوێن و ژینگەی کارەکەت ڕووبەڕووی کەسانی نابەرپرسیار ببیتەوە یان هەست بکەیت هاوکارەکانت دژی تۆ کاردەکەن یان سەرۆکەکەت زۆر دەستێوەردان لە هەموو کارەکانتدا بکات، هەموو ئەمانە فشاری دەروونی لە شوێنی کاردا زیاتر دەکەن و لە بەرانبەردا تۆ هەوڵی زیاتری کارکردن و خۆسەپاندن و خۆسەلماندن دەدەیت.

نایەکسانی لە دابەشکردنی ئەرکەکانت 

 دەکرێت کارەکەت ماندووکەر بێت و فشارەکانی کارکردنی زۆر بێت، یان بە پێچەوانەوە هیچ ماندووبوونێکی نەبێت و زۆر بێزارکەر بێت، لەم جۆرە بارودۆخانەدا پێویستت بە وزەیەکی زۆرە بۆ ئەوەی مانەوەی سەرنجت بپارێزیت، ئەمەش دەبێتە هۆی ماندوێتی و شەکەتی و بێزاری.

نەبوونی پشتیوانی و هاوسۆزی

ئەگەر لە شوێنی کارەکەتدا هەست بە گۆشەگیری و تەنیای و نەبوونی پاڵپشتی و هاوکاری بکەیت، یان هەست بکەیت کە دەستخۆشی تەواوت لێناکرێت و بە ماندووبوونەکانت نازانرێت، لەم دۆخەدا هەست بە فشاری دەروونی زیاتر دەکەیت و هەوڵی کارکردنی زیاتر دەدەیت بۆ ئەوەی سەرنجی تەواو بەدەست بهێنێت و سەرنجت بخرێتە سەر.

نەبوونی هاوسەنگی لەنێوان ژیانی تایبەتی و ژیانی پیشەییت

نەبوونی هاوسەنگی و باڵانس لەنێوان ژیانی تایبەتی ڕۆژانەت و پیشەکەت کارەکەت قورستر دەکات، کات و وزەت نامێنێت و ناتوانیت کات لەگەڵ خێزان و هاوڕێکانت بەسەر بەریت یان لە چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان بەشدار بیت. ئەم بێتواناییە لە بەدەستهێنانی هاوسەنگی دەبێتە هۆی سووتانی پیشەیی و هەست دەکەیت لە پێناو کارەکەت لە زۆر شت بێبەش دەبیت و بەهۆی کارکردنی زۆرەوە چیتر ژیانی تایبەتی خۆتت بۆ گرنگ نابێت.

قۆناغەکانی تووشبوون بە ئەم حاڵەتە

قۆناغی یەکەم: وەرگرتنی بەرپرسیارێتی

وەرگرتن و پەسەندکردنی بەرپرسیارێتی یەکەم قۆناغی دەرکەوتنی نیشانەکانە، قۆناغێکە کەسەکە هەست بە گەشبینییەکی زۆر و بەرهەمهێنان دەکات و قۆناغی پێش دروستبوونی فشارە، زۆرجار کەسەکە سەرەتای کارەکەی بە جۆش و خرۆشیەکی زۆرەوە دەست پێدەکات، هەموو شتێک کە پەیوەندی بە کارەکەوە هەیە دڵی خۆش دەکات،  هەوڵی تەواوەتی خۆی دەدات بۆ ئەوەی زۆرترین وزە و هێز و لێهاتوویی لە کارەکەیدا بەکاربهێنێت، هەوڵی تەواو دەدات کە لە ڕێگەی کارکردنی زۆرەوە سەرنجی بەڕێوبەر یان سەرۆک یان ئەوانی تر بۆ خۆی ڕابکێشێت، وادەزانێت بە کارکردنی زۆر پلەی بەرز دەۆرێتەوە و خەون و وێنا و ئامانجی زۆر دادەنێت بەڵام ئەنجامەکان بەو جۆرە نابن کە ئەو پێشبینی دەکات.

توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ٣٠٪ـی کارمەندان لە هەموو بوارەکاندا دوای ئەم قۆناغە ڕاستەوخۆ هەست بە دەرکەوتنی نیشانەکانی فشاری دەروونی و بێزاربوون دەکەن، چونکە ئەم قۆناغە کاتییە و زۆرجار کارەکان کە کەسەکە ئەنجامی دەدات زیادەن و بەڕێوبەر و کەسی سەرپەرشتیار بۆیان گرنگ نییە، بۆیە کەسەکە هەست بە نائومێدی دەکات و ماندوو دەبێت.

قۆناغی دووەم: دەرکەوتنی نیشانەکانی ماندوێتی

لەم قۆناغەوە دەسپێکی کار قورس دەبێت و چیتر خۆشی لە کارەکەت نابینی و بۆ ئەنجامدانی کارەکانت کاتێکی زیاترت دەوێت. هەستی ماندوێتی، شەکەتی، تووڕەیی، ڕاڕایی، نەمانی سەرنج، نزمبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنان، سەرئێشە، کێشەکانی خەو هێواش هێواش لە تۆدا زیاتر دەبێت و بە پلەبەندی جیاواز دەردەکەون.

قۆناغی سێیەم: نائومێدبوون

لەم قۆناغەدا زۆرێک لەو کەسانەی کە لە سەرەتای کارکردندا بە تامەزرۆیی و چێژەوە دەستیان پێکرد تووشی نائۆمێدی و بێهیوایی دەبن، هەستەکەن جێبەجێ کردنی ئەرکەکانیان لە شوێنی کار و کارکردنی لەڕادەبەدەریان گرنگی پێ نادرێت، ئەم قۆناغە لە دوای قۆناغی تووڕەیی و بێزاری دێت کە لە دووەم قۆناغ هەبوو، کەسەکە لەم قۆناغە گرنگی نادات بە ئەنجامدانی کارەکان بە باشی و شتەکان پشتگوێ دەخات، کەسانی هاوپیشەی بەکەم دەبینێت و بێباکی و ماندوێتی بەردەوامی هەیە، پێی وایە هەوڵدانی بەردەوامی لە کارکردن چیتر سوودی نییە و گۆڕانکاری دروست ناکات. لە توێژینەوەکان دەرکەوتووە کە ١٥٪ـی کارمەندان لەم قۆناغە هەست بە شەکەتی و ماندوێتی دەکەن.

قۆناغی چوارەم: ماندوێتی و شەکەتی لە ڕادەبەدەر

لەم قۆناغەدا کەسەکە لە قۆناغی بێباکی  تێدەپەڕێت و تووشی چەند حاڵەتێک دەبێت لەوانە ڕەشبینی، نەبوونی متمانە بەخۆبوون، گومان لە لێهاتوویی و تواناکانی خۆی، پشتگوێخستنی پێداویستییە کەسییەکانی، زیادبوونی ڕاڕایی و گومانی نەرێنی بەرامبەر بە کەسانی تر، گۆشەگیری و دابڕانی کۆمەڵایەتی، لەگەڵ سەرئێشە و بیرکردنەوە و وێناکردنی نەرێنی بەردەوام.

قۆناغی پێنجەم: تووشبوون بە ماندوێتی درێژخایەن

کۆتا قۆناغ تووشی ماندوێتی و شەکەتی درێژخایەن دەبیت، کە ڕێگەخۆشکەرە بۆ تووشبوون بە دڵتەنگی و خەمۆکی، ماندوێتی جەستەیی و هزری درێژخایەن و بەردەوام لەم قۆناغەوە تووشی حاڵەتە دەروونییەکان دەبیت.

