بۆچی خەڵکی سەدام حسێنیان خۆشدەوێت؟

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-08-18-12:29:00 - کۆدی بابەت: 9890
بۆچی خەڵکی سەدام حسێنیان خۆشدەوێت؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

سەدام حسێن پێنجەم سەرۆک کۆماری عێراق و ئەمینداری حیزبی بەعسی عێراق و سەرۆکی تەواوی هێزە چەکدارەکانی عێراق بووە لە نێوان (١٩٧٩ - ٢٠٠٣)، یەکێکە لە دڵڕەقترین سەرۆکەکانی مێژوو و بە یەکێک لە دیکتاتۆرەکان دادەنرێت کە بە ئاگر و ئاسن حوکمی کردووە دژی گەلەکەی.

دیاردەی گەورەکردنی سەدام حسێن لەدوای مردنی

یەکێکە لە دیاردە باوەکانی دەیەی دووەمی سەدەی ٢١ـەم، لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا سەدام حسێن وەک کەسایەتییەکی بەهێز دادەنرێت و کۆمەڵێک چیرۆک دەربارەی باس دەکرێت، کە هەندێکیان ڕاستی نین و هەندێکیشیان ڕاستن و گۆڕانکارییان تێدا کراوە. جیا لە لایەنە عەرەبی و گەلانی تری وڵاتانی عەرەبی کە بەهۆی هەستی نەتەوایەتی و دڵسۆزییان بۆ نەتەوەی خۆیان، سەدام بە کەسێکی نەمر و گەورە دادەنێن کە دژی دوژمنەکانی جەنگاوە، بەڵام کوردەکانی باشووری کوردستان بەتایبەت، کە یەکەمین کوشتەی دەستی ڕژێمی سەدام بوون شانبەشانی ئەوان پیاهەڵدانیان بۆی هەیە، لەکاتێکدا زۆرینەیان تەنیا دەستکەوت و مێژووی ئەویان خوێندووەتەوە  و لەدوای نەمانی ڕژێمەکەی لەدایکبوون. هۆکاری سەرەکی ئەوەش بوونی حکوومەتێکی نابەرپرس و چەوسێنەرە لە باشووری کوردستان کە بووەتە هۆی ئەوەی خەڵکی بیری ئەو ژیانە بکات لە سەردەمی سەدام هەیبووە، سەرەڕای ئەو زەبر و زەنگەی ڕووبەڕووی دەبوونەوە.

کارە باشەکانی سەدام حسێن

١. بەهێزکردنی سەروەری نەتەوەیی و نەهێشتنی کاریگەری و دەستێوەردانی دەرەکی لە کاروباری ناوخۆی عێراقدا، یەکێک لە یەکەم ئەرکەکان نەهێشتنی تۆڕەکانی سیخوڕی بوو، تۆڕەکانی سیخوڕیی نەتەوە جیاوازەکان، کە تا ساڵی ١٩٧٣، نزیکەی ٥٥٠ تۆڕی سیخوڕی بوون، لەنێویاندا زایۆنیزم.

٢. دەرکردنی بەیاننامەیەک لە ١١ی ئازاری ١٩٧٠ کە تێیدا هەموو مافە نەتەوەیی و سیاسی و فەرهەنگییەکانی بە کورد بەخشی، دواتر دەرکردنی یاسای خۆبەڕێوەبەری، کە دەرفەتی بۆ کورد ڕەخساند کە کاروباری کوردستانی عێراق بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی تایبەت بەڕێوە ببات بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کاروباری یاسادانان لە هەرێمدا، هەروەها دروستکردنی دەسەڵاتی دادوەری.

٣. بە نیشتمانیکردنی تەواوی سامانی نەوت، کە بە سەربەخۆیی ئابووری ناو برا، جگە لە بەدەستهێنانی گەشەیەکی گەورەی ئابووری، کە لە کۆتایی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا بە باشترین ئابووری هەرێمی دانرا، بەو پێیەی یەدەگی بودجە لە عێراق گەیشتە زیاتر لە ٣٥ ملیار دۆلار و نرخی دیناری عێراقی گەیشتە زیاتر لە ٣ دۆلار.

