کێشەکانی خەو

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2021-11-10-23:04:00 - کۆدی بابەت: 7152
کێشەکانی خەو

ناوه‌ڕۆك

کێشەکانی خەو چین؟

کێشەکانی خەو دەستەیەک حاڵەتن کە کاردەکەنە سەر توانای مرۆڤ بۆ خەوتن لە کاتی خۆیدا و بەپێی پێویست، هۆکاری سەرەکی کێشەکانی خەو بریتیین لە کێشەی تەندروستی یان پەستانی دەروونی زۆر، لە ڕاستیدا زیاتر لە یەک لەسەر سێی کەسانی پێگەیشتوو باسیان لەوە کردووە کە کەمتر لە ٧ کاتژمێر دەخەون لەماوەی ٢٤ کاتژمێردا، هەروەها زیاتر لە ٧٠٪ قوتابیانی ئامادەیی باسیان لەوە کردووە کە شەوانە کەمتر لە ٨ کاتژمێر دەخەون.
زۆربەی خەڵکی جاروبار ئەزموونی کەمخەوی و کێشەکانی خەو دەکەن بەهۆی پەستانی دەروونی و خشتەی پڕکار و چەند کاریگەرییەکی دیکەی دەرەکییەوە، لە کاتێکدا کە ئەم پێشهاتانە بە شێوەیەکی بەردەوام تووشی مرۆڤ دەبن و تێکەڵی ژیانی ڕۆژانە دەبن، لەوانەیە ببنەهۆی کەمخەوی، بە پشت بەستن بە جۆری کەمخەوییەکە خەڵکی لەوانەیە بە قورسی خەویان لێ بکەوێت و بە درێژایی ڕۆژەکە هەست بە ماندوویەتی بکەن، کەمخەوی کاریگەری دەبێت لەسەر وزە و باری دەروونی و سەرنج و تەندروستی گشتی لەش.
لە هەندێک حاڵەتدا کەمخەوی و کێشەکانی خەو دەتوانن نیشانەیەک بن بۆ کێشەیەکی دیکەی تەندروستی و دەروونی، ئەم کێشانەی خەو بە دەستکردن بە چارەسەری پێویست بۆ هۆکاری داریکراو بە تەواوی چارەسەر دەبن.
کاتێک کەمخەوی هۆکارەکەی نەخۆشییەکی دیکە نەبێت، چارەسەرەکەی زۆرجار کۆمەڵێک چارەسەری پزیشکی و گۆڕینی شێوازی ژیان دەگرێتەوە، گرنگە کە هۆکاری کەمخەوی و چارەسەرەکەی بە شێوەیەکی دروست دیاری بکرێت، ئەگەر بە چارەسەرنەکراوی بمێنێتەوە کاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر تەندروستی لەش بە شێوەیەکی گشتی، هەروەها کاردەکات سەر توانای کارکردن و پەیوەندییەکان و جێبەجێکردنی چالاکی ڕۆژانە.

جۆرە جیاوازەکانی کێشەکانی خەو

چەندین جۆری جیاواز لە کێشەکانی خەو بوونیان هەیە، هەندێکیان هۆکارەکەیان کێشەی دیکەی تەندروستییە.

خەوزڕان

خەوزڕان بریتییە لە نەمانی توانای خەوتن و خەو لێنەکەوتن، دەکرێت هۆکارەکەی گەشتکردن، پەستانی دەروونی، دڵەڕاوکێ، هۆڕمۆن، یان کێشەکانی هەرس بێت، هەروەها دەکرێت نیشانە بێت بۆ نەخۆشی دیکە، خەوزڕان کاردەکاتە سەر تەندروستی گشتی لەش و کوالیتی ژیان، هەروەها دەبێتەهۆی:

  • خەمۆکی.
  • نەمانی سەرنج.
  • توڕەبوون.
  • لەدەستدانی کێش.
  • نەمانی توانای کارکردن.

هەناسە توندی کاتی خەوتن

بریتییە لە وەستانی هەناسە لە کاتی خەوتندا، حاڵەتێکی پزیشکی جدییە کە دەبێتە ھۆی ئەوەی لەش ئۆکسجینی کەم وەربگرێت، هەروەها دەبێتە هۆی ئەوەی خەبەرت ببێتەوە.

پارازۆمنیا

بریتییە لە پۆلێک کێشەی خەو کە دەبنە هۆی ئەنجامدانی جووڵە و هەڵسوکەوتی نائاسایی لە کاتی خەودا، بریتیین لە:

ئازاری بەردەوامی قاچەکان

ویستێکی بەرهەڵست نەکراوە بۆ جووڵاندنی قاچەکان، ئەم ویستە زۆرجار بەهۆی هەستی تەزانی (مێروولە) قاچەکانەوەیە، لە کاتێکدا کە ئەم نیشانەیە ئەگەری ڕوودانی لە ڕۆژیشدا هەیە، بەڵام زۆرجار لە شەودا ڕوودەدات.

گیرۆدەیی خەو

بریتییە لە حەزی زۆر بۆ خەو لە کاتی بەئاگاییدا، واتە لەناکاو هەست بە ماندوویەتییەکی زۆر دەکەیت و خەوت لێ دەکەوێت بەبێ ئاگادارکردنەوە، 
ئەم نەخۆشییە دەکرێت ببێتە هۆی ئیفلیجی خەو، واتە کاتێک لە خەو هەڵدەستیت ناتوانیت بە فیزیایی بە شێوەیەکی ڕێک بجووڵێیت.

