تاران

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-09-19-11:52:00 - کۆدی بابەت: 10304
تاران

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

تاران یان تەهران (بە ئینگلیزی: Tehran، بە فارسی: تهران) قەرەباڵغترین شار و پایتەختی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە و ناوەندی پارێزگای تاران و شارستانی تارانە. بەپێی خەمڵاندنی ساڵی ٢٠١٨ی نەتەوە یەکگرتووەکان، ٣٨هەمین شارە لە جیهاندا و زۆرترین ژمارەی دانیشتووانی ڕۆژاوای ئاسیایە. لە ڕووی جوگرافییەوە بەسەر دوو بەشی دەشتایی و دامێنی چیای ئەلبۆرزدا دابەش بووە و مەودای بەرزییەکەی لە ٩٠٠ بۆ ١٨٠٠ مەتر لە ئاستی دەریاوەیە. تاران کەشوهەوایەکی نیمچەوشکی هەیە. لە زۆربەی ساڵەکاندا زستان نیوەی کۆی گشتی بارانبارینی ساڵانەی تاران دابین دەکات و هاوین کەمترین وەرزی بارانبارینە لە تاران.

وڵات ئێران
دانیشتووان
  • ٩,٣٠٠,٠٠٠
ڕووبەر ٧٥١ کیلۆمەتری چوارگۆشە
تێکڕای بارینی ساڵانە ٢٢٠ میلیلیتر
ڕۆژانی سەهۆڵبەندان ٤٨ ڕۆژی ساڵ
پێش-ژمارەی تەلەفۆن ۰۲۱
شوێن لەسەر نەخشە

مێژوو

مێژووی ژیان لە تاران دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی بەردینی نوێ و ئەو هەڵکۆڵینە شوێنەوارانەی کە لە تاران ئەنجام دراون بووەتە هۆی دۆزینەوەی ئێسکەپەیکەری مرۆڤ و کەرەستەی بەردین کە تەمەنی ٧٠٠٠ ساڵە. لە سەرەتای سەدەی حەوتەم لەگەڵ وێرانبوونی شاری ری و کۆچکردنی خەڵکەکەی بۆ تاران، بووە هۆی گواستنەوەی زانستی بازرگانی و بیناکاری و زۆربوونی دانیشتووانی ناوچەکە. لە سەردەمی سەفەویدا گرنگی تاران زۆر زیادی کرد، بەڵام سەرچاوەی ئاوەدانی و پێشکەوتنی ئەم شارە دەگەڕێتەوە بۆ بوون بە پایتەختی. محەمەد خانی قاجار، دامەزرێنەری بنەماڵەی قاجار، کە دوای هەوڵێکی زۆر بۆ گرتنی تاران، دواجار سەرکەوتوو بوو لەو کارەدا، لە نەورۆزی ١٧٨٦ تارانی بە پایتەخت ناوبرد، ئەمەش دوای ساڵانێک شەڕ لەگەڵ بنەماڵەی زەند. گۆڕانی تاران لە شارێکی ئاساییەوە بۆ پایتەختێکی مۆدێرن لە سەردەمی پەهلەوییەوە دەستی پێکرد. لە سەردەمی پەهلەویدا کاروباری دەوڵەت لە پایتەختدا چڕ بووەتەوە و ژمارەی فەرمانبەرانی حکوومەت لەو شارەدا بەخێرایی زیادی کرد.

لەم ماوەیەدا شاری تاران جگە لە ئەرکی سیاسی و بازرگانی، ئەرکی کارگێڕیشی قبووڵ کرد. لەگەڵ شۆڕشی ١٩٧٩ـی ئیسلامی لە ئێران و دەستپێکی جەنگی عێراق و ئێران، بۆ ماوەی دەیەیەک تاران پێشکەوتنێکی ئەوتۆی بەخۆیەوە نەبینی، بەڵام لە ساڵانی دواتردا گەشەی شارەکە بەردەوام بوو و پێشکەوتووتر بوو.

