بورجەکان

له‌لایه‌ن: - سۆز عەتا سۆز عەتا - به‌روار: 2022-06-27-23:02:00 - کۆدی بابەت: 9200
بورجەکان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

زۆدیاک ناوچەی بورجەکان، بازنەی بورجەکان (بە ئینگلیزی: Zodiac، بە عەرەبی: دائرة البروج یان منطقة البروج) ناوچەیەکی شێوە پشتێنەییە لە ئاسماندا، نزیکەی ٨ بۆ ٩ پلە لە باکوور و باشووری ڕێڕەوی ناوچەی خۆرگیران و مانگ گیرانەوەیە بە دەوری خۆردا، لەگەڵ ڕێڕەوی مانگ و هەسارە بینراوەکانیش کە دەکەونە پشتێنەی بورجەکانەوە.
لە ئەستێرەناسی ڕۆژئاوایی و فەلەکناسیدا، بورجەکان بەسەر ١٢ نیشانەدا دابەشکراون، کە هەریەکەیان ٣٠ پلە لە هێڵی درێژیی ئاسمانیی درێژ دەبنەوە و دەگونجێن لەگەڵ ڕێکخستنی شێوەی ئەستێرەکانیاندا کە لەو ناوچەیەدا ئەستێرەکان لەسەر شێوەی ئاژەڵ، شتانی ئەفسانەیی و شتانی بێ گیانن.

زۆدیاک لەلایەن سەردەمی ڕۆمانەکانەوە بەکاردەهێنرا، لەسەر بنەمای ئەو چەمکانەی کە فەلەکناسی یۆنانی لە فەلەکناسی بابلی سەردەمی کلدانییەکان (ناوەڕاستی هەزارەی یەکەمی پێش زایین) بە میراتی وەریانگرتبوو. ئەستێرەناسە بابلییەکان درکیان بەوە کرد کە ئەستێرەکان لەکاتی جووڵانیاندا شێوەی جیاوازیان هەیە و پێیان وابوو کە کاریگەرییان لەسەر ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤەکان هەیە. 
یۆنانییە کۆنەکان بە بازنەی زۆدیاکیان دەوت (zōdiakos kyklos بە کوردی: بازنەی ئاژەڵەکان) یان (ta zōdia بە کوردی: بازنەی ئاژەڵە بچووکەکان).

بورجەکان لەڕوانگەی ئایینی ئیسلامەوە

بەپێی بۆچوونی چەندان کەسایەتی گەورە و دیاری ئیسلامیی، بڕواهێنانی باوەڕداران بە بورجەکان بۆ دیاریکردنی بەخت و داهاتوو و یانیش کەسایەتیی مرۆڤەکان، بە واتای هاوبەش پەیداکردن دێت بۆ پەروەردگار و بە گەورەترین تاوان لە ئایینی ئیسلامدا لەقەڵەم دەدرێت، چونکە هیچ کەسێک جگە لە پەروەردگار دەسەڵاتی دیاریکردنی داهاتووی مرۆڤەکانی نییە، ئەگەر بڕواداران باوەڕیان پێی نەبێت و تەنیا بۆ خۆشی و چێژی خۆیان چاودێری بکەن و بۆی بگەڕێن دەبێتە هۆی گوناهباربوونیان و کەمبوونەوەی ئەرزشی خودا پەرستییەکەیان بۆ ماوەی ٤٠ ڕۆژ قبووڵ ناکرێت، هاوکات بە بڕواهێنانێکی ناژیرانە ناوی دەبەن چونکە دیاریکردنی کەسایەتی مرۆڤەکان بەپێی ڕێکەوتی لەدایکبوونیان لە دەسەڵاتی هیچ کەسێکدا نییە و کەسایەتی مرۆڤەکان جیاوازە تەنانەت ئەگەر لەهەمان ڕێکەوتیشدا لەدایکبووبن.

