ئەو مەترسییانەی ڕووبەڕووی کرێکار دەبنەوە

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-03-22-23:31:00 - کۆدی بابەت: 12656
ئەو مەترسییانەی ڕووبەڕووی کرێکار دەبنەوە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئەو مەترسییانەی ڕووبەڕووی کرێکار دەبنەوە (بە عەرەبی: مخاطر التي تواجه العامل، بە ئینگلیزی: challenges facing workers) کرێکاری پیشەیەکی قورس و سەخت و ماندووکەرە، لەڕووی جەستەییەوە پێویستی بە توانا و کارامەیی و سەلامەتی پیشەیی هەیە، بەهۆی قورسی و مەترسیداری هەندێک لە کار و پڕۆژەکان زۆرجار کرێکاران لەکاتی کارکردنیان ڕووبەڕووی مەترسی و ئازار و برین و تەنانەت هەندێک جار مردنیش دەبنەوە.

گرنگترین مەترسییەکانی کرێکاری

کەوتن و بەربوونەوە

کارکردن وەکوو کرێکار ئەگەری کەوتن و بەربوونەوەی زۆری هەیە، بە تایبەت کرێکارانی بواری بیناسازی و ئەو کرێکارانەی لە شوێنی بەرز کار دەکەن پێویستە زۆر ئاگاداری خۆیان بن، زۆر گرنگە لە کاتی کارکردن لەو شوێنانەی کە بەرزن یان ئەگەری کەوتن تێیدا بەرزە بایەخ بدەن بە بواری سەلامەتی و بەکارهێنانی گوریس و کڵاوی سەر، چونکە زۆرێک لە ڕووداوەکانی کەوتن و بەربوونەوە کرێکار تووشی شکان و تەنانەت مردنیش دەکاتەوە.

برینداربوون بە شتومەکی تیژ

ئەو کرێکارانەی کە کارەکانیان بەندە بە بەکارهێنانی ئامێری تیژ یان مامەڵەکردن لەگەڵ ئامێری تیژ و بڕەڕ مەترسی و ئەگەری برینداربوونیان هەیە، بۆیە پێویستە دەستکێشی ئەستوور لەدەست بکەن و چاویلکەی پارێزەر لە چاو بکەن و بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ شتومەکە تیژەکان بکەن.

پلەی گەرمی بەرز و کاریگەرییەکانی 

پلەی گەرمی بەرز فاکتەرێکی سەرەکییە کە دەکرێت بە شێوەیەکی نەرێنی کاریگەری بکاتە سەر کرێکار، سەرچاوەکانی گەرمی لە شوێنی کاری کرێکار یان سروشتییە و لە تیشکی خۆرەوەیە یاخود دەستکردە کە لە یەکێک لە ئامرازەکانی کارکردنەوەیە نموونەی ئامێری فڕنی یان ئامێری گەرمکەر و توێنەر، هەردوو سەرچاوەکە یارمەتیدەرن لە بەرزکردنەوەی پلەی گەرمی شوێنی کارکردنی کرێکار، بۆیە ڕووبەڕووی مەترسی دەبێتەوە بە تایبەت ئەو کرێکارانەی کە بە هاوینان لە ژێر تیشکی خۆر کار دەکەن یان ئەو کرێکارانەی لە دروستکردنی پرد و تونێل لە ژێر زەوی کار دەکەن، یان ئەو کرێکارانەی کە لە بواری کانزاسازی و توانەوەی کانزا و نزیک فڕن کار دەکەن، ئەمانە بە بەردەوام کارلێک و مامەڵەیان لەگەڵ گەرمی و ئاگر هەیە بۆیە ڕووبەڕووی ماندووێتی و نەمانی سەرنج و تینوێتی و بێزاری دەبنەوە، تووشی ئارەقکردنەوەی زۆر دەبنەوە کە بەشێکی زۆر لە پێکهاتەی ئاو و خوێ لە لەشیان کەم دەبێتەوە و تووشی وشکبوونەوەیان دەکات، هاوکات بەوهۆیەوە تووشی هێڵنجدان و ڕشانەوە و ناڕێکی ترپەکانی دڵ و سەرسوڕان دەبن.

پلەی گەرمی نزم و کاریگەرییەکانی

كارکردن لە ژینگەیەک کە پلەی گەرمییەکەی زۆر نزم بێت شانەکانی پێست و ماسولکە و دەست و پێیەکان خاو دەکاتەوە و لەش ئەرکەکانی بە شێوەی ئاسایی خۆی ئەنجام نادات، ئەو کرێکارانەی کە لە ڕێکسختنی ساردکەرە و بەفرگری خۆراک کار دەکەن یان ناوچەی کارکردنیان زۆر ساردە یان لە وەرزی زستان کار دەکەن مەترسی کاریگەربوونیان بە نزمی پلەی گەرمی هەیە کە دەکرێت سوڕی خوێنی لەش خاو ببێتەوە و بەوهۆیەوە دڵ لاواز بکات، هەروەها تووشبوونیان بە پەتای وەرزی وپەتا گوازراوەکان زۆر ئاسان دەبێت.

ژاوەژاو و دەنگی بەرز

شوێنی کارکردن لە نزیک ئامێری کارەبایی و بزوێنەر و ئامێری هەڵکەندن بە بەردەوامی ژاوەژاو و دەنگەدەنێکی بەرز دروست دەکات کە بەپێی کات کاریگەری و مەترسی بۆ سەر تەندروستی کرێکار دروست دەکات، ژاوەژاو بە بەردەوامی دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە ئاستی بیستن و لاواز بوونی بیستن، هاوکات دەبێتە هۆی نەمان و کەمبوونەوەی سەرنج و سەرئێشە و تووڕەبوون.

بەرکەوتن بە ڕووناکی 

ئەو کرێکارانەی لەو شوێنانە کار دەکەن کە ئاستی ڕووناکی تێیدا بەرزە و بەوهۆیەوە  کاریگەری دەکاتە سەر ئاستی بینینی چاویان و تووشی سەرئێشە دەبن، بە پێچەوانەوە ئەو کرێکارانەشی لە ژێر زەوی کار دەکەن نموونەی کرێکارانی دروستکردنی تونێل ئاستی ڕووناکی شوێنی کارەکەیان نزمە و بە هەمان شێوە تەندروستی چاویان کاریگەر دەبێت، پێویستە ڕووناکی شوێنی کاری کرێکار مامناوەند بێت.

فشاری دەروونی

خراپ مامەڵەکردنی خاوەن کار لەگەڵ کرێکار، نەبوون و سنوورداری دەرفەتی کارکردن، کەمی کرێی ڕۆژانە یان دواخستنی کرێی ڕۆژانە، ماندووێتی و بێ هێزی و نەخۆشی، ترسی بەدەستنەهێنانی کار، هەژاری و بەکەم سێرکردنی چینی کرێکاران، نەبوونی ژینگەی سەلامەتی کارکردن، ماندووبوونێکی زۆر و ئەنجامێکی کەم، هەموو ئەمانە کاریگەری نەرێنی و بۆ سەر دەروونی کرێکار دروست دەکەن و تووشی خەمۆکی و فشاری دەروونی دەکەن.


سەرچاوەکان



342 بینین