چۆنیەتی خوێندنەوەی ئەنجامی پشکنینی سایرۆید (غودە)

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2024-01-12-12:03:00 - کۆدی بابەت: 11838
چۆنیەتی خوێندنەوەی ئەنجامی پشکنینی سایرۆید (غودە)

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

چۆنیەتی خوێندنەوەی ئەنجامی پشکنینی سایرۆید یاخود غودە (بە ئینگلیزی: how to read the results of the test of thyroid، بە عەرەبی: كيف تقرأ نتائج اختبار الغدة) پشکنینی خوێنی هۆرمۆنی سایرۆید بەشێکی گرنگە لە دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی نەخۆشی غودە. لەسەر بنەمای ئەوەی کە بەها جیاوازەکان چەند بەرز یان نزمن، لەوانە بەپێی هۆرمۆنە سەرەکییەکانی وەک TSH و T4 تاقیگەکە دەتوانێت دیاری بکات کە چ جۆرە نەخۆشییەکی غودەییت هەیە (غودەی چالاک یان غودەی تەمەڵ) و هۆکارە شیاوەکان تەسک دەکاتەوە بۆ دەستنیشانکردنی زیاتر و وردتر.

ئەنجامی پشکنینی هۆرمۆنەکانی سایرۆید لەوانەیە زەحمەت بێت بۆ تێگەیشتن و لێکدانەوە، چونکە دەستنیشانکردنەکە دەتوانێت بگۆڕێت لەسەر بنەمای پەیوەندی بەهاکان. بۆ نموونە، بەرزی TSH و نزمی T4 لەوانەیە نەخۆشی هاشیمۆتۆ پێشنیار بکات. لە کاتێکدا کەمی TSH و بەرزی T4 لەوانەیە نەخۆشی گرەیڤس پێشنیار بکات. تێکەڵەی جیاوازی بەهاکان دەتوانێت مانای شتی جیاواز بێت و زۆرجار زیاتر لە یەک مانای هەیە.

فرمانی سایرۆید

سایرۆید یاخود پەریزاد هەروەها لەبەرئەوەی کە بەرپرسە لە تووشبوون بە غودە هەر بۆیە زۆرجار بە غودەش ناودەبرێت، ڕژێنێکە لە پێشەوەی قوڕگ دایە. ئەو هۆرمۆنانە بەرهەم دەهێنێت کە ڕێکخستنی زۆرێک لە کردارە گرنگەکانی لەش دەکەن، لەوانە لێدانی دڵ، پەستانی خوێن، هەرسکردن و زیندەچالاکی (گۆڕینی کالۆری بۆ وزە). کاتێک نەخۆشی غودەت هەیە، ڕژێنی سایرۆید هۆرمۆنەکەی بەرهەم ناهێنێت لە ئاستێکی پێویستدا تا ئەوەی جەستە بە شێوەیەکی ئاسایی کار بکات. ئەمەش بە شێوەیەکی فراوان باس دەکرێت وەک:

  • غودەی تەمەڵ (Hypothyroidism): هەروەها ئاماژەی پێدەکرێت وەک گرێیەکی ژێر چالاکی سایرۆید، بەزۆری بەهۆی نەخۆشییەکی بەرگری خۆیییەوە دروست دەبێت کە پێی دەوترێت هەوکردنی غودەی هاشیمۆتۆ.
  • غودەی چالاک (Hyperthyroidism): هەروەها ئاماژەی پێدەکرێت وەک گرێیەکی زۆر چالاک، بەزۆری بەهۆی نەخۆشییەکی بەرگری خۆیییەوە دروست دەبێت کە پێی دەوترێت نەخۆشی گرەیڤ.

