بنەماکانی گەشەپێدانی گەشت و گوزار

له‌لایه‌ن: - کارێز ڕەسووڵ نەبی کارێز ڕەسووڵ نەبی - به‌روار: 2023-09-02-00:23:00 - کۆدی بابەت: 11183
بنەماکانی گەشەپێدانی گەشت و گوزار

ناوه‌ڕۆك

 

ناساندن

گەشەپێدانی گەشت و گوزار (بە عەرەبی: تنمیة السیاحة، بە ئینگلیزی: Development of Tourism) جەخت دەکاتەوە لەسەر دابینکردنی پێداویستیەکانی گەشتیاران و بەرەوپێشبردنی دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان بۆ ئەوەی گەشتیار بە تەواوی ھەست بە حەوانەوە و ئاسوودەیی دڵ و دەروونی بکات لەو ناوچەیی کە ڕووی تێکردووە لەو ماوەی کاتی گەشتەکەیدا.

کەرتی گەشت و گوزار لە  سەردەمی هاوچەرخدا لە زۆربەی وڵاتانی پێشکەوتوو گرنگی زۆری پێدەدرێت ھاوشانی کەرتی (کشتوکاڵ و پیشەسازی). ئەم کەرتە سەرچاوەی سەرەکی  داھات و پێشخستنی وڵات و تێکھەڵاوبوونی دابوونەریتە کۆمەڵایەتی و کلتورییەکانە ئەمەش جگە لەوەی دەبێتە مایەی ڕەخساندنی ھەلی کار بۆ گەنجان و ڕۆڵێکی گەورە دەگێڕێت لە کەمکردنەوەی ڕێژەیی بێکاری و دروستبوونی پەرەپێدانی پەیوەندییە گەشت و گوزارییەکان لەگەڵ وڵاتانی تر.

بنەما سروشتیەکانی گەشەپێدانی گەشت و گوزار

شوێنی جوگرافی: بە یەکێك لە گرنگترین بنەما سروشتییە سەرەکییەکانی هێزی ڕاکێشانی گەشتیار دادەنرێت بۆ  ئەو بازاڕە سروشتییەی کە بە سیمای جوگرافی ناوچەکەی بەخشیوە بە تایبەتی کاتێك ئەم شوێنە نزیك بێت لە سەرچاوەکانی دەرچوونی گەشتیاران کە خۆی دەنوێنێت بە بەرزی ئاستی بژێوی و ڕۆشنبیری و جەنجاڵی دانیشتووان لە هەرێمەکانی دراوسێ.

مەبەست لە شوێنی جوگرافی کە شوێنی دیاردەیەکی جوگرافیە وەك: (شار، هەرێم، دەوڵەت) دەگرێتەوە، ئەگەر  وەكو دەرامەتێکی سروشتی لێی بڕوانین ئەوا شوێنی (ئیسترۆنۆمی واتە شوێن بە گوێرەی بازنەکانی پانی و ھێڵەکانی درێژی، شوێنی ستراتیجی، شوێنی کیشوەری و دەریایی و  شوێنی دراوسێیەتی یان ڕێژەیی) دەگرێتەوە.

بەرزی و نزمی (Topography): شێوە و ڕووخسارەکانی ڕووی زەوی (چیا، دەشت، دۆڵ، بان، خەرەند) بەرهەمی ئەو گۆڕانکاریانەن کە بە درێژایی مێژووی چاخە جیۆلۆجیەکان بەسەر ناوچەکاندا هاتوون، هەربۆیە ڕۆڵێکی گرنگ دەبینن لە دابینکردنی توانستە گەشت و  گوزارییەکانی هەر ناوچەیەك بۆ ڕاکێشانی گەشتیاران. ھەرچەند شێوە و ڕووخسارەکانی ڕووی زەوی دەگمەنتر و سەر سوڕهێنەرتر بن، ئەوا لە بواری گەشت و گوزاردا بایەخی زیاتر دەبێت.  جۆراوجۆری شێوە و ڕووخسارەکانی زەوی تایبەتمەندییەکی تەواو بە ناوچەکان دەبەخشێت و بە ھێزی ڕاکێشانی گەشتیاران دادەنرێت، بە تایبەتیش ئەو ناوچانەی کە بە بەفر داپۆشراون گەشتیار  دەتوانێت جێژ لەم جۆرە دیمەنانە وەربگرێت و یاری خزینی سەر بەفر ئەنجام بدات. شایەنی باسە لە ھەرێمی کوردستان تا ڕادەیەکی باش توانراوە سوود لە شێوە و ڕووخسارەکانی ڕووی زەوی وەربگیردرێت لە بواری گەشت و گوزاردا. وەکو چیای کۆڕەک، خەرەندی ڕواندوز، بێخاڵ، چیای حەسەن بەگ لە وەرزی زستان بۆ ئەنجامدانی یاری خلیسکانەی سەر بەفر.

