پراگ

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-06-24-00:00:00 - کۆدی بابەت: 9143
پراگ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پراگ یان پڕاگ (بە ئینگلیزی: Prague، بە عەرەبی: براغ) گەورەترین شار و پایتەختی کۆماری چیکە، پایتەختی مێژوویی ئیمپڕاتۆری بۆهیمیا بوو، لەسەر ڕووباری ڤلتاڤایە و نزیکەی ١.٣ ملیۆن کەسی تێدا دەژین. ئەم شارە سەرنجڕاکێشە دەوڵەمەندە بە شوێنەواری مێژوویی و بە ناوەندی کولتووری و بازرگانی کۆماری چیک دادەنرێت.

جوگرافیای پراگ

پراگ دەکەوێتە سەر حەوزی بۆهیمیا کە بە زنجیرە چیا دەورەدراوە. خاکی بەپیت، زۆری ئاو و سەرچاوەی سروشتی ڕۆڵێکی گرنگیان لە گەشەسەندنی شارەکەدا بینیوە، ڕووباری ڤلتاڤا بە نێو شارەکەدا تێدەپەڕێت و کاریگەری لەسەر جوانکردنی دیمەن و پارکەکان هەیە. پراگ لە چوار ناوچەی سەرەکی پێکدێت ئەوانیش کەناری ڕۆژهەڵاتی شارۆچکەی کۆن، گۆڕەپانی شارۆچکەی کۆن، شارۆچکەی نوێ، گۆڕەپانی وێنسێسلاس و گەڕەکی جولەکەکان. پردی چارلز کەناری ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا بەیەکەوە دەبەستێتەوە کە شوێنێکی بەناوبانگی سەرنجڕاکێشە لە پراگ زۆرێک لە گەشتیارن لە کاتی گەڕان بە شوێنەوارە مێژووییەکانی شارەکەدا بەکاری دەهێنن، کەناری ڕۆژاوا قەڵای هەرادکانی لێیە کە بە قەڵای پراگ ناسراوە مێژووەکەی بۆ سەدەکانی ناوڕاست دەگەڕێتەوە و شوێنێکی بەناوبانگی پراگە. ناوچەی نیشتەجێبوون و پیشەسازییەکانی پراگ ناوەندی شارەکە داگیردەکەن بە درێژایی ڕووباری ڤلتاڤا درێژ دەبنەوە.

کەشوهەوای پراگ

شارەکە کەشوهەوایەکی زەریایی مامناوەندی هەیە، هاوینانی تا ڕادەیەک گەرم و زستانی ساردە و بە درێژایی ساڵ بارانی لێدەبارێت.

زستان (کانوونی یەکەم، کانوونی دووەم و شوبات) کەشوهەوایەکی مامناوەند و ساردی هەیە بە بەردەوامی باران دەبارێت، زستانان سارد و بەفراوین و تیشکی خۆر کەم دەر دەردەکەوێت، بەفر لە نێوان مانگی تشرینی دووەم تا مانگی ئازار دەبینرێت و پلەی گەرمی زستانان لە خوار پلەی بەستنەوەیە.

بەهار (ئازار، نیسان و ئایار) پلەی گەرما لە نێوان ٩ بۆ ١٩ پلەی سیلیزیدایە و ڕێژەی باران بارین مامناوەندە، بۆیە بەهاران کاتێکی گونجاوە بۆ سەردانکردنی پراگ.

هاوین (حوزەیران، تەممووز و ئاب) بە گشتی هاوینان پلەی گەرمی لە نێوان ٢٠ بۆ ٢٢ پلەی سیلیزیدایە و هەندێک جار دەگاتە ٣٥ پلە، ئاستی شێ لە هاویندا ٪٢٠ـە.

پاییز (ئەیلوول، تشرینی یەکەم و تشرینی دووەم) سەرەتای پاییز دەکرێت باشترین کات بێت بۆ سەردانکردنی پراگ بە هۆی جوانی و دڵڕفێنی شارەکە بەڵام کۆتایی پاییز تەماوییە.