٤. دەرکردنی یاسایەک بۆ خوێندنی بێبەرامبەر لە باخچەی ساوایانەوە تا دکتۆرا، هەروەها پابەندکردنی گەورەکان بە بەشداریکردن لە پرۆگرامەکانی خوێندەواری تا عێراق لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا خەڵاتی یونسکۆی بەدەستهێنا بەهۆی دوورکەوتنەوە لە نەخوێندەواری.

٥. دامەزراندنی ١٢ زانکۆ لە دیسیپلینە جیاوازەکان لە باکوورەوە بۆ باشووری عێراق، جگە لە دوو کۆلێجی سەربازی، دوو کۆلێژی ئەرکان، دوو کۆلێژی پۆلیس، دوو کۆلێژی هێزی ئاسمانی، کۆلێژێکی دەریایی، هەروەها زانکۆی ئەلبیکر بۆ خوێندنی باڵای سەربازی، هەروەها لە باوەش گرتنی خوێندکارانی عەرەب بۆ خوێندن لەوێ لەسەر بنەما زانستییە پێشکەوتووەکان.

٦. بەهێزکردنی توانا تەکنیکی و زانستی و چەکسازییەکانی سوپای عێراق، وەک سەدام پێی وابوو (عێراق دەوڵەمەندە بە سامان و دەسەڵاتی خۆی) و ئەمەش پێویستی بە سوپایەکی بەهێز هەیە بۆ پاراستنی بۆیە هەستا بە دروستکردنی دەستەیەک، دواتریش وەزارەتێک بۆ بواری پیشەسازیی سەربازی.

٧. کردنەوەی ڕووباری سێیەم لە نێوان دیجلە و فورات، بەمەش ئەو چالاکییە کشتوکاڵییانەی کە لەلایەن کەرتی تایبەت و گشتیەوە ئەنجام دەدرێن زیندوو دەکرانەوە، هەروەها بۆ گەیشتن بە ئامانجی پەرەپێدان و هەمەچەشنکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی، جگە لە دروستکردنی بەنداوی مۆدێرن و زەبەلاح لەسەر ڕووباری دیجلە.

٨. سەدام حوسێن و ڕژێمەكەی توانیان لە ٧٥%ی سەبەتەی خۆراكی بنەڕەتی بۆ گەلی عێراق لە كاتی گەمارۆدانیدا دابین بكەن و لەناو كارتی بەشەخۆراكدا بەسەریاندا دابەشیان كرد لە بەرانبەر بڕە پارەیەکی کەمدا، کە دواتر لەگەڵ مووچەكانیاندا بۆیان دەگەڕێننەوە.

٩. دروستكردنی ٥,٥٠٠ قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندی لە سەرتاسەری عێراقدا، هەروەها هەزاران عێراقی لەسەر ئەرکی دەوڵەت ڕەوانەی دەرەوەی عێراق كران، لەوێش بەپێی ڕێژەی دانیشتووان زۆرترین ڕێژەی بڕوانامەی ماستەر و دكتۆرایان لە جیهاندا بەدەستهێناوە.

١٠. پێشکەشکردنی پاڵپشتیی ماددی و شارەزایی عێراقی بۆ وڵاتانی عەرەبی وەک سۆماڵ، سوودان، یەمەن و مۆریتانیا بەبێ بەرژەوەندی و مەرج، هەروەها سەپاندنی پێشینەکاری بە مامەڵەکردن لە چوارچێوەی بەرنامەی نەوت بەرانبەر خۆراک و دەرمان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی وەک میسڕ، ئوردن، لوبنان، سووریا، مەغریب

١١. پشتیوانیکردن لە دۆزی فەڵەستین و خۆپیشاندانەکانیان بە پاڵپشتیکردنی دارایی، ڕەتکردنەوەی دان بە ئیسرائیلدا یان دانوستان لەگەڵیان، واز نەهێنان لە دروشمی ڕزگارکردنی فەلەستین، و پشتیوانیکردنی ئاشکرا لە بەرخۆدانی فەڵەستین. تەنانەت لە ماوەیەکدا بڕی ١٠ هەزار دۆلار بۆ بنەماڵەی هەر شەهیدێکی فەڵەستینی تەرخان دەکرا، هەروەها کارمەندانی پزیشکی ڕەوانەی ئوردن دەکران بۆ چارەسەرکردنی بریندارانی فەڵەستینییەکان.

