هەوکردنی کەڕوویی

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2023-12-15-14:34:00 - کۆدی بابەت: 11728
هەوکردنی کەڕوویی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

هەوکردنی کەڕوویی (بە ئینگلیزی: Fungal infection or Mycosis، بە عەرەبی: عدوى فطرية) هەر نەخۆشییەک یان حاڵەتێکە کە لە کەڕووەوە وەردەگیرێت. هەروەها بەزۆری کاریگەری لەسەر پێست، قژ، نینۆکەکان یان لینجە پەردەکان دەکەن، بەڵام لەگەڵیشیدا دەتوانن سییەکان یان بەشەکانی تری جەستە تووش بکەن. مەترسی تووشبوون بە هەوکردنی کەڕوو زیاترە ئەگەر کۆئەندامی بەرگری لاواز بێت. دەرمانەکانی دژە کەڕوو بە شێوەیەکی گشتی بەکاردێن بۆ چارەسەرکردنی هەوکردنی کەڕوو.

هەوکردنی کەڕوویی چییە؟

هەوکردنەکانی کەڕوو یان مایکۆسیس ئەو نەخۆشییانەن کە بەهۆی کەڕوو (هەویری ترش یان مۆڵد) دروست دەبێت. هەوکردنی کەڕوو زۆر باوە لەسەر پێست یان نینۆکەکان، بەڵام کەڕوو (فرە کەڕوو) دەتوانێت ببێتە هۆی هەوکردن لە دەم و قوڕگ و سییەکان و ڕێڕەوی میز و زۆر بەشی تری جەستە.

کەڕوو چییە؟

کەڕووەکان ئەو شتانەن کە لە ڕووەک و ئاژەڵ جیادەکرێنەوە. ئەوان بە بڵاوبوونەوە یان دەردانی سپۆرەکان دەگوێزرێنەوە بۆ ناو هەوا یان ژینگە. زۆرێک لە کەڕووەکان بە شێوەیەکی سروشتی لە لەشماندا دەژین (دەم، ڕێڕەوی هەرس، پێست) بەڵام دەتوانن لە ژێر هەلومەرجی دیاریکراودا گەشە بکەن.

زاناکان دەڵێن لە جیهاندا ملیۆنان کەڕوو هەیە، بەڵام تەنها ژمارەیەکی کەمیان دەبنە هۆی نەخۆشی لە خەڵکدا. ئەمە هەندێک ترشەهەویر (Yeast) و مۆڵد (Mold) دەگرێتەوە.

هەوکردنی کەڕوو چۆن دەردەکەوێت؟

هەوکردنی کەڕوو لە ناو سەر یان لە پێستی جەستە دەکرێت سوور، هەڵئاوساو یان شلۆق بێت. هەوکردنی کەڕوو لە نینۆکەکاندا دەکرێت وا لە نینۆکەکان بکات ڕەنگداربن بە ڕەنگی زەرد، قاوەیی یان سپی، هەروەها ئەستوورببن یان بشکێن. هەوکردنی کەڕوو لە دەم یان قوڕگدا دەتوانێت ببێتە هۆی داپۆشینی سپی یان پارچە پارچەی ئەو ناوچانە.

کێ زۆرترین مەترسی تووشبوونی هەیە؟

هەموو کەسێک دەتوانێت تووشی هەوکردنی کەڕوو ببێت، بەتایبەتی ئەو جۆرانەی کە کاریگەریان لەسەر پێست و نینۆکەکان هەیە. هەوکردنی کەڕوو باوترە لەو شوێنانەی جەستە کە شێ دەگرن یان لێکخشاندنێکی زۆریان هەیە. لە مەترسییەکی زیاتردا دەبیت بۆ هەوکردن، بەتایبەتی ئەوانەی توندن، ئەگەر سووڕی خوێنت خراپ بێت یان شەکرەت هەبێت، یان ئەگەر حاڵەتێکی لاوازی کۆئەندامی بەرگرییت هەبێت، وەکو:

  • ئایدز.
  • شێرپەنجە یان وەرگرتنی چارەسەری شێرپەنجە.
  • دەرمانەکانی کەمکردنەوەی بەرگری (بۆ نەخۆشییەکانی بەرگری خۆیی یان ئەندام، گواستنەوەی مۆخی ئێسک یان دایکە خانەکانی خوێن).