دەرامەتی ئاو: دەرامەتێکی سروشتی لەبن نەھاتووە کە یەکێك لە سەرچاوە گەشتوگوزارییە گرینگەکانی ژینگەی سروشتی پێك دێنێت، دەرامەتی ئاو بوارێکی فراوان بۆ گەشتیاران دەڕەخسێنێت بۆ ئەنجامدانی چەندین چاڵاکی جۆراوجۆر بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، ئەو چالاکییە گەشت و گوزارییانەی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ پەیوەستن بە ئاو بریتین لە:

  •  سەیرکردنی دیمەنی جوانی بەفر.
  • ئەنجامدانی چاڵاکی وەرزشی لەسەر بەفر وەک خلیسکانەی سەر بەفر.
  • گەڕان بەنێو ئاو، بەتایبەتی ئاوی ڕووبار و درەیاچەکان چ بە مەبەستی مەلەکردن بێت یان بە مەبەستی خلیسکانەی سەر ئاو بێت.
  •  ئاوی کانزایی و بەکارھێنانی وەکو چارەسەرێکی سروشتی و بایەخی لە بواری گەشت و گوزار.

بەڵام ئەو چالاکییە گەشت و گوزاریانەی بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پەیوەستن بە ئاو بریتین لە:

  • کاریگەری سامانی ئاو  لەسەر سروشت.
  • دابینکردنی پێداویستیەکانی ڕۆژانەی دانیشتوان و بنکە گەشتیاری و گەشت و گوزارییەکان.

ڕووەکی سروشتی و ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان

ڕووەکی سروشتی بنەمایەکی جوگرافی لە بنەما گەشت و گوزارییەکان دەنوێنن لە ژینگەی خستنەڕووی گەشت و گوزار و  زۆربەی کاتیش دیمەنێکی جوان بە شێوە و ڕووخسارەکانی ڕووی زەوی دەبەخشن  گرینگی و بایەخی ڕووەکی سروشتی بە پێی جۆری درەختەکان و  شێواز و چڕیان دەگۆڕێت، ھەربۆیە پسپۆران پێیان وایە کە باشترین شێواز و جۆری ڕووەکی سروشتی ئەوانەن کە لە شێوەی دارستانن ئەمەش لەبەر چەند ھۆکارێێك کە بریتین لە:

