سەردەمی ئاسن

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-11-23-17:44:00 - کۆدی بابەت: 10417
سەردەمی ئاسن

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

سەردەمی ئاسن (بە ئینگلیزی: Iron Age، بە عەرەبی: العصر الحديدي) قۆناغێکی مێژووییە، بە بەکارهێنانی ئاسن لە ئامێر و کەرەستەکاندا تایبەتمەندە، سەردەمی کۆتایی دابەشبوونی سەردەمەکانی پێش مێژووە، پێش ئەو سەردەمی بەردین و سەردەمی کاتی مس و سەردەمی برۆنز هاتووە، لە نێوان ساڵانی ١٢٠٠ بۆ ٦٠٠ـی پێش زایینی دەستی پێکرد و لە ساڵی ٨٠٠ـی زایینی کۆتایی هات. 

ماوە و دەستپێکردنی سەردەمی ئاسن لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر جیاوازە، سەردەمی ئاسن کاتێک دەستپێدەکات کە بەرهەمهێنانی ئاسن و پۆڵا جێگەی برۆنزی گرتەوە، لە سەردەمی ئاسندا خەڵکی لە زۆربەی وڵاتانی ئەورووپا و ئاسیا و بەشێک لە ئەفریقا دەستیان بە دروستکردنی ئامێر و چەک لە ئاسن و پۆڵا کرد. لە ڕۆژهەڵاتی نزیکی کۆندا ئەم گواستنەوەیە لە دوای داڕمانی سەردەمی برۆنزەوە سەری هەڵدا، کە لە سەدەی ١٢ـیەمی پێش زایینی ڕوویدا.

هەر زوو ئەم گۆڕانکارییە سەرانسەری ناوچەکانی دەریای ناوەڕاست و باشووری ئاسیای گرتەوە، لە سەدەی ١١ و ١٢ بڵاوبوویەوە. بڵاوبوونەوەی زیاتری بۆ ناوەڕاستی ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا و ناوەڕاستی ئەورووپا تا ڕادەیەک دواکەوتووە، هەروەها تا نزیکەی سەرەتای سەدەی پێنجەمی پێش زایینی نەگەیشتە باکووری ئەورووپا.

سەردەمی ئاسن کەی بوو؟

سەردەمی ئاسن لە دەوروبەری ساڵی ١٢٠٠ـی پێش زایینی دەستی پێکردووە. لە ناوچەی دەریای ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی نزیک، لەگەڵ داڕمانی چەند شارستانیەتێکی دیاری سەردەمی برۆنز لەوانە شارستانیەتی میسینی لە یۆنان و ئیمپراتۆریەتی هیتی لە تورکیا. شارە کۆنەکان لەوانە ترۆیا و غەززە وێران بوون، ڕێگا بازرگانییەکان لەناوچوون و خوێندەواری لە سەرانسەری ناوچەکەدا دابەزی.

هۆکاری داڕمانی ئەم شانشینیانەی سەردەمی برۆنزی تا ئێستا ڕوون نییە. بەڵگە شوێنەوارییەکان باس لەوە دەکەن کە یەک لە دوای یەک وشکەساڵی توند لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست لە ماوەی ١٥٠ ساڵدا، لە ساڵی ١٢٥٠ تا ١١٠٠ پێش زایین ڕوویداوە. بەمەش پێدەچێت لە داڕمانەکەدا جێگەی بەرچاوی گرتبێت. هەروەها ڕەنگە بومەلەرزە، برسێتی، نائارامی کۆمەڵایەتی و سیاسی و لەشکرکێشی لەلایەن خێڵە کۆچەرییەکانەوە ڕۆڵی هەبووبێت.

هەندێک لە شارەزایان پێیان وایە کە ڕەنگە پچڕانی ڕێڕەوی بازرگانی بووبێتە هۆی کەمبوونەوەی ئەو مس یان تەنەکەیەی کە بۆ دروستکردنی برۆنز لە دەوروبەری ئەم کاتەدا بەکاردەهێنرا، لە ئەنجامدا ڕەنگە کانزاکاران وەک جێگرەوەیەک ڕوویان لە ئاسن کردبێت.

زۆرێک لە زانایان کۆتایی سەردەمی ئاسن لە نزیکەی ساڵی ٥٥٠ پێش زایینی دادەنێن، هەرچەندە بەرواری کۆتایی بەپێی ناوچەکان دەگۆڕێت. لە وڵاتانی ئەسکەندەنافیا لە ساڵانی ٨٠٠ـی زایینی لەگەڵ سەرهەڵدانی ڤایکینگەکان کۆتایی هاتووە. لە ڕۆژاوای ئەورووپا و ناوەڕاستی ئەورووپا کۆتایی سەردەمی ئاسن وەکوو هاوکات لەگەڵ داگیرکردنی ڕۆمەکان لە ماوەی سەدەی یەکەمی پێش زاییندا دادەنرێت.