جوگرافیا

تاران لە ناوچەیەکی نێوان دوو دۆڵی شاخ و بیابان و لە بناری باشووری ئەلبۆرز بڵاوبووەتەوە و ڕووبەرەکەی ٧٥١ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە. لە ڕووی جوگرافییەوە دەکەوێتە ٥١ پلە و ١٧ خولەک بۆ ٥١ پلە و ٣٣ خولەک لە درێژی ڕۆژهەڵات و ٣٥ پلە و ٣٦ خولەک بۆ ٣٥ پلە و ٤٤ خولەک لە باکووری پانی. باکووری شارەکە بەهۆی بەرزییەکەیەوە لە ناوچەکانی دیکەی شارەکە فێنکترە. هەروەها، کەمنشینی و بوونی باخی کۆن، باخی میوە، سەوزایی بەدرێژایی ڕێگا سەرەکییەکان و نەبوونی چالاکییە پیشەسازییەکان لە باکووری شارەکە یارمەتی داوە هەوای ناوچەکانی باکوور ٢ بۆ ٣ پلەی سەدی فێنکتر بێت لە باشوور

پیسبوونی ژینگەی وەک ئاو، هەوا، خاک و ژاوەژاو، تارانی کردووە بە یەکێک لە پیسترین شارەکانی جیهان. هەروەها بوونی مێروو وەک مشک یەکێکە لە کێشەکانی تاران. هۆکارەکانی پیسبوونی هەوا لە تاران بریتین لە هۆکاری جوگرافی وەک کارتێکەرەکانی داپۆشینی شاخەکان، ئۆتۆمبێلەکان و ماتۆڕسکیلە زۆرەکان، سووتەمەنی ماڵەکان و پیسبوونی کارگەکان. هەروەها نزمیی کوالێتی بەنزینی دابینکراو لە ئێران بە یەکێک لە هۆکارەکانی پیسبوونی هەوای تاران دادەنرێت. پیسکەرە سەرەکییەکانی تری هەوای تاران بریتین لە ئۆکسیدی نایترۆجین، ئۆکسیدی گۆگرد، یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن، ئاوێتە ئۆرگانییە هەڵاوساوەکان و تەنۆلکە هەڵواسراوەکان.

ئابووری

تاران ناوەندی ئابووری ئێرانە. نزیکەی ٣٠%ی هێزی کاری کەرتی گشتیی ئێران و ٤٥%ی کۆمپانیا گەورە پیشەسازییەکان لە شارەکەدا جێگیرن و نزیکەی نیوەی ئەوانەی کار دەکەن لەلایەن حکوومەتەوە دامەزراون. کەم کۆمپانیای بیانی لە تاران کاردەکات، ئەوەش بەهۆی ئاڵۆزی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتەوەیە لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە. بەڵام پێش شۆڕشی ١٩٧٩ زۆر کۆمپانیای بیانی لە ئێران چالاک بوون. پیشەسازییە مۆدێرنەکانی ئێستای تاران بریتین لە بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل، ئەلیکترۆنیات و کەرەستەی کارەبایی، چەک، قوماش، شەکر، چیمەنتۆ و بەرهەمی کیمیایی. هەروەها سەنتەرێکی پێشەنگە بۆ فرۆشتنی فەرش و مۆبیلیات. کۆمپانیاکانی پاڵاوتنی نەوتی پارس ئۆیل، سپیدی، بەهران لە تاران جێگیرن.

تاران زۆر پشت بە ئۆتۆمبێلی تایبەت و پاس و ماتۆڕسکیل و تاکسی دەبەستێت و یەکێکە لە شارەکانی جیهان کە وابەستەی ئۆتۆمبێلە. بۆرسەی تاران کە ئەندامی تەواوی فیدراسیۆنی جیهانی بۆرسە و ئەندامی دامەزرێنەری فیدراسیۆنی بۆرسە یۆرۆ-ئاسیاییەکانە، یەکێکە لە باشترینەکانی ئاستی جیهان لە ساڵانی ڕابردوودا.

دیمۆگرافی

دانیشتووانی شارەکە لە ساڵی ٢٠٢٢ زیاتر لە ٩ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار کەس بووە. تاران شوێنی ژیانی گرووپە نەتەوەیی و زمانەوانییە جۆراوجۆرەکانی سەرتاسەری وڵاتە. زمانی باڵادەستی ئێستای تاران زمانی فارسییە بە شێوەزاری تارانی و زۆرینەی خەڵکی تاران خۆیان بە فارس دەناسێنن. ٩٨%ی تارانییەکان لە فارسی تێدەگەن و ١٠%یان دەتوانن لانیکەم بە یەکێک لە زمانە باوەکانی جیهان قسە بکەن. 

