هۆلاکۆ خان

له‌لایه‌ن: - بەڵێن سامان بەڵێن سامان - به‌روار: 2022-09-07-22:23:00 - کۆدی بابەت: 10175
هۆلاکۆ خان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

هۆلاکۆ یان هۆلاکۆ خان (بە عەرەبی: هولاکو خان، بە ئینگلیزی: Hulagu Khan، بە چینی: 旭烈兀)، فەرمانڕەوایەکی مەغۆلەکان بووە کە بەشێکی زۆری ڕۆژاوای کیشوەری ئاسیای داگیرکردووە. باوکی تۆڵوی و دایکی شازادەی کیرایی سۆرغاغتانی بێکییە، یەکێک بووە لە نەوەکانی جەنگیزخان و برای ئاریق بۆکە و مۆنگە خان و کوبلای خانە.

سوپاکەی هۆلاکۆ بەشی باشووری ڕۆژاوای ئیمپراتۆڕیەتی مەغۆلییەکانی فراوانتر کرد و ئیلخاناتی فارسی دامەزراند، کە بووە دەستپێکێک بۆ کۆتاییهێنان بە بنەماڵەی سەفەوییەکان و دواتر دەوڵەتی نوێی ئێران. پێشڕەوییەکانیان بووە هۆکاری گەمارۆدان و داگیرکردنی بەغدا لە ساڵی ١٢٥٨ لەژێر فەرمانڕەوایی هۆلاکۆ، هەروەها پێگەی بەغدای لە سەردەمی ئیسلامی زێڕین و شاری دیمەشقیشی لاواز کرد، ئەمەش بووە هۆی گۆڕینی دەسەڵاتی ئیسلامی بۆ مەمالیکەکان لە قاهیرە و کۆتاییهێنان بە دەوڵەتی عەباسی.

زانیاری گشتی
هۆلاکۆ خان - ئیلخان
ماوەی دەسەڵات ١٢٥٦-١٢٦٥
جێنشین ئەباقا خان
لەدایکبوون ١٢١٧-مەنگۆلیا
مردن ٨/٢/١٢٦٥
ڕووباری زەریینە
بەخاکسپێردراوە
دەریاچەی ورمێ-دوورگەی شاهی
خێزانەکانی
  • گویوک خاتوون
  • دۆقووز خاتوون
  • یەسونسین خاتوون
  • کوتوویو خاتوون
  • ئۆلجێی خاتوون
ماڵ بۆریجن-مەنگۆلیا
باوک تۆڵوی
دایک سۆرغاغتان بێکی
ئایین تەنگەریزم-بودیزم
نیشانە Hulagutamgha.png

ناساندن

هۆلاکۆی کوڕی تۆڵوی فەرمانڕەوایەکی مەغۆلەکان و یەکێکە لە کوڕەکانی جەنگیز خان و سۆرغاغتانی بێکی، شازادەیەکی کاریگەر و بە‌هێزی کیراییەکانە و لە ساڵی ١٢١٧ـی زایینی لەدایکبووە. زانیاری زۆر نییە دەربارەی منداڵی هۆلاکۆ، جگە لە چیرۆکێک کە لە کتێبی جامیع تەواریخدا هاتووە.

سەربازی

مۆنگەخانی برای هۆلاکۆ لە ساڵی ١٢٥١ـدا وەکوو خانی گەورە فەرمانڕەوایی مەغۆلەکانی دەکرد، مۆنگە هۆلاکۆی تۆمەتبارکرد بە فەرماندەیی کردنی سوپایەکی گەورەی مەغۆلەکان بۆ داگیرکردن و لەناوبردنی ئەو دەوڵەتە موسڵمانانەی کە لە باشووری ڕۆژاوای ئاسیا نیشتەجێبوون. هێرشە سەربازییەکەی هۆلاکۆ بۆ خۆبەدەستەوەدانی لوڕەکانی باشووری ئێران و لەناوبردنی دەوڵەتی نزاری ئیسماعیلی و لەناوبردنی خەلافەتی عەباسی لە بەغدا ئەنجامدرا، هەروەها بۆ لەناوبردنی دەوڵەتی ئەیوبی لە سووریا و کوشتنی سوڵتانی مەمالیکەکان لە میسڕ. مۆنگە فەرمانی بە هۆلاکۆ کردبوو کە بە میهرەبانی مامەڵە لەگەڵ ئەو کەسانەدا بکات کە دەچوونە ژێر فەرمانڕەوایی مەغۆلەکان و ئەوانەی کە سەرپێچییان دەکرد بە تەواوی لەناویان ببات، بەڵام هۆلاکۆ بەتوندی بەشی کۆتایی ئەم ڕێنماییانەی جێبەجێ دەکرد.