کەمبوونەوە یان زیادبوونی هۆڕمۆنەکانی سایرۆید لەوانەیە نیشانەی نەرێنی دروست بکات. لەگەڵ کەمی بەرهەمهێنانی هۆرمۆنەکان دەتوانێت ببێتە هۆی زیادبوونی کێش و ماندووبوون و لێدانی دڵ بە هێواشی. هەروەها لەگەڵ زیاد بەرهەم هێنانی هۆرمۆنەکان دەکرێت ببێتە هۆی دابەزینی کێش و لەرزە و هەژین و دڵی پێشبڕکێ. لە شێوەیەکی ئاساییدا ڕژێنی سایرۆید بە ئیوسایرۆید ناودەبرێت.

جۆرەکانی پشکنینی فرمانی سایرۆید

ئامانجی پشکنینی خوێنی سایرۆید ئەوەیە کە پێوانەی ئەوە بکات کە چەند بە باشی ڕژێنی غودەکەت یاخود ڕژێنی سایرۆید (پەریزاد) کار دەکات. ئەمە بە پێوانەکردنی ئەو هۆڕمۆنانە ئەنجام دەدرێت کە لەلایەن ڕژێنی سایرۆید بەرهەم دەهێنرێن، هەروەها ڕژێنەکانی تر (وەک پلی پێشەوەی ژێر مێشکە ڕژێن) کە کاریگەری لەسەر ڕژێنی سایرۆید هەیە.

هۆرمۆنی هاندەری سایرۆید (TSH)

هۆرمۆنی هاندەری سایرۆید (TSH) لەلایەن پلی پێشەوەی ژێر مێشکە ڕژێن بەرهەم دەهێنرێت کە دەکەوێتە بنکی مێشک. وەک نێردراوێکی کیمیایی کاردەکات و بە ڕژێنی سایرۆید دەڵێت کەی دەست بە بەرهەمهێنانی هۆرمۆنی سایرۆید بکات.

کاتێک ئاستی هۆرمۆنی سایرۆید نزمە، TSH زیاتر بەرهەم دەهێنرێت بۆ هاندانی بەرهەمهێنانی هۆرمۆنەکە لەلایەن ڕژێنی سایرۆیدەوە. کاتێک ئاستەکان ئاسایین، پلی پێشەوەی ژێر مێشکە ڕژێن بەرهەمهێنانی TSH بوەستێنێت. پشکنینی TSH پێوانەی ئەوە دەکات کە چەندێک یان چەند کەمی TSH لە خوێندا هەیە.

سایرۆکسین (T4)

سایرۆکسین (Thyroxine) یەکێکە لەو دوو هۆرمۆنەی کە لەلایەن ڕژێنی سایرۆیدەوە بەرهەم دەهێنرێت. هۆرمۆنێکی ناچالاکی غودەیە کە بە ئازادی لە خوێندا دەسوڕێتەوە و ئامادەیە بۆ گۆڕینی بۆ شێوەی چالاک کە پێی دەوترێت ترایۆدۆسایرۆنین یان T3. دوو جۆری T4 هەیە بەستراوی T4 (کە بەستراوەتەوە بە پڕۆتینەکانەوە کە ڕێگری دەکات لە چوونە ناو شانەکان) و T4 ی ئازاد (کە بە پڕۆتین نەبەستراوە و دەتوانێت بە ئازادی بچێتە ناو شانەکان).

لە کاتی پێوانەکردنی T4، تاقیگەکە سەیری دوو بەهای جیاواز دەکات:

  • کۆی گشتی T4: کۆی گشتی T4 (بەستراوە و ئازاد) لە خوێندا.
  • ئازاد T4: کۆی گشتی T4 ی نەبەستراوە بۆ بەکارهێنان لە شانەکان. T4 ی ئازاد لەوانەیە گرنگتر بێت بۆ پێوان چونکە ئەو جۆرەیە کە زیاتر چالاک دەبێت کاتێک دەگۆڕدرێت T3.

