کەڕووی ڕەش - Mucormycosis

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-06-01-19:49:00 - کۆدی بابەت: 5651
کەڕووی ڕەش - Mucormycosis

ناوه‌ڕۆك

قارچکی ڕەش

مۆكۆرمایكۆزیس یاخود كەڕووی ڕەش، هەوكردنێكی كەڕووییە و زیاتر لەو كەسانەدا دەردەكەوێت كە بەرگری لەشیان بێهێزترە لە چاو ئەوانی دیكە، ئەم كەڕووە زۆربەی جار تووشی بۆشاییەكانی دەوروبەری لووت و خودی لووت دەبێت و دەبێتە هۆی ئاوهاتن لە لووت و هەوكردن و ئازاری یەك لای ڕووخسار و سەرئێشە و تا و مردنی خانەكانی پێست.

لەوانەشە سییەكان و گەدە و ڕیخۆڵەكان و پێست تووش بكات.

ئەم نەخۆشییە بەشێوەیەكی گشتی بەهۆی كێشەی هەناسەدان و خورادنی خۆراكی ئالوودە زیاتر دەبێت، ئەم جۆرە قارچكە لەسەر ڕووی میوە و سەوزەی گەنیو، یاخود گەڵا و كا و پیسایی ئاژەڵ بوونی هەیە بەڵام زیانی بۆ مرۆڤ نییە چونكە هێزی ئەوەی نییە دەست بگرێت بەسەر بەرگری لەشدا یاخود بگوازرێتەوە.

نیشانەكان

جۆری نیشانەكان پەیوەندی بە شوێنی تووشبوونەكەوە هەیە، زۆرینەی كات لە دەم یاخود لووتەوە دەست پێدەكات و بەهۆی چاوەوە دەڕواتە ناو ناوەندە كۆئەندامی دەمارەوە، نیشانەكان:

  • هەوكردنی یەك لای ڕووخسار
  • سەرئێشە
  • گیرانی لووت و جیوب
  • تا
  • هەوكردنی چاو
  • ئەگەری هەیە ببێتە هۆی هاتنەدەرەوەی چاوەكان لە سنووری خۆیان.
  • كۆكە
  • ئازاری قەفەسی سنگ
  • كێشەی هەناسەدان و هێنانەوەی خوێن بەهۆی كۆكە، كە ئەمەش دەكرێ بەهۆی تووشبوونی سیەكانەوە تووشی نەخۆش ببێت.
  • سك ئێشە
  • دڵتێكچوون
  • ڕشانەوە و خوێن هێنانەوە لە ئەگەری تووشبوونی گەدە و كۆئەندامی هەرس.
  • سووربوونەوەی پێست و تێكچوونی بەهۆی تێكچوونی شانەكانەوە.
  • دەشكرێت برینێك بێت و ئازارێكی زۆری هەبێت.

دەكرێت ئەم نەخۆشییە ببێتە هۆی تۆپەڵەبوونی خوێن و بەوەش هەندێك لە ئەندامەكان خوێنیان پێ نەگات و بمرن، ئەم نەخۆشییە لەو كەسانە دەردەكەوێ كە پێشتر تووشی نەخۆشییەكی دیكە بوون و كاریگەری ئەو نەخۆشییە لەسەر كۆئەندامی بەرگری جەستەیان ماوە، گەر نەخۆشییەكە بە مێشك بگات نەخۆشەكانی كەڕووی ڕەش تووشی حاڵەتی دەروونی یان حاڵەتی بێهۆشبوونی كۆما دەبن.

هۆكاری توشبوون

هۆكاری تووشبوونی ئەم كەڕووە زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ:

  • شەكرە
  • گرێ
  • چاندنی ئەندامی جەستە
  • ئایدز
  • بەكارهێنانی دەرمانی بێهێزكەری بەرگری لەش

ئەم كەڕووە لەسەر نان بوونی هەیە كاتێك كەڕوو دەكات و خراپ دەبێت، هەروەها دەكرێت بەهۆی كەڕووی كانینگهام یاخود Mortierella و Saksenaea تووشی مرۆڤ ببێت.

كەڕووەكە لەسەر نان و میوەی گەنیو هەیە بەڵام بە حاڵەتی كەمتر تووشی مرۆڤ دەبێت، هەروەها دەكرێت مرۆڤ لەڕێگای برینەوە تووش ببێت و لە ڕیخۆڵەیدا گەشە بكات، لەدوای گەشەكردنیشی هێرش دەكاتە سەر لوولەكانی خوێن و دەبێتە هۆی شینبوونەوە و مردنی ئەندامەكانی جەستە.