  • دارستانەکان کۆمەڵێك تایبەتمەندی لەباری گەشت و گوزاریان ھەڵگرتووە کە لە وەرزی ھاوین پلەکانی گەرمی لە ناوچەی دارستانەکان کەمترە بە بەراورد بە ناوچەکانی تر و لە وەرزی زستان پلەی گەرمیان بەرزترە.
  •  بڕی شێ لە ناوچەی دارستانەکان زیاترە، بەتایبەتیش لە وەرزی (ھاوین و زستان) بە بەراورد بە ناوچەکانی تر.
  •  با و گەردەلوول و تەپوتۆز کەمترە لە ناوچەی دارستانەکان.
  •  دارستانەکان دیمەنێکی جوان و سەرنج ڕاکێش بە ناوچەکان دەبخشن.
  •  جگە لە ھەموو ئەم ھۆکارانە دارستانەکان بوونەتە لانکەی حەوانەی ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان و  وەکو پەناگەیەك بەکاری دێنن ئەمەش وایکردووە دارستانەکان سەرنج ڕاکێشتر  دەربکەون و ببن بە بنەمایەکی گرنگی گەشت و گوزار هەر بۆیە زۆربەی وڵاتانی جیھان لە ئەمڕۆدا لە ھەوڵی ئەوەدان پارێزگاری دابینکردنی شوێنی تایبەت بە ئاژەڵ و باڵندە کێوییە دەگمەنەکان و ڕووەکی سروشتی کە ھەڵساون بە گرتنەبەری ڕێوو شوێنی پێویست بۆ پاراستنیان لە ڕێگای پارسنگی سروشتی (پارێزراوی سروشتی) بە تایبەتی لەو وڵاتانەی  بە ڕووەکی سروشتی و سامانی ئاژەڵی و باڵندە دەگمەنەکان دەوڵەمەندن.ڕاوی بیرۆکەی پارسنگی سروشتی (پارێزراوی سروشتی) لە ھەرێمی کوردستان و عێراقیش ھەوڵی جێبەجێکردنی دراوە بە تایبەتیش لە ناوچەی بارزان کە بە قەدەغەکردنی ڕاوی ھەر جۆرە ئاژەڵ و باڵندەییەکی کێوی لە ناوچەکەدا قەدەغەکراوە.
  • ئاو و ھەوا (Climatology): بە یەکێك لە گرنگترین ڕەگەزەکانی ڕاکێشان و خستنەڕووی گەشتیار دادەنرێت و یەکێکە لە بنەماکانی جوگرافیای سروشتی و ھۆکارێکی کاریگەرە لە ھۆکارەکانی سەرھەڵدانی و گەشەکردنی گەشت و گوزار، بارودۆخی ئاو و ھەوای گەشتیاری خۆی دەبینێتەوە لە (خۆری درەوشاوە، ھەوای پاك و پلەی گەرمی مامناوەند) کە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆی کار لە چالاکی گەشت و گوزار دەکەن، بەڵام بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆی ئاو و ھەوا کاریگەری لەسەر ڕووپۆشی ڕووەکی ھەیە. ھەر بۆیە ئەم جۆرە ئاو و ھەوایە لە تەواوی گۆی زەوی بەدی ناکرێت کە شیاو بێت بۆ چالاکییە گەشت و گوزارییەکان تەنھا لە چەند ناوچەیەك و شوێنێك نەبێت ھەربۆیە چالاکییە گەشت و گوزارییەکان پێویستیان بە ئاو و ھەوایەکی تایبەت بەخۆیان ھەیە بۆ نموونە، خزینی سەر بەفر  (خلیسکانەی سەر بەفر) ئاو و ھەوا بە ڕێگر  دەزانێت بۆ  چالاکی مەلەکردن لە کەناراوەکان کە لە جۆری یەکەمدا پێویستی بە بارینی بەفرێکی زۆرە، کەچی لە جۆری دووەمدا پێویستی بە بارینی بەفرێکی کەم ھەیە. لەبەر ئەم ھۆکارە پسپۆڕان ھەوڵیان داوە باشترین و گونجاوترین جۆری ئاو و ھەوای گەشت و گوزار دیاری بکەن بەم شێویە (بریتیە لەو ئاوھەواییە کە ڕەگەزە جۆراوجۆرەکان ھیچ جۆرە ئەرك و نائاسوودەیی و دەروون تەنگی لای گەشتیار لە ماوەی گەشتە گەشتیاریەکەیدا دروست ناکات، بەڵکو چالاکی و جووڵەی پێ دەبەخشێت و پیادەکردنی چالاکییە گەشت و گوزارییەکان بە شێوەیەکی حەواوە لە ژینگەی سروشتیدا ھەست بە حەوانەوەی جەستەیی و دەروونی دەکات لە ماوەی پیادەکردنی ھەر شێوازێکی گەشت و گوزاردا).