ئایا هەوکردنی کەڕوو مەترسیدارە؟

باوترین هەوکردنی کەڕوو، وەک ئەوانەی لەسەر پێست و نینۆکەکانن، بە گشتی جدی نین. بەڵام ئەگەر کۆئەندامی بەرگری لاوازت هەبێت، مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکی گەورەترت دەبێت لە ئاکامی هەوکردنی کەڕووەوە.

جۆرەکانی هەوکردنی کەڕوو چین؟

هەوکردنی کەڕوو لەوانەیە لەسەر ڕووی پێست، نینۆکەکان یان لینجە پەردە بێت واتا ڕووکەشی جەستە (superficial or mucocutaneous)، یاخود لە ژێر پێست بێت (subcutaneous)، یان لەناو ئەندامەکانی تری جەستەدا وەک سییەکان، مێشک یان دڵ بێت کە پێی دەوترێت هەوکردنی قووڵ (deep infection).

هەوکردنی کەڕووی ڕووکەشی

کە کاریگەری لەسەر نینۆکەکان و پێست و لینجە پەردە هەیە (وەک دەم و قوڕگ یان زێ). نموونەی هەوکردنە ڕووکەشییەکانی کەڕوو بریتین لە:

هەڵزلەپین (Ringworm or dermatophytosis): کۆمەڵێک کەڕوون کە لە دەرەوەی پێست و قژ و خانەکانی نینۆک دەژین (dermatophytes) و دەبنە هۆی هەوکردنی کەڕوویی پێست. کە ئەمیش پێنج جۆری هەیە:

  • ئەوانەی تووشی پێیەکان دەبن (tinea pedis)
  • ئەوانەی تووشی پێستی سەر دەبن (tinea capitis)
  • ئەوانەی تووشی دەستەکان دەبن (tinea manuum)
  • ئەوانەی تووشی ڕان و ناو گیان دەبن (tinea cruris)
  • ئەوانەی تووشی بەشەکانی تری جەستە دەبن (tinea corporis)

دەردە کەڕووی نینۆک (Onychomycosis): ئە جۆرانەی کەڕوو کە دەبنە هۆی هەوکردنی نینۆکەکانی پەنجەکانی دەست یاخود پەنجەکانی پێ. ئەمە لەوانەیە ببێتە هۆی شێواندنی نینۆکەکان و شکاندنی نینۆکەکان.

هەوکردن بە کاندیدا (Candidiasis): کاندیدا زۆربەی کات کاندیدا ئەلبیکانس دەبێتە هۆی هەوکردنی پێست و لینجە پەردە کە پێی دەوترێت کاندیدیاسس. ئەمانە بریتین لە کەڕووی دەم، برینی ناو گیان، کەڕوویی زێ، کەڕووی نێوان پەنجەکان و کەڕووی سورێنچک.

هەوکردنی کەڕووی ژێر پێست

هەندێک لە کەڕووەکان لە ڕێگەی برینەکانی پێستە دەچنە ناوەوەی پێست و هەوکردن دروستدەکەن، بە تایبەتی لە کاتی برینداربوونی پەنجە بە دڕکی گوڵ و ڕووەکەکانی دیکە. ئەمانەش بەشێوەی برینی پێست و برینی خوێناوی سەر پێست دەردەکەون. هەوکردنی کەڕووی ژێر پێست لە ناوچە خولگەیی و نیمچە خولگەییەکانی جیهاندا باوترە. نموونەکان بریتین لە:

دەردە دەزوولە سپۆرییەکان (rose gardener’s disease): کەڕووی سپۆرۆکریس دەبێتە هۆی ئەم هەوکردنە. هەروەها دەکرێت لە سییەکان یان بەشەکانی تری جەستەدا تووشی نەخۆشی دەردە دەزوولەیی سپۆری ببین.

هەوکردنی کەڕووی کرۆمۆبلاست (Chromoblastomycosis): زۆرێک لە کەڕووە جیاوازەکان دەتوانن ببنە هۆی ئەم جۆرە هەوکردنە. کە دەکرێت ببێتە هۆی هەوکردنی درێژخایەنی پێست، هەروەها بە دەگمەن بڵاودەبێتەوە بۆ بەشەکانی تری جەستە.

دەردە کەڕووی پێ (Eumycetoma): زۆرێک لە کەڕووە جیاوازەکان دەتوانن ببنە هۆی Eumycetoma. بە شێوەیەکی گشتی کاریگەری لەسەر قاچ هەیە.