نیشانەکانی تووشبوون

  • هەستکردن بە بۆشایی ناخ و وێناکردنی داهاتوو بە خراپترین شێوە، هەمیشە چاوەڕوانی ئەگەری ڕوودانی هەڵەیت و وێنا و تێڕوانینەکانت بۆ داهاتووی شتەکان نەرێنی و ڕەشبینن.
  • هەمیشە سەرنجی تەواوت لەسەر کارەکەتە.
  • پشتگوێخستن و گرنگی نەدان به پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان وەک کاتی خەوتن و کاتی خواردن و دوورکەوتنەوە چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان.
  • پشتگوێخستنی ئارەزوو و خوولیا تایبەتییەکانت.
  • تووڕەبوون و ماندووبوون و زووهەڵچوون و گاڵتەکردن بە لێهاتوویی ئەوانی تر.
  • هەمیشە هەستی فشار و ڕاڕایی بەردەوامت هەیە.
  • تێڕوانینت بۆ کەسانی تر یان بۆ هاوپیشەکانت دەگۆڕێت، پێت وادەبێت ئەوان لە تۆ بێتواناترن و ناگەن بە لێهاوویی تۆ.

چەند نیشانەیەکی ناسەرەوە

ئەو پرسیارانەی کە پێویستە لە خۆتی بکەیت بۆ ئەوەی بزانیت کە تووشی ئەم حاڵەتە بوویت یان نا، گرنگترین ئەو پرسیارانە بریتین لە:

  • ئایا گومانت لە باشی و دروستی ئەو کارانە هەیە کە لە پیشەکەت یان لە شوێنی کارەکەت ئەنجامی دەدەیت؟ واتا سەرباری ئەوەی بە باشی ئەرکەکانت جێبەجێ دەکەیت، ئایا بەهای کارەکەت دەخەیتە ژێر پرسیارەوە و لە ئەدای کارکرنت ڕازیت؟
  • ئایا خۆت ناچار دەکەیت بچیتە سەر کار؟ سەرەتا و دەستپێکی کارەکەت لەلا زەحمەتە؟
  • ئایا هەست دەکەیت کە بەهیچ شێوەیەک بەشێک نیت لە شوێنی کارەکەت و هاوکارەکانت و لە زۆر ڕووەوە جیاوازیت لەگەڵیان هەیە؟
  • ئایا لە کاتی مامەڵەکردن لەگەڵ هاوکار و سەرۆک و کڕیارەکانت، تۆ بێ ئارامیت و زوو هەڵەچیت؟ ڕازیبوون و بۆچوونی ئەوانت بەلاوە گرنگ نییە؟
  • ئایا وزە و هێزت هەیە بۆ ئەوەی بە باشترین و ڕێکترین شێوە ئەرکەکانت تەواو بکەیت؟
  • ئایا بە زەحمەت سەرنجت لەسەر کارەکانت دەمێنێتەوە؟
  • ئایا هەست بە ڕازیبوون دەکەیت لەو ئەنجامەی کە دوای تەواوکردن و بەجێگەیاندنی ئەرکەکانت بەدەستی دەهێنیت؟
  • ئایا لە کارەکەت بێ هیوا بوویت؟
  • ئایا گومانت لە لێهاتوویی و تواناکانت هەیە؟
  • ئایا خواردن، ماددە هۆشبەرەکان، کحول، خواردنەوەی گازی، خواردنەوەی وزەبەخش، کافایین، دەرمانی ئارامکەرەوە، بەکاردەهێنیت بۆ ئەوەی هەست بە باشتربوون بکەیت یان ڕووبەڕووی هەستەکانت ببیتەوە؟
  • ئایا ڕۆتین و شێوازی خەوتنت گۆڕاوە؟
  • ئایا تووشی سەرئێشە، تێکچوون و کیشەکانی هەرس و گەدە یان ڕیخۆڵە، یان کێشەی جەستەیی تر بوویتە کە هۆکارێکی دیاری نییە؟
  • ئایا لە ڕۆژە پشووەکانت کار دەکەیت؟ یان ڕۆژی پشووت بۆ گرنگ نییە و کاتی کارکردنت دیاریکراو نییە؟
  • ئایا دوای تەواوبوونی ماوەی کارکردنت کاری زیادە وەردەگریت؟
  • ئایا خۆت ناچار دەکەیت بۆکارکردن و جێبەجێکردنی ئەرکاکانت؟

