ئازاری گونەکان

له‌لایه‌ن: - ڤێنوار زاهیر ڤێنوار زاهیر - به‌روار: 2022-07-16-23:30:00 - کۆدی بابەت: 9429
ئازاری گونەکان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئازاری گونەکان (بە ئینگلیزی: testicles pain, بە عەرەبی: ألم الخصيتين)، حاڵەتێکە لە ڕەگەزی نێرینەدا ڕوودەدات. گونەکان دوو ئەندامی شێوە هێلکەیین لە کۆئەندامی زاوزێی نێرینەدا هەن و لەناو تورەگەی گوندا پارێزراون. ئەم ئازارە دەکرێت لە یەکێک یان هەردوو گوندا هەستی پێ بکرێت، مەرج نییە لە سەرەتاوە ئازارەکە لە گونەکانەوە دەست پێ بکات، زۆرجار لەسەرەتادا کەسەکە ئازاری سک یان بەرموسڵدان (بنی ڕان) هەیە و دوای ماوەیەک دەگوازرێتەوە بۆ گونەکان. ئەم ئازارە دوو جۆر دەگرێتەوە، لە جۆری یەکەمدا کەسەکە لەپڕ هەست بە ئازار دەکات واتە پێشتر هیچ ئازارێکی لەو شێوەیەی نەبووە و بۆ ماوەیەکی کەم بەردەوام دەبێت کە نزیکەی چەند ڕۆژێک یان چەند هەفتەیەک دەخایەنێت. بەڵام لە جۆری دووەمدا، ئازارەکە وردە وردە دەردەکەوێت و ماوەیەکی زۆرتر دەخایەنێت بۆ نموونە کەسەکە پێی وایە ماوەیەکی زۆرە هەست بەم ئازارە دەکات، بەڵام لەسەرەتادا ئازارێکی زۆر توند نەبووە و بە پێویستی نەزانیوە سەردانی پزیشک بکات دواتر ڕۆژ بە ڕۆژ ئازارەکەی زیاد بووە. ئەم جۆرەیان نیشانەکانی بەهێواشی لە کەسەکەدا دەردەکەوێت و لەوانەیە چەند مانگێک یان لە هەندێک حاڵەتدا ساڵیش بخایەنێت. هۆکاری هەستکردن بە ئازارێکی توند دەگەڕێتەوە بۆ بوونی ژمارەیەکی زۆر لەو دەمارانەی کە دەوری گونەکانیان داوە. 

هۆکارەکانی ئازاری گون

لەبەرئەوەی گونەکان دوو ئەندامی هەستیارن دەکرێت بەرکەوتن یان زیانێکی بچووک ببێتە هۆی ئازار. دەکرێت ئەم ئازارە بەهۆی تووشبوون بە نەخۆشییەکی دیاریکراوەوە ڕووبدات، هەندێک جار کەسەکە ڕاستەوخۆ هەست بە بوونی ئازار لە گونەکاندا ناکات بەڵکو لە بەشەکانی تری وەک سک و بەرموسڵدان دەست پێدەکات. زۆرجار هۆکاری ئەم ئازارە ناتوانرێت دەست نیشان بکرێت، بەشێوەیەکی گشتی هۆکارەکان ئەمانە دەگرێتەوە: 