هۆلاکۆ بە فەرمانی مۆنگە خان لە ساڵی ١٢٥٣ گەورەترین مانۆڕی سەربازی ئەو سەردەمەی ئەنجامدا و کەوتە کۆکردنەوەی هێز و سوپاکەی و نزیکەی دوو لەسەر دەی هەموو هێزەکانی مەغۆلی کۆکردەوە. لە ساڵی ١٢٥٥ گەیشتە ترانسۆغیانا، کە دەکاتە ناوچەکانی ئۆزپاکستانی ئێستا. هۆلاکۆ ئازەربایجانی وەک ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆی هەڵبژارد، لە هەمان کاتدا فەرمانی بە بەیجوی فەرماندەی سەربازی مەغۆلەکان کرد پاشەکشە بکات بەرەو ئەنادۆڵ.

داگیرکردنی بەغداد

سوپاکەی هۆلاکۆ لە تشرینی دووەمی ساڵی ١٢٥٧ بەرەو بەغداد بەڕێکەوتن، کاتێک نزیکی شارەکە بوونەوە هێزەکانی دابەش کرد بۆ گەمارۆدانی شارەکە لە هەردوو کەناری ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوای دیجلە. هۆلاکۆ داوای خۆبەدەستەوەدانی کرد لە بەرپرسانی شارەکە، بەڵام موستەعسیم بیللای خەلیفەی عەباسییەکان ڕەتیکردەوە. بەهۆی خیانەتی ئەبو ئەلقومە، ڕاوێژکاری موستەعسیم، ڕاپەڕین لەناو سوپاکەی خەلیفەی عەباسییەکان ڕوویدا و گەمارۆدانی بەغداد دەستیپێکرد. مەغۆلەکان دیوارە بەرزەکانی بەغدایان تێکشکاند و تەڵەیان دانا بۆ سوپاکەی خەلیفە و کارێکیان کرد کە لە نزیک شارەکە لافاو دروست ببێت، بەمشێوەیە بەشێکی زۆری سوپای خەلیفە خنکاون و گیانیان لەدەستدا.

لەژێر فەرمانی فەرماندەی چینی (گوو کان)، مەغۆلەکان لە ٢٩ـی کانوونی دووەمی ساڵی ١٢٥٨ـدا گەمارۆی شارەکەیاندا، دەستیانکرد بە دروستکردنی بەربەستێک بە داری تیژ و دروستکردنی خەندەقێک و بەکارهێنانی مەنجەنیق. تاکوو ٥ـی شوبات مەغۆلەکان بەشێکی دیواری شارەکەیان کۆنتڕۆڵ کرد. خەلیفە موستەعسیم بیللا هەوڵیدا دانوستان بکات، بەڵام ڕەتکرایەوە. لە ١٠ـی شوباتدا بەغداد خۆی بەدەستەوەدا. لە ١٣ـی شوبات، مەغۆلەکان ڕژانە ناو شارەکە و هەفتەیەکی بەردەوام کوشتن و بڕین و وێرانکارییان ئەنجامدا.

کتێبخانەی گەورەی بەغداد کە بەڵگەنامەی مێژوویی و ڕێژەیەکی زۆر کتێبی لەخۆگرتبوو لەسەر بابەتی پزیشکیی و مێژوویی و هەتا بابەت و کتێبی فەلەکناسیشی تێدابوو، هەموویان لەناوچوون. دانیشتووانی شارەکە ویستیان لە شارەکە دەرچن و خۆیان دەربازبکەن، بەڵام لەلایەن سوپای مەغۆلەکانەوە ڕێگرییان لێکرا. ڕێژەی کوژراو و بریندارەکان جیاوازبوون و چەند سەرچاوەیەکیش هەن بۆ پشت ڕاستکردنەوەی ڕێژەکە کە کەمترین ڕێژە ٩٠،٠٠٠ کوژراوە و بەرزترین ڕێژە لە نێوان ٢٠٠،٠٠٠ بۆ ١،٠٠٠،٠٠٠ـدایە. مەغۆلەکان بەردەوام بوون لە تاڵانکردن و وێرانکاری لە مزگەوت، باڵەخانە، کتێبخانە و نەخۆشخانە سووتێنران. خەلیفەی عەباسییەکانیش بە دیل گیرا.

