یەن و یانگ

له‌لایه‌ن: - مەبەست کوردە مەبەست کوردە - به‌روار: 2022-07-16-21:15:00 - کۆدی بابەت: 9426
یەن و یانگ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

یەن و یانگ (بە ئینگلیزی: Yin-Yang) کە بە واتای تاریکی و ڕووناکی دێت یاخوود بە وزەی مێیینە (مێی گەردوونی) و وزەی نێرینە (نێری گەردوونی) دەناسرێت، فەلسەفەیەکی کۆنی ڕۆژهەڵاتییە کە لە چین سەری هەڵداوە. یەن و یانگ ئەو دوو وزە یان هێزەی تەواوکەری یەکترن کە هەموو لایەنەکانی ژیان دەگرنەوە. بەپێی ئەم بیروباوەڕە گەردوون بە مرۆڤ و هەموو پێکهاتەکانی نێوییەوە پێکهاتووە لەم دوو وزەیە و هەموو شتێک لە گەردوون پێچەوانەیەکی هەیە، بۆ نموونە ئاسمان و زەوی، ژن و پیاو، سارد و گەرم، تاریک و ڕووناک... هتد.

ئەم فەلسەفە چینییە ئەوە دەخاتە ڕوو کە هێزە پێچەوانە و دژبەرەکانی سروشت لە ڕاستیدا تەواوکەری یەکترن و پشت بەیەک دەبەستن، هەروەها لەگەڵ یەکتر ئاڵوگۆڕ دەبن. لە فەلسەفەی گەردوونناسیی چینیدا گەردوون لە ماددە وزەیەکی سەرەتایی دروست بووە و دواتر لەسەر سوڕی وزەی یەن و یانگ ڕێکخراوە، ئەمەش بەسەر ژیان و هەموو بوونێکی نێو گەردووندا ڕەنگ دەداتەوە. بۆ نموونە سروشتی بوونی ژن و پیاو کە ژن بە گشتی هەڵگری وزەی یەنە و پیاویش هەڵگری وزەی یانگە، یاخوود زەوی و ئاسمان کە زەوی هەڵگری وزەی یەنە و ئاسمانیش هەڵگری وزەی یانگە، هەروەها مانگ و خۆر کە مانگ هەڵگری وزەی یەنە و خۆریش هەڵگری وزەی یانگە، لێرەدا دەردەکەوێت کە ژن، زەوی و مانگ لە سروشتی بوونیاندا وەک یەکن چونکە هەڵگری هەمان وزەن کە وزەی یەن یان وزەی مێیینەیە، بەڵام پیاو، ئاسمان و خۆر هەڵگری وزەی یانگ یان نێرینەن و سروشتیی بوونیان لەیەکتر نزیکە، بەم شێوەیە هەموو بوونێکی نێو گەردوون بە شێوەیەکی گشتی هەڵگری یەکێک لەم دوو وزەیە و خاسییەتەکانی ئەم وزەیە وەردەگرێت، هەروەها دەکرێت بەشێکی کەم لە وزە پێچەوانەکەشی هەبێت چونکە تەواوکەری یەکترن. 

بنچینەی ئەم دوو وزەیە دەگەڕێتەوە بۆ فەلسەفەی کۆنی چینی بەناوی تایچی (Taiji) کە بە سەرچاوەی دروستبوونی یەن و یانگ دادەنرێت، تایچی بریتییە لە سەرچاوەی سەرەکی و هێزی هاندەری پشت هەموو ڕاستییەک لە گەردوون. ئاڵوگۆڕبوونی ئەم دوو وزەیە لەگەڵ یەکتر (لەکاتی زیادبوونی یەکێکیاندا ئەوەی تریان کەم دەکات) وەک پێناسەیەکە بۆ پێیشاندانی پڕۆسەی سروشتیی گەردوون و هەموو ئەو شتانەی لەنێویەتی، هەروەها هێمای گونجانی ئەم دوو وزەیە لە شێوەی نیوەی تاریک و نیوەی ڕووناکی بازنەیەکە بەیەکەوە، بە سەرنجدان لە هێمای یەن و یانگ دەردەکەوێت کە نیوە تاریکەکەی بازنەکە خاڵێکی ڕەش و نیوە ڕووناکەکەی بازنەکەش خاڵێکی سپیی تێدایە، واتا ئەم دوو وزەیە بەبێ یەکتری کار ناکەن و لە هەموو ڕوویەکەوە تەواوکەری یەکترین.

مێژوو

سەرەتای دروستبوون و بنچینەی بیروباوەڕی یەن و یانگ نادیارە بەڵام زۆر کۆنە، لە سەدەی سێیەمی پێش زایین لە چین بیروباوەڕەکە بوو بە بنچینەی قوتابخانەیەکی گەردوونناسی بەناوی قوتابخانەی (یەن-یانگ)، بە تێپەڕبوونی سەدەکان گرنگیی ئەم چەمکە وایکرد لە هەموو ڕوویەکی بیروباوەڕی چینیدا ڕەنگ بداتەوە و کاریگەریی خستە سەر بوارەکانی گەردوونناسی، پێشبینیکردنی سەرووسروشت، پزیشکی، هونەر و حووکمڕانی. 

