ئەو نەخۆشییانەی بەهۆی خواردنەوەی ئاوی پیسەوە دروست دەبن

له‌لایه‌ن: - بەنان ئەحمەد بەنان ئەحمەد - به‌روار: 2022-12-20-18:36:00 - کۆدی بابەت: 10727
ئەو نەخۆشییانەی بەهۆی خواردنەوەی ئاوی پیسەوە دروست دەبن

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئەو نەخۆشییانەی بەهۆی خواردنەوەی ئاوی پیسەوە دروست دەبن (بە ئینگلیزی: Diseases caused by drinking contaminated water، بە عەرەبی: الأمراض الناتجة عن شرب المياه الملوثةیەکێک لەو گرفتە جدییانەی کە ژیانی سەدان ملیۆن کەس دەخاتە مەترسییەوە، ئەو نەخۆشییانەیە کە بەهۆی خواردنەوەی ئاوی پیسەوە دروست دەبن. ئەو کەسانەی دەستیان بە ئاوی پاکی خواردنەوە ناگات و ناچارن ئاوی ڕووبار یان ئاوی پیس بخۆنەوە.

جۆرەکانی نەخۆشی بەهۆی ئاوی ناتەندروست

حەوت نەخۆشی زۆر جددی و مەترسیدار مەترسی لەسەر تەندروستی مرۆڤ هەیە لە كاتی خواردنەوەی ئاوی ناتەندروستدا. ئەم حەوت نەخۆشیە بریتین لە:

١. سکچوون

سکچوون جۆرێکە لە هەوکردنی ڕیخۆڵە کە نیشانەکانی وەک ئازاری توندی دڵ یان بوونی خوێنی مەییووە لە پیسایی نەخۆشەکەدا. سکچوون دەتوانێت لە ڕێگەی بەکتریا، ڤایرۆس یان مشەخۆرەکانی ناو خۆراک یان ئاوی ناتەندروستەوە تووشی جەستەمان ببێت. لە ئەگەری چارەسەر نەكردنی لەکاتی خۆیدا و نەچوونە لای پزیشک، ژیانی نەخۆشەکە دەکەوێتە مەترسییەکی گەورەوە.

٢. گرانەتا

گرانەتا (Typhoid fever) نەخۆشییەکی زۆر مەترسیدار و درمییە. بەکتریای هۆکاری نەخۆشییەكە دوای چوونە ناو لەش لەڕێگەی سیستمی لیمفی دەچێتە ناو خوێنەوە و دەبێتە هۆی ژەهراویبوونی خوێن لە جەستەدا (septicemia). پاشان دەچێتە ناو زراو، گورچیلە و ڕیخۆڵەکانەوە. لە قۆناغی یەکەمدا نەخۆشەکە دووچاری بەرزبوونەوەی تا، نائارامی، سەرئێشە و ناڕەحەتییەکی توند دەبێت، دواتر نەخۆشییەکە خراپتر دەبێت لەگەڵ دەرکەوتنی خاڵی سوور و دەستپێکردنی سکچوون، لە ئەگەری كونبوونی دیواری ڕیخۆڵە، خوێنبەربوون و چارەسەر نەكردنی نەخۆشەكە دەبێتە هۆی مردن.

٣. نەخۆشی کۆلێرا

ئەو کەسانەی لە گوندە پەراوێزخراوەكان یان گەڕەکە هەژارەکاندا دەژین، زۆر بەرکەوتەی ئەم نەخۆشییە دەبن. هۆکاری سەرەکی تووشبوون بەم نەخۆشییە، نەبوونی پاک و خاوێنی و بەکارهێنانی ئاوی پیسە، کە دەبێتە هۆی وشکبوونەوەی لەش و سکچوون.