هەوکردنی کەڕووی قووڵ

هەوکردنی کەڕوو لە شوێنەکانی دیکەی جەستەدا دەدۆزرێتەوە جگە لە پێست، وەک سییەکان، خوێن، ڕێڕەوی میز یان مێشک. هەندێکیان هەوکردنی دەرفەتخوازن، واتە بە شێوەیەکی ئاسایی تەنها دەبنە هۆی نەخۆشی لەو کەسانەی کە سیستەمی بەرگرییان لاوازە. هەوکردنی کەڕووی قووڵ یان داگیرکەر بریتین لە:

دەردە کەڕووی شانەیی: هیستۆپلاسما ئەو کەڕووەیە کە دەبێتە هۆی هەوکردنی سییەکان، مێشک یان بەشەکانی تری جەستە. بە شێوەیەکی گشتی لە دۆڵی ڕووباری ئۆهایۆ و میسیسیپی دەدۆزرێتەوە.

دەردە کەڕووی کۆکایدیۆدۆ (Coccidioidomycocosis): بەهۆی کەڕووەکەی Coccidioidomycosis دەتوانرێت سییەکان تووش بکات و بە دەگمەن دەگوازرێتەوە بۆ بەشەکانی تری جەستە. لە کالیفۆرنیا و ئەریزۆنا باوترە.

بڵاستۆمایکۆسس (blastomycosis): Blastomyces ئەو کەڕووەیە کە دەبێتە هۆی blastomycosis، بە شێوەیەکی گشتی ئێسک و پێست و سییەکان تووش دەکات. بە دەگمەن دەتوانێت مێشک و دڕکەپەتک تووش بکات.

ئەسپەرجیلۆسس (Aspergillosis): Aspergillus ئەو کەڕووەیە کە دەبێتە هۆی نەخۆشی ئەسپەرجیلەس، دەتوانێت ببێتە هۆی چەندین جۆری هەوکردنی سییەکان، لەوانە هەوکردنی بۆری سییەکان (ABPA) و نەخۆشی درێژخایەنی سییەکان. هەروەها دەتوانێت بەشەکانی تری جەستە تووش بکات یان لووی کەڕوو دروست بکات (aspergilloma).

هەوکردنی ڕێڕەوی میز بەهۆی کاندیداوە: بەکتریاکان دەبنە هۆی هەوکردنی زۆربەی بەشەکانی ڕێڕەوی میز (UTIs)، بەڵام هەندێک جار بەهۆی هەویرترشێنەوە (Yeast) دروست دەبن وەک کاندیدا.

کاندیدیای داگیرکەر: جۆری دیاریکراوی کاندیدا دەبنە هۆی ئەم جۆرەی هەوکردنی کەڕوویی. لەوانەیە دڵ، خوێن (candidemia)، مێشک، چاو (نەخۆشی ئیندۆفۆتاتالمیس)، ئێسک یان بەشەکانی تری جەستە تووش بکات.

بە کەڕوو هەوکردنی سییەکان (Pneumocystis jirovecii pneumonia): کەڕووی Pneumocystis jirovecii دەتوانێت سییەکان تووش بکات و ببێتە هۆی بە کەڕوو هەوکردنی سییەکان (PJP).

میوکۆرمایکۆسس (Mucormycosis): کۆمەڵێک لە شێوەکانی کەڕوو پێیان دەوترێت mucormycetes دەبنە هۆی میوکۆرمایکۆسس. موکۆرمایسێتەکان دەتوانن جیوبەکان و مێشک تووش بکەن (rhinocerebral mucormycosis)، سییەکان (pulmonary mucormycosis)، ڕیخۆڵە (gastrointestinal mucormycosis)، پێست (cutaneous mucormycosis) یان زۆرێک لە بەشەکانی جەستە لە هەمان کاتدا (disseminated mucormycosis).

کریپتۆکۆکۆسس (Cryptococcosis): Cryptococcus neoformans و Cryptococcus gattii دەبنە هۆی کریپتۆکۆکۆسس. ئەوان زۆربەی کات سییەکان تووش دەکەن، بەڵام هەندێک جار دەتوانن مێشک و دڕکەپەتک تووش بکەن (هەوکردنی مێشک و دڕکەپەتک).


سەرچاوەکان



356 بینین