دواتر ئەم بیروباوەڕە لەژێر ناوی بنەمای ئین یۆ (in-yō) بۆ وڵاتی ژاپۆن گوێزرایەوە و لە ساڵانی 675ـی زایینیدا بنەمای ئین یۆ بۆ ڕێنوێنیکردنی حکوومەت بەکارهاتووە لە بواری پێشبینیکردنی سەرووسروشت و کۆنتڕۆڵکردنی ڕۆژژمێر، بەڵام دواتر پەیڕەوکردنەکەی وەستێنرا. بنەمای ئین یۆ ڕەنگدانەوەی بەسەر هەموو ئاستێکی کۆمەڵگەی ژاپۆنیدا هەبووە و تا ئێستاش وەک بیرۆکەی سەلمێنەری بەخت و ڕێکخستنی بورجەکان هەر بەردەوامیی هەیە.

هێما

وزەی مێیینە یاخوود یەن کە بەشە ڕەشەکە دەگرێتەوە هێمایە بۆ:

  • مێیینەیی
  • زەوی
  • تاریکی
  • ڕەش
  • سستی
  • وەرگرتن
  • بچووک
  • سارد
  • ژمارەی جووت
  • نەرم
  • هەژاری
  • باکوور

وزەی نێرینە یاخوود یانگ کە بەشە سپییەکە دەگرێتەوە هێمایە بۆ:

  • نێرینەیی
  • ئاسمان
  • ڕووناکی
  • سپی
  • چالاکی
  • بەخشین
  • گەرم
  • گەورە
  • ژمارەی تاک
  • ڕەق
  • دەوڵەمەندی
  • باشوور

بەم جۆرە هەموو شتێک لە گەردوون بەسەر ئەم دوو وزەیە دابەشن دەبن و دژبەری خۆیان هەیە، وزەی یەن یان مێیینە ئاماژەیە بۆ ئارامی و حەوانە و پشوودان هەروەک چۆن زەوی شوێنی حەوانەی مرۆڤە، دایک و ئافرەت هاوشێوەی زەوی  هەستی حەوانە و ئارامی بە پیاو دەبەخشن. خۆر سەرچاوەی ڕووناکی و گەرمییە بۆ زەوی، بەمشێوەیەش پیاو نیشانەی هێز و دەسەڵات و پاڵپشتییە بۆ ئافرەت.

هەموو شتێکی گەورە، بەهێز، ڕەق و وشک وزەی یانگ یان نێرینە لە بوونیدا زۆرینەیە، هەموو شتێکی بچووک، لاواز، نەرم و تەڕ وزەی یەن یان مێیینە لە بوونیدا زۆرینەیە، ئەمەش بەسەر هەموو پێکهاتەکانی گەردووندا دەچەسپێت.

یەن و یانگ لە پیاو و ئافرەتدا

هەموو شتێکی گەردوون هەڵگری یەکێک لەم دوو وزەیە بە بەشێکی زۆر و بە بەشێکی کەمیش هەڵگری وزە پێچەوانەکەیە، پیاو ٧٠%ـی وزەکەی یانگ یاخوود نێرینەیە و ٣٠%ـی وزەکەی یەن یاخوود مێیینەیە، بۆ نموونە کاتێک پیاوێک دەخەوێت ناچار دەبێت وزەی مێیینەکەی بەکاربهێنێت کە وزەی ئارامی و حەوانەوەیە.

ئافرەتیش ٧٠%ـی وزەکەی یەن یاخوود مێیینەیە و ٣٠%ـی تری وزەکەی یانگ یاخوود نێرینەیە، بۆ نموونە کاتێک ژنێک چالاکی دەکات و کاردەکات ناچار دەبێت وزەی نێرینەکەی بەکاربهێنێت کە وزەی چالاکی و جووڵەیە.

بەکارهێنان لە چارەسەر

بەو پێیەی پیاو و ژن ڕێژەیەکی دیاریکراوی وزەی یەن و یانگیان هەیە، هاوسەنگی لە بوونی وزەکەیاندا دروست دەبێت و بەدی دێت. لەکاتی تێکچوونی هاوسەنگیی ئەم دوو وزەیە کەسەکە دووچاری کێشە دەبێتەوە و تووشی ناهاوسەنگیی ژیانی دەبێتەوە و تەنانەت پەیڕەوی خواردن و نەخۆشییەکانیش بە هاوسەنگیی ئەم دوو وزەیەوە پەیوەست کراون. له چارەسەری نەریتیی وڵاتی چیندا چارەسەری یەن و یانگ بۆ زۆر حاڵەت و نەخۆشی بەکارهاتووە.

کاتێک پیاوێک ناتوانێت نێرینەییی خۆی دەربخات، کێشەی لە خاسییەتە نێرینەکانی هەیە و خاسییەتە مێیینەکانی زاڵن واتا کێشەی لە وزەی یانگ هەیە و هاوسەنگ نییە، بۆ ئافرەتیش بەهەمان شێوە.

لە ئێستادا بە مەبەستی هەبوونی تەندروستییەکی باش و ژیانێکی هاوسەنگ چارەسەری وزەیی بەکاردەهێنرێت بۆ ڕێکخستنی وزەکانی ناخی مرۆڤ و هاوسەنگکردنیان بەپێی یاساکانی گەردوون.

تێەگەیشتن لە یەن و یانگ کارێکی ئاڵۆزە، لە ئێستادا ئەم بیروباوەڕە وەک قوتابخانەیەکی فەلسەفیی گرنگ دادەنرێت و لە زۆر بواردا کاری پێ دەکرێت، بەتایبەتیش لە بواری تەندروستی و هاوسەنگکردنی وزەی ناخی مرۆڤ کە ڕەنگدانەوەی بەسەر هەموو لایەنەکانی ژیانی تاکەوە دەبێت.


سەرچاوەکان



817 بینین