چارەسەری سروشتی قوڕگ ئێشە

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2021-12-15-23:10:00 - کۆدی بابەت: 7265
چارەسەری سروشتی قوڕگ ئێشە

ناوه‌ڕۆك

هەوکردنی قوڕگ

هەوکردنی قوڕگ یان هەڵئاوسانی قوڕگ بریتییە لە ئازار و خوران و سووتانەوەی گەروو، ئازاری قوڕگ نیشانەیەکە بۆ ئەو هەوکردنە، ئازارەکەی توندتر دەبێت کاتێک شتێک قوت دەدەیت، هەروەها بە قورسی خواردن و شلەمەنی قوت دەدرێت، هەتا ئەگەر هەوکردنی قوڕگ حاڵەتێکی ئەوەندە جدی نەبێت کە پێویستی بە سەردانی پزیشک بێت، بەڵام دەکرێت ئازاربەخش بێت و ڕێگری بکات لە خەوی شەوانە، خۆشبەختانە دەتوانیت لە ماڵەوە چارەسەری بکەیت و ئازارەکەی کەمتر بکەیتەوە.

چارەسەر

هەنگوین

هەنگوین دەتوانێت چارەسەری هەوکردنی قوڕگ بکات ئەگەر لەگەڵ چا تێکەڵ بکرێت یاخود بە تەنها بخورێت، توێژینەوەیەک ئەوەی سەلماندووە کە هەنگوین لە دەرمانی کۆکە زیاتر کاریگەرە بۆ قوڕگ ئێشە و کۆکە، هەنگوین دەتوانێت کاریگەر بێت بۆ چارەسەری برین، واتە دەتوانێت چاکبوونەوەی هەوکردنی قوڕگ خێرا بکات.

خوێواو

تواندنەوەی خوێ لە ئاوی گەرم و غەرغەرەکردن پێی دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی هەوکردنی قوڕگ، هەروەها دەتوانێت بەکتریای گەروو لەناوببات، ئەم گیراوەیە بە تێکردنی نیوەی کەوچکە چایەک خوێ بۆناو پەرداخێک ئاوی گەرم دروست بکە، پاشان غەرغەرەی پێبکە بۆ کەمکردنەوەی ئاوساوی و پاککردنەوەی گەروو، دەبێت هەموو سێ کاتژمێر جارێک یان کەمتر ئەم کردارە دووبارە بکەیتەوە.

چای گوڵەبەیبوون

چای گوڵەبەیبوون ئازارشکێنێکی سروشتییە، بۆ ماوەی چەندین سەدە بەکارهاتووە بۆ چارەسەری پزیشکی، وەک ئازارشکێنی هەوکردنی قوڕگ، زۆربەی کات لەبەر تایبەتمەندی دژە هەوکردن و دژە ئۆکسان و وەستاندنی خوێنبەربوون بەکارهاتووە، هەندێک توێژینەوە ئەوەیان سەلماندووە کە هەڵمژینی هەڵمی گوڵەبەیبوون یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی نیشانەکانی سارمابوون و پەتای وەک هەوکردنی گەروو، هەروەها خواردنەوەی چای گوڵەبەیبوون دەکرێت هەمان سوودی هەبێت، گوڵەبەیبوون دەتوانێت هانی سیستمی بەرگری بدات بۆ یارمەتیدانی لەش تاکوو بەرگری بکات دژی ئەو بەکتریا و ڤایرۆسانەی دەبنە هۆکاری هەوکردنی قوڕگ.

نەعنا

نەعنا بە توانای نوێکردنەوەی هەناسەدانی ناسراوە، زەیتی نەعنای ڕوونکراوە دەتوانێت یارمەتی کەمکردنەوەی ئازاری قوڕگ بدات، نەعنا پێکهاتەی مێنتۆڵی تێدایە کە یارمەتی کەمکردنەوەی چڵم و ئازاری قوڕگ و کۆکە دەدات، هەروەها نەعنا تایبەتمەندی دژە هەوکردن و دژە بەکتریا و دژە ڤایرۆسی هەیە، کە ئەم تایبەتمەندییانە یامەتیدەرن بۆ هاندانی زوو چاکبوونەوە، هەرگیز زەیتی نەعنا (زەیتی بنچینەییە) بە تەنها و بەبێ تێکەڵکردن لەگەڵ زەیتی هەڵگری وەک زەیتی زەیتوون یان زەیتی بادەمی شیرین یان زەیتی گوێزی هیندی نەرمکراو بەکارمەهێنە، دەتوانیت پێنج دڵۆپ لە زەیتی نەعنا لەگەڵ ١ ئۆنس (٢,٨ گرام) لە زەیتی هەڵگری وەک زەیتی زەیتوون تێکەڵ بکەیت، هەرگیز هەوڵ مەدە زەیتە بنچینەییەکانی وەک زەیتی نەعنا بە تەنها بخۆیت.