٤. نەخۆشی جیاردیا (Giardiasis)

جیاردیا ناوی زیندەوەرێکی هاوشێوەی مشەخۆرە کە دەتوانێت لە جەستەی مرۆڤدا بژی. ئەم زیندەوەرە دەبێتە هۆی نەخۆشییەک کە پێی دەوترێت نەخۆشی جیاردیا، هۆکاری سەرەکی ئەو نەخۆشییە خواردنی ئاوی پیسبووە، ئەمەش ژیانی کەسانی تووشبوو دەخاتە مەترسییەكی جدییەوە.

٥. بەكتریای ئیكۆلای

بەكتریای ئیكۆلای (Escherichia coli) یەکێکە لەو جۆرە میکرۆبانەی کە زیاتر لە کۆئەندامی هەرس کردنی شیردەرەکاندا دەژین. ئیکۆلای یەکێکە لەو کۆمەڵە بەکتریایانە کە دەتوانێت زۆر مەترسیدار بێت و لە حاڵەتە زۆر توندەکاندا ئەگەر بچێتە ناو جەستەی مرۆڤەوە دەبێتە هۆی مردن.

٦. هەوكردنی جگەر جۆری A

هەوكردنی جگەر جۆری A (Hepatitis A) یەکێکە لەو هەوکردنانەی جگەر کە بەهۆی خواردنی خۆراک و ئاوی پیس یان بەرکەوتنی نزیک لەگەڵ کەسێک کە ئەم هەوکردنەی هەبێت دروست دەبێت.

٧. سالمۆنێلا

سالمۆنێلا (Salmonella) زیاتر لە ڕێگەی خواردنی خۆراک و ئاوی پیسەوە دەچێتە ناو لەشەوە. ئەم نەخۆشییە جۆرێکە لە بەکتریا کە جۆری جیاوازی هەیە کە زۆرتر لە ڕێگەی مریشک، مانگا، بەراز و خشۆكەكانەوە وەک کیسەڵ و مارمێلكە دەگوازرێنەوە بۆ مرۆڤ.

چۆن مەترسی تووشبوون بە نەخۆشیەکان کەم بکەینەوە کە بەهۆی پیسبوونی ئاوی خواردنەوە دروست دەبێت؟

بە لەبەرچاو گرتنی ئەو نەخۆشییە مەترسیدارانەی کە لە ئەگەری خواردنەوەی ئاوی پیسەوە تووشمان دەبن، دەتوانین بە چەند شێوازێک مەترسی تووشبوون کەم بکەینەوە.

١. بەکارهێنانی ئاوی پاککراوە

بەکارهێنانی ئاوی پاککراوە و سیستمی پاککردنەوەی ئاوی ماڵەوە زۆر گرنگە بۆ تەندروستی خۆت و خێزانەکەت. لە سوودەکانی بەکارهێنانی ئەم سیستمانە بریتین لە:

  • -دڵنیابوون لە تەندروستی خۆت و خێزانەکەت.
  • کەمکردنەوەی ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی شێرپەنجە, کێشەکانی هەرس و نەخۆشییەکانی دڵ.
  • کەمکردنەوەی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی ئەلزەهایمەر.
  • تێكەڵنەبوونی بەشە ڕزیو و ژەنگاوییەکانی بۆرییەکان بۆ ناو ئاوی خواردنەوە.
  • باشترکردنی تامی چا، قاوە و خواردن.
  • پاشەکەوتکردنی کات و پارە.
  • پاراستنی ژینگە.

٢. پاككردنەوەی ئاوی پیسبوو لە ماڵەوە

دەتوانیت ئاوی خواردنەوە لە ماڵەوە پاک بکەیتەوە بە چوار ڕێگەی زۆر سادە:

  • فلتەرکردنی ئاو لە ڕێگەی قوماشەوە 
  • كوڵاندنی ئاو
  • بەكارهێنانی شێوازی دڵۆپاندن (Distillation)
  • بەکارهێنانی ئاوێتە کلۆرییەکان


سەرچاوەکان



559 بینین