مرواری

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2023-09-14-20:25:00 - کۆدی بابەت: 11282
مرواری

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

مرواری (بە عەرەبی: لؤلؤة، بە ئینگلیزی: Pearl) یەکێکە لە کۆنترین، خوازراوترین و سەرسوڕهێنەرترین بەردە بە نرخەکانی جیهان. شێوازی دروست بوونەکەی جیاوازە لە زۆربەی گەوهەرەکانی تر. مرواری پێکهاتەیەکی ئۆرگانییە لەناو دەریادا هەیە، دیاردەیەکی سروشتییە کە بەشێکە لە میکانیزمی بەرگریی توێکڵی گیانەوەرێکی مۆڵەسک. مرواری تەنێکی ڕەقی درەوشاوەیە کە لەناو بەشە نەرمەکەی گیانەوەری مۆڵەسکی توێکڵداردا یان گیانەوەری تردا دروست دەبێت. هەروەکوو توێکڵی مۆڵەسکەکە، مرواری لە کاربۆناتی کالسیۆم پێکهاتووە، لە شێوەی کریستاڵی بچووکدا کە بە شێوەی چینی بازنەیی نیشتووە. مرواری بە هەموو شێوە، قەبارە و ڕەنگێک هەیە و کاتێک دێتە سەر دیزاینی خشڵ یەکێکە لەو خشڵانەی کە مەودای بەکارهێنانی فراوانە. مرواری خاوەنی دیرۆکێکی سەرنجڕاکێش و دەوڵەمەندە کە ماوەی هەزاران هەزار ساڵی خایاندووە.

تایبەتمەندییەکانی مرواری

ڕەنگ

سپی، پەمەیی، زەرد، پرتەقاڵی، زیویی، کرێمی، مۆر، ئاڵتوونی، قاوەیی، سەوز، شین و ڕەش

سەر بە خێزانی

ئۆرگانی

ڕەقی پێوەرەکانی مۆس

٢،٥ -٤،٥

کێشی جۆری

٢،٦٠-٢،٨٥

هاوکۆلکەی شکانەوە

١،٥٢ -١،٦٩

جۆری درەوشانەوە

مروارییانە

سیستمی کریستاڵی

لەبزینەیی

ڕادەی ڕوونی

نیمچەڕوون

هاوکێشەی کیمیایی

CaCo3

پێکهاتە

کاربۆناتی کالسیۆم

هێمایە بۆ

جوانی، پاکی، بێتاوانی، ژیریی، دەستپێکی نوێ

مرواری چییە؟

مرواری گەوهەرە، بەڵام لە ڕاستیدا بەردی گەوهەر نییە. مروارییەکان لەناو شانە نەرمەکانی ئۆیستەر، هێلکە شەیتانۆکە، گوێچکە ماسی و زیندەوەرەکانی تری سەر بە لقی مۆڵەسکدا دروست دەبن. مۆڵەسکەکان دووەمین گەورەترین لقی گیانەوەرە بێ بڕبڕەکانن. مروارییەکان خشڵی سەرنجڕاکێشن، بەڵام ناسکن. بەپێی پێوەری مۆس ٢،٥ لە ١٠ـی پێدراوە بۆ ڕەقێتییەکەی. ئەمە واتای ئەوەیە بە ئاسانی زیانی بەردەکەوێت و دەڕوشێت، تەنانەت ئەگەر بە وریایییشەوە بپۆشرێت.

چەند جۆرێکی جیاوازی مرواری هەن. مرواری سروشتی کە بەبێ دەستێوەردانی مرۆڤ دروست دەبێت و نرخی لە چێنراوەکان زیاترە. چوار جۆرە سەرەکییەکەی مرواری بریتین لە: مرواری زەریای باشوور، مرواری ئاکۆیا، مرواری ئاوی سازگار، مرواری تاهیتی. مروارییەکانی زەریای باشوور بەبەهاترینن، لە کاتێکدا ئەوانەی ئاوی سازگار ئاسایین. مرواری بە تەنها وەکوو خشڵی تاک، ملوانکە، گوارە و بازن دەفرۆشرێت. لاساییکردنەوە و مرواری شووشە باون لەناو خشڵە کەم بەهاکاندا. نرخی کەمی مروارییەک ئاماژەیە بۆ مرواری ساختە یاخوود جۆریەتی (کوالێتی) خراپ.

شێوەی مرواری

ڕەنگی مرواری بە پێی ئەو شوێنەی لێوەی هاتووە دەگۆڕێت. مرواری زەریای باشوور بە گشتی ڕەنگیان سپی، ئاڵتوونی یان زیویین. مرواری تاهیتی ڕەنگیان ڕەش، خۆڵەمێشی، شین، مۆر و قاوەیی چۆکلێتییە. مرواری ئاکۆیا و ئاوی سازگاریش بە زۆری ڕەنگیان سپی، خۆڵەمێشی و کرێمییە.