بورجەکانی و ئەستێرەناسی لە ڕوانگەی زانستەوە

(Astrology بە کوردی: ئەستێرەناسی) لە کۆمەڵێک سیستمی بیروباوەڕ پێکهاتووە کە پێیان وایە پەیوەندییەک لە نێوان دیاردە فەلەکییەکان و ڕووداوەکان یان جۆری کەسایەتییەکانی مرۆڤدا هەیە، بەڵام ئەستێرەناسی لەلایەن کۆمەڵگەی زانستییەوە ڕەتکراوەتەوە چونکە پێیان وایە هیچ هێزێک توانای لێکدانەوەی کاروبارەکانی گەردوونی نییە، تاقیکردنەوە زانستییەکان هیچ بەڵگەیەکیان دەستنەکەوتووە بۆ پشتگیریی و سەلماندنی گرنگی ئەستێرەناسی. 
ئەم بیروباوەڕە کاری پێدەکرا تاوەکوو زانای بەناوبانگی فیزیایی ئیسحاق نیوتن لەڕووی ماتماتیکییەوە ڕوونی کردەوە کە هەموو پەیوەندییەکانی گەردوون و زەوی و هەسارەکان پەیوەندییەکی فیزیاییان هەیە و لەڕووی زانستییەوە بەڵگە و پاڵپشتی بۆیان خستە ڕوو، لە پاش زانیارییەکانی نیوتن، ئەستێرەناسی کاڵ بووە و زیاتر گرنگی بە بەڵگە و قسەکانی ئەو دەدرا، پاشان ئەستێرەناسی کاڵ بووەوە، بەڵام لەناونەچوو چونکە هەندێک پێیان وابووە و تا ئێستاش پێیان وایە پەیوەندییەکی پتەوی هەیە بە جۆری کەسایەتیی مرۆڤەکان و بورجەکان و بەخت و داهاتوو و گونجانی ئەستێرەی بەختی مرۆڤەکانەوە بۆ هاوسەرگیری، هەروەها شێوازی ڕێکخستنی ئەستێرەکانیان وەک بیرۆکەیەک بۆ ناونانی بورجی هەر مرۆڤێک کە لە ڕێکەوتێکی دیاریکراودا لەدایکبووە دیاریکردووە.
دکتۆر ڕێسەڵ فاستەر (Russell Foster) لە زانکۆی ئۆکسفۆرد ئەوەشی ڕوونکردووەتەوە کە کاتی لەدایکبوونی مرۆڤەکان کاریگەریی لەسەر لایەنی زیندەییان هەیە. فۆستەر چەندین ساڵی تەرخانکرد تاوەکوو لەسەر کاریگەریی وەرزەکان لەسەر مرۆڤەکان بخوێنێت کە وەکوو بیروباوەڕێکی بنچینەیی ئەستێرەناسی دانراوە.

هاوکات ئەستێرەناسی تا ئێستاش بە بەشێکی چێژبەخش دادەنرێت و لە ٪٤٠ـی خەڵکی ئەمریکا باوەڕیان وایە کە ئەستێرەناسی بەشێکە لە زانست بەڵام خودی ئەستێرەناسەکان نەیانتوانیوە بە شێوەیەکی تەواو ڕوونیبکەنەوە و بەوهۆیەشەوە ئەستێرەناسی وەکوو زانستێک دانی پێدانەنراوە چونکە هیچ بەڵگەیەکی زانستیی نییە و لە تاقیکردنەوە زانستییەکانیشدا بەرەنجامی نییە.

جۆری بورجەکان و هێما و ڕێکەوتەکانیان

بورجەکان ناو و تایبەتمەندی خۆیانیان هەیە و بە پێی ڕێکەوتی لەدایکبوونی کەسەکان دیاری دەکرێن و دوانزە جۆری جیاوازن کە بریتیین لە:

هێما ناوی بورج وێنەکەی ناو بە ئینگلیزی ماوە
♈️ بورجی کاوڕ بەران Aries ٢١ـی ئادار بۆ ١٩ـی نیسان
♉️ بورجی گا گامێش Taurus ٢٠ـی نیسان بۆ ٢٠ـی ئایار
♊️ بورجی دووانە دووانە Gemini ٢١ـی ئایار بۆ ٢١ـی حوزەیران
♋️ بورجی قرژاڵ قرژاڵ Cancer ٢٢ـی حوزەیران بۆ ٢٢ـی تەممووز
♌️ بورجی شێر شێر Leo ٢٣ـی تەممووز بۆ ٢٢ـی ئاب
♍️ بورجی هۆشە یان گوڵەگەنم کچێکی پاکیزە Virgo ٢٣ـی ئاب بۆ ٢٢ـی ئەیلوول
♎️ بورجی تەرازوو تەرازوو Libra ٢٣ـی ئەیلوول بۆ ٢٣ـی تشرینی یەکەم
♏️ بورجی دووپشک دووپشک Scorpius ٢٤ـی تشرینی یەکەم بۆ ٢١ـی تشرینی دووەم
♐️ بورجی کەوان تیرەوانێک Sagittarius ٢٢ـی تشرینی دووەم بۆ ٢١ـی کانوونی یەکەم
♑️ بورجی گیسک بزن Capricornus ٢٢ـی کانوونی یەکەم بۆ ١٩ـی کانوونی دووەم
♒️ بورجی سەتڵ سەتڵێکی ئاو Aquarius ٢٠ـی کانوونی دووەم بۆ ١٨ـی شوبات
♓️ بورجی نەهەنگ دوو ماسی Pisces ١٩ـی شوبات بۆ ٢٠ـی ئادار

 


سەرچاوەکان



5385 بینین