ترایۆدۆسایرۆنین (T3)

ترایۆدۆسایرۆنین (Triiodothyronine) بریتییە لە ھۆڕمۆنی سایرۆیدە چالاکەکان کە لە T4ەوە گۆڕدراوە. هەروەک لەگەڵ T4 هەردوو بەستراو و خۆڕایی T3 هەیە

پشکنینی خوێنی T3 بریتین لە:

  • کۆی گشتی T3: کۆی گشتی T3 (بەستراوە و ئازاد) لە خوێندا
  • ئازادی T3: بڕی T3ی ئازاد و نەبەستراوە بۆ بەکارهێنان لە شانەکان.
  • پێچەوانەکراوی T3یان reverse: جۆرێکی ناچالاکی T3کە هیچ سوودێکی نییە بەڵام دەتوانێت ڕێگری لە T3بکات لە چوونە ناو شانەکان.

ئایا T3یان T4 گرنگترە؟

T4 بە گشتی گرنگترین هۆرمۆنی غودەیە بۆ پێوان. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە باس لەوە دەکات کە چەند هۆرمۆنی سایرۆید بەردەستە بۆ بەکارهێنان لەجیاتی ئەوەی چەند گۆڕدراوە.

سایرۆگلۆبۆلین (Tg)

سایرۆگلۆبۆلین (Thyroglobulin) پڕۆتینێکە کە لەلایەن ڕژێنی سایرۆیدەوە دروست دەکرێت. بە زۆری بەکاردێت بۆ چارەسەرکردنی شێرپەنجەی غودە. نەشتەرکاری لابردنی ڕژێنی سایرۆید (Thyroidectomy) یان چارەسەری لابردنی تیشکدانەوە (RAI) بە شێوەیەکی گشتی بۆ چارەسەرکردنی شێرپەنجەی سایرۆید بەکاردێت. ئاستێکی بەرزی Tg نیشانەی ئەوەیە خانە شێرپەنجەییەکان دوای ئەم چارەسەرانە هێشتا هەن و ماون.

بە بەراوردکردنی بەها بنچینەییەکان لەگەڵ بەهاکانی دواتر، تاقیکردنەوەی Tg دەتوانێت بە دابینکەری تەندروستییەکەت بڵێت کە ئاخۆ چارەسەری شێرپەنجە کار دەکات یاخود نا. هەروەها دەتوانێت پێیان بڵێت ئەگەر شێرپەنجەکەت لە کەمبوونەوەدایە یان نا.

دژەتەنی سایرۆید

هەندێک لە نەخۆشییەکانی غودە وەک هەوکردنی غودە و نەخۆشی گرەیڤس نەخۆشی بەرگری خۆیین. ئەمانە ئەو نەخۆشییانەن کە کۆئەندامی بەرگری بە ئامانج دەگرێت و هێرش دەکاتە سەر خانە ئاساییەکانی ڕژێنی سایرۆید واتا غودە.

سێ دژەتەنی باو هەیە کە پەیوەندی هەیە بە نەخۆشی بەرگری خۆیی:

دژەتەنی پێرۆکسیدەی سایرۆید (TPOAb): جۆری دژەتەن لە ٩٥٪ی ئەو کەسانەی کە نەخۆشی هاشیمۆتۆیان هەیە و نزیکەی ٧٠٪ی ئەوانەی نەخۆشی گرەیڤسیان هەیە دەدۆزرێتەوە. بەرزی TPOAb دوای منداڵبوون لەو کەسانەدا دەبینرێت کە نەخۆشی غودەیان هەیە.

دژەتەنی وەرگری هۆرمۆنی هاندەری سایرۆید (TRAb): ئەمانە لە ٩٠٪ی حاڵەتەکانی نەخۆشی گرەیڤس دەدۆزرێنەوە، بەڵام تەنها ١٠٪ی حاڵەتەکانی هاشیمۆتۆ.