هەروەها دەكرێت مرۆڤ بەهۆی هەڵگرتن و بەكارهێنانی برینپێچی ئالوودەوە تووش ببێت.

هەروەها دەكرێت بەهۆی شوێن نوستنەكانی نەخۆشخانە و تەشتی ئاو و هەواكێشی بێهێز و ئالوودەبوونی كەرەستەی پزیشكی و كاری بیناسازییەوە تووشی مرۆڤ ببێت.

دۆزینەوەی ئەم نەخۆشییە بەهۆی وەرگرتنی نموونەی خوێنە لە كەسەكان، دواتریش بەهۆی وێنەگرتنی X-Ray دەتوانرێ ئەندازەی مەترسییەكەی دیاریبكرێت.

چارەسەر

بۆ چارەسەركردنی بە شێوەیەكی گشتی دەرمانی amphotericin B و بڕینەوەی پارچەی توشبوو بەكاردێت.

لە سەرەتای گومان بە تووشبوونی نەخۆشییەكە amphotericin B بە نەخۆشەكە دەدرێت و لە چواردە ڕۆژی داهاتوودا هەموو ڕۆژێك ئەم كردارە دووبارە دەكرێتەوە، هەندێكجاریش ماوەیەكی زیاتری پێویستە، هەروەها دەرمانی Posaconazole‎ـیش یەكێكە لەو دەرمانانەی بەكاردەهێنرێت.

لە ساڵی 2015 ڕێكخراوی FDA دەرمانی Isoconazoleـی وەك دەرمانێك بۆ نەخۆشییەكە دیاری كرد.

دواتریش كەڕووەكە لادەبرێت بە نەشتەرگەری، كە هەندێكجار دەكرێ نەشتەرگەرییەكە زۆر قورس بێت و زیاتر لە نەشتەرگەرییەك ئەنجام بدرێت، لەوانەشە كارەكە درێژببێتەوە بۆ لابردنی بەشی توشبووی مێشك، یاخود لابردنی مەڵاشوو و چاڵی لووت و چاوی مرۆڤ.

بۆ ڕێگری لە تووشبوون

بۆ ئەوەی كەسێك تووش نەبێت پێویستە خۆی بپارێزێت لە ڕێگای بەكارهێنانی ماسك و ڕووپۆشی تایبەت بۆ بەرگری لە هەڵمژینی دەنكۆڵەكانی هەوا كە تەپ و تۆزیان تێدایە، هەروەها نزیك نەبوونەوە لەو باڵەخانانەی كە بەهۆی ئاوەوە زیانیان بەركەوتووە، هەروەها پاراستنی پێست و داپۆشینی لە ژینگەی كراوەدا بەتایبەت لە كاتی كاركردن لە باخچە و نزیكی گوڵ و ڕووەكەكاندا.

ئەم نەخۆشییە دەگمەنە و لە شارێكی وەك سانفرانسیسكۆ لە دوو ملیۆن كەس تووشی یەك كەس دەبێت، بەڵام لە وڵاتی هیندستان ئەم ڕێژەیە 80 بەرامبەرە و هەموو تەمەنێكیش ئەگەری تووشبوونی بەم كەڕووە هەیە لەوانەش ئەو منداڵانەی كە زوو دێنە دونیا.

مێژوو

ئەم نەخۆشییە لە ساڵی 1855 لەلایەن كۆچن مایستەرەوە دۆزرایەوە، نەخۆشییەكە بەهۆی ڕووداوە سروشتییەكانەوە بڵاوبوونەوەی خێراتر دەبێت، وەك بومەلەرزە و سۆنامی ساڵی 2004 لە ئۆقیانووسی هیند و گەردەلوولی میزۆری لە 2011.

ئێستا بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئەم نەخۆشییە زیاتر بووە بەهۆی ئەوەی كۆرۆنا سیستمی بەرگری لەش بێهێز دەكات.

لە كوردستان

لە ڕۆژی 1/6/2021 بۆ یەكەمین جار لەدوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە كوردستان یەكەمین حاڵەتی كەڕووی ڕەش لە شاری سلێمانی تۆماركرا و كۆچی دوایی كرد، دواتر ڕاگەیەندرا كە نەخۆشەكە پێشووتر شەكرە و ناتەواوی دڵیشی هەبووە.

لە ڕۆژی پێشووشدا كەسێك لە شاری زیقاری كۆماری عێراق بەهۆی نەخۆشیەكەوە گیانی لەدەستدا.


سەرچاوەکان



2653 بینین