گۆڕان لە برۆنز بۆ ئاسن

گۆڕانکاری ئاسن و پۆڵا ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر گۆڕانکاری کۆمەڵگا هەبوو، کاریگەری لەسەر ڕێکارەکانی کشتوکاڵی و هونەری هەبوو، هەروەها هاوکات بوو لەگەڵ بڵاوبوونەوەی زمانی نووسین.

سەرەتای سەردەمی ئاسن لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر جیاوازە، کە تایبەتمەندە بە بەکارهێنانی ئاسن لە کەرەستە، چەک، ڕازاندنەوە، کوفە و دیزاین. 

جیاوازییەکانی سەردەمی پێشووی برۆنزی بەهۆی شێوازە پێشکەوتووترەکانی کارکردن بە ئاسن بوو. لەبەر ئەوەی ئاسن لە برۆنز نەرمترە، کارکردن پێی ئاسانترە، ئەمەش وا دەکات دیزاین لە نەخشی هێڵی ڕاستەوە بگوازرێتەوە بۆ دیزاینی هێڵی چەماوە.

تواندنەوەی ئاسن زۆر لە تواندنەوەی مس و تەنەکە قورسترە، ئەم کانزایانە داڕشتەکانیان دەتوانرێت بە ساردی کاری لەسەر بکرێت، بەڵام ئاسن پێویستی بە کارکردنی گەرم هەیە و تەنها دەتوانرێت لە کورەی تایبەتیدا بتوێندرێتەوە. 

کەمی تەنەکە کانزاکارانی ناچارکرد بە دوای کانزای جێگرەوەدا بگەڕێن بۆ برۆنز، لەم ماوەیەدا زۆرێک لە شتە دروست کراوەکان دووبارە دروستکرانەوە و کرانە چەک، بەکارهێنانی ئاسن بووە هۆی کارایی لە تەکنەلۆجیای دروستکردنی پۆڵا.

تا ئەو کاتەی تەنەکە دووبارە بەردەست بوویەوە، بۆ هەمیشە ئاسن جێگەی برۆنزی گرتبوویەوە، چونکە ئاسن هەرزانتر، بەهێزتر، سووکتر بوو و کارکردن پێی ئاسانتر بوو.

لە ماوەی سەردەمی بەردین، باشترین ئامێر و چەکەکان لە پۆڵا دروست دەکران، بەتایبەتی لە داڕشتەی کاربۆن. چەک و کەرەستەی پۆڵا هەمان کێشی برۆنزی هەبوو بەڵام زۆر بەهێزتر بوو. 

ژیانی ڕۆژانە لە سەردەمی ئاسن

پێش شۆڕشی پیشەسازی کە چەند سەدەیەک دواتر ڕوو دەدات، زۆرینەی خەڵک شێوازی ژیانی کشتوکاڵ دەژیان. زۆربەی خەڵک جوتیار بوون، ژیانیان لە دەوری وەرزەکانی کشتوکاڵدا دەسوڕایەوە. کۆمەڵگاکان لە گوندەکان پێک دەهاتن، خێزانەکان لە زەوییەکان کاریان دەکرد و پێداویستییەکانیان بە دەست دروست دەکرد، سەرجەم پێداویستییەکان لە ناوخۆدا دروست دەکران یاخود گەشەی پێدەدرا. 

بەرهەمهێنانی ئامێری ئاسن یارمەتیدەر بوو بۆ ئەوەی پرۆسەی کشتوکاڵ ئاسانتر و کاراتر بێت. جۆرە نوێیەکانی بەروبووم و بەخێوکردنی مەڕ و ماڵات لە کاتە جیاوازەکاندا لە ماوەی سەردەمی ئاسندا هاتنە ئاراوە. بەهۆی ئامرازە ئاسنەکانەوە کاتێکی زیاتر دەگەڕایەوە، بەو پێیەش خەڵک دەیتوانی پێداویستی زیادە بۆ ئاڵوگۆڕکردن و فرۆشتن دروست بکەن. 

ئاسن چەندین سەدەیە شێوازی ژیانی باشتر کردووە. لەگەڵ دۆزینەوەی تەکنەلۆجیای پێشکەوتووتر بۆ کارکردن بە ئاسن، جیهان خێراترین قۆناغی گەشەکردنی بەخۆیەوە بینیوە.

سەرەتای سەردەمی ئاسن 

سەرەتای سەردەمی ئاسن لە دانیمارک ماوەی پێش ٥٠٠ـی پێش زایینی تا ٤٠٠ـی زایینی دەگرێتەوە، بەسەر سێ قۆناغدا دابەشکراوە، سەردەمی ئاسنی پێش ڕۆمان یان سێلتێک لە ٥٠٠ـی پێش زایینی تا ١ـی زایینی بوو، سەرەتای سەردەمی ئاسنی ڕۆمان  ١ تا ٢٠٠ ساڵی زایینی بوو هەروەها سەردەمی کۆتایی ڕۆمان ساڵی ٢٠٠ تا ٤٠٠ـی زایینی بوو. 