١٢. بەرزکردنەوەی دروشمی نەوتی عەرەبی بۆ عەرەبەکان و جێبەجێکردنی بە کردەوە لەلایەن عێراقەوە بە وەستاندنی دابینکردنی نەوت بۆ دەستدرێژییەکان لە جەنگەکانی ١٩٧٣ و ٢٠٠٠ و پشتیوانیکردن لە ئۆپێک.

تاوانەکانی سەدام حسێن

ئەو پێشێلکاریانەی کە دەگەڕێندرێنەوە بۆ سەدام حوسێن (١٩٧٩ - ٢٠٠٣) یان ئەو تاوانانەی کە ڕژێمی سەرۆک سەدام حسێن پێیان تۆمەتبار کراوە، پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤن کە لە سەردەمی ڕژێمی سەرۆک کۆماری پێشووی کۆماری عێراقدا گەلی عێراق تووشی بووە. لیستەکە کوشتنی بەکۆمەڵ، ئەشکەنجەدان و تیرۆری لەخۆگرتووە، کە زۆربەیان بەبێ دادگاییکردنی فەرمی و گشتی ئەنجامدراون. ئەم پێشێلکاریانە بە درێژایی سەرۆکایەتییەکەی درێژدەبنەوە کە زیاتر لە ٢٤ ساڵ بوو، لە ساڵی ١٩٧٩ تا کەوتنی بەغداد و داگیرکردنی لەلایەن ئەمریکا لە ٩ی نیسانی ٢٠٠٣.

بابەتی دوجەیل

لە ٨ی تەمووزی ١٩٨٢، سەدام حسێن لە ناوەڕاستی جەنگی عێراق و ئێران، سەردانی شارۆچکەی دوجەیلی کرد و لە کاتێکدا کاروانەکەی بە شارۆچکەکەدا تێدەپەڕی، کاروانەکە کەوتە بەر هێرشی چەکداری لەلایەن ئەندامانی حیزبی دەعوەی ئیسلامییەوە. تەقە لە نێوان ئەندامانی حیزب و پاسەوانانی سەدام ڕوویدا و بەپێی ڕاپۆرتێکی ئەسۆشێتد پرێس لە ساڵی ٢٠٠٣دا، لە کاتی تاڵانکردنی فەرمانگەکانی حکوومەت دوای ڕووخانی ڕژێم، فەرمانێکی سەرۆکایەتی دۆزرایەوە کە فەرمانی لە سێدارەدانی دەیان پیاوی خەڵکی گوندەکەی دابوو.

دواتر بڕیارێک دەرچوو بۆ لەناوبردن و یەکسانکردنی نزیکەی هەزار کیلۆمەتر دووجا زەوی کشتوکاڵی و باخی بەرهەمدار لەسەر ڕێگای ناحیەی بەلەد بۆ دوجەیل بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی هەوڵێکی لەو شێوەیە. تا کۆتایی مانگی کانوونی دووەمی هەمان ساڵ، ٣٩٣ پیاوی سەروو ١٩ ساڵ و ٣٩٤ ژن و منداڵی شارەکانی دوجەیل و بەلەد، لە زیندانی ئەبووغرێب لە نزیک بەغدا دەستگیرکرابوون. ١٣٨ دەستبەسەرکراوی پیاوی پێگەیشتوو و دە منداڵی کەمتەمەنی نێر، دوای ئەوەی دانیان بە بەشداریکردنیان لە هەوڵی تیرۆرکردنەکەدا نا، خرانە بەردەم دادگای شۆڕش. لە چەند مانگی دواتردا، ئەو زیندانیانەی کە مابوونەوە گواسترانەوە بۆ ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن لە بیابانەکانی ڕۆژاوای بەغدا، بەڵام زیاتر لە ٤٠ کەس لەو گیراوانە لە کاتی لێکۆڵینەوە یان لە کاتی ئەشکەنجەدان لە دەستبەسەرکردندا گیانیان لەدەستدا.

دوای دوو ساڵ لە دەستبەسەرکردن، نزیکەی ٤٠٠ دەستگیرکراو کە زۆربەیان ئەندامی بنەماڵەی ئەو کەسانە بوون کە دانیان بەوەدا نا بەشدارییان لە پلاندانان یان جێبەجێکردنی هەوڵی تیرۆرکردنەکەدا کردووە، دوورخرانەوە بۆ ناوچەیەکی دوور لە باشووری عێراق.