ئاو و ھەوا لە ڕێگای ڕەگەزییەکانیەوە زیاتر کاریگەرتر دەبێت لە گرنگترین ڕەگەزەکانی ئاو و ھەواش بریتین لە:

  • پلەی گەرمی (Temperature):

 بریتیە لە بڕی وزەی تەنێك کە بە ئامرازێك پێوانە دەکرێت، پلەی گەرمی بە یەکێك لە گرینگترین ڕەگەزە ئاوهەواییەکانی گەشت و گوزار دادەنرێت، چونکە کاریگەری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی لەسەر ڕەگەزەکانی تری ئاوھەوا ھەیە.

بە جۆرێک کاریگەرە لەسەر  جوڵەی ئاسۆیی و ستوونی ھەوا و  دابارین و بەھەڵمبوون و پەستان، ھەربۆیە ھەر گۆڕانکارییەك لە پلەی گەرمی ڕووبدات کاریگەری دەبێت لەسەر  گۆڕانی ڕەگەزەکانی تر، ئەمەش جگە لەوەی کە باری ئارامی و حەسانەوە و مرۆڤ و چاڵاکییەکانی پەیوەستن بە پلەی گەرمی گونجاو. جەستەی مرۆڤ کاتێك پلەی گەرمی دەگاتە (٣٧)° پلەی سیلیزی ئەوا دەگاتە ئەو پەڕی چالاکی. بۆ نموونە بەرزبوونەوەی بڕێکی زۆری پلەی گەرمی ھەوا و بڕێکی زۆری شێ لە کاتێکدا کە پلەی گەرمی جەستەی مرۆڤ (٣٧)° پلەی سیلیزییە، ئەوا دەبێتە مایەی ناڕەحەت بوون و بێزاربوونی گەشتیاران بە گشت تەمەنەکانیانەوە، ھەربۆیە لە کاتی ھەڵبژاردنی گونجاوترین و باشترین پێگەی گەشتیاری دەبێت پلەی گەرمی و بڕی شێی ناوچەکە لەبەرچاوبگیردرێت بۆ ئەم مەبەستەش گونجاوترین جۆری پلەی گەرمی بۆ ناوچە گەشت و گوزارییەکان خەمڵێندراوە بە پێی پۆڵێنی (جڤنی) کە لە نێوان (١٧ بۆ ٢٥)° پلەی سیلیزییە بە جۆرێك ئەگەر پلەی گەرمی لە (٢٥)° پلەی سیلیزی زیاتربێت و لە (١٥)° پلەی سیلیزی کەمتر بێت ئەوا بە پلەی گەرمی نەگونجاو دادەنرێت و دەرئەنجام ئەبێتە مایەی ناڕەحەتبوون و نائاسوودەیی گەشتیار.

  •  شێی ھەوا (Humidity):

بڕی شێ پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆی بە پلەی گەرمییەوە ھەیە، بە جۆرێك کە لە چوارچێوەی کاریگەریەکانی لەسەر دیاریکردنی ئاستی حەوانەوەی مرۆڤە. بۆنموونە، ھەرچەند بڕی شێ بەرزتر بێت بەڵام لەگەڵ بوونی پلەی گەرمی بەرز مرۆڤ ھەست بە ئاسوودەیی و حەوانەوە ناکات بە پێچەوانەشەوە ڕاستە ھەرچەند بڕی شێ بەرزتربێت، بەڵام لەگەڵ نزم بوونەوەی پلەکانی گەرما بە تایبەتی لە وەرزی زستان مرۆڤ ھەست بە ئاسوودەیی و ئارامی ناکات، ھەربۆیە شێی ھەوا لە بواری گەشت و گوزاردا خاوەن سەنگێکی تایبەتە و ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە دیاریکردنی پشوو و حەوانەوەی گەشتیاران لە ناوچە گەشتیارییەکان، بۆ ئەم مەبەستەش توێژەران پێیان وایە کە گونجاوترین بڕی شێ بۆ لەشی مرۆڤ ئەوەیە کە بکەوێتە نێوان (٤٠ بۆ ٦٠)° پلە.