نیشانەکان

نیشانەکان دەگۆڕێن بەپێی توندی و جۆری کێشەی خەوەکە، هەروەها دەگۆڕێن بەپێی ئەوەی کە هۆکاری کەمخەوییەکە نەخۆشییەکی دیکە بێت.
نیشانە گشتییەکانی نەخۆشییەکانی خەو بریتیین لە:

  • بە قورسی خەوت لێدەکەوێت و زوو خەبەرت دەبێتەوە.
  • هەستی ماندوویەتی بە درێژایی ڕۆژ.
  • هەستێکی بەهێز بۆ سەرخەوشکاندن لە ڕۆژدا.
  • نارێکی هەناسەدان.
  • هەڵسوکەوتی نائاسایی و نەخوازراو لە کاتی خەودا.
  • جووڵەی نائاسایی و ئەزموونی دیکە لە کاتی خەودا.
  • بە شێوەیەکی بەردەوام گۆڕانکاری لە کاتی خەوتن و هەستاندا.
  • توڕەیی و دڵەڕاوکێ.
  • نەمانی توانا بۆ ئەنجامدانی کاری ڕۆژانە و نەمانی سەرنج.
  • خەمۆکی.
  • لەدەستدانی کێش.

هۆکارەکان

هۆکارەکانی کەمخەوی دەکرێت حاڵەتێک، نەخۆشییەک یان ئەو ناتەواوییانە بن کە دەبنەهۆی کێشە لە خەودا، لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، کێشەکانی خەو بەهۆی کێشەیەکی تەندروستییەوە ڕوودەدەن، کە بریتیین لە:

هەستاریی و کێشەی هەناسەدان

هەستیاریی، پەتای وەرزی و ئەنفلۆنزا دەبنە هۆی قورسی هەناسەدان لە شەودا، کەمیی توانا یان نەتوانینی هەناسەدان بە لووت دەکرێت ببێتە هۆی کەمخەوی.

میزە چرکە

میزە چرکە دەبێتە هۆی تێکدانی خەو چونکە وات لێدەکات بە درێژایی شەو چەند جارێک هەستیت لە خەو، ناڕێکی هۆڕمۆن و نەخۆشییەکانی میزەڕۆ دەبنە هۆی گەشەسەندنی ئەم حاڵەتە.

ئازاری درێژخایەن

ئازارێکی جێگیر دەبێتە هۆی ئەوەی بە سەختی خەوت لێ بکەوێت، هەروەها لەوانەیە خەبەرت بکاتەوە، باوترین هۆکارەکانی ئازاری درێژخایەن بریتیین لە:

  • ئاوسانی جومگەکان.
  • ڕیشاڵە ئاوسان.
  • هەوکردنی ڕیخۆڵە.
  • سەرئێشەی بەردەوام.
  • ئازاری بەردەوامی خوارەوەی پشت.

خەمۆکی و دڵەڕاوکێ

خەمۆکی و دڵەڕاوکێ زۆرجار کاریگەری نەرێنییان دەبێت لەسەر خەو، ئەو کەسەی ئەم دوو نەخۆشییە دەروونیەی هەیە قورسە بۆی کە بخەوێت یان لە خەودا بمێنێتەوە، هەروەها مۆتەکە و قسەکردن لە خەودا و ڕۆیشتن لە خەودا دەبنە هۆی تێکدانی خەو.

چارەسەر

چارەسەری کەمخەوی بەپێی جۆری هۆکاری کەمخەوی دەگۆڕێت، زۆرجار کۆمەڵێک چارەسەری پزیشکی و گۆڕینی شێوازی ژیان دەگرێتەوە.

چارەسەرە پزیشکییەکان

  • حەبی خەولێخەر.
  • تەواوکەری خۆراکیی میلاتۆنین.
  • دەرمانی هەستیاری یان پەتا.
  • چارەسەر بۆ هەر هۆکارێکی دیکە کە کێشەی تەندروستی بێت وەک ئامێری هەناسەدان یان نەشتەرکاری (بۆ هەناسە توندی لە کاتی خەودا).
  • پارێزەری ددان (بۆ ئەوانەی دانەچیڕە دەکەن).

گۆڕانکارییەکانی شێوازی ژیان

گۆڕانکاری لە شێوازەکانی ژیاندا دەتوانێت کاریگەری تەواو بخاتەسەر کوالیتی خەو، بە تایبەت ئەگەر لەگەڵ چارەسەری پزیشکیدا بکرێن، گۆڕانکارییەکان بریتیین لە:

  1. خواردنی سەوزەوات و ماسی و کەمکردنەوەی شەکر.
  2. کەمکردنەوەی پەستانی دەروونی و دڵەڕاوکێ بە وەرزشکردن و پشوودان.
  3. خەوتن و هەستان لە کاتی دیاریکراودا.
  4. خواردنەوەی ئاوی کەم پێش خەوتن.
  5. سنووردارکردنی ئەو خواردنەوانەی کافایینیان تێدایە، بە تایبەت لە ئێواراندا.
  6. کەمکردنەوەی جگەرەکێشان و خواردنەوە کحولییەکان.
  7. زۆر بە کەمی خواردنی ئەو ژەمانەی کە کاربۆهیدراتیان تێدایە پێش خەوتن.
  8. ڕێکخستنی کێشێکی تەندروستی لەش بە گفتوگۆکردن لەگەڵ پزیشک.


سەرچاوەکان



1924 بینین