لە کاتێکدا زۆربەی خەڵک پێیان وایە مروارییەکان شێوەیان بازنەیی تەواوە، بەڵام مروارییە ڕەسەنەکان بەو شێوەیە نین. شێوەی مروارییەکان بە زۆری خڕە بەڵام شێوەی قۆپچەیی، هێلکەیی، درێژکۆلەیی و لە شێوەی فرمێسکیشدا هەن. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی مرواری ڕاستەقینە ئەوەیە کە کەمێک پێکهاتەکەی زبرە. مرواری جۆرییەتی بەرز، کەمێک شێوەی ڕووەکەیان ناڕێكە و درەوشانەوەیان هەیە. مروارییەکان لەلایەن کەسانی شارەزاوە لەسەر بنەمای ڕەنگ، شێوە، درەوشانەوە و ڕوونی ڕووەکەی پۆلێن دەکرێن.

مێژووی مرواری

بەهای مرواری مێژوویەکی دێرینی هەیە. بە دیاریکراوی ساتی دۆزینەوەیان لە مێژوودا تۆمار نەکراوە، بەڵام لەلایەن گەوهەرناسەکانەوە پێشبینی کراوە، یەکەم مرواری کە دەستی مرۆڤی بەرکەوتبێت لە کەناراوەکانی هیندستان بووە، لەلایەن خەڵکی ئەو ناوچەیەوە دۆزراوەتەوە کە خەریکی ڕاوە ماسی بوون.

شاهانەکانی چین لە ٢٣٠٠ ساڵی پێش زایینەوە مرواریان پۆشیوە. لەناو ڕۆمی دێرینیشدا پۆشینی مرواری بەربڵاو بووە، بەڵام زیاتر لەناو کەسە خانەدانەکاندا. قەیسەر سیزار یاسایەکی دەرکرد بۆ ئەوەی خەڵکی ئاسایی نەتوانن مرواری بپۆشن.

سەدەی ١٥ و ١٦ بە چاخی مرواری ناسراوە لە ناوەڕاست و باشووری ئەمریکا. لە سەدەی ١٩دا، خواستی ئەورووپای ڕۆژاوا لەسەر مرواری بەرزبووەوە. تەکنەلۆجیای نوێ، لە نێویشیاندا دەستپێکی چاندنی مرواری، وایکرد ئەم خشڵە لە سەدەی ٢٠دا بە بەربڵاوی بپۆشرێت.

واتای مرواری

مروارییەکان واتابەخشن. مرواری سپی و کرێمی ئاماژەن بۆ بێتاوانی، پاکی و جوانی. ڕەنگەکانی تری مرواری ئاماژەن بە ژیری و دانایی. هەندێک ڕەنگ واتای تایبەتی خۆیان هەیە، بۆ نموونە، مرواری شین ئاماژەیە بۆ ئارامی، متمانە و بوێری. لە کاتێکدا پەمەیی و مۆر ئاماژەن بۆ خۆشەویستی، ڕۆمانسییەت، توانای داهێنان و سۆز.

مرواری لە کوێوە دێت؟

مروارییەکان بە جیهاندا زۆر بڵاون. زۆربەی مروارییەکان سەرچاوەکەیان ئاوی سازگارە کە دەریاچە و رووبارەکان دەگرێتەوە. لەبەرئەوەیە کە نرخی مرواری ئاوی سازگار (٣٠ بۆ ٥٠٠٠$) زۆر کەمترە لەچاو نرخی مرواری ئاوی سوێر. چین پێشەنگە لە بەرهەمهێنانی مرواری ئاوی سازگاردا.

مروارییەکانی زەریای باشوور کە نرخیان (١٠٠٠ بۆ ١٠٠،٠٠٠$)ـە لە فیلیپین، ئەندەنووسیا و ئوسترالیاوە بەرهەم دێن. مرواری تاهیتی سەرچاوەکەی دورگەکانی پۆڵینەیژیای فەڕەنسین. مروارییە بەناوبانگەکانی ئاکۆیاش لە ژاپۆن و چینەوە بەرهەم دەهێنرێن.

مرواری سەر بە چی خێزانێکە؟

بەردە گەوهەرەکان لە ١٦ خێزان پێکدێن. خێزانی بەردە گەوهەرەکان بە پێی پێکهاتەی کیمیایی بەردەکان دیاری دەکرێن. مروارییەکان سەر بە هیچ یەکێک لەم خێزانانە نین، چونکە لە ڕاستیدا بەردی گەوهەری نین، بەڵکوو تەنها گەوهەرن. مروارییەکان دەکرێن بە دوو کۆمەڵەوە بە پێی شوێنی ئەو مۆڵەسکەی دروستیان دەکات.


سەرچاوەکان



478 بینین