ڕووبەری شار و چڕی دانیشتوان

کۆی ڕووبەری پراگ ٤٩٦ کیلۆمەتری دووجایە، چڕی دانیشتوان لە هەر کیلۆمەترێک چوارگۆشەدا ٤٦٠٠ کەسە، کۆی گشتی دانیشتوانەکەی بە ١،٣١٨،٠٨٥ مەزندە دەکرێت و بەسەر ١٠ ناوچەی جیاوازی شارەکەدا بڵاوبوونەتەوە، ناوچەکانی باشوور و ناوڕاستی شارەکە قەرەباڵغترینە، نزیک لە ناوەندی شارەکە ناوچەی شارۆچکەی کۆن زۆرێک لە شوێنە مێژوویی و گەشتیارییەکانی تێدایە ئەمەش بووەتە هۆی قەرەباڵغی ناوچەکە.

دیمۆگرافیای دانیشتوان و کولتووری پراگ

پراگ شوێنێکی کولتوورییە و میوانداری چەندین بۆنەی نێودەوڵەتی دەکات، شوێنێکی بەناوبانگە بۆ سەردانکەرانی بیانی، هەروەها ١٤٪ـی دانیشتوانی پراگ بیانیین. ڕێژەی ڕەگەزی مێ زیاترە لە ڕەگەزی نێر ئەمەش لە ئاکامەکانی جەنگی جیهانی دووەمەوە سەرچاوەی گرتووە، ڕێژەیی زیادبوونی سروشتی کەمە هاوڵاتییان مەیلی خێزانی بچووک دەکەن ئەمەش بەهۆی سەختی بەدەستهێنانی خانووبەرە و بەشداریکردنی هەردوو ڕەگەز لە هێزی کاردا. ڕێژەی بەساڵاچوان تیایدا زۆرە، ژمارەی دانیشتوانی بەساڵاچوو زۆر لە منداڵان خێراتر گەشە دەکەن. ئەوەی جێگای سەرنجە ٤٤٪ـی ڕەگەزی نێری پراگ سەڵتن.

گەشەکردن و بازرگانی لە پراگ

پراگ لە لیستی شوێنەوارە جیهانییەکانی یۆنسکۆدایە ئەمەش دەبێتە شوێنێکی گرنگ و ناوەندێکی سەرەکی لە وڵاتدا، چەندین شوێنی مێژوویی، شوێنەوار و مۆزەخانەی کۆن لە شارەکەدایە لە هەمان کاتدا شارێکی مۆدێرن و بازرگانییە، جێگەی گرانترین شەقامە لە ئەورووپا و خاوەنی چەندین گەڕەکی تەندروستە بۆ ژیانکردن. بازرگانەکان لە سەرانسەری ئەورووپا هاتوونەتە پراگ بە مەبەستی دانانی بنکە سەرەکییەکانیان لە شارەکە، پراگ ٢٥٪ـی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی کۆماری چیک پێکدەهێنێت، هەروەها شوێنی چەندین بازرگانی و خزمەتگوزارییە لەوانە میوانداری، دارایی و خزمەتگوزارییە بازرگانییەکان کە ئەم کەرتانە ٨٠٪ـی چالاکییە بازرگانییەکان پێکدەهێنن و ٢٠٪ـی بازرگانییە پیشەسازییەکان پێکیدەهێنن.