کتێبێکی ئیڵ میلیۆن کە باس لە گەشتەکانی مارکۆ پۆلۆی بازرگانی ڤێنزی دەکات، لە بەشێکی کتێبەکەدا باس لەوە دەکرێت کە هۆلاکۆ خەلیفە موستەعسیمی لە برسێتییدا کوشتووە، بەڵام هیچ بەڵگەیەکی پشت ڕاستکەرەوە نییە. مێژوونووسان پێیان وایە بەپێی گێڕانەوەی مەغۆل و موسوڵمانان، خەلیفە موستەعسیم لەناو فەرشێکدا پێچراوەتەوە و مەغۆلەکان بە ئەسپەکانیان بەسەریدا ڕۆشتوون، چونکە بیروباوەڕیان وابوو کە زەوی توڕە دەبێت ئەگەر خوێنی شاهانە بڕژێنرێت. جگە لە یەکێک لە کوڕەکانی خەلیفە، هەموویان کوژران. بەغداد بۆ چەند سەدەیەک شارێکی بێ ئاوەدانی و وێرانە بوو. دەوڵەتە بچووکەکانی ناوچەکە بۆ دڵنیاکردنەوەی هۆلاکۆ لە دڵسۆزی خۆیان و مەغۆلەکان لە ساڵی ١٢٥٩ ڕوویان لە سووریا کرد و شانشینی ئەیوبییان داگیرکرد و هێزی سەربازیان نارد بۆ بەرەکانی پێشەوە تاکوو سنووری غەززە. زیاتر لە هەزار تیمی ئەندازیاری و ڕاوێژکاری لە باکووری چین هاوکاری هۆلاکۆ و سوپاکەی بوون لە داگیرکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

داگیرکردنی سووریا

لە ساڵی ١٢٦٠ سوپای مەغۆل لەگەڵ سوپا هاوپەیمانەکانی مەسیحییەکان لە ناوچەکەدا یەکیانگرتەوە، لەوانەش سوپای شانشینی کیلیکیای ئەرمەنی لەژێر فەرماندەیی هەیتوومی یەکەم و پادشای ئەرمینیا و میرە بەناوبانگەکانی بۆهیمۆندی شەشەمی ئانتیکا. ئەم هێزانە سووریای ناوچەی موسڵمانەکانیان داگیرکرد، کە فەرمانڕەواکەی یەکێک بوو لە بنەماڵەی دەوڵەتی ئەیوبییەکان. لەژێر سەرکردایەتی کیت بوقا فەرماندەی هێزە مەسیحییەکان دەستیان بەسەر دیمەشقدا گرت لە یەکی ئاداری ١٢٦٠ـدا، بە گەمارۆدان دەستییان بەسەر حەلەبیشدا گرت.

هێرشە سەربازییەکان بەرفراوان بوون و بە تەواوی سوپا و هێزی ئەیوبییەکانیان لاواز کردبوو، کە پێشتر ئەیوبییەکان فەرمانڕەوایەکی بەهێزی بەشێکی زۆری ناوچەکانی شام و میسڕ و نیمچە دوورگەی عەرەبی بوون. کۆتا پادشای ئەیوبییەکان ناوی ئەنـ نەسیر یوسف بوو کە هەمان ساڵ لەلایەن هۆلاکۆوە کوژرابوو. تێکشکانی بەغداد و کەوتنی دیمەشق، وای کرد ناوەندی دەسەڵاتی ئیسلامی بگوازرێتەوە بۆ قاهیرە و پایتەختی مەمالیکەکان.