بەپێی مادەی دوازدەهەمی دەستووری کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئایینی فەرمی ئەو وڵاتە ئیسلامە لەسەر ڕێبازی دوازدە ئیمامیی شیعە؛ دۆخی ئایینی خەڵکی تاران بەگشتی هەمان دۆخی ئایینی گشتیی ئێرانە و زۆربەی خەڵکی ئەم شارە بە فەرمی موسڵمانن و لەسەر ڕێبازی شیعەی دوازدە ئیمامین. پێکهاتە ئایینییەکانی دیکەی تاران بریتین لە سوننە، بەهایی، زەردەشتی، مەسیحی و جوولەکە. زەردەشتیەکان، مەسیحییەکان و جوولەکەکان تاکە کەمینە ئایینییەکانن لە تاران و ئێراندا کە لە سنووری یاسا ئازادن لە پەیڕەوکردنی ئایینەکەیان.

ڕامیاری

تاران ناوەندی پارێزگای تاران و شاری تارانە. وەک ناوەندێکی سیاسی و کارگێڕی گرینگترین دامەزراوە حکوومی و قەزاییەکانی ئێران وەک وەزارەتەکان و ئەنجوومەنی ئیسلامی لە تاران هەڵکەوتوون. ئەم شارە شوێنی نیشتەجێبوونی کاریگەرترین بەرپرسانی ئێرانە، لەوانە ڕابەر، سەرۆک کۆمار، هەندێک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندی ڕژێم، سەرۆک و بەشێک لە ئەندامانی باڵای نوێنەرانی ئەنجوومەنی شورای ئیسلامی. تاران ٣٠ نوێنەری لە پەرلەمان هەیە. بەڕێوەبردنی شارەکەش لەلایەن شارەوانی تارانەوە ئەنجام دەدرێت. سەرۆکی شارەوانی تاران لەلایەن ئەنجوومەنی شارەوانی تاران هەڵدەبژێردرێت و ئەم ئەنجوومەنە سەرپەرشتی کاری شارەوانی دەکات و یاسا بۆ کارگێڕیی شارەکە دادەڕێژێت.

شاری تاران لەڕووی کارگێڕییەوە بەسەر ٢٢ ناوچەی شارەوانی و ١٢٢ ناحیەدا دابەشکراوە و شارەکانی تەجریش و ڕەی لەخۆدەگرێت.

خوێندنگەکان

دارولفنوون، یەکەم زانکۆیە لە مێژووی مۆدێرنی ئێراندا، لە ساڵی ١٨٥١ کرایەوە و بوارەکانی خوێندنی بریتی بوون لە پزیشکی، دەرمانسازی، کانزازانی، ئەندازیاری. زانکۆکانی تاران لە باشترین زانکۆکانی جۆری خۆیانن لە ئێراندا و بەشێکیشیان لە ڕیزبەندی زانکۆکانی جیهاندا جێیان گرتووە. زانکۆی تاران لە شوباتی ساڵی ١٩٣٤ بەمەبەستی دروستکردنی ناوەندێک بۆ خوێندنی باڵا لە ئێران دامەزرا. ئەم زانکۆیە بە گرنگترین و بەناوبانگترین زانکۆ و هێمای خوێندنی باڵای ئێران ناسراوە. کۆنترین ناوەندی خوێندنی باڵای مۆدێرن و گەورەترین زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی ئێران، زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی تارانە کە لە ساڵی ١٩٣٤ دامەزراوە.

گەشتیاری

تاران بە یەکێک لە ناوەندە گەشتیارییە گرنگەکانی ئێران دادەنرێت و خاوەنی زنجیرەیەک شوێنی گەشتیارییە لەوانە کۆشک و مۆزەخانەکانی. گۆڕەپان و تاوەری ئازادی، تاوەری میلاد، پردی سروشت و کۆشکی گوڵستان، شوێنە گەشتیارییە گرنگەکانی تارانن. ساڵانە زیاتر لە ملیۆنێک گەشتیار ڕوو لە شارەکە دەکەن. عێراقی و کورد و ئازەربایجانییەکان زۆرترین ڕێژەی سەردانکەری شاری تارانن.

کۆمەڵێک شوێنی کاتبەسەربردن لە تاران


سەرچاوەکان



734 بینین