مێژووی پراگ

ناوچەکە لە سەردەمی بەردینییەوە خەڵکی تێدا نیشتەجێ بووە، لە سەردەمی سەدەی چوارەم و پێنجەمی پێش زایینی هۆزێکی سێلتیک لە ناوچەکەدا دەرکەوتوون و ناوی ناوچەی بۆهیمیای لێنرا، دواتر سێلتەکان لەلایەن هۆزە ئەڵمانییەکانەوە دوورخرانەوە. لە کۆتاییەکانی سەدەی پێنجەمدا لە دوای ڕووخانی ئیمپڕاتۆریەتی ڕۆما هۆزە ئەڵمانییەکانی دانیشتوی بۆهیمیا بەرەو ڕۆژاوا کۆچیان کرد و لە سەدەی شەشەمدا هۆزە سلاڤییەکان لە بۆهیمیا نیشتەجێبوون و پاشان هۆزەکانی چیک چەند ناوچەیەکی قەڵاداریان تێدا دروستکرد. لە کۆتاییەکانی سەدەی ٩ـەم دەستکرا بە دروستکردنی قەڵا بەناوبانگەکەی پراگ و دواتر چەندین قەڵای تری لێدروستکرا. پراگ بە سەردەمی کۆیلایەتیدا تێپەڕیوە و بازاڕێکی گەورەی کۆیلەی هەبووە. پراگ لە سەردەمی دەسەڵاتی چارلزی چوارەم و ئیمپڕاتۆریەتی ڕۆمانی و پاشای بۆهیمیا زیاتر گەشەی سەند و کرا بە پایتەختی ئیمپڕاتۆریەت و بووە سێیەمین گەورەترین شاری ئەورووپا. چارلزی چوارەم زانکۆی چارلزی دروستکرد کە بە کۆنترین زانکۆی باشوور و ناوڕاستی ئەورووپا دادەنرێت.

مێژووی هاوچەرخ

پاش جەنگی جیهانی یەکەم و شکستی ئیمپڕاتۆریەتی نەمسا و هەنگاریا و دروستکردنی چیکۆسلۆڤاکیا، سەرۆک تۆماش گاریگ ماساریک یەکەم سەرۆکی چیکۆسلۆڤاکیا پراگی وەک پایتەخت هەڵبژارد و لە قەڵای پراگ سەرۆکایەتی کرد، پراگ پایتەختێکی ئەورووپی خاوەن پیشەسازییەکی پێشکەوتووبوو، لە ساڵی ١٩٣٠ دانیشتوانەکەی بەرزبوویەوە بۆ ٨٥٠ هەزار کەس. لە ساڵی ١٩٣٩ وڵاتەکە لەلایەن نازییەکانەوە داگیرکرا و هیتلەر دەستی بەسەر قەڵای پراگدا گرت، لە مانگی شوباتی ساڵی ١٩٤٥ لە ماوەی جەنگی جیهانی دووەمدا پراگ تووشی چەندین هێرشی بۆردمانی هێزە ئاسمانییەکانی سوپای ئەمریکا بوو بەهۆیەوە ٧٠١ کەس بوونە قوربانی و ١٠٠٠ کەسیش برینداربوون و چەندین تەلار و کارگە و شوێنەواری مێژوویی تێکشکان، پاشان لە مانگی ئازاردا بە هێرشێکی ئامانجدار سەربازگەیەکیان کردە ئامانج و ٣٧٠ سەرباز بوونە قوربانی، هەروەها لە ئەنجامی ڕاپەڕینێکی سەر شەقامدا دژی ئەڵمانیا چەند هەزار چیکی کوژران. شارەکە هەروەها لە ژێر دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری سەربازی یەکێتیی سۆڤیەتدا بووە بە جەنگی ساردیشدا تێپەڕیوە.

گەشتوگوزار لە پراگ

سەرەڕای ئاکامەکانی جەنگی جیهانی دووەم و زیانگەیاندن بە شار و ناوچەکان، پراگ یەکێک بوو لەو شارانەی زیانی کەمتری بەرکەوت و خۆشبەختانە چەندین تەلاری مێژوویی لێیە، بە پێی پلەبەندی تریپئەدڤایزری شوێنە گەشتیارییەکانی جیهانی ساڵی ٢٠١٦ پراک پلەی شەشەمی وەرگرت. بەناوبانگترین شاری کۆماری چیکە بەهۆی مێژووە دەوڵەمەندەکەی  و تەلار و کڵێسا و قەڵا مێژووییەکانی کە گرنگترین شوێنەکانی قەڵای پراگ، پردی چارلز، زانکۆی چارلز و کڵێسای نیکۆلاسە، ساڵانە زۆرترین سەردانکەری هەیە کە بە حەوت بۆ هەشت ملیۆن گەشتیار دەخەمڵێندرێت.


سەرچاوەکان



967 بینین