ناوهڕۆك
سوودەکانی زیرە چین؟
زیرە بەهاراتێکی بێوێنە و لە دروستکردنی خواردن و بواری پزیشکیدا بەکاردێت، دەتواندرێت وەکو چا بخورێتەوە یان وەکو بەهارات بۆ ناو خواردن زیاد بکرێت، هەروەها دەشێت ڕۆنەکەشی بۆ پێست بەکاربێت.
ماددە خۆراکییەکانی ناو تۆوی زیرە
زیرە یان کاراوەی چەندین ماددەی خۆراکی تێدایە لەوانەش ئاسن، زینک، کالسیۆم و ڕیشاڵ، تەنیا یەک کەوچکی چێشت زیرە ئەم ماددە خۆراکیانە دەستەبەر دەکات:
- کالۆری: 22
- پرۆتین: 1.3 گرام
- چەوری: 0.9 گرام
- کاربۆهیدرات: 3.34 گرام
- ڕیشاڵ: 2.6 گرام
- مس: 6.7٪ بەهای خۆراکی ڕۆژانە
- ئاسن: 6.1٪ بۆ ئافرەتان
- ماگنیزیۆم: 5.4٪ بەهای خۆراکی ڕۆژانە
- مەگنیسیۆم: 4.8٪ بۆ ئافرەتان
- کالسیۆم: 3.6٪ بەهای خۆراکی ڕۆژانە
- زینک: 4.6٪ بۆ ئافرەتان
سوودە تەندروستییەکانی زیرە
ڕووەکی زیره بۆ ماوەی چەندین سەدەیە لە پزیشکی کۆندا بەکار دەهێنرێت و توێژینەوەکانیش هەندێک لەم سوودانە پشت ڕاست دەکەنەوە، لێرەدا باسی چەند سوودێکی زیرە دەکەین:
- کەم کردنەوەی هەوکردن: زۆرێک لە پێکهاتەکانی ڕووەکی زیرە تایبەتمەندیەکانی دژەئۆکسید و دژە هەوکردنی بەهێزیان تێدایە، لە کاتێکدا هەوکردن وەڵامدانەوەیەکی جەستەیی سروشتییە و هەوکردنی درێژخایەن دەبێتە هۆی نەخۆشی جۆراوجۆر، وەکوو نەخۆشی هەوکردنی ڕیخۆڵە و نیشانەکانیشی لەوانەیە برین، ژان یان گرژبوونی ماسولکەیی بە سوێ، گازی گەدە و ڕیخۆڵە، سکچوون، هەڵپێچانی ڕیخۆڵەکان و تێکچوونی شانەی هەرس لەخۆ بگرێت، لە توێژینەوەیەکدا کە لەسەر ئەو مشکانە ئەنجام دراوە کە نەخۆشی هەوکردنی ڕیخۆڵەیان هەبوو، هەردوو ئاوگ و ڕۆنی زیرە بە شێوەیەکی کاریگەر هەوکردنی لە شانەی کۆلۆندا کەم کردەوە.
- باش هەرسکردنی خۆراک: لەمێژە ڕووەکی زیرە بۆ چارەسەرکردنی چەندین نەخۆشی گەدە بەکارهێنراوە، لەوانە بەدهەرسی و برینی گەدە، ژمارەیەک لێکۆڵینەوە ئەوە نیشان دەدەن کە ڕۆنی زیرە شانەی ماسولکەی کۆئەندامی هەرس خاو دەکاتەوە، بەم شێوەیە نیشانەکانی بەدهەرسی وەکوو گازی گەدە، گرژبوونی ماسولکەیی و سک ئاوسان کەم دەکاتەوە، هەرچەندە نازاندرێت تەواوی میکانیزمەکە چۆنە بەڵام توانا دژە میکرۆبییەکەی دەشێت هۆکارەکەی بێت، لێکۆڵینەوەیەکی تر ئەوەی ئاشکرا کرد کە ڕۆنی زیره ڕێگری لە گەشە بەکتریای زیانبەخشی ڕیخۆڵە کردووە و کاریگەری خراپی لەسەر بەکتریا سوودبەخشەکان نەبووە، ئەم بەکتریا سوودبەخشانە ماددە خۆراکییەکان بەرهەم دەهێنن، هەوکردن کەم دەکەنەوە، کرداری هەرس کردن ڕێک دەخەن و جەستە بە پارێزراوی دەهێڵنەوە، تاقیکردنەوەیەکی تر ئەوەی بۆ دەرکەوت کە زیرە دژی بەکتریای گەده دەوەستێتەوە کە جۆرە ميكرۆبێکە و بەوە ناسراوە کە هۆکاری برینی گەدە و هەوکردنی کۆئەندامی هەرس.
- دابەزینی کێشی لەش: دەشێت زیرە یارمەتی دابەزینی کێشی لەش بدات، لە توێژینەوەیەکی 90 ڕۆژیدا کە لەسەر 70 ئافرەت ئەنجام درا، ئەوە دەخاتەڕوو کە خواردنی زیرە دەبێتە هۆی دابەزینی کێشی لەش، ئەو خانمانەی کە ڕۆژانه یەک ئۆنس (30 گرام) لە 10%ی ڕۆنی زیرەیان خوارد بە شێوەیەکی بەرچاو کێش، ڕێبەری بارستەی تەن و ڕێژەی قەڵەوی جەستەیان کەمی دەکرد بە بەراورد بەو خانمانەی کە نیمچه دەرمانێکیان وەردەگرت و دەیانخوارد، هەروەها توێژەران تێبینی دابەزینی بەرچاویان لە کۆی کالۆری و کاربۆهیدراتی وەرگیراوی لەشدا کرد، بە بەراورد لەگەڵ ئەو کۆمەڵەی کە نیمچه دەرمانیان بەکارهێنا، زاناکان وا بیر دەکەنەوە کە ئەم کاریگەریانە لەوانەیە بەهۆی ئەو گۆڕانکارییه ئەرێنییانە بێت کە لە بەکتریای گەدەدا ڕوودەدات کە ئەمانیش کاریگەریان لەسەر ڕێکخستنی هۆرمۆن، میتابۆلیزمی چەوری و ئارەزووی خواردن هەیە.
سەرچاوەکان
2361 بینین