هۆلاکۆ نیازی وابوو هێز بنێرێت بەرەو باشوور لە ڕێگای قاهیرەوە بەرەو فەڵەستین. هەر بۆیە نامەیەکی هەڕەشە ئامێزی لەلایەن نێردراوەکەیەوە نارد بۆ سوڵتانی مەمالیکەکان بەناوی قووتوز لە قاهیرە. لە نامەکەدا داوای لە قووتوز کردبوو ڕێڕەوی شارەکەی بکاتەوە ئەگەر نا وەکوو بەغداد وێرانی دەکات. فەرماندە قووتوز لەبەر کەمی خۆراک و نەبوونی خۆراکی پاشەکەوتکراو لە سووریا بەس نەبوو بۆ ئامادەکردنی هێزەکەی. هەروەها شتێکی ئاسایی بوو بۆ مەغۆلەکان کە سەربازەکان لە هاویندا بگوازنەوە بۆ ناوچە بەرزاییەکان و کەشوهەوا فێنکەکان، هەر بۆیە هۆلاکۆ هێزی سەرەکی خۆی کشاندەوە بۆ ئێران لە نزیک ئازەربایجان و لە دوای خۆی نزیکەی ٢٠ هەزار سەربازی بەجێهێشت لەژێر دەستەڵاتی کیت بوقادا، کە هۆلاکۆ ئەم هێزەی بە تەواو زانی بۆ هێرشەکەی سەر قووتوز. پاشان هۆلاکۆ بەتایبەت بەرەو مەنگۆلیا ڕۆیشت بۆ یەکلاییکردنەوەی تەختی پاشایەتی ئیمپڕاتۆریەتی مەغۆلەکان، چونکە هەشت مانگ پێشتر مۆنگە خانی گەورە مردبوو. لەگەڵ بیستنی هەواڵی کەمبوونەوەی هێزەکانی مەغۆل لە ناوچەکەدا، قووتوز بەخێرایی سوپایەکی ١٢ هەزار سەربازی بە کەلوپەل و هێزێکی ڕاهێنراوەوە لەگەڵ ئامێری جەنگی بەرەو قاهیرە بەڕێکەوتن و  فەڵەستینیان داگیرکرد.

جەنگی عەین جالووت

کاتێک هەواڵێک گەیشت کە مەغۆلەکان لە ساڵی ١٢٦٠ـدا لە ڕووباری ئوردن پەڕیوونەتەوە، سوڵتان قووتوز و هێزەکانی بەرەو باشووری ڕۆژهەڵات بەرەو بەهاری گۆلیات کە بە (بە عەرەبی: عين جالوت) ناسراوە لە دۆڵی جزریل ڕۆیشتن. لە ناوچەکەدا ڕووبەڕووی سوپای مەغۆلەکان بوونەوە کە نزیکەی ٢٠ هەزار سەرباز دەبوون و چەندین کاتژمێر شەڕیان کرد و جەنگەکە ناونرا جەنگی عەین جالووت. بایبارسی فەرماندەی مەمالیکەکان لە ناوچەکە تاکتیکی هێرش و کشانەوە (جەنگی پارتیزانی)ـیان جێبەجێدەکرد بۆ ڕاکێشانی هێزەکانی مەغۆلەکان. بایبارس و قووتوز بەشێکی زۆری هێزەکانیان لە گردەکان و بەرزاییەکان شاردبوویەوە بۆ دانانی تەڵە بۆ مەغۆلەکان. سەرکردەی مەغۆلەکان کیت بوقا بەهۆی کشانەوەی بەردەوامی بایبارس و سەربازەکانییەوە نەیدەزانی چیبکات، بڕیاریدا لەگەڵ هێزەکەیدا لەسەر بەرزایی و گردەکانی میسڕییەکان و هێزە هەڵاتووەکانی بایبارس بەرەو پێشەوە بڕۆن.

کاتێک مەغۆلەکان گەیشتنە بەرزاییەکان، هێزە میسرییەکان لەخۆ حەشاردان دەرکەوتن و سوپای مەغۆلیان گەمارۆدا. سوپای میسرییەکان بەنزیکەیی لە نێوان ٢٤ هەزار بۆ ١٢٠ هەزار سەرباز دەبوون. مەغۆلەکان لە تەڵەکە ڕزگاریان بوو و هەروەها چەند جارێک بەرپەچی گەمارۆکەیان دایەوە. بەڵام ڕێژەی کوژراو و برینداریان لە کۆتایی شەڕەکەدا زۆر بوو، بەنزیکەیی هەموو ئەو سوپایەی هاتبوون بۆ هێرشەکە لەناوچووبوون بە کیت بوقاشەوە کە سەرکردەی مەغۆلەکان بوو لە جەنگەکەدا.