غەرغەرەی سۆدە

لە کاتێکدا کە غەرغەرەکردن بە ئاو و خوێ زیاتر باوە، بەڵام تێکەڵکردنی خوێیاو لەگەڵ سۆدە و غەرغەرە پێکردنی دەتوانێت کاریگەرییەکی زیاتری هەبێت لە کەمکردنەوەی ئازاری هەڵئاوسانی قوڕگ، غەرغەرەکردن بەم گیراوەیە بەکتریاکان دەکوژێت و ڕێگری لە گەشەی کەڕووەکان دەکات.
دەتوانیت ١/٤ کەوچکێکی چا سۆدە لەگەڵ ١/٨ کەوچکێکی چا خوێ لەناو کوپێک ئاوی گەرمدا بتوێنیتەوە و غەرغەرەی پێ بکەیت، هەر سێ کاتژمێر جارێک غەرغەرە بەم گیراوەیە بکە.

شمڵی

شمڵی چەندین سوودی تەندروستی جۆراوجۆری هەیە، هەروەها چەندین جۆری هەیە، دەتوانیت تۆوی شمڵی بخۆیت، یان زەیتەکەی بەکاربهێنیت یاخود بە شێوەی چا بیخۆیتەوە، چای شمڵی چارەسەرێکی سروشتی ئازاری قوڕگە، چەندین توێژینەوە توانای بەهێزی چارەسەرکردنی شمڵیان سەلماندووە، شمڵی دەتوانێت ئازار کەم بکاتەوە و ئەو بەکتریایانە بکوژێت کە دەبنە هۆی سووتانەوە یان هەوکردن، هەروەها کاریگەرە وەک دژە کەڕوو، بەڵام خانمانی دووگیان دەبێت دووربن لە بەکارهێنانی شمڵی.

ڕەگی گوڵەهێرۆ

ڕەگی گوڵەهێرۆ پێکهاتەیەکی لینجی هەیە کە هەوکردنی قوڕگ دەوەستێنێت و کەمی دەکاتەوە، دەتوانیت هەندێک لە ڕەگی گوڵەهێرۆی وشککراوە بخەیتە کوپێک ئاوی کوڵاوەوە بۆ دروستکردنی چای گوڵەهێرۆ، خواردنەوەی ئەم چایە دوو بۆ سێ جار لە ڕۆژێکدا دەتوانێت ئازاری گەروو کەم بکاتەوە، ئەو کەسانەی نەخۆشی شەکرەیان هەیە دەبێت پێش بەکارهێنانی ئەم چایە لەگەڵ پزیشکەکەیاندا قسە بکەن، چونکە هەندێک توێژینەوە سەلماندوویانە کە ڕەگی گوڵەهێرۆ کاریگەری لەسەر ئاستی شەکرەی خوێن هەیە.

سرکەی سێو

سرکەی سێو چەندین بەکارهێنانی دژە بەکتریای هەیە، هەروەها چەندین توێژینەوە سەلماندوویانە کە کاریگەرەی دژە میکرۆبیشی هەیە، لەبەر پێکهاتەی ناوەندە ترشەکەی دەتوانرێت بەکاربێت بۆ تێکشکاندنی لینجی ناو قوڕگ و ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی بەکتریا، ئەگەر هەستت کرد کە خەریکە تووشی هەڵئاوسانی قوڕگ دەبیت ئەوا هەوڵبدە کە ١ بۆ دوو کەوچکی چێشت لە سرکەی سێو لەگەڵ کوپێک ئاودا تێکەڵ بکەیت، پاشان غەرغەرەی پێبکە، ئەم کارە بۆ ماوەی ١ بۆ ٢ جار لە کاتژمێرێکدا دووبارە بکەرەوە، هەروەها دەبێت لە نێوان هەر غەرغەرەیەکدا بڕێکی یاش ئاو بخورێتەوە.
چەندین ڕێگای جیاواز هەیە بۆ بەکارھێنانی سرکەی سێو بۆ چارەسەرکردنی هەوکردنی قوڕگ، بە پشت بەستن بە توندی نەخۆشییەکە و هەستیاری لەش بۆ سرکەی سێو ئەم چارەسەرانە دەگۆڕێت، باشترە سەرەتا ڕاوێژ بە پزیشک یان شارەزایەکی بواری تەندروستی بکرێت.

سیر

سیر بەهەمان شێوە سروشتی دژە بەکتریای هەیە، پێکهاتەی سیرینی تێدایە کە دەتوانێت ڕۆڵی دژە هەوکردن ببینێت، توێژینەوەکان ئەوەیان سەلماندووە کە وەرگرتنی تەواوکەری خۆراکیی سیر بە شێوەیەکی ڕێکوپێک دەتوانێت یارمەتیدەربێت لە ڕێگریکردن لە پەتای ڤایرۆسی، خواردنی سیر ڕاستەوخۆ لەگەڵ ژەمەکاندا بەهەمان شێوە دەتوانێت ڕێگایەک بێت بۆ دەستکەوتنی تایبەتمەندی دژە میکرۆبی سیر، دەتوانیت دوای خواردنی سیر ددانەکانت بشۆیت بۆ پاراستنی ددانت دژی ئەنزیمەکان و خۆشکردنی بۆنی ناودەم.

پوختە

تاقیکردنەوەی ئەم چارەسەرە سروشتییانە دەکرێت یارمەتیت بدات تاکوو زووتر هەست بە باش بوون بکەیت و پێویست نەکات سەردانی پزیشک بکەیت، بۆ ئەوەی زووتر باش ببیت هەوڵ بدە شلەمەنی زیاتر بخۆیت و بەباشی پشوو بدەیت.


سەرچاوەکان



6248 بینین