ئەگەر وەڵامی هەریەکێک لەم پرسیارانەت بە بەڵێ دایەوە، ئەوە دەکرێت ئاماژەیەک بێت بۆ ئەوەی کە تووشی سووتانی پیشەیی بوویت. پێویستە ڕاوێژ بە پزیشک بکەیت یان قسە لەگەڵ پسپۆڕێکی تەندروستی دەروونی بکەیت. هەروەها دەکرێت ئەم نیشانانە پەیوەندییان بە حاڵەتە تەندروستی و دەروونییەکانی تری وەک خەمۆکی یان فشاری دەروونییەوە هەبێت.

لێکەوتەکانی تووشبوون

چارەسەرنەکردنی کارکردنی لەڕادەبەدەر دۆخی ژیانت خراپتر دەکات، لە ئەنجامدا ئەگەری تووشبوونت بە چەندان مەترسی و نەخۆشی زیاد دەکات نموونەی لێکەوتەکانی بریتین لە:

  • بە تێپەڕبوونی کات هەستکردن بە بێدەسەڵاتی و بێهێزی بەردەوام لە کەسی تووشبوو دروست دەبێت، بە جۆرێکە کە کەسەکە هەستەکات وزەی پێویستی نییە بۆ تەواوکردنی کارەکانی بەڵام زۆر لەخۆی دەکات.
  • کەسەکە ناتوانێت بە ئاسانی لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی دەوروبەری ڕابێیت، ناتوانێت ڕووبەڕووی گۆڕانکارییە لەناکاوەکان بیتەوە و هەمیشە ترسی لە گۆڕان و داهاتوو هەیە.
  • بە تێپەڕبوونی کات ناڕێکی و ئاڵۆزییەکانی خەوتن دروست دەبێت وەک تێکچوونی کاتی خەو، تێرخەونەبوون، تێکچوونی کاتژمێری شەو و ڕۆژی لەش، درەنگ بەخەبەرهاتنەوە، خەوبینینی ناخۆش و مۆتەکەی خەو، خەوزڕان و چەندان کێشەی تری پەیوەست بە خەو.
  • دروستبوون و کەڵەکەبوونی هەستی نەرێنی بەردەوام بیرکردنەوەی زۆر کێشەی دەروونی دروست دەکات، وەک خەمۆکی، دڵتەنگی و ترسی بەردەوام، تووڕەیی و زووهەڵچوون، بێباکی و گرنگی پێنەدان، ڕاڕایی و فشاری بەردەوام.
  • کەسی تووشبوو بۆ هەڵاتن لە هەستە نەرێنییەکانی پەنا دەباتە بەر ئالوودەبوون بە شتی تر، وەک خواردنەوەی بڕێکی زیاتر لە کحول یان ماددەی تر نموونەی کافایین یان دەرمانی ئارامکەرەوە، یان بوونی هەستێکی ناسروشتی زۆر بۆ خواردن.
  • ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ، بەرزی پەستانی خوێن، شەکرەی جۆری دووەم لەم حاڵەتە زیاترە.
  • کەسێک کە ئەم حاڵەتەی هەبێت بەرگری لەشی کەم دەبێتەوە و زیاتر تووشی نەخۆشییەکان دەبیت.

چەند پێشنیارێک بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ماندوێتی و کارکردنی لەڕادەبەدەر

