هەوکردنی جگەر جۆری D

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-07-26-17:15:00 - کۆدی بابەت: 9553
هەوکردنی جگەر جۆری D

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

هەوکردنی جگەر جۆری D (بە ئینگلیزی: Hepatitis D) یاخود هەوکردنی ڤایرۆسی دەلتاشی پێ دەوترێت. هەوکردنێکە لەڕێگەی ڤایرۆسی D تووشی جگەر دەبێت. ئەم ڤایرۆسه بە تەنها خۆی ناتوانێت کاریگەری هەبێت لەسەر کەسەکە و تەنها کاتێک چالاک دەبێت کە ئەو کەسە خۆی تووشبووی هەوکردنی جگەری جۆری B بێت. لەم کاتەشدا نەخۆشەکە قوورستر تووشی ڤایرۆسەکە دەبێت و زۆرترین لێکەوتەی خراپی لەسەر دەردەکەوێت، هەروەها ٨٠٪ـی تووشبووەکان دەچنە جۆری درێژخایەن و توندتر دەیگرن. لە ئەمریکای باشوور، ڕۆژئاوای ئەفریقا، ڕووسیا، ئایسلەندا، ئاسیا، تووشبوون بە ئەم ڤایرۆسە زۆرە.

جۆرەکانی

وەک هەموو جۆرەکانی تری هەوکردنی جگەر، ئەم جۆرەشیان دوو جۆری کورتخایەن و درێژخایەنی هەیە:

کورتخایەن

ئەم جۆرەیان لەوانەیە نیشانەکانی توندتر بێت و زووتر دەربکەوێت. هەوکردنەکە لە شەش مانگ زیاتر تێپەڕ ناکات و خۆی چاک دەبێتەوە.

درێژخایەن

کاتێک هەوکردنەکە لە شەش مانگ زیاتر درێژە دەکێشێت و ڤایرۆسەکە لە جەستەدا دەمێنێت تووشبوونەکە دەبێت بە درێژخایەن. لە جۆری درێژخایەن لەوانەیە چەندین مانگ دوای تووشبوون بە ڤایرۆسەکە نیشانەکان دەربکەوێت یاخود هەر دەرنەکەوێت. هەربۆیەش بە بێدەنگی دەڕوات و نەخۆشەکە تووشی چەندین لێکەوتەی خراپ دەکاتەوە.

نیشانەکان

نیشانەکانی هەوکردنی جگەری جۆری B و جۆری D زۆر هاوشێوەی یەکن، هەربۆیە لەوانەیە دەستنیشاکردنی نەخۆشییەکە زۆر قوورس بێت. تووشبوون بە هەوکردنی جۆری D دەتوانێت نیشانەکانی جۆری Bـیش توندتر بکات، یاخود دەتوانێت ببێتە هۆی دەرکەوتنی چەند نیشانەیەک لەو کەسانەی کە تووشبووی جۆری Bـین و بەڵام تاکوو ئێستا هیچ نیشانەیەکیان تێدا دەرنەکەوتووە، بەگشتی نیشانەکانی ئەمانەن:

گواستنەوە

  • پەیوەندی سێکسی لەگەڵ کەسی تووشبوو.
  • پەیوەندی سێکسی ناشەرعی.
  • هاوڕەگەزخوازی.
  • لەڕێگەی ئاوی جەستەوە دەگوازرێتەوە وەک، میز، دەردراوەکانی زێ، دەردراوی چووک، خوێن.
  • لە دایکی تووشبووە بۆ منداڵەکەی لە کاتی منداڵبوونیدا.
  • لە ڕێگەی سرنجی بەکارهاتوو، تاتۆکردن و بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر.

دەستنیشانکردن

کاتێک نیشانەکان دەردەکەوێت ناتوانرێت بە دیاریکراوی بزانرێت کام جۆری هەوکردنی جگەرە، چونکە بەگشتی نیشانەکانیان هاوشێوەن، بۆیە پزیشک لەڕێگەی پشکنینی خوێنەوە دەتوانێت دیاری بکات. کاتێک له جەستەدا دژەتەنی ڤایرۆسی D دەبینرێت واتە جەستە تووشبووە بە ڤایرۆسەکە.

لێکەوتەکان

لە هەندێک حاڵەتی دەگمەندا لەوانەیە تووشبوونی کورتخایەن ببێتە هۆی تێکچوونی جگەر بە جۆرێک کە جگەر لەناکاو لە کار دەکەوێت، بەڵام بەگشتی لێکەوتەکان لەو نەخۆشانەدا زیاترە کە تووشی تووشبوونی درێژخایەن بوون، هەروها ئەوانەی تووشبووی جۆری Dـین واتە هەردوو ڤایرۆسی B و D لە جەستەیاندا هەیە لێکەوتەکانیان قوورسترە بەبەراورد بە ئەوانەی بە تەنها تووشبووی جۆری Bـین.

