چەند ڕێنوێنییەک بۆ پاراستنی پێست

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-12-26-23:44:00 - کۆدی بابەت: 7399
چەند ڕێنوێنییەک بۆ پاراستنی پێست

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

پارێزگاریکردن لە پێست زۆر گرنگە بە تایبەت بۆ خانمان زیاتر، بەپێی ئەوەی کە خانمان پێستیان ناسکترە و بەهۆی گۆڕانکاری هۆڕمۆنەکانەوە گۆڕانکاری زۆری بەسەردا دێت، گرنگە بزانن ڕۆژانە چۆن پارێزگاری لە پێستیان دەکەن.

ڕێنمایی بۆ پارێزگاریکردن لە پێست

پێش ئەوەی کە بخەویت میکیاجەکەت پاکبکەرەوە

ئەگەر بە میکیاجەوە بخەویت جگە لە ماددە زیانبەخشەکانی ناو میکیاجەکە کە کاریگەری دەخاتە سەر پێستەکەت، تەواوی پیسییەکان و چەوری پێستت کە بە درێژایی ڕۆژ دروست بووە کۆدەبێتەوە و دەبێتە هۆێ دروستبوونی کێشە بۆ پێستەکەت وەک گیرانی کونیلەکانی پێست و زیادبوونی زیپکە و پەڵە، پاککردنەوەی پێست ڕێگری دەکات لەوەی کە بەکتریای زیانبەخش لەسەر پێستەکەت کۆببێتەوە، پاککردنەوەی پێست شەوان پێش نوستن تەنها دوو خولەک لە کاتت دەگرێت و نابێت لەبیربکرێت.

شۆردنی ڕووخسار

ڕۆژانە بەلایەنی کەمەوە ڕووخسارت دوو جار بشۆ، بەیانیان دوای هەستان لە خەو و هەروەها شەوانیش پێش نوستن، دەتوانیت پاککەرەوەیەکی ڕووخساری تایبەت بە پێستی خۆت بەکاربهێنیت، پاککەرەوەی پێست یارمەتی پێستت دەدات بۆ لابردنی پەڵەی تۆخ کە بەهۆی تیشکی خۆرەوە یاخود بەهۆی هەوای پیسەوە دروست بوون.

بەکارهێنانی دژەخۆر

پێویستە بۆ هەر چونە دەرەوەیەکت دژەخۆر بەکاربهێنیت بۆ ئەوەی پێستت پارێزراو بێت چونکە تیشکی خۆر کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر پێست و وادەکات پێستەکە زوو پیر ببێت و پەڵە و زیپکە دروست بکات، ئەگەر چی ڕۆژانە ئەو شێدارکەرەوە و میکیاجانەی کە بەکاریان دەهێنیت دژەخۆریان تێدا بێت بەڵام بەپێی پێویست نین و گرنگە پێش ئەوەی ئەوانە بکەیت یەکەم کارت ئەوە بێت کە دژەخۆر بدەیت لە ڕووخسارت، هەروەها دژەخۆری تایبەت بە جۆری پێستەکەت هەڵبژێرە.

شێدارکردنەوەی پێست

بەتایبەت بۆ ئەوانەی کە پێستیان وشکە یاخود دوای شۆردنی ڕووخساریان پێویستە کە ڕۆژانە شێدارکەرەوە بەکاربهێنن، لەپاڵ دژەخۆردا شێدارکەرەوە گرنگییەکی زۆری هەیە و پێویستە کاتی چوونە دەرەوەت شێدارکەرەوە و دژەخۆر بدەیت لە پێستەکەت، ئەگەر پێستەکەت چەور بێت یاخود وشک هەر گرنگە شێدارکەرەوە بەکاربهێنیت بەڵام لەوکاتەدا دەبێت بە پێی جۆری پێستەکەت هەڵبژاردنی بۆ بکەیت.