دژەتەنەکانی سایرۆگلۆبلین (TgAb): ئەم دژەتەنانە لەلایەن جەستەوە بەرهەم دەهێنرێن بۆ وەڵامدانەوەی بوونی Tg. یەک لە چوار کەس ئەوانەی تووشی شێرپەنجەی غودە بوون ڕێژەی بەرزی دژەتەنەکانی سایرۆیدیان هەیە. هەروەها لە ٨٠٪ی ئەو کەسانەی کە نەخۆشی هاشیمۆتۆیان هەیە و لە نێوان ٥٠٪ بۆ ٧٠٪ی ئەوانەی نەخۆشی گرەیڤسیان هەیە دەدۆزرێتەوە.

پڕۆتینی بەستراوی سایرۆید

ئەم پشکنینەی خوێن پێوانەی ئەو پڕۆتینانە دەکەن کە دەتوانن بە T3 و T4 ببەسترێن. ئەوان دەتوانن یارمەتیدەر بن بۆ دیاریکردنی هۆکاری کێشەی سایرۆید ئەگەر ڕژێنی غودە بە شێوەیەکی ئاسایی کار بکات.

پشکنینەکانەکانی تر بریتین لە:

  • سایرۆیدی بەستراو بە گلۆبیولین (Thyroid binding globulin): بریتییە لە پڕۆتینی تایبەت کە بە T4 و T3 دەبەستێتەوە.
  • هەڵگری ڕیزینی T3 (T3 resin uptake or T3RU): پێوانەی ڕێژەی سەدی بوونی سایرۆیدی بەستراو بە گلۆبولینەوە دەکات.

لێکدانەوەی ئەنجامەکان

ئەنجامی پشکنینەکانی خوێنی سایرۆید لە چەند سەرچاوەیەکدا باس دەکرێت. مەودای سەرچاوە بەهایەکی بەرز و نزمی هەیە لە نێوانیاندا کە ئەنجامەکان بە ئاسایی دادەنرێن. بەهاکان نزیک سنووری سەرەوە یان خوارەوە سنووریان هەیە لە کاتێکدا هەر شتێک لە دەرەوەی ئەم سنوورانە بە ئەنجامی نائاسایی دادەنرێت.

بەها نائاساییەکان لەوانەیە نیشانەی نەخۆشی غودە بن، یان نەخۆشی سەرەتایی غودە (کە بەهۆی زیان گەیاندن بە ڕژێنی سایرۆید دروست دەبێت) یان نەخۆشی ناوەندی غودە (کە بەهۆی زیان گەیاندن بە ئەندامەکان دروست دەبێت وەک پلی پێشەوەی ژێر مێشکە ڕژێن کە کرداری سایرۆید ڕێکدەخات).

هەروەها نەخۆشی غودە لەوانەیە ژێر کلینیکی بێت، واتە تەنها شکستی سووکی غودە هەیە، زۆرجار لەگەڵ نیشانەیەکی کەمی بەرچاو. مەودای سەرچاوەکان و یەکەکان دەتوانن لە تاقیگەیەکەوە بۆ تاقیگەیەکی تر جیاواز بن. بۆ دڵنیابوون لە یەکسانی لە ئەنجامەکانی پشکنینەکەت، هەمان تاقیگە بەکاربهێنە بۆ هەر جارێکی ئەنجامدانی پشکنین.

لێکدانەوەی TSH

پشکنینی TSH دەتوانێت نەخۆشی غودە دەستنیشان بکات، هەرچەندە بە سنووردارکردن. بەپێی کۆمەڵەی ئەمریکی بۆ پزیشکی ئیندۆکرینۆلۆجی (AACE) و کۆمەڵەی ئەمریکی (ATA)، بەهاکانی TSH دەتوانرێت بەم شێوەیە لێک بدرێتەوە:

  • غودەی تەمەڵی ژێر کلینیکی: ٤.٧ بۆ ١٠ میلی یونیت بۆ هەر لیترێک (mU/L)
  • غودەی تەمەڵی سەرەتایی: ١٠ mU/L یان بەرزتر.
  • غودەی چالاکی ژێر کلینیکی: ٠.١ بۆ ٠.٥ mU/L.
  • غودری چالاکی سەرەتایی: ٠.١ mU/L یان کەمتر.

