خواردنەوەی ئاو لە کاتی سوڕی مانگانەدا

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-07-07-16:22:00 - کۆدی بابەت: 9312
خواردنەوەی ئاو لە کاتی سوڕی مانگانەدا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

سوڕی مانگانە بە ئێش و ئازارەکەیدا دەناسرێتەوە، خانمان هەموو ڕێگایەک دەگرنەبەر بۆ کەمکردنەوەی ئەم ئازارە. چەندین ڕێگا هەیە بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکە و یەکێک لە ڕێگاکان خواردنەوەی ئاوە لەم ماوەیدا. ئاو سوودێکی زۆری هەیە بۆ هەموو نەخۆشییەکان و هەروەها سوودێکی تایبەتیشی هەیە بۆ کەمکردنەوەی ئازاری سوڕی مانگانە.

ئاوەکە دەبێت چۆن بێت؟

نابێت ئەو ئاوەی لەماوەی سوڕی مانگانەدا دەیخۆیتەوە زۆر سارد بێت، چونکە ئاوی ساد گرژبوونی منداڵدان زیاتر دەکات و بەمەش ئازاری سوڕی مانگانە زیاتر دەبێت. هەروەها نابێت بەڕادەیەک گەرم بێت کە گەروو و سورێنچک بسووتێنێت. ئاوی شلەتێن سوودێکی زۆری هەیە و دەبێت خانمان لەم کاتەدا تەنها ئاوی شلەتێن بخۆنەوە.

سوودەکانی

خواردنەوەی ئاوی زۆر لەماوەی سوڕی مانگانەدا سوودێکی زۆری هەیە، چونکە لەم ماوەیەدا جەستە بڕێکی زۆر لە ئاو لە دەست دەدات و تووشی کەمئاوی دەبێتەوە. کاتێک جەستە دووچاری کەمی ئاو بوویەوە ئۆکسجینی پێویست ناگات بە خڕۆکە سوورەکانی خوێن، لە ئەنجامیشدا دەبێتە هۆی ئازاری ماسولکەکان و ماندوویەتی. بۆیە خواردنەوەی ئاو لەم کاتەدا چەندین سوودی هەیە وەک:

کەمکردنەوەی ئازار

خانمان لە کاتی سوڕی مانگانەدا شەڵتەی گەرم بەکاردەهێنن و لەسەر سک و پشتیان دایدەنێن، تاکوو ئازارەکەیان کەم بکات. دەتوانن ئاو بەشێوەیەکی تریش بەکاربهێنن بۆ کەمکردنەوەی ئازار، خواردنەوەی ئاوی شلەتێن هۆکارێکە تاکوو ئازارەکە کەم بکاتەوە، دەبێتە هۆی خاوبوونەوەی ماسولکەکان و ڕێگری دەکات لە گرژبوونیان. 

یارمەتی هەرسی خواردن دەدات

لە کاتی سوڕی مانگانەدا بەهۆی کێشەکانی کۆئەندامی هەرسەوە هەرسکردنی خۆراک کەمێک قوورستر دەبێت. کاتێک ڕۆژانە بڕێکی زۆر ئاوی شلەتێن بخۆیتەوە خواردنێکی باشت دەبێت و دوور دەبیت لە کێشەکانی کۆئەندامی هەرس.

هێورکردنەوەی دەروون

لە کاتی سوڕی مانگانەدا بەهۆی گۆڕانکاری لە هۆڕمۆنەکان خانمان حاڵەتی دەروونیان دەگۆڕێت، تووشی دڵەڕاوکێ، تووڕەیی، بێتاقەتی و چەندین کێشەی تر دەبنەوە. خواردنەوەی ئاوی زۆر لەم کاتەدا دەبێتە هۆی هێورکردنەوەی دەروون و کەمکردنەوەی پەستانی دەروونی لەسەریان.

نەهێشتنی بای سک

لەبەرئەوەی لەم ماوەیەدا ڕێژەی ئیسترۆجین و پڕۆجیسترۆن کەم دەکات. جەستە هەوڵ دەدات کە ئاو هەڵبگرێت و لە ئەنجامیشدا دەبێتە هۆی باکردنی سک، خواردنەوەی زیاتر لە هەشت پەرداخ ئەم باکردنە ناهێڵێت.

کەمکردنەوەی سەرئێشه

کاتێک ئاوی جەستە کەم دەبێتەوە ئۆکسجینی پێویست بە خانەکانی مێشک ناگات لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی سەرئێشە و شەقیقە، خواردنەوەی ئاوی زۆر ئەم سەرئێشە و شەقیقەیە کەمتر دەکاتەوه.


سەرچاوەکان



434 بینین