  •  بەفر (Snow):

دیاردەییەکە لە دیاردەکانی دابارین، لە شێوەی تنۆکی بچووك بچووك  یان لە شێوەی پەلکە سەھۆڵی شێوە ئەستێرەیی یان گۆیی دەکەوێتە خوارەوە بە شێوەی بەفر. ھەمان ئەو ھەورەی کە باران دەبارێنێت دەشتوانێت بەفریش ببارێنێت، تەنھا جیاوازییەکەیان لە پلەی گەرمی ھەورەکە و ھەوای خوارەوەی ھەورەکەیە کە پێویستە پلەی گەرمی ھەواکە نزمتر بێت بۆ دابارینی بەفر کە تایبەتە بە ناوچە بەرز و شاخاوییەکان (چیایەکان) بە تایبەتی لە مانگەکانی (کانوونی یەکەم و دووەم و شوبات) کە پلەی گەرمی دادەبەزێت.

بەفر لە بواری چاڵاکی گەشت و گوزاردا گرنگی و ڕۆڵی خۆی ھەیە، چونکە دیمەنێکی جوان بەو ناوچانە دەبەخشێت کە بەفریان تیادا دەبارێت و جگە لەمەش گەشتیار دەتوانێت یاری خزینی سەر بەفر (خلیسکانەی سەر بەفر) ئەنجام بدات و چێژێکی زیاتر لەو دیمەن و یارییە وەربگرێت، بێگومان ئەمەش پاڵنەرێکی گرنگە بۆ ڕاکێشانی گەشتیاران بۆ ئەو ناوچە گەشت و گوزاریانەی لە وەرزی زستان بەفریان تیادا دەبارێت.

جێبەجێکردنی ڕێگاکانی ئاماری لە گەشەپێدانی گەشت و گوزار (ھاوکێشەی بێڵی)

ھاوکێشەی بێڵی جیھانی دابەشکردووە بەسەر (١٠) ھەرێمی گەرمی، باشترین جۆری ئاوھەوای بۆ  پێوانەکردنی ئاستی حەوانەوەی مرۆڤ دەناوە کە لە نێوان (٥٩.٩ بۆ ٥٦.١) ھێمای (C2 و C1) وەرگرتووە ، بەھۆی ئەم پۆلێنەوە کاریگەری گەرمی لەسەر  ناوچەکان دەردەخات لە ڕێگای ئەم ھاوکێشەیەوە:

ET = (64,2 ×T - 50 ×T) / (D +14,4)

  • کاریگەری گەرما = ET
  • تێکڕایی پلەی گەرمی و گەرمترین مانگی  ساڵ (ف) = T
  • تێکڕایی پلەی گەرمی ساردترین مانگی
  • مەودای گەرمی: D = T - T

 ET=(64,2 × 86 - 50 × 41,6)/(45+14,4) ET=57,9

کەواتە بە پێی ھاوکێشەی پۆلێنی بێڵی ئەم شوێنە لە جۆری C2.

بنەما مرۆییەکانی گەشەپێدانی گەشت و گوزار

توانستە مرۆییە گەشت و گوزارییەکان زۆرن و جۆراوجۆرن تەنانەت لە کاتێکەوە بۆ کاتێکی تر و لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر دەگۆڕێن بە گوێرەی ئەو گۆڕانانەی کە بەسەر خودی مرۆڤدا دێن گرینگترین بنەماکانیش بریتین لە:

  • دانیشتوان: لە لێکۆڵینەوە گەشت و گوزارییەکاندا پێکھاتەی تەمەن و ڕەگەزی دانیشتوانی ھەر ناوچەیەك گرنگی و بایەخی خۆی ھەیە لە کاتێکەوە بۆ کاتێکی تر دەگۆڕێن بە گوێرەی گۆڕانکاری کۆمەڵگا بۆ نموونە: ئەو چینەی تەمەنیان لە نێوان (سفر بۆ ١٤) ساڵیدایە بە چینی منداڵ ناسراون یان لەگەڵ خێزانەکانیان گەشت دەکەن یانیش لە قۆناغەکانی خوێندن گەشت ئەنجام دەدەن. بەڵام ئەوەی زیاتر دەچنە ژێر چەمکی گەشت و گوزار ئەو چینەن کە تەمەنیان لە نێوان (٧ بۆ ١٤) ساڵیدایە ئەم چینە زۆربەی کات لەلایەن کۆمپانیا گەشت و گوزارییەکان و کۆمەڵە خێرخوازەکانەوە چالاکییە گەشت و گوزارییەکانیان بۆ ڕێك دەخرێت و ئەو چینەی تەمەنیان لە نێوان (١٥ بۆ ٦٤) ساڵیدایە ڕێژەیەکی بەرزی گەشتیاران پێكدەھێنن و ئەوانەی تەمەنیان (٦٥) ساڵ بەسەرەوەیە بە چینی بەساڵاچووان ناسراون کە ڕێژەیەکی کەمی گەشتیاران پێكدەھێنن.
  • توانستە مێژوویی و شارستانیەتییەکان: دیاردە مێژوویی و شارستانیەتییەکان بە ھێزی ڕاکێشانی گەشتیاران دادەنرێن، ناوچە دەوڵەمەندەکان بە سەرچاوەی مێژوویی و شوێنەواری بوار بە مرۆڤ دەدەن کە ئاشنای ڕابردووی خۆیان و گەلانی تر بن چێژ لە ناسین و چۆنیەتی ھەڵسوکەوت و دیمەنی شوێنەکان و باری پێشکەوتنیان لە ڕابردوو لە بواری (بیناسازی، ئەندازیاری، پزیشکی، گەردوونی) ورەربگرێت، ھەربۆیە ئەم دیاردە مێژوویی و شارستانییەتانە بریتین لە شوێنە مێژووییەکان و ناوچە شوێنەوارییەکان کە بە توخمێکی ھەمیشە زیندوو و نەمر دادەنرێن.
  • توانستە ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتییەکان: پەیوەندی نێوان باری ڕۆشنبیری و خواستی گەشت و گوزار پەیوەندییەکی ڕاستەوانەیە، تا ئاستی ڕۆشنبیری تاکەکان بەرزتر بێت خواستی گەشت و گوزار زیاتر دەبێت و بە پێچەوانەوە ڕاستە، ئەمەش خۆی دەبینێتەوە لە تێکەڵبوونی کۆمەڵگایەك بە دابونەریتی گەلانی تر لە ھەمان کاتیشدا گیانی میوانداریەتی بەرزتر دەکاتەوە، چونکە ئەوەی گەشت و گوزار چالاکتر دەکات ئەو جیاوازییە گەورەییەی نێوان دابونەریت و ڕۆشنبیری گەلانە.
  • کۆنفڕانس و جەژن و بۆنە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکان: ھەرچی بوارە ھونەرییە گەشت و گوزارییەکانە ئەوا بە سامانە گەشت و گوزارییەکان دادەنرێن، لەوانەش ڤیستیڤاڵە ھونەرییەکان و چالاکییە وەزشیە جۆراوجۆرەکان و ڕێکخستنی کۆڕ و کۆبوونەوە و سمینارە زانستیەکان کە بە وەرچەرخانی ڕاکێشانی گەشتیاران دادەنرێت.
  • فۆڵکلۆر و پیشە دەستییەکان و بەرھەمە میللییەکان: زۆر لایەنی جۆراوجۆر لەخۆدەگرێت وەك: وێنەی سیرامیك و ھونەری شێوەکاری و وێنە ئەندازەییەکان و دەربڕینی مۆسیقا و ھەڵپەڕکێ کلاسیکییەکان و بەرھەمە نەتەوەیی و زمانەوانییەکان و چاپ و بڵاوکراوە ئەکادیمییەکان وەکو گۆڤار و ڕۆژنامەگەری و خواردن و خواردنەوە کلاسیکیەکان بە باشترین شێوازی کولتوری ئەو ناوچەیە دادەنرێن.


سەرچاوەکان



1753 بینین