بەراوردکردنی ئاست بەرز و نزمی TSH و T3/T4

لە کاتێکدا پشکنینی TSH بە نرخە، بەڵام بەسوودترە کاتێک ئاماژە بە ئەنجامەکانی T3/T4 دەکرێت. بە بەراوردکردنی TSH لەگەڵ بەهاکانی T3/T4، دابینکەری چاودێری تەندروستی دەتوانێت وێنەیەکی ڕوونتری هەبێت لەسەر هۆکاری نەخۆشی غودە،

TSH T3/T4   لێکدانەوەیان
نزم    بەرز     غودەی چالاکی سەرەتایی بەزۆری بەهۆی نەخۆشی گرەیفەوەیە.
بەرز  نزم      غودەی تەمەڵەی سەرەتایی بەزۆری بەهۆی هەوکردنی هاشیمۆتۆوەیە.
نزم   ئاسایی   غودەی چالاکی ژێر کلینیکی.
بەرز    ئاسایی  غودەی تەمەڵەی ژێر کلینیکی.
ئاسایی بۆ نزم  نزم  غودەی تەمەڵەی دووەمی.
ئاسایی بۆ بەرز   بەرز   کاتێک کەسێک بەرگری هەبێت بۆ وڵامدانەوەی چارەسەری غودەی تەمەڵە یاخود کاتێک کەسێک کێشەی لە پلی پێشەوەی ژێر مێشکە ڕژێنی هەبێت بۆ بەرهەمهێنانی TSH (گرێ ).

لێکدانەوەکانی تر

لەوانەیە پشکنینەکنای تری غودە لە کارەکەدا بەشدار بن. هەندێکیان ئامانجی دیاریکراویان هەیە، لە کاتێکدا ئەوانی تر بۆ مەبەستی پشکنین یان بۆ بەڵگەی هۆکارە شیاوەکان بەکاردێن. تاقیکردنەوەکانی RT3 دەتوانن کۆنیشانەی نەخۆشی ئیوسایرۆید (ESS) بدۆزنەوە، کە حاڵەتێکە تیایدا ئاستی هۆرمۆنی نائاسایی سایرۆید بەهۆی نەخۆشییەکەوەیە کە پەیوەنەی بە ڕژێنی سایرۆیدەوە نییە.

پشکنینی Tg دەتوانرێت بەکاربهێنرێت بۆ پێشبینیکردنی ئەنجامی چارەسەری درێژخایەن. توێژینەوەیەک دەریخستووە کە لە سەدا ٤ ی ئەو کەسانەی کە ئاستی Tg یان لە خوار یەکەوە هەیە تووشی دووبارەبوونەوەی شێرپەنجەی غودە دەبن لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا.

تاقیکردنەوەکانی TPOAb دەتوانن یارمەتیدەر بن بۆ پشتڕاستکردنەوەی نەخۆشییەکەی هاشیمۆتۆ ئەگەر TSH بەرز بێت و T4 نزم بێت. تاقیکردنەوەکانی TRAb دەتوانن یارمەتیدەر بن لە دەستنیشانکردنی نەخۆشی گرەیڤس یان پشتڕاستکردنەوەی دەستنیشانکردنی گۆیتەری ژەهراوی فرە لوو.

پوختە

چەندین پشکنینی خوێنی غودە بەردەستن، لەوانە پشکنینەکان بۆ هۆڕمۆنەکانی غودە T3 و T4، هۆرمۆنی هاندانی غودە (TSH)، و دژەتەنەکانی غودە. ئەنجامە کۆکراوەکان دەتوانن وێنەیەکی ڕوونتر نیشان بکەن لەسەر هۆکاری نەخۆشی غودە. هەروەها پشکنینەکان دەتوانن چاودێری ئەوە بکەن کە چارەسەرە غودەتیەکان چەندە کاریگەرن، لەوانە دەرمانی چارەسەرکردنی شێرپەنجەی غودە.


سەرچاوەکان



325 بینین