جەنگی ناوخۆیی

دوای ئەوەی جێنشینییەکە یەکلایی بوویەوە و کوبلای خانی برای مۆنگەخان بوو بە فەرمانڕەوای ئیمپڕاتۆریەتییەکە. هۆلاکۆ لە ساڵی ١٢٦٢ گەڕایەوە سەر خاکەکانی ژێر دەسەڵاتی، کاتێک سوپای مەغۆلەکانی کۆکردەوە بۆ ئەوەی هێرش بکەنە سەر مەمالیکەکان و تۆڵەی شکستەکەی عەین جالووت بکەنەوە، بەڵام لەجیاتی ئەوە ڕۆشت بەرەو جەنگی ناوخۆ لەگەڵ بێرکەخانی برای باتوخان. بێرکەخان فەرماندەیەکی موسوڵمان و یەکێک بوو لە نەوەکانی جەنگیزخان، بەڵێنی تۆڵەسەندنەوەى دابوو، ویستی هۆلاکۆ لە بەغداد دەربکات و هاوپەیمانی لەگەڵ مەمالیکەکاندا ببەستێت. هەر بۆیە دەستیکرد بە زنجیرە هێرشێک بۆ سەر ناوچەکانی هۆلاکۆ کە نۆگاخان سەرکردایەتی دەکرد. هۆلاکۆ هەوڵیدا هێزەکانی ببات بۆ باکووری قەوقاز لە ساڵی ١٢٦٣ـدا، بەڵام تووشی شکستێکی گەورەبوو، ئەمەش یەکەم جەنگی کراوە بوو لە ناوخۆی مەغۆلەکان و ئاماژەبوو بۆ کۆتایی هاتنی ئیمپراتۆریەتی یەکگرتووی مەغۆلەکان. هۆلاکۆ لە تۆڵەی شکستەکەیدا بازرگانێکی گەورەی بێرکەخانی کوشت کە مامەڵەی دەکرد لەنێوان دەوڵەتەکانی دراوسێی مەغۆلەکان.

پەیوەندیییەکان لەگەڵ ئەورووپادا

سۆرغاغتانی دایکی هۆلاکۆ بەسەرکەوتوویی سیاسەتی مەغۆلەکانی بەڕێوەبرد و منداڵەکانی ئامادە دەکرد بۆ بوون بە سەرکردەی مەغۆلەکان. سۆرغاغتان مەسیحییەکی کەنیسەی ڕۆژهەڵات بوو، هۆلاکۆش دۆستێکی ئایینی مەسیحی بوو. دۆقووز خاتوونی هاوژینی دڵخوازی هۆلاکۆش لەسەر ئایینی مەسیحی بوو، هەروەها نزیکترین هاوڕێ و فەرماندەشی کیت بوقا هەر مەسیحی بوو. هۆلاکۆ چەندین جار پەیوەندی کرد بە ئەورووپاوە بۆ دامەزراندنی هاوپەیمانی فەڕەنسا و مەغۆلەکان لە دژی موسڵمانەکان.

لە ١٠ـی نیسانی ١٢٦٢ـدا، هۆلاکۆ نامەیەکی نارد لە ڕێگای یوحەننا هەنگارییەوە کە وەکوو ڕاوێژکارێکی مەسیحییەکان و مەغۆلەکان وابوو، بۆ لویسی نۆیەمی فەڕەنسا و پێشنیاری هاوپەیمانییەتییەکی کرد. سەرەڕای هەوڵیکی زۆر نە هۆلاکۆ و نە جێنشینەکانی نەیانتوانی هاوپەیمانی لەگەڵ ئەورووپادا بکەن.

کۆچی دوایی

هۆلاکۆ خان لە کانوونی دووەمی ساڵی ١٢٦٥ نەخۆش دەکەوێت و مانگی دواتر لە کەناری ڕووباری زەرینە لە ناوچەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات کۆچی دوایی کرد و لە دوورگەی شاهی لە دەریاچەی ورمێ بەخاک سپێردرا.


سەرچاوەکان



1762 بینین