لە ماوەی دەوروبەری ساڵی ٥٠٠ـی پێش زایینی خەڵکی دەستیان بە دەرهێنانی ئاسن لە ناوخۆدا کرد، چیتر وابەستەی برۆنزی ناوچە دوورەکانی ئەورووپا نەبوون. جگە لەوەش ئاسن کانزایەکی زۆر بەهێزتر و گونجاوتر بوو بۆ چەک و کەرەستەکان. دواتر کانزایەکی تر دەرکەوت کە زیو بوو. 

سەردەمی ئاسن چۆن ژیانی مرۆڤی گۆڕی؟

لەگەڵ بەرهەمهێنانی بەرفراوانی ئامێرە ئاسنییەکان، نیشتەجێبوونی هەمیشەییتر هاتە ئاراوە. بەکارهێنانی ئاسن بۆ چەک، چەکی خستە دەستی خەڵکێکی زۆر زیاتر لە پێشوو و زنجیرەیەک بزووتنەوەی بەرفراوانی دەستپێکرد کە بۆ ماوەی ٢٠٠٠ ساڵ کۆتایی نەهات، ئەوەش ڕووی ئەورووپا و ئاسیای گۆڕی.

لەگەڵ شارەزایی زیاتری وڵاتانی جیاواز لە ئاسنگەری، دەستیان کرد بە بەدەستهێنانی سوودێک لە چاو وڵاتانی کەم پێشکەوتوو. زۆرێک لە ئیمپراتۆریەتە جیاوازەکان لە سەردەمی ئاسندا دەستیان بە سەرهەڵدان کرد، گەشەسەندنی شار و نیشتەجێبوونی هەمیشەییتر سەری هەڵدا. 

پێش سەردەمی ئاسن، لە کاتێکدا ناوچە جیاوازەکان شارەکانیان دامەزراندووە، وەک ئەسینای یۆنان و ڕۆما لە ئیتاڵیا، ناوچەکانی تر لە هۆز و کۆچەری بچووکتر پێکهاتبوون کە کۆچیان دەکرد و دەسوڕانەوە، هەرگیز لە ناوچەیەکدا نیشتەجێ نەبوون.

کاتێک خەڵک نیشتەجێ بوون، دەستیان بە دروستکردنی بینا و ماڵی بەهێزتر کرد. دەرگا و پەنجەرەی ئاسن کە لە دەرگای دار بەهێزتر و پارێزراوتر بوون بڵاوبوونەوە. 

لەگەڵ زانینی پۆڵادا دروستکردنی چەکی نوێش هاتە ئاراوە. پڕچەککردنی خۆیان بەو چەکە نوێیانە وایکرد خەڵکی بەشداری چەندین ململانێ و لەشکرکێشی بەرفراوان بکەن.

بەرهەمێکی تری ئاسن کە لە سەردەمی ئاسندا دۆزرایەوە ئاسنی گونجاو بوو. ئاسنی گونجاو ڕێژەی کاربۆنی زۆر کەمی تێدایە. لە دەوروبەری ساڵی ٢٠٠ـی پێش زایینی ئاسنی گونجاو لە وڵاتانی ئاسیا داهێنرا. لە کۆتاییدا ئەو لێهاتوویی و زانیارییەی کە پێویست بوو بۆ دروستکردنی ئاسنی گونجاو، لە ناوچەکانی تریش بڵاوبوویەوە. 

بۆچی هێشتا ئاسن لەمڕۆدا بەناوبانگە؟

هەرچەندە سەردەمی ئاسن لە دەوروبەری ساڵی ٨٠٠ـی زایینی کۆتایی هات، بەڵام ئاسن بەردەوام هەڵبژاردەیەکی باشە بۆ دروستکردنی ئامرازی ئاسن، چەک، دەرگا، پەنجەرە، پشتگیری بینا و ئامێر و زۆر شتی تر. ئاسنی گونجاو و پۆڵا زۆر خۆگرتوو و بەهێزن ئەمەش بووەتە هۆی بەکارهێنانی بەردەوامی. 

زۆر دوای سەردەمی ئاسن، پۆڵا وردە وردە بووە کەرەستەیەکی بیناسازی بەناوبانگ کە بۆ پشتگیری بیناسازی بەکاردەهێنرێت، بەتایبەتی لە بینا بەرز و بازرگانییەکاندا. هەروەها پۆڵا لەلایەن هێنری فۆرد و کۆمپانیاکانی تری بەرهەمهێنەرانی ئۆتۆمبێلەوە بۆ دروستکردنی یەکەم ئۆتۆمبێل بەکارهێنرا. تا ئەمڕۆش پۆڵا لە بواری بیناسازی و بەرهەمهێنان و پیشەسازییەکانی تردا بە شێوەیەکی بەرفراوان بەکاردەهێنرێت.


سەرچاوەکان

65 بینین