بەگشتی لێکەوتەکان ئەمانەن:

بەمۆمبوونی جگەر

حاڵەتێکە کە تێیدا جگەر بەهێواشی خانە و شانە سەرەتاییەکانی لەدەست دەدات و ئیتر ناتوانن فرمانە سەرەکییەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن. شانەی جێگرەوە و ڕیشاڵ جێگای ئەو خانە و شانانە دەگرنەوە و ڕەق دەبن، بەمەش وروژمی خوێن بۆ ناو جگەر کەم دەکات. لە قۆناغەکانی سەرەتادا جگەر هەر کارەکانی خۆی ئەنجام دەدات بەڵام کاتێک بەمۆمبوونی جگەر دەگاتە قۆناغەکانی تری جگەر ناتوانێت فرمەنەکانی خۆی ئەنجام بدات.

تێکچوونی جگەر

کاتێک جگەر دەگاتە نیوەی کۆتایی نەخۆشییەکە واتە ئیتر ناتوانێت وەک پێشتر کارەکانی خۆی ئەنجام بدات و خانە و شانەکانی بەمۆمبوون و ڕەقبوون، جگەر کاتێک دەگات بەم حاڵەتە کە بۆ ماوەیەکی زۆر بێت تووشی هەوکردنی درێژخایەنی جۆری D بووبێت.

شێرپەنجەی جگەر

تووشبوون بە ڤایرۆسی D ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی جگەر زیاتر دەکات. بەتایبەت کاتێک درەنگ بە نەخۆشییەکەیان زانیبێت و جگەر بەتەواوی تووشی تێکچوون بووبێت.

نیشانەی لێکەوتەکان چین؟

  • خوێنبەربوون و شینبوونەوە.
  • ئاوسانی قاچەکان بەهۆی کۆبوونەوەی ئاوەوە.
  • خورانی زۆری جەستە.
  • زەردبوونی پێست و سپێنەی چاو.

چارەسەر

چارەسەر بە دەرمان

بەگشتی هیچ چارەسەرێک بۆ هەوکردنی جگەری جۆری D نییە، جیاواز لە جۆرەکانی تر ڕێگاگانی چارەسەر بۆ هەوکردنی جۆری D زۆر قوورسە و وەڵامدانەوەی نابێت. دەرمانەکانی دژەڤایرۆسیش ڕۆڵێکی گرنگیان نابێت، لەوانەیە پزیشک بۆ ماوەی ١٢ مانگ دەرمانی ئینتێرفیرۆن (interferon) بەکاربهێنێت، کە جۆرێک پڕۆتینە دەتوانێت گەشەی ڤایرۆسەکە بوەستێنێت، بەڵام دەکرێت لە ئەنجامیشدا ڤایرۆسەکە هەر بمێنێت.

چاندنی جگەر

لە کاتێکدا کە لێکەوتەکان کاریگەری تەواویان خستبێتە سەر فرمانەکانی جگەر، جگەر توانایەکی وای نەمابێت بۆ کارکردن لەوانەیە پێویست بە چاندنی جگەر بکات. نەشتەرکارییەکی زۆر گرنگە و هەستیارە، تێیدا تەواوی بەشە زیانلێکەوتووەکانی جگەر لادەبرێن و لە جێیدا جگەرێکی ساغ دادەنرێت، نزیکەی ٧٨٪ـی ئەو کەسانەی چاندنی جگەریان بۆ دەکرێت، دوای نەشتەرکەرییەکە بۆ ماوەی پێنج ساڵ یان زیاتر زیندوو دەمێننەوە.

پێکوتە (ڤاکسین)

تاکوو ئێستا هیچ جۆرە پێکوتەیەک بۆ هەوکردنی جگەری جۆری D دروست نەکراوە.
بەڵام ئەو کەسانەی کە پێکوتەی جۆری Bـیان وەرگرتووە پارێزراو دەبن بۆ ڤایرۆسی Dـیش.

ڕێگریکردن

  • دوورکەتنەوە لەو کەسانەی تووشبووی ڤایرۆسەکەن.
  • گەشت نەکردن بۆ ئەو شوێنانەی کە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە تێیاندا زۆرە.
  • بەکارنەهێنانی ماددەی هۆشبەر.
  • دوورکەوتنەوە لە پەیوەندی سێکسی ناشەرعی.
  • بەکارهێنانی کۆندۆم لە کاتی جووتبوون لەگەڵ کەسی تووشبوودا.
  • وەرنەگرەتی خوێنی کەسی تووشبوو.
  • دوورکەتنەوە لەو شوێنانەی تاتۆیان تێدا دەکرێت.
  • دوورکەتنەوە لە سەنتەرەکانی مەساج و شوێنەکانی لەشفرۆشی.
  • بەکارهێنانی دەستکێش و خۆپاراستنی پزیشک و کارمەندان لە نەخۆشخانەکاندا.
  • بەکارنەهێنانی مەکینەی ڕیشتاشین، مووس، فڵچەی ددانی کەسانی تر.
  • پێویستە هەموو کەسێک لە کاتی چوونی بۆ سەنتەرەکانی چارەسەر بەتایبەت سەنتەری ددان، پشکنینی ڤایرۆسیەکە بکات.


سەرچاوەکان



854 بینین