  • وەرگرتنی پشوو و دابڕان لە کارکردن بۆ ماوەیەک یان هەرکاتێک دەفەتت بۆ ڕەخەسا.
  • دوورکەوتنەوە و بەسەربردنی کات دوور لە بەکارهێنانی مۆبایل و لاپتۆپ و کۆمپیوتەر.
  • فێرببە و خۆت ڕابێنە بە وتنی وشەی "نەخێر" و ڕەتکردنەوەی داواکاری دەرەوەی کاتی کارکردنی خۆت.
  • جووڵەکردن و پیاسەکردن و پیادەڕەوی.
  • دوای تەواوبوونی کار هەوڵبدە ئەنجامدانی چالاکی و خووی تایبەتی خۆتت هەبێت وەک خوێندنەوەی کتبێکی دڵخوازت، یاری شەتڕەنج، سەردانیکردنی هاوڕێ، بازاڕکردن و چوونەدەرەوە، باخداری، نووسین، ئەنجامدانی وەرزش، ئەنجامدانی تێڕامانی قووڵ و یۆگا، گرنگیدان بە لایەنی ڕۆحی و ئەنجامدانی پەرستشەکان، پیادەڕەوەی و سەردانیکردنی شوێن و ڕووبەڕی سەوزایی.
  • دانانی ڕۆتینێکی تایبەت بە خەوتن و دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان و ئینتەرنێت بە ماوەی ٤٥ بۆ ٦۰ خولەک پیش خەوتن.

ڕێگاکانی چارەسەرکردن

پەسەندکردن و دانپێدانان و دۆزینەوەی هۆکار

سەرەتای چارەسەر و چاکبوونەوە بریتییە لە دانپێدانان بەوەی کە ماندووی و پێویستت بە پشووە، پێویستە پەسەندی بکەیت کە کارکردنی لەڕادەبەدر و زۆرت جگە لە زیان بە خۆت قازانجێکی نییە. هەوڵ بدە هۆکاری فشار و ڕاڕاییەکانت بدۆزەرەوە و مەهێڵە شتەکان لەسەرت کەڵەکە ببن.

پاشان دوای دانپێدانان و پەسەندکردن لەلایەن خودی خوتەوە، دەتوانیت داوای یارمەتی و پشتیوانی لە کەسە نزیکەکانت و هاوڕێکانت و هاوپیشەکانت و بەڕێوبەرەکەت بکەیت. گفتوگۆ لەگەڵ خاوەن کارەکەت بکە و بۆی ڕوون بکەرەوە و کاتی پێویست بدە بە خۆت و داوای وەرگرتنی پشوو بکە.

دانانی ڕۆتینێکی ڕۆژانە

ڕۆژانە ڕۆتینێی دیاریکراو بۆ خۆت دابنێ، کات بۆ هەموو شتێک تەرخان بکە و لیستێک بۆ ئەو شتانە دروست بکە کە تووشی فشار و کێشە و ڕاڕاییت دەکەن. نموونەی ماندووبوون لە ئیشەکەت، گرنگیدان بەوەی کە هەموو شتێک دەبێت بۆ هەمیشە باش بێت، هەستی بەرزی بەرپرسیارێتی، بوونی فشاری زۆری کارکردن، هەموو ئەمانە بنووسەوە و هۆکارەکانیان دیاری بکە و سنوورێک بۆ هەموو شتێک دابنێ.

کاتی پشووەکانت، کاتی خواردنت، کاتی خەوتنت هەمووی دیاری بکە و بە هیچ جۆرێک لەو کاتانە هەوڵبدە بیرت لای کارەکەت نەبێت و هیچ کات دوای تەواوبوونی کات و ماوەی کارکردنت کاری زیادە مەکە، هەرکات ویستت کار بکەیت مێشکت ڕابهێنە شتێکی تر بکەیت.

دانانی چەند چارەسەرێک

ئەم قۆناغە قۆناغی چاکبوونەوەیە و دانانی چارسەر و سنوورێک بۆ شتەکان کێشەکانی کارکردنی لەڕادەبەدرت چارەسەر دەکات. زۆر ڕوون و ئاشکرا بە و ماف و ئەرکەکانت لە شوێنی کارەکەت دیاری بکە، لەگەڵ بەڕێوبەر یان کەسی سەرپەرشتیار گفتوگۆ بکە و مەبەست و داواکارییەکانت بە ڕاشکاوانە ڕوون بکەرەوە، پشوویەکی درێژ وەرگرە و هەوڵ بدە شتەکانت ڕێک بخەرەوە.


سەرچاوەکان



64 بینین