جەنگی ئێران و عێراق

شەڕی نێوان عێراق و ئێران لە ئەیلوولی ١٩٨٠ هەڵگیرسا و تا مانگی ئابی ١٩٨٨ بەردەوام بوو، شەڕەكە نزیكەی یەك ملیۆن كوژراوی لە هەردوولا بەجێهێشت و بۆ ماوەی هەشت ساڵ بەردەوام بوو. بەوەش بووە درێژترین جەنگی سەدەی بیستەم. ئەم جەنگە كاریگەری لەسەر هاوكێشە سیاسیەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دانا و دەرئەنجامەكانیش كاریگەری زۆری لەسەر ئەو فاكتەرانە هەبوو كە بوونە هۆی دروستبوونی جەنگی دووەم و سێیەمی كەنداو.

عێراق لە نێوان ١٥٠ بۆ ٣٧٥ هەزار سەربازی لەدەستدا، جگە لە ١٠٠ هەزار هاوڵاتی مەدەنی عێراقی. لەڕووی ئابوورییەوە ئەم شەڕە زیانی ٥٠٠ ملیار دۆلاری لە خەزێنەی عێراق دا.

هەڵمەتی ئەنفال

یەکێکە لەو جینۆسایدانەی کە ڕژێمی پێشووی عێراق بە سەرۆکایەتی سەدام حوسێن لە ساڵی ١٩٨٨ دژی کورد لە ناوچەی کوردستانی باکووری عێراق ئەنجامیدا. سەرکردایەتی ئەو هەڵمەتە بە عەلی حەسەن مەجید سپارد کە سکرتێری ئۆفیسی باکووری حیزبی بەعسی عەرەبی سۆسیالیستی و وەک پارێزگاری سەربازی ناوچەکە بوو، سوڵتان هاشم وەزیری پێشووی بەرگری عێراقیش بوو بە سەرۆکی هەڵمەتەکە. حكوومه‌تی عێراق له‌و كاته‌دا كوردی به‌ سه‌رچاوه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ ده‌زانی، هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ش بەناوی سوورەتی ئەنفالی قورئانی پیرۆزەوە ناونرا. 

هەڵمەتەکە لەلایەن هێزەکانی گەلەی یەکەم و پێنجی کەرکووک و هەولێرەوە ئەنجامدرا، لەگەڵ هێزە هەڵبژێردراوەکانی پاسەوانی کۆماری، جگە لە هێزەکانی سوپای گەل و یەکەکانی بەناو بەرگریی نیشتمانی کە لەلایەن ڕژێمی عێراقەوە پێکهێنرابوون لەو کاتەدا بۆ شەڕی هاونیشتمانیان، پرۆسەکە شەش قۆناغی لەخۆگرتبوو. ئەم ئۆپەراسیۆنانە جگە لە کوردەکان، ئەو کەمینە جۆراوجۆرانەیان کردبووە ئامانج کە لەو ناوچەیەدا دەژیان، لەوانە ئاشوورییەکان، سریانیەکان، کلدانەکان، شەبەکەکان، تورکمانەکان، ئێزیدییەکان و مەندائیەکان. ئەم هێرشانە بوونە هۆی:

  • لەناوبردن و دوورخستنەوەی ١٨٢٠٠٠ کەسی مەدەنی بێ چەک، بە ژن و منداڵەوە.
  • لەناوبردنی ٤,٥٠٠ گوند و ٢٥٠ شارۆچكە و گوندی كوردستان بەر چەكی كیمیایی كەوتن.
  • وێرانکردن و ڕووخاندنی ١٧٥٤ قوتابخانە، ٢٧٠ نەخۆشخانە، ٢٤٥٠ مزگەوت، ٢٧ کڵێسا.
  • سڕینەوەی نزیكەی ٩٠%ی گوندە كوردییەكانی ناوچە ئامانجدارەكان.

کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە

کیمیابارانی هەڵەبجە یان کیمیایی بارانی هەڵەبجە (بە ئینگلیزی: Halabja massacre، بە عەرەبی: الهجوم الكيمائي على حلبجة، بە کرمانجی: Kîmyabarana Helebce) هێرشێکی کیمیایی دژی خەڵکی سڤیلی شاری هەڵەبجە بوو لە کۆتا ڕۆژەکانی جەنگی ئێران و عێراق لە ڕێکەوتی ١٩٨٨/٣/١٦. هێرشەکەی عێراق وەک وەڵامێک بۆ هێرشی (وەلفەجری ١٠)ی سوپای ئێران بوو کە توانییان شاری هەڵەبجە بە هاوکاری پێشمەرگە کوردەکان داگیر بکەن. هێرشەکە لە گازی خەردەل و کۆمەڵێک گازی تری تێکدەری مێشک و دەمار پێکهاتبوو کە بوونە هۆی برینداربوونی دەیان هەزار کەس و کاریگەری پاشماوەی چەکەکانیش بۆ دەیان ساڵ لەسەر شارەکە بەردەوام بوو.

هێرشەکە بووە هۆی شەهیدبوونی زیاتر لە ٥,٠٠٠ کەس و برینداربوونی ١٠,٠٠٠ کەسی تر و ئاوارەبوونی تەواوی خەڵکی شارەکە بۆ دەرەوەی ناوچەی نیشتەجێبوونیان. بەرپرسی هێرشەکە عەلی حەسەن مەجید، سەرداری یەکەمی سوپای عێراق و حیزبی بەعس بوو کە لەو ساتەدا بەرپرسی هێرشەکانی شاڵاوی ئەنفال بوو. دواتر بەهۆی کارەکانییەوە لە ساڵی ٢٠١٠ لەسێدارە درا.

لەشکرکێشی بۆ سەر کوەیت

لەشکرکێشی عێراق بۆ سەر کوەیت هێرشێک بوو کە لە ٢ی ئابی ١٩٩٠ لەلایەن سوپای عێراقەوە بۆ سەر کوەیت بە سەرۆکایەتی سەدام حسێن دەستی پێکرد، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکە دوو ڕۆژی خایاند و بە دەستبەسەرداگرتنی تەواوی خاکی کوەیت لەلایەن هێزەکانی عێراقەوە و لە ٥ی ئاب کۆتایی هات. پاشان حکوومەتێکی کاتی بە سەرۆکایەتی سەرهەنگ عەلا حسێن لە ماوەی ٤-٨ی ئاب لەژێر ناوی کۆماری کوەیت پێکهێنرا، پاشان حکوومەتی عێراق لە ٩ی ئابی ١٩٩٠دا لکاندنی کوەیتی بە عێراق و هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم باڵیۆزخانە نێودەوڵەتییەکانی لەو وڵاتە ڕاگەیاند. داگیرکارییەکانی عێراق بۆ سەر کوەیت ٧ مانگی خایاند، دواتر داگیرکارییەکە بە ئازادکردنی کوەیت لە ٢٦ی شوباتی ١٩٩١ دوای جەنگی دووەمی کەنداو کۆتایی هات.

ئەم هێرشە بووە هۆی کوشتنی ٢٩٥ سەربازی عێراقی و برینداربوونی ٣٦١ سەرباز. لەدەستدانی ٣٢ هەلیکۆپتەر، ٧ فڕۆکەی شەڕکەر، ٤ بەلەمی تۆپهاوێژ، ١٢٠ تانک و زرێپۆشی شەڕکەر و ١٨ پاسی سەربازی.

جەنگی دووەمی کەنداو

شەڕێکە کە لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانی ٣٤ وڵاتەوە بە سەرۆکایەتی ئەمریکا لە دژی عێراق دەستیپێکرد، دوای وەرگرتنی مۆڵەت لە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ڕزگارکردنی کوەیت لە ژێر داگیرکارییەکانی عێراق، کە بە فەرمان و سەرکردایەتی سەدام حسێن ئەنجامدرا. كاتێك عێراق كوێت داگیری كرد، سزای ئابووری بەسەر عێراقدا سەپێندرا و ئەنجوومەنی ئاسایش داوای كرد هێزەكانی عێراق بەبێ مەرج لە خاكی كوەیت بكشێنەوە. ئەمریکا ناوچەی دژە فڕینی دامەزراند بۆ پاراستنی خەڵکی سڤیلی عێراق لە باکوور و باشوور و ئەم ڕێکارە فاکتەری سەرەکی بوو بۆ دامەزرانی هەرێمی کوردستان لە باکووری عێراق.