گرنگیدان بە مل و سنگت 

کاتێک باسی پارێزگاریکردن لە پێست دەکرێت تەواوی سەرنجەکان لەسەر پێستی ڕووخسارت دەبێت ئەوە بزانرێت کە لەگەڵ پێستی ڕووخساریشدا نابێت مل و سنگ لەبیربکرێت چونکە پێستی ئەم دوو ناوچەیەش ناسکە وەک پێستی ڕووخسار، بۆیە گرنگە کە ڕۆژانە چۆن دژەخۆر و شێدارکەرەوە بەکاردەهێنیت بۆ ڕووخسار هەمان بڕیش بەکاربهێنیت بۆ مل و سەر سنگت.

زیادەڕەوی نەکردن لە لابردنی خانەکانی پێستی ڕووخسار

لابردنی خانە مردووەکانی ڕووخسار یەکێکی دیکەیە لە ڕێگاکان بۆ پارێزگاریکردن لە پێستی ڕووخسار، کە یارمەتی پێست دەدات بۆ لابردنی خانە مردووەکان و نەهێشتنی چەوری زیادەی پێست، جیاوازی نییە لابردنەکە لە ماڵەوە خۆت بیکەیت یاخود لە دەرەوە بە ئامێری تایبەت، بۆ هەردووکیان نابێت زیادەڕەی بکەیت و زیان بگەیەنیت بە پێستت.

خەوی باش

خەو ڕۆڵێکی گرنگی هەیە بۆ تەندروستی جەستە و پێستێکی جوان دەبێت هەموو شەوێک حەوت بۆ هەشت کاتژمێر بخەویت و لەوە کەمتر نەبێت تاکوو جەستەت وزەی پێویستی پێ بێت بۆ ڕۆژی دواتر و کاروبارەکانی ڕۆژ، ئەگەر جەستەت وزەی پێویستی پێ نەبێت و ماندوو بێت کار دەکاتە سەر ڕووخسار و پێستت و چاوت دەئاوسێت و ڕەشایی دەوروبەری چاو زیاد دەکات، هەروەها زیادبوونی چەوری پێست و هەوکردن و زیپکەش.

دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی کۆمەڵێک چارەسەری سروشتی لە ماڵەوە

هەندێک کەس کۆمەڵێک چارەسەری سروشتی بەکاردەهێنن بۆ لابردنی زیپکە و پەڵەی پێست و پێیان وایە کە سوودی زۆر دەبێت، وەک ئاوی لیمۆ، سیر، هەویری ددان، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە هەموو ئەمانە زۆر تیژن و زیان بە خانەکانی پێست دەگەیەنن، کۆمەڵێک ماددەی خۆراکی ناکرێت وەک چارەسەرێک بۆ پێست بەکاربهنرێن وەک:

ئاوی لیمۆ

ئاوی لیمۆ ترشی سیتریکی تێدایە هەر بۆیه دەکرێت ببێتە هۆی دروستبوونی پەڵەی ڕەش لەسەر پێست دوای ئەوەی کە خۆر دای لەسەر پێستەکە هەروەها دەتوانێت پێستەکە زۆر وشک بکاتەوە.

سۆدە

سۆدە ڕێژەی ترشێتییەکەی هەشتە و هەر بۆیە زیان دەگەیەنێت بە پێست ئاوی پێست کەم دەکاتەوە و دەبێتە هۆی وشکبوونەوەی پێست.

هەویری ددان

ڕاستە کە هەویری ددان دەتوانێت میکرۆبەکان لەناوببات و چەوری و پیسی پێست هەڵمژێت بەڵام بە ڕادەیەکی زۆر پێست وشک دەکاتەوە کە ئەمەش زیانی زۆرە بۆ پێستت.

سیر

سیر دەتوانێت ببێتە هۆی هەستیاری پێست، ئەگزیما، هەوکردنی پێست.

شەکر

بەکارهێنانی شەکری زبر وەک لابەرێکی پێستی مردووی پێست زۆر هەڵەیە و زیانبەخشە، زۆرینەیی ئەم ماددانەی سەرەوە ڕاستەوخۆ کاریگەرییان دەرناکەوێت و بەپێی کات زیانەکانیان دەردەکەوێت لەسەر پێستی ڕووخسار.


سەرچاوەکان



1566 بینین