ناوهڕۆك
ناساندن
هەستیاری (بە عەرەبی: الحساسيّة، بە ئینگلیزی: allergies)، هەستیاری کاتێک ڕوودەدات کە سیستەمی بەرگری جەستەت وەڵامدانەوەی دەبێت بەرانبەر شتێک کە بە شێوەیەکی گشتی بێ زیانە، وەک تۆوی گیا یاخود گوڵ، تەپوتۆز یاخود فەرووی ئاژەڵ. نیشانەکان دەکرێت بۆ هەندێک کەس سووک بن و بۆ هەندێکی دیکەش توند بن، بەپێی جەستەی کەسەکە دەگۆڕێت.
هۆکارە باوەکانی هەستیاری
ئەو شتانەی کە دەبنە هۆی هەستیاری پێیان دەوترێت مادە هەستیارییەکان، مادە باوەکانی هەستیاریش بریتین لە:
- تۆوی گیا و درەخت کە دەبێتە هۆی هەوکردنی لووت.
- تەپوتۆزی وردی ماڵ.
- هەستیاری بە خواردن هەروەک علی بابا، شیر و هێلکە.
- هەستیاری بە ئاژەڵەکان، بە تایبەتی ئاژەڵە ماڵیەکانی وەک سەگ و پشیلە.
- پێوەدانی مێرووەکان، وەک پێوەدانی هەنگ و زەردەواڵە و بەکارهێنانی چەند دەرمانێکی دیاریکراو.
نیشانەکانی هەستیاری دەکرێت ئەمانە لەخۆ بگرێت
- هەڵامەت یاخود بژمین.
- ئازار یاخود هەستیاری لە دەوری ڕوومەت، چاو، یاخود ناوچەوان.
- کۆکە، سیخەسیخی سنگ یاخود سەختی هەناسەدان.
- خورانی پێست یاخود پەڵە و لیری بەرزبۆوە.
- سکچوون.
- هەست بەباشی نەکردن یاخود نەخۆش کەوتن.
- ئاوسانی چاو، لێو، دەم یاخود قوڕگ.
دەرزی ئۆتۆماتیکی ئەدریناڵین
ئەگەر تۆ یاخود کەسێک کە لەگەڵیدایت، وەڵامدانەوەیەکی توندان بەرامبەر بە هەستیاری هەیە و دەرزی ئەدرنالینتان هەبوو (وەک EpiPen)، پێویستە دەستبەجێ و بێ دواکەوتن بەکار بهێنرێت. ئەگەر لەبیرت چوو چۆن دەرزیەکە بەکار بهێنیت یاخود پێویست بوو لەو کاتەدا کەسێکی دیکە دەرزیەکەت لێ بدات، ئەوا ئەتوانن سەیری ڕێنماییەکان بکەن کە لە تەنیشت دەرزیەکەوە نووسراوە. هەروەها دوای بەکارهێنانی دەرزەکە پەیوەندی بە ئۆتۆمبیلی فریاگوزارییەوە بکە، تەنانەت ئەگەر خۆت یاخود ئەو کەسەی لەگەڵیت هەستان بە باشیتر بوونیش کرد.
چارەسەرکردنی هەستیاری
- هەرکات توانیت، هەوڵ بدە خۆت لەو شتانە بەدوور بگریت کە هەستیاریت پێ هەیە.
- بەکارهێنانی ئەو دەرمانانەی کە بەکاردێن بۆ وەڵامدانەوەی هەستیاری سووک، وەک دژە هیستامین، حەبی ستیرۆید و کرێمی ستیرۆید.
- بەکارهێنانی دەرمانی باری لەناکاو کە پێی دەوترێت دەرزی ئۆتۆماتیکی ئەدرنالین، وەکو EpiPen، بەکاردێت بۆ وەڵامدانەوەی هەستیاری توند.
- بەکارهێنانی دەرمانی (immunotherapy) کە بەکاردێت بۆ وەڵامدانەوەی هەستیاری توند کە بریتییە لە بەرکەوتنی وردە وردە بەو مادەیەی کە هەستیاریەکە درووست دەکات بە تێپەڕبوونی کات، هەروەها ڕێگە بە جەستەت دەدات پێی ڕابێت و وەڵامدانەوەکانی کەم بکاتەوە. ئەم چارەسەرە پێویستە لەلایەن کەسێکی پسپۆڕی پزیشکییەوە ئەنجام بدرێت. پزیشکە پسپۆڕەکەت پلانێکت بۆ دابین دەکات بۆ بەڕێوەبردنی هەستیارییەکەت، کە کە وردەکارییەکانی چۆنیەتی مامەڵەکردن و ئەو هەنگاوانە دەخاتە ڕوو کە پێویستە بیگریتە بەر.