مەزارگەی سەڵاحەدینی ئەیوبی

له‌لایه‌ن: - ئێڤین عومەر ئێڤین عومەر - به‌روار: 2022-06-19-01:45:00 - کۆدی بابەت: 9077
مەزارگەی سەڵاحەدینی ئەیوبی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

مەزارگەی سەڵاحەدینی ئەیوبی (بە عەرەبی: ضريح صلاح الدين الأيوبي) ئەو شوێنەیە کە سوڵتان سەڵاحەدینی ئەیوبی لێ نێژراوە، لەدوای هێنانەوەی لاشەکەی لە ڕۆژی عاشورای ساڵی ١١٩٥ لە قەڵای دیمەشق.

شوێنی مەزارگەکە

مەزارگەی سەڵاحەدینی ئەیوبی دەکەوێتە قوتابخانەی عەزیزیە لە تەنیشت دیواری چەپی مزگەوتی ئومەوی لە شاری دیمەشقی پایتەختی سووریا، مەزارگەکە پێکهاتووە لە بینایەکی سادەی ئەیوبی کە لە  سەرەوەی گومەزێکی لێیە و لە ژێرەوەی گومەزەکە مەزارگەی سەڵاحەدینی دامەزرێنەری دەوڵەتی ئەیوبی دانراوە.

مێژووی مەزارگەکە

لێکۆڵەری سووری (غوفران ناشف) لە بارەی مێژووی مەزارگەکەوە وتوویەتی: "فەزلی کوڕی سەڵاحەدینی ئەیوبی دوای هێنانەوەی تەرمەکەی باوکی کە لە دیمەشق نێژرا بوو، خانوویەکی لە نزیک مزگەوتی ئومەوی کڕی و گومەزێکی تێدا دروستکرد تاکوو بیکاتە مەزارگە و گۆڕی باوکی". هەروەها کاتێک عەزیز عوسمانی کوڕی سەڵاحەدین لە ساڵی ١١٩٦ چوو بۆ دیمەشق، فەرمانی به دروستکردنی قوتابخانەی عەزیزیە لە ڕۆژهەڵاتی گومەزەکە کرد. بەم شێوەیە فەزڵی کوڕی سەڵاحەدین لە ساڵی ١١٩٥ گومەزەکەی دروستکردووە، دواتر عەزیز عوسمانی کوڕی سەڵاحەدین لە ساڵی ١١٩٦ قوتابخانەکەی دروستکردووە. دواتر بەشێک لە قوتابخانەکە ڕووخا، بەڵام لە سەرەتاکانی سەدەی ٢٠دا پارێزگاری تورکی (زیا پاشا) لە دیمەشق فەرمانی کرد کە قوتابخانە ڕووخاوەکە بکرێتە باخچە و بخرێتە سەر مەزارگەکە. شایەنی باسە لە ئەمڕۆدا جگە لە میحراب و کەوانەی دەروازەی ڕۆژهەڵات کە بووە بە باخچە هیچی تر لە قوتابخانەکە نەماوەتەوە.

وەسفی مەزارگەکە

مەزارگەکە لە داری گوێز دروستکراوە، کە بە نەخش و نووسراوی ڕەسەنی ئەیوبی نەخشێنراوە، بەڵام دیوارەکانی بە نەخشی کاشانی شینی سەردەمی عوسمانی نەخشێنراوە. لە تەنیشت ئەم مەزارگە دارییەدا مەزارگەیەکی بەتاڵی لە مەڕمەڕ دروستکراو هەیە، کە بە دیاری لەلایەن ئیمپڕاتۆری ئەڵمانی ویڵهێڵمی دووەم لە سەردانەکەیدا بۆ دیمەشق لە ساڵی ١٨٩٨ لە سەردەمی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەمدا پێشکەشکراوە. پانێڵەکانی کاشانی لە مەزارگەی سەڵاحەدینی ئەیوبی گەورەترین پانێڵی تەواوکراوی کەوانەین لە هەموو دیمەشقدا، کە پانییەکەی ٤٧٥ سانتیم و بەرزییەکەی ٢٣٨ سانتیمە، لە کۆمەڵێک کاشی جۆراوجۆر پێکهاتووە و بە نەخشی کاشانی ڕووەکی نەخشێنراوە. لە خوارەوەی پانێڵە گەورەکە و سەرەوەی پەنجەرەکە پانێڵێکی بچوکتر هەیە، کە بەرزییەکەی ٦٥ سانتیم و پانییەکەی ٨٠ سانتیمە و بە نەخشی ئەندازەیی ڕازاوەتەوە. ئەم بینایە دەکەوێتە ناو حەوشەیەکی جوانەوە کە لە ساڵی ٢٠٠٠ نۆژەنکراوەتەوە. هەروەها پەیکەرێک بۆ سەڵاحەدینی ئەیوبی لەلایەن دکتۆر  عەبدوڵا سەید لە نزیک دەروازەی سەرەکی قەڵای دیمەشق دروستکراوە.

باخچەی مەزارگەکە

لە باخچەی مەزارگەکەدا پێنج گۆڕی تێدایە، یەکەمیان گۆڕی دکتۆر (عەبدولڕەحمان شابەندەر)ی تێکۆشەری سوورییە کە لە ٦ی تەممووزی ساڵی ١٩٤٠ لەلایەن داگیرکەرانەوە تیرۆرکراوە. دووەمیان گۆڕی (یاسین هاشمی)ـە کە دووجار پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراقی وەرگرتبوو، دوای کودەتای ئینگلیز لە عێراق چوو بۆ سووریا و لە ٢٧ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٣٧ لە دیمەشق کۆچی دوایی کردووە. سێ گۆڕەکەی تر گۆڕی سێ فڕۆکەوانی عوسمانین بەناوەکانی (سادق بیک، فەتحی بیک و نووری بیک)، ئەم فڕۆکەوانانە لە کانوونی دووەمی ساڵی ١٩١٤ بە فڕۆکەکانیانەوە بەسەر خاکی سووریادا کەوتبوون.

سەڵاحەدینی ئەیوبی و فەرماندە هێنری گورو

سەڵاحەدینی ئەیوبی پاڵەوانی جەنگی (حتین) بووە، کە کۆتایی بە جەنگی خاچپەرستان هێنا. لەبەرئەوە کاتێک هێنری گورو چووە ناو شاری دیمەشقەوە، سەردانی مەزارگەی سەڵاحەینی ئەیوبی کرد و وتی: ئەی سەڵاحەدین تۆ لە کاتی جەنگدا پێت وتین " ئێوە لە ڕۆژهەڵات دەرچوون و بۆی ناگەڕێنەوە " ها ئێمە گەڕاینەوە هەستە ئێمە لە سووریا ببینە.


سەرچاوەکان



712 بینین