ئەم جەنگە دژی عێراق بووە هۆی کوشتنی ٧٠ بۆ ١٠٠ هەزار سەربازی عێراقی و ٣٠ هەزار دیلی جەنگ. سەرەڕای وێرانکردنی ٤,٠٠٠ تانک و ٣,١٠٠ تۆپهاوێژ و ١,٨٥٦ ئۆتۆمبێلی گوێزەرەوەی سەربازی و ٢٤٠ فڕۆکە.

گەمارۆی سەر عێراق

گەمارۆدانی عێراق دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی جەنگی دووەمی کەنداوە، کە بۆ ڕزگارکردنی کوەیت لەو لەشکرکێشییەی سەدام حسێن دەستیپێکرد. گۆشەگیرییەکی توند بەسەر عێراقدا سەپێندرا دوای بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەپاندنی سزای ئابووریی خنکێنەر بەسەریدا، کە بۆ ماوەی سێزدە ساڵ بەردەوام بوو، لەو ماوەیەدا وڵاتەکە زیانێکی زۆری بەرکەوت. ئەو گەمارۆیە کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر هەموو لایەنەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابووری هەبوو، چونکە بووە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵاوسان و لە ساڵی ١٩٩٤دا گەیشتە ٢٤٠٠٪. هەروەها ئەو گەمارۆیە بووە هۆی کۆچکردنی زیاتر لە ٢٣ هەزار توێژەر و پزیشک و ئەندازیاری عێراقی، دوای ئەوەی کرێی سەرتاسەری بەڕێژەی زیاتر لە نیوە دابەزی. هەروەها بووە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی مردنی منداڵان و بەدخۆراکی و کەمی ئاستی خوێندن. بەپێی خەمڵاندنەکانی یونیسێف، مانگانە زیاتر لە ٤ هەزار و ٥٠٠ منداڵ بەهۆی بەدخۆراکی و نەخۆشییەوە گیانیان لەدەست داوە.

کۆتایی

سەرەڕای ئەوەی کارەکانی سەدام حسێن لە سەرەتاکانی دەسەڵاتدا ڕێڕەوێکی باشیان گرتبووە بەر، بەڵام بە واژۆکردنی پەیماننامەی جەزائیر و ڕووخاندنی مافی خۆبەڕێوەبەری کوردستان و دواتریش کوشتنی هەزاران کورد و پێشمەرگە و خەڵکی مەدەنی و وێرانکردنی هەزاران گوندی سنوورەکان، بووە هۆی لەناوبردنی باری کۆمەڵایەتی و تەندروستی و توانای ئابووری زۆرێک لەو کەسانەی کەوتنە بەر هێرشەکان و تاوەکوو دەیان ساڵی دواتریش کاریگەرییەکەی لەسەریان ماوەتەوە. 

هەروەها خودای گەورە هۆشداری پێداوین لە نادادپەروەری و ستەمکاران، هەروەک چۆن ئاگاداری کردووینەتەوە لە خۆشویستن و شوێنکەوتنی ستەمکار و تێکەڵبوون لەگەڵیان و یارمەتیدانیان. لە ئایەتی ١١٣ سوورەتی هوود دەفەرموێت:  "مەیلتان نەبێت بەلای ستەمكاران و هاوبەشەکانیان و بە كردەوەى ئەوان ڕازى مەبن و بەشدارییان مەكەن، دواتر ئاگری دۆزەخ دەتانگرێتەوە، جگە لە خوای گەورە هیچ دۆست و پشتیوانێكتان نابێت كە لە ئاگری دۆزەخ بتانپارێزێ و ڕزگارتان بكات، پاشان ئێوە كەس نییە كە سەرتان بخات". هەر بۆیە لەڕووی لۆجیک و ئایینییەوە دیاردەیەکی لەوشێوەیە کاردانەوەیەکی هەڵەیە بەرانبەر ستەمێکی نوێ و نابێتە هۆکار بۆ ئەوەی پیاهەڵدان بۆ کەسایەتییەک بکرێت کە دژایەتی مافەکانی مرۆڤی کردووە.


سەرچاوەکان

560 بینین