  1. نەخۆشیی شەکرەی دەماری (diabetic neuropathy): ئەو حاڵەتەیە کە بەهۆی تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرە دەمارەکانی لەش زیانیان پێدەگات. تووشبووانی نەخۆشی شەکرە کێشەیان لە ڕێژە و خەستی شەکری گلوکۆز هەیە لە خوێندا بەجۆرێک ئەم ڕێژەیە هاوسەنگ نییە. ناهاوسەنگی ڕێژەی شەکر لە خوێندا بۆ ماوەیەکی درێژ  زیان بە دەمارەکان دەگەیەنێت بەتایبەتی دەماری ئەو بەشانەی لە دڵەوە دوورن وەک گونەکان بەمەش کەسەکە هەست بە ئازار دەکات. 
  2. هەوکردنی گونەکان: لەناو پێکهاتەی گوندا جۆگەیەک هەیە سپێرمەکان کۆدەکاتەوە و ڕێگە بە تێپەڕبوونیان دەدات. هەوکردنی ئەم جۆگەیە دەبێتە هۆی هەوکردنی گون و هەستکردن بە ئازار.
  3. بەردی گورچیلە: هەبوونی بەردی گورچیلە بەتەنها ئازار لە گورچیلەکاندا دروست ناکات بەڵکوو ئەگەری هەیە ئازار لە گونەکانیشدا هەبێت.
  4. سوڕانی گونەکان: حاڵەتێکە گونەکان دەسوڕێن بەمەش ئەو دەمار و لوولە خوێنانەی لە دەوروبەری گوندا هەن دەگیرێن و خانەکان ئۆکسجین و خۆراکیان پێ ناگات. ئازاری گون دەکرێت بەهۆی حاڵەتی مەترسیداری وەک سوڕانی گون ڕووبدات بۆیە پێویستە لەکاتی هەستکردن بە ئازار سەردانی پزیشک بکرێت بۆ دڵنیابوونەوە.
  5. هەوکردنی بۆری میز: بێجگە لەوەی کەسەکە لە کاتی میزکردندا هەست بە سووتانەوە دەکات لەگەڵ ئەوەشدا هەست بە ئازاری گونەکان دەکات.
  6. هەوکردنی پڕۆستات: بریتییە لە هەوکردنی ڕژێنی پڕۆستات. ئەم ڕژێنە دەکەوێتە ژێر میزڵدان لە نێرینەدا و شلەیەک بەرهەم دەهێنێت کە خۆراک بۆ سپێرم دابین دەکات و یارمەتی گواستنەوەیان دەدات. لە کاتی هەوکردنی پڕۆستات بەهۆی نزیکی شوێنەکەی دەکرێت ئازاری گونەکانی لەگەڵدا بێت.  
  7. باگونە: واتە هەڵئاوسانی گونەکان.
  8. دەکرێت ئەم ئازارە بەهۆی شێرپەنجەی گونەکانەوە ڕووبدات.
  9. ئەو نەخۆشیانەی بەهۆی سێکسەوە دەگوازرێنەوە
  10. گەورەبوونی ئەو خوێنهێنەرەی لە گوندا هەیە: لەناو گونەکان خوێنهێنەرێک هەیە پێی دەوترێت ڕەگەکشێ (varicose). لەکاتی کشان یان فراوانبوون، ئەم خوێنهێنەرە ئەرکی خۆی لەدەست دەدات و هەڵدەئاوسێت کە سووتانەوە و ئازاری گونەکانی لەگەڵدایە.  
  11. دەکرێت ئەم ئازارە بەهۆی ڕووداوی ماتۆڕسکیل ڕووبدات لەئەنجامی زیان گەیاندن بە پەردەی گون. 

نیشانەکان

  • هەستکردن بە ئازار، ڕێژەکەی پەیوەستە بە هۆکارەکەیەوە 
  • لەکاتی زیانگەیاندنی گونەکان لەوانەیە شینبوونەوە ڕووبدات
  • هێڵنجدان و ڕشانەوە
  • هەڵئاوسان یان هەستکردن بە بوونی گرێ
  • بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش (تا)
  • هەستکردن بە سووتانەوە و ئازار لەکاتی میزکردندا، زوو زوو میزکردن و بوونی خوێن لە میزدا

ڕێگەکانی خۆپارێزی

بە چەند ڕێگایەک دەکرێت ئەگەری تووشبوون بەم ئازارە کەم بکرێتەوە: 

1. پشکنینی مانگانە بۆ دڵنیابوون لە نەبوونی گرێ و هەڵئاساوی.
2. نەهێشتنەوە و کردنی میز لەکاتی خۆیدا بەمەش ئەگەری تووشبوون بە هەوکردنی بۆری میز کەم دەبێتەوە و کەسەکە دووچاری ئازار نابێت.
3. پشوودان و بەرزنەکردنەوەی قورسایی.
4. لەبەرکردنی جلوبەرگی فراوان.
5.هەروەها خۆشۆردن بە ئاوی شلەتێن هەڵئاوسان کەم دەکاتەوە.

کەی پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت؟

  • لەکاتی هەستکردن بە ئازارێکی توند و لەپڕ.
  • لەکاتی هەستکردن بە هەڵئاوسانی گونەکان.
  • ئەگەر لەگەڵ ئازارەکە نیشانەکانی وەک هێڵنجدان و ڕشانەوە هەبوو.